كابینەی نۆ: یەكڕیزیی نێوخۆ، چاكسازیی لەسەرخۆ

كابینەی نۆ:  یەكڕیزیی نێوخۆ، چاكسازیی لەسەرخۆ

پێشەكی:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە بەرهەمی رەنج و خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی دەیان ساڵی پێش ئەمڕۆ، ئاوات و هیوا و خەونی لەمێژینەی پۆل پۆلی باپیرانی رووخسار رووناك و دوعا و نزا و گریان و پاڕانەوەی نیوەی شەوانی هەزارەهای داپیرانی دڵپاك بووە. لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە ئاواتی دێرینی چەندین سەركردەو سیمبوڵی ناوداری گەلەكەمان بووە، كە مەرگ و شەهیدبوون، دەرفەتی بینینی ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆی بەوان نەدا. ئەوان بە رێبازێكی پاك و رێگایەكی رووناك و قسەگەلێكی چاك، لە شوێنی هەقی خۆیانەوە، رۆحیان ئاوێتەی هەنگاو بە هەنگاوی كارەكانمانن، بۆیە جێگەی خۆیەتی و مافیشیان بە سەرمانەوە هەیە كە ئاوات و رێنمایی و گوفتار و رەفتارەكانیان لە پێكهێنانی حكومەتی ئێستای كوردستان و بەڕێوەبردنی هەرێمدا رەنگ بدەنەوە.
رێبازی نەمران و رۆحی باوكانی كوردایەتی و رێبەرانی تەریقەت و عاریفانی حەقیقەت وا دەخوازن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپاڵ هەموو بەرنامەو میكانیزمەكانی كاردا، سۆفت پاوەرێكی هەبێت كە لە درێژایی خەباتی پێشینانماندا، داواكراو و خوازراو بووە، بۆیە سۆف پاوەری ئێمە دەكرێت لە حزووری رۆحیی و لە ئامادەیی گیانیی رێبەرو رابەرانماندا بێت لە رێگەی بەرجەستەكردنی خواستەكانیان لە:
1. یەكڕیزیی و تەبایی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی.
2. پاراستنی بەهای خێزان و ئەخلاقی كوردەواری.
3. رێزگرتن لە ئافرەتان و مافەكانیان.
4. خۆشویستنی سرووشت و پاراستنی ژینگە.
5. كاركردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری كوردییانە بۆ كێشەكان.
6. بەردەوامبوون لە ریفۆرم و چاكسازیی لەو بوارانەی كە پێویستن بۆ نموونە:

یەكەم: ئەو خاڵانەی پەیوەستن بەخودی كابینەكەوە
1. سەرۆك وەزیران دەستی كراوە بێت و ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ستافەكەی و دانانی ئەو كەسانەی كە لە رووی تواناو شایستەییەوە لە كابینەكەدا ئامادەییان دەبێت.
2. چاوخشاندنەوەو پێداچوونەوە بە پەیكەری كارگێڕی و ئیداریی حكومەتدا بۆ لادانی ئەڵقە زیادەكان و كەمكردنەوەی رۆتین و بەهەدەردانی دارایی و بێكاریی داپۆشراو.
3. هەبوونی متمانەی لایەنە بەشداربووەكانی نێو كابینەكە بە بەرنامەی حكومەت و كاركردن بەگیانی تیم.

دووەم: ئەوەی پەیوەستە بە كەسایەتیی وەزیرەكانەوە، وا باشە وەزیرەكان:
1. تەكنۆ سیاسیی بن، نەك تەنیا تەكنۆكرات، یان تەنیا سیاسی.
2. لە رابردوودا چیرۆكی سەركەوتنیان هەبووبێت.
3. نزیك بن لەناخی خەڵك و شەقام و گرفتەكانیان.

سێیەم: ئەوەی پەیوەستە بە بەرنامەی حكومەتەوە، وا باشە بەرنامەكە:
1. پوختەی ئەو بەڵێنە هاوبەشانە بن، كە لایەنەكانی نێو حكومەت بە دەنگدەرانیان داوە.
2. بەڵێنەكانی هەر حكومەتێكیش بۆ ئەوەی بێنەدی، پێویستە كەم بن، لە توانادا بن، سەرەكی بن، لە پێشەوەی ریزبەندی بایەخی هاووڵاتیاندا بن.
3. لە ماوەی تەمەنی كابینەكەدا بتوانرێت جێبەجێ بكرێن.

چوارەم: ئەو سێكتەرانەی چاكسازیی خێراتریان پێویستە:
سێكتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا
1. برەودان بەخوێدنی پیشەیی و ئامادەكردنی چینی ناوەند لە دەستی كاری كارامەی پێشكەوتوو.
2. گۆڕینی شێوازی چوونە زانكۆ بەم لێشاوەی ئێستا، كە دواجار زۆربەیان بێكار دەمێننەوە، بێكارییش هۆكاریی زۆرێك لە گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانە.
3. پێداچوونەوە بەو ژمارە زۆرەی قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆ ئەهلییانەی كە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن و، هەلی كاریش بۆ دەرچووانیان دابین ناكرێت.
سێكتەری میدیا و راگەیاندن
1. هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن بە مەبەستی:
- چۆنیەتی هەماهەنگی لەنێوان 40 كەناڵی ئاسمانی كوردی و 122 كەناڵی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و 180 رادیۆی كوردستانی و 987 گۆڤارو رۆژنامەی كوردستانی.
- بۆ دیاركردنی ئەركە ستراتیژییەكانی میدیا بۆ پاراستنی ئاسایش ء ئارامی و نزیككردنەوەی گۆشەنیگاكان لەبارەی دەستنیشانكردنی هەڕەشەی راستەقینە لەسەر سەقامگیریی ناوخۆییمان و گەیشتن بە كۆدەنگییەك بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە.
سێكتەری ئابووریی و كشتوكاڵ و ئاسایشی خۆراك:
1. بایەخدان بە بواری ئابووریی و گواستنەوە لە ئابووری حكومەتەوە بۆ حكومەتی ئابووری، چونكە كێشەكانمان ئەوەندەی ئابوورین، ئەوەندە سیاسی نین.
2. پشتگیریكردنی پڕۆسەی كاراكردنەوەی رۆڵی گوندەكان.
3. زیندووكردنەوەی ئابووری كشتوكاڵی و دابینكردنی خودبژێوی.
4. بە زانستیكردنی كەرتی كشتوكاڵ، بە هێنانی تەكنەلۆژیای سەردەم بۆ زیادكردن و چاكتركردنی بەرهەم.
5. دامەزراندنی پیشەسازیی خۆراك و دابینكردنی دەرفەتی كار.
سێكتەری رۆشنبیری و هۆشیاری
1. گۆڕینی بەرنامە رۆشنبیرییەكان بە ئاراستەی رەوشتپارێزی و سەردەمیبوون و ژیاندۆستی.
2. هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی بەردەوامی لاوان لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆڕی خاوەن هزری نەتەوەیی و نیشتمانی و میانڕەو.
3. خستنەڕووی ئاكام و زیانەكانی پەنابردنە بەر بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی و دەرئەنجامە ترسناكەكانی هزری تەكفیر و توندڕەویی لەسەر تاك و كۆمەڵگە.
4. كاراكردنی یاسای زمان و پاراستنی زمانی كوردی لە سەردەمی هەژموونی زمانی ئینگلیزی و زمانە بیانییەكاندا.
سێكتەری تەندروستی:
1. هەڵمەتی دۆزینەوەو لادان و سزادانی پزیشكانی بێ بڕوانامە، یان خاوەن بڕوانامەی تەزویر.
2. ئاگاداربوون لە بازرگانانی هاوردەكردنی دەرمان و كۆگاكانیان.
3. هەڵمەتی چڕ بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و تلیاك، كە مەترسیی گەورەی لەسەر ئایندەی توانا مرۆییەكانمان هەیە.
سێكتەری ژینگە:
1. پەلەكردن لە كاركردن بەسیستمی ریسایكلینگ بۆ زبڵ وخاشاك و ماددە بەكارهاتووەكان و پاشماوەی نەخۆشخانەكان.
2. بنیاتنانی شاری پیشەسازی، نەك ناوچەی پیشەسازی، بە مەبەستی دوورخستنەوەی شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتیان لە شوێنی كارگەكان.
3. پەلەكردن لە دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی هۆكاری تایبەت و دانانی پلانێكی ژینگەییانە لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلدا.
4. كاراكردنی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو و زیادكردنی بەنداوی مامناوەندی و گلدانەوەی ئاوی زیاترو پاراستنی ئاوی ژێرزەوی.

پێنجەم: ئەنجومەنی راوێژكاریی ئەنجومەنی وەزیران
ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و وەزارەتەكان ژمارەیەكی زۆریان لە راوێژكاران هەیە. هەندێك لەم راوێژكارانە لەوانەیە دەوام نەكەن، هەندێكیشیان لەوانەیە لە دەرەوەی وڵات بن، هەندێكیشیان لەوانەیە خەڵات كرابن بۆ خەباتی پێشوویان، هەندێكیشیان كاری دیكە دەكەن، ژمارەیەك لەوان دەمێنێتەوە كە دەیانەوێت راوێژیان پێ بكرێت، بەڵام وەك زۆربەیان لە دیدارەكانیاندا ئاماژەی بۆ دەكەن، هەست دەكەن وەك پێویست گوێیان لێ ناگیرێت.
ئەم راوێژكارانە كە وا دیارە بەتەنیا ناتوانن كاری بەرچاو ئەنجام بدەن، بۆیە وا چاكە ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوەیەكی راوێژكارانی خۆی هەبێت و كۆیان بكاتەوە لە دەستەیەكدا و سەرۆكێكی بۆ دابنێت و، دەستەیەكیان هەبێت بەناوی (ئەنجومەنی راوێژكاری)، كە ئەم دەستەیەش سوودی زۆری دەبێت، لەوانە:
یەكەم: بەدامەزراوەییكردنی كاری راوێژكاران.
دووەم: خستنەگەڕی تواناكانی راوێژكاران.
سێیەم: كۆكردنەوەی كارو چالاكییەكان و كاركردن بە گیانی كۆكاریی و یەك تیمی.
چوارەم: گێڕانەوەی پێگەی شایان بۆ كاری راوێژكاری.
ئەگەر (ئەنجومەنی وەزیران) بە نموونە وەربگرین، ئەوا دەتوانرێت راوێژكاران لە دەستەیەكی راوێژكاریدا پەیڕەوێكی ناوخۆیی كاركردنیان هەبێت، لەم چەشنەی لای خوارەوە:
ناوی ئەنجومەن: ئەنجومەنی راوێژكاریی ئەنجومەنی وەزیران
پێناسە: پێك دێت لە سەرۆك و ژمارەیەكی دیاریكراو لە راوێژكاران كە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیار دەكرێن و، لە بوارێكی دیاریكراودا شارەزایی پێویستیان هەیەو، یەكلابوونەتەوە بۆ كاری راوێژكاری و پڕۆژەو پێشنیار پێشكەش دەكەن، یان ئەو بابەت و پڕۆژانە تاوتوێ دەكەن كە لە لایەن ئەنجومەنەوە بۆیان رەوانە دەكرێت.
ئامانجەكانی ئەنجومەن:
یەكەم: بەشداربوون لە لەدانانی پلان و ستراتیژیەتی نیشتمانی.
دووەم: بەشداربوون لە ئامادەكردنی باس و توێژینەوانەی كە ئەنجومەن داوایان دەكات.
سێیەم: بەشداربوون لە دۆزینەوەی میكانیزمەكانی نوێ بۆ دەزگاكانی كار راپەڕاندنی دەوڵەت.
چوارەم: بەشداربوون لە خستنەڕووی راو پێشنیاری بەسوود بۆ باشتر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی حكومەت.
میكانیزمی كاركردنی ئەنجومەن:
یەكەم: كۆبوونەوە بە تەواوی ئەندامەكانیەوە بۆ تاوتوێكردنی بابەتێكی نێو كارنامەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن.
دووەم: رێكخستنی كۆڕو سیمینارو ۆركشۆپ بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتەی كە ئەندامانی دەستە بەپێویستی دەزانن.
سێیەم: پێكهێنانی تیمی توێژینەوەی تایبەت بە تاوتوێكردنی بابەتێكی تایبەت.
چوارەم: راسپاردنی یەكێك، یان زیاتر لە ئەندامێكی دەستە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تایبەت.
گرووپەكانی ئەنجومەن:
1. گرووپی ئابووری: بۆ راوێژكارانی بواری نەوت و دارایی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزارو كشتوكاڵ و پیشەسازی.
2. گرووپی خزمەتگوزاری: بۆ راوێژكارانی بواری سەرچاوەكانی وزەو ئاو و كارەبا و تەندروستی و ژینگە و كارگێڕی و ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و تەكنەلۆژیای زانیارییەكان.
3. گرووپی گەشەپێدانی مرۆیی: بۆ راوێژكارانی بواری ئایینی و رۆشنبیری و لاوان و وەرزش و ئافرەتان و پەروەردەو خوێندنی باڵا.
4. گرووپی پەرەپێدانی سیاسی: بۆ راوێژكارانی بواری بەرگری و ناوخۆ و پەیوەندییە دەرەكییەكان و سیستمی فەرمانڕەوایی و یاسادانان .
5. هەر گرووپێكی دیكە كە پێویست بێت.
كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن و گرووپەكان: كۆبوونەوەكان دوو جۆر دەبن:
یەكەم: كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەن كە مانگی جارێكە و، كۆبوونەوەی نائاساییش لەكاتی پێویستدا.
دووەم: كۆبوونەوەی گرووپەكان لەكاتی پێویستدا.

شەشەم: ئەنجومەنی هاوبەش
بۆ بەرەنگاربوونەوەی گـــەندەڵی
لەبەر ئەوەی دەزگاو لیژنەی زۆر هەن كە كاری چاودێری و لێپرسینەوە لە گەندەڵی دەكەن، زۆر جاریش بێئاگان لەكاری یەكدی، چونكە جیا لەیەكدی كاردەكەن، بۆیە بەمەبەستی هەماهەنگیی لە نێوان ئەو دەزگا جیاوازانەدا ئەنجومەنێك پێویستە بە نێوی (ئەنجومەنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی)
ئەو ئەنجومەنە سەر بەئەنجومەنی وەزیران دەبێت و پێكدێت لە:
یەكەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران خۆی، یان یەكێك كە خۆی پەسەندی بكات، وەك سەرۆكی ئەنجومەن.
دووەم: سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی وەك ئەندام.
سێیەم: سەرۆكی دەستەی نەزاهە وەك ئەندام.
چوارەم: نوێنەرێكی دەسەڵاتی قەزایی وەك ئەندام.
پێنجەم: سەرۆكی دەستەی رێكخستنی بازاڕەكانی دراو و بۆرسە (ئەگەر ئەم دەستەیە لە هەرێمی كوردستان هەبێت).
كاری ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە:
یەكەم: دروستكردنی هەماهەنگیی لەنێوان دەزگاكانی تایبەت بە چاودێری دارایی
دووەم: دانانی میكانیزم و شێوازو رێوشوێنی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
سێیەم: دانانی ستراتیژییەتێكی پێنج ساڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە رێگەی:
أ: هەنگاوی خێرا بەرەو چاكسازیی ئیداری و سەروەریی یاسا.
ب: چاككردنی شێوازەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.
ج: گەشەپێدانی شێوازی چاودێری.
د: بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی دەستپاكی و نەزاهە و شەفافییەت.

حەوتەم: دەستەی كاری خۆبەخشیی هەرێمی كوردستان
بەشێك لە كۆمەڵناسان پێیان وایە كە سەدەی نۆزدە، سەدەی دەستوور بوو، سەدەی بیست، سەدەی ئیدارە و كارگێڕی بوو، سەدەی بیست و یەكەمیش دەبێتە سەدەی كەرتی سێیەم.
زاراوەی كەرتی سێیەم تا رادەیەك زاراوەیەكی نوێیە و لە ساڵی (1997)ـەوە بە شێوەیەكی دیار كەوتە نێو فەرهەنگی زاراوە بەكارهاتووەكانەوە.
كەرتی سێیەم كەرتی رێكخراو و دامەزراوە و دەستپێشخەرییە كەسییەكانە، كە خۆبەخشانە و ئارەزوومەندانە و بێ چاوەڕوانكردنی سوودی تایبەت، بەكارەكانی خۆیان هەڵدەستن و دەبنە پاڵپشتی بۆ هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت.
كەرتی سێیەم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، جێگەی بەرچاوی هەبووەو، چەندین نموونەی زیندووش لەبەرچاون كە خەڵكانی نێو كۆمەڵگە ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانە و ناسوودمەندانە، كاری خێرخوازیی و مرۆڤدۆستانەی گەورەیان ئەنجامداوە، بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ سوودێكی تایبەت بۆ خۆیان بووبن.
وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپاش ئەمڕۆ زۆر پشتئەستورن بە كەرتی سێیەم، كە ساڵانە خەڵكانی هەستكردوو بە لێپرسراوێتی نیشتمانی و ئایینی و مرۆیی پارە و سامانی خۆیان لە پرۆژەی خێرخوازیی بەردەوام و نەخشە بۆكێشراودا خەرج دەكەن.
لەلای خۆشمان پێوستیی زۆرمان بە گێڕانەوەی چەمكی كاری خۆبەخشی هەیە، لە رێگەی ماڵ و قوتابخانە و مزگەوت و راگەیاندن و حكومەتەوە و، گێڕانەوەی چەمكی وەقفكردنی ماڵ و موڵك بۆ كاری خێرخوازی و، هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانی بازرگان و دەوڵەمەند لە كاری خێرخوازیی بە دامەزراوەكراو و بەردەوام.
لەم پێناوەشدا گرنگە پەرلەمان یاسایەكی هەبێت بۆ پاراستنی كاری خێرخوازی و حكومەتیش پێویستە خۆی رزگار بكات لە ترس لە هەردوو كەرتی تایبەت و كەرتی سێیەم، چونكە حكومەتەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بەپێی یاسا و بە هەردوو باڵی كەرتی تایبەت و كەرتی سێیەمەوە توانیویانە بەرەوپێش بچن. دیاریشە كە كەسانی خۆبەخش ئەوانەن كە چاوەڕوانی مووچەو پاداشت ناكەن لەبەر ئەوەی باری داراییان باشە، جا بە هۆی پرۆژەكانیانەوە بێت، یان بەهۆی مووچەی خانەنشینییەوە بێت. ئەم جۆرە كەسانەش ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی ئێمەدا رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان لە زیادبوونە و ژمارەیەكی باشی نێو ئەم كەسانەش ئامادەیی ئەوەیان هەیە كە كاری خۆبەخش بۆ حكومەت ئەنجام بدەن، بەڵام حكومەت هەلی بۆ نەڕەخساندوون و كاری نەخستووەتە بەرچاویان.
ئەزموونی وڵاتانی دنیا زۆرن كە خانەنشینان و دەوڵەمەندان بەخۆڕایی كار بۆ دەوڵەت و وڵاتی خۆیان دەكەن لەو بوارانەی كە دەوڵەت خستوویەتە بەرچاویان و ئەوانیش ئارەزوومەندانە یەكێكیان لێ هەڵبژاردووە.
جا بەمەبەستی داهێنان و برەودان بەم ئەزموونە دەكرێت ئەنجومەنێكمان هەبێت بەم شێوازەی خوارەوە:
یەكەم: ناو: دەستە، یان ئەنجومەنی كاری خۆبەخشیی هەرێمی كوردستان
دووەم: پێناسە: كاری خۆبەخشی، ئەنجامدانی چالاكییەكی بێبەرامبەرە كە تاكێك ئارەزوومەندانە پێی هەڵدەستێت لە رێگەی بەخشینی بەشێك لە كاتی، یان توانای، یان پارەی، یان ئەزموونی لەو بوارەی كە تیایدا شارەزایە لە دەزگایەكی حكومەتدا، یان لە رێكخراوێكی خێرخوازیدا، یان لە رێی دەستپێشخەرییەكی تاكەكەسیدا.
سێیەم: ئامانج لە ئەنجومەن:
1. سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییە خۆبەخشەكانی وڵات.
2. كەمكردنەوەی قورسایی دارایی لە سەر بودجەی ساڵانە.
3. بەهێزكردنی گیانی وڵاتدۆستی و چاكەدانەوەی نیشتمان.
4. دۆزینەوەی بوارو هەلی كاری خۆبەخشیی بۆ ئارەزوومەندان.
5. پەرەپێدانی لایەنە ئینسانییەكانی كۆمەڵگە بۆ بەیەكگەیشتن.
6. هاندانی دەستپێشخەرییە خۆبەخشەكانی تاك و گۆڕینیان بۆ كردار و پرۆژە.
7. زانینی ئاستی ئینتیمای نیشتمانیی تاك و رادەی بەدەمەوەهاتنیان.
8. بەدامەزراوەییكردنی كاری خۆبەخشی.
چوارەم: میكانیزمی جێبەجێكردن:
حكومەت دەتوانێت ئەم پرۆژەیە بخاتە واری جێبەجێكردنەوە لە رێگەی ئەم میكانیزمەوە:
1. داواكردن لە پەرلەمان بۆ دەركردنی یاسای رێكخستنی كاری خۆبەخشی.
2. دامەزراندنی ئەنجومەنێك، یان دەستەیەك بەناوی دەستەی كاری خۆبەخشی.
3. ساڵانە ئەنجومەن، یان دەستە جۆرو ژمارەو شوێن و كاتەكانی دەوامی ئەو پۆستانە رادەگەیەنێت كە كەسانی خۆبەخشیان پێویستە.
4. وەرگرتن و دیراسەكردنی (سی ڤی)ی ئەو كەسانەی كە ئامادەییان تێدایە بۆ هەر یەكێك لەو پۆست و كارانە.
5. دیاركردنی شوێن و كاتی دەوامی خۆبەخشان دوای دیداری تاكەكەسی و بە رەزامەندیی هەردوولا.
پێنجەم: رێگاكانی بەهێزكردنی ئەنجومەن، یان دەستە:
1. كاراكردنی بەرنامەیەكی میدیایی بۆ خستنەڕووی رۆڵی كاری خۆبەخشی.
2. دانانی بابەتی كاری خۆبەخشی لە پرۆگرامەكانی قۆتاغەكانی خوێندندا.
3. دیاركردنی ساڵانەی هەڵكەوتووانی بواری كاری خۆبەخشی، هەركەسەو لەبواری خۆیدا لە رێی لیژنەیەكی پسپۆر و بێلایەنەوە.
4. خەڵاتكردنی هەڵكەوتووان لە رۆژی 5ی دێسیمبەری هەموو ساڵێك، كە نەتەوە یەكگرتووەكان بە رۆژی جیهانیی كاری خۆبەخشی ناساندوویەتی.

هەشتەم: ماددەی 140 لە گرفتەوە بۆ چارەسەر
1. زانین و ناساندنی ئاستەنگە نێوخۆیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەكانی سەر رێگەی ماددەی 140.
2- گەیشتن بە كۆدەنگییەك لە رێگەی هەماهەنگیی لەگەڵ پێكهاتەكانی وەك عەرەب و توركمان و ئاشوور كلدان.
3- هێوركردنەوەو كەمكردنەوەو رەواندنەوەی ترسی وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاسەوارەكانی جێبەجێكردنی ماددەكە.

نۆیەم: خۆ ئامادەكردن بۆ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی عێراق كە بڕیارە لە ساڵی 2020 دا ئەنجام بدرێت.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئاگاداری بین لە بارەی ئەو سەرژمێرییە گرنگەوە، وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێكە لەوانە:
1. ئایا ئێمە ئامادەین بۆ سەرژمێری؟
2. ئەو پرسیارانە كامانەن كە بەلای كوردەوە پێویستن لە فۆڕمی سەرژمێرییەكەدا هەبن؟
3. كێشەی ئاوارەكان كە بە فەرمی لەسەر پارێزگاكانی خۆیان ئەژمار دەكرێن و، پارەكەیان بۆ بودجەی ئەوێ دەچێت، كەچی خەرجییان كەوتۆتە سەر هەرێم، ئەم كێشەیە چی لێدەكرێت؟
4. ئایا پرسیار لە نەتەوە بكرێت؟ یان مەزهەب؟ یان هەردووكیان؟ یان هیچیان؟
5. زۆر پرسیاری دی كە پسپۆڕانی بواری ئامار باشتر دەیزانن، پێویستە لە ئێستاوە پرسیان پێ بكرێت، چونكە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری زۆرێك لە كێشەكان لە چارەسەر نزیك دەخاتەوە، وەك:
1. دابەشكردنی دادپەروەرانەی بودجە بە سەر هەرێم و پارێزگاكاندا.
2. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بە رێگەیەكی پاك و بێگەرد.
3. دانانی پلانی سەركەوتووی ئابووری.
4. دانانی پلانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە یان دە ساڵە.
5. دروستكردنی بنكەی زانیاری و داتابەیسی كۆمەڵایەتی و ئابووریی پشت پێبەستراو.
6. دانانی ستراتیژیەتی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری.
7. دروستكردنی خوێندنگەو خەستەخانەو خانووبەرە بەپێی ژمارەی دانیشتووان.
8. زانینی رێژەی سەدیی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كۆمەڵگە.
9. فاكتەری یارمەتیدەرە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەتایبەت قۆناغی راپرسیی نێو ماددەكە.
لەبەر ئەمانەو زۆر هۆی گرنگیی دیكەش، بە پشتبەستن بەماددەی (110)ی دەستووری عێراق، جێگەی خۆیەتی حكومەت لیژنەیەكی پسپۆڕ لەئێستاوە ئامادە بكات و لەگەڵ لایەنە دۆستەكانی نێو پەرلەمانی عێراق رێكبكەوێت لەسەر وردەكاریی نێو پڕۆسەی ئامارو سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا.
Top