نێچیرڤان بارزانی هەموو خەسڵەتەكانی دەوڵەتمەداری سەركەوتووی تێدایە

نێچیرڤان بارزانی هەموو خەسڵەتەكانی دەوڵەتمەداری سەركەوتووی تێدایە
پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەكان بۆ گوڵان: نێچیرڤان بارزانی هەموو خەسڵەتەكانی دەوڵەتمەداری سەركەوتووی تێدایە

هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرەتای قوناخێكی نوێیە لە پرۆسەی سیاسیی كوردستانداو، مەزندە دەكرێت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك گۆڕانكاری و وەرچەرخان لە پرۆسەی سیاسی و سیاسەتی حوكمڕانی لە كوردستاندا بێتەئاراوە، شارەزایان و پسپۆڕانی سیاسەت ئەم گەشبینییە بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، كە لەلایەن سەرۆك بارزانی-یەوە بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان كراوە و مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی دەبێتە بناخەیەكی پتەو بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ پڕۆفیسۆر شێرزاد نەجاڕ ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دانوستانەكان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێ، نێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆك بارزانی-یەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید كرا، ئایا چۆن سەیری ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی دەكەیت؟
- یەكێك لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ئەوەیە، بڕیاری بەپەلە دەرناكات، بەڵكو زۆر بە قووڵی و بە وردی بیری لێ دەكاتەوە و بڕیارێكی بەهێزیش دەردەكات، ئەمە پێمان دەڵێت پرۆسەی دەركردنی بڕیار لای سەرۆك بارزانی ئاسان نییە، هەر بۆیە كە بڕیاریشی دا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بڕیارەكە بە بەهێزی دەرچوو، ئەم بڕیارە بەهێزەش لەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەوڵەتمەدارێكی لێهاتووە و ئەمەشی لە نێچیرڤان بارزانی بینیوە، لەمەش زیاتر لەبەردەمی جەنابی سەرۆك، كاندیدێكی دیكە نەبووە كە بۆ ئەم پرسە هاوشانی نێچیرڤان بارزانی بێت، بۆیە سەرۆك بارزانی زۆر بە لۆژیكییانە ئەو بڕیارەی دەركرد كە نێچیرڤان بارزانی ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
* ئاشكرایە پێش ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرێت، نزیكەی دوو ساڵ بەشی زۆری دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنی سەرۆكی هەرێمی لابووە، ئایا سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ئەم دووساڵەی دواییدا، فاكتەرێكی دیكەی پشت بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی نەبووە؟
- دەتوانین ئەم دوو ساڵەی دوایی ناوبنێن، قۆناخی ئەزموونكاری، نێچیرڤان بارزانی لەو قۆناخە ئەزموونكارییەش سەركەوتوو بوو، بەڵام چۆن لەم قۆناخە هەستیارە سەركەوتوو بوو؟ بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستان، بەمەش توانی باڵانسێكی زۆر گرنگ رابگرێت و، سنوورێكی دانا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی كێشەی گەورەتر نەبێتەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدا بەشێكی زۆری دەسەڵاتە جێبەجێكارییەكانی سەرۆكی هەرێمی وەرگرت، هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر هەستیار و خراپدا بوو، بەڵام توانی لەناو ئەو بارە هەستیار و خراپەدا پەنجەرەی ئومێد بكاتەوە و كوردستان لەسەر لێواری هەڵدێر رزگار بكات، بۆیە نێچیرڤان بارزانی بە لۆژیكی خۆی و پشتیوانیی سەرۆك بارزانی توانی ئەو قۆناخە سەختە تێپەڕێنێت.
* لە زانستی سیاسەتدا، سەركردەی لێهاتوو بەوجۆرە پێناسە دەكرێت كە توانای ئەوەی هەبێت لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە، ئایا ئەم پێناسەیە لەسەر سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان پراكتیزە دەبێت؟
- ئێمە لە زانستی سیاسەت بۆ دەوڵەتمەدار هەشت پۆلێنمان هەیە، یەكێك لەو پۆلێنانە ئەوەیە كە دەبێت دەوڵەتمەدار (زوو هەڵنەچێت، موغامر نەبێت، ئەقڵانی بێت، بڕیاری بەهێز دەربكات) ئێمە لە قۆناخی رابردوو ئەم چوار خەسڵەتەمان لە نێچیرڤان بارزانی بینیوە، لەمبارەوە زانای سیسیولۆژی بەناوبانگی ئەمریكی (هارۆڵد لاسویل (HaroldLasswell) لە كتێبەكەیدا دەربارەی سایكۆلۆژیەت و سیاسەت PsychopathologyandPolitics (1930)) زۆر بە جوانی ئەوەی شیكردۆتەوە كە بڕیارەكانی دەوڵەتمەدار پەیوەستە بە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەوە، بۆیە ئەگەر سەیری بڕیارەكانی ئەم یەك دوو ساڵەی دوایی نێچیرڤان بارزانی بكەین، دەبینین بە كردەیی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بناخەیەك بووە بۆ بڕیارە بەهێزەكانی لە پرۆسەی حكومەت و حوكمڕانیدا، بەمەش توانی لە كۆمەڵێك جومگەی گرنگدا وەرچەرخانی گرنگ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەرێم و دەوبەربەر، هەرێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بكات، شتێكی شاراوە ناڵێین ئەگەر بڵێین لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بە شێوەیەك لە شێوەكان سڕبوو، بەڵام جەنابی كاك نێچیرڤان توانیی ئەو بەستەڵەكە بتوێنێتەوە و دەرگایەكی گەورە بە رووی هەرێمدا بكاتەوە. لایەنێكی دیكەی تایبەتمەندی و خەسڵەتی نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەداری سەركەوتوو، ئەوە بوو لە ماوەی یەك دوو ساڵی رابردوو ئەو واقیعەی بۆ كوردستان هاتەپێشەوە، ئەو واقیعەی قبووڵ كرد، بەو قبووڵكردنەشی توانی وردە وردە بارودۆخەكە هێور بكاتەوە، لەمەشدا سەركەوتنی گەورەی تۆمار كرد.
* لەدوای دەنگپێدانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی هێجگار زۆر لە برووسكەی پیرۆزبایی لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كران، ئایا ئەم برووسكانە بۆ سەرۆكێكی هەڵبژدرێراو لە زانستی سیاسەتدا چی لێ دەخوێندرێتەوە؟
- ئەم برووسكە و پیرۆزباییانەی لە هەموو لایەكەوە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكرێن، مانایەكی گەورەی مەعنەوی و سیاسی و سایكۆلۆژی هەیە، ئەمە پیشانی دەدات كە ئەم دەوڵەتمەدارە بە تەنیا دەوڵەتمەداری هەرێمێك نییە، بەڵكو دەوڵەتمەدارێكە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێگەی هەیە، ئەم پێگەیەش لە پیادەكردنی ئەو سیاسەتەوە هاتووە كە لەماوەی حوكمڕانی وەك سەرۆك وەزیرانی كوردستان پیادەی كردووە، بەتایبەتیش لەم دووساڵەی دواییدا سەلماندی كە دەتوانێت لەناو تەنگژە و كێشەكانیشدا هەرێمێك بەڕێوە بەرێت، بەشێوەیەك كە ئەو هەرێمە هیچ كێشەیەك لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دروست ناكات، ئەمە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان دەیتوانی بەرژەوەندیی چەندین دەوڵەتی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە سیاسەتی لۆژیكانەی توانی وابكات كە هەرێمی كوردستان بە هێواشی هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵبگرێت و تەنگژەكان تێپەڕێنێت، لەمەشدا سەركەوتوو بوو، برووسكەكانیش رەنگدانەوەی ئەو سەركەوتنانەن.
* ئێمە هەر باسی سەركەوتنەكانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی دەكەین، ئایا ئێستا كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستانە، لەم پۆستەدا چاوەڕێی چی لێدەكەن؟
- بە بۆچوونی من 3-4 فاكتەر هەن كە پێمان دەڵێت، جەنابی كاك نێچیرڤان لەم پۆستەدا زۆر سەركەوتوو دەبێت، لەوانە:
1. پەیوەندیی بە باكگراوەندی خەباتگێڕی بنەماڵەكەیەوە هەیە.
2. لەناو خێزانەكەی خۆیدا بە گیانی نیشتمانپەروەری پەروەردە كراوە.
3. سیڤی خۆی وەك سیاسەتمەدارێك.
4. پەیوەندییەكانی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمی، نێودەوڵەتی.
ئەم چوار فاكتەرە زۆر گرنگن بۆ دروستبوونی دەوڵەتمەداری سەركەوتوو، لە كەسایەتیی نێچیرڤان بارزانی-دا ئەم چوار خاڵە بوونیان هەیە و دەوڵەتمەدارێكی سەركەوتوو بووە، لێرەدا ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ پڕۆفیسۆر (هارۆلد لاسویل) كە زانستی سیاسی و شرۆڤەی سایكلۆژی پێكەوە گرێ دەداتەوە، ئەوا ئەو چوار خاڵەی ئاماژەم پێكردن لەگەڵ سایكۆلۆژیەتی ئەو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەباتە ئەو خانەیەی كە وەك دەوڵەتمەدار پێناسە بكرێت. ئەوجا دەوڵەتمەداریش بەو مانایەی نییە كە نابێت رەخنەی لێ بگیرێت، هەروەك هەندێك جار رەخنە لە كاك نێچیرڤان-یش دەگیرێت، بۆ نموونە: دەڵێن هەندێك بەرنامە دەخاتەڕوو، بەڵام پاشان بەرنامەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو پەیوەندی بە بارودۆخێكەوە هەیە كە بەبێ خواستی ئەو دێتە پێشەوە و دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی بەرنامەكانی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە وازی لەم ئامانجانە هێنابێت، بەڵكو چاوەڕێی دەرفەتێك دەكات بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەی تێدا جێبەجێ بكات.
* ئەگەر هەر لەسەر چەمكی (دەوڵەتمەدار) هەڵوەستەی زیاتر بكەین، ئایا هەموو سیاسەتمەدارێك نابێتە دەوڵەتمەدار؟
- لەسەردەمی ئەفلاتوونەوە هەتا ئێستا لەسەر دەوڵەتمەدار قسەكراوەو، بەشێوەیەكی گشتی جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە دەوڵەتمەدار پەیوەستە بە دەستەبژێرێكەوە و هەموو سیاسەتمەدارێك نابێتە دەوڵەتمەدار، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو دەستبەژێرانە دەبنە دەوڵەتمەدار كە چوار خەسڵەتی سەرەكییان تیدا بێت و ماكیاڤیللی Machiavelli بەمجۆرە دەستنیشانی كردوون:
1. ئەو كەسەی دەبێتە دەوڵەتمەدار دەبێت خاوەنی هێز بێت، هێزی (فكری، ئابووری، سەربازی).
2. دەبێت ئەو دەستەبژێرە لێهاتوو بێت.
3. زیرەك بێت.
4. دەبێت توانای داڕشتنی پلان و جۆرێك لە فرتوفێڵی لەگەڵ بەرامبەرەكەی هەبێت.
ئەمانە چوار خەسڵەتی گرنگن و پێویستە ئەو خەسڵەتانە لە دەوڵەتمەداردا هەبن، بۆ ئەوەی بتوانێت حوكمڕانی بكات، كاری سیاسیش سنووردارە بۆ ئەو دەستەبژێرەی ئەو خەسڵەتانەی تێدایە. راستە لای یۆرگن هابرماس Habermas پێویستە هاووڵاتیش لە كاری سیاسی بەشدار بێت و هەر لەبەر ئەمەش فەزای گشتی publicsphere هێنایە گۆڕێ، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بەشداریی هاووڵاتی لە كاری سیاسی چۆنە؟ بێگومان دەبێت رای هاووڵاتی لە دارشتنی بڕیاری سیاسیدا بە هەند وەربگیرێت، بەڵام دیسان ئەمە مانای ئەوە نییە كە هاووڵاتی دەتوانێت حوكمڕانی بكات، سەرەنجام تەنیا ئەو دەستەبژێرانە حوكمڕانی دەكەن كە ئەو خاڵانەیان تێدات بەرجەستە دەبێت. لێرەدا ئەگەر بەراوردكارییەك بكەین، ئایا ئەو چوار خاڵەی ئاماژەمان پێكردن لە سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستاندا هەن؟ بێگومان وەڵامەكە بەڵێ-یە، لەبەر ئەوەی خاوەنی فیكرێكی سیاسی و ئابوورییە، لێهاتوویی خۆی لەماوەی ساڵانی حوكمڕانیدا پیشان داوە، زۆر جار بیروبۆچوونی پێشوەختەی خستۆتەڕوو بۆ دوورخستنەوەی كوردستان لە كێشەكان، هەروەها دەوڵەتمەدارێكی زیرەكە، ئەگەر سەیری پەیامەكەی بكەین، دوای هەڵبژاردنی بەچەند ساتێكی كەم، پێش هەموو شت جەخت لەسەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، جەختكردنەوەی لەسەر ئەم لایەنە گرنگە مانای ئەوەیە پێویستە یەكڕیز و یەكگرتوو بین بۆ ئەوەی كوردستان بەرەوپێشەوە ببەین، مانای ئەوەیە نابێت جیاوازییە سیاسییەكان كاریگەری لەسەر پرۆسەی حوكمڕانی هەبێت، بێگومان ئەم پەیامە گرنگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدا بوو كە خەڵك لە بارودۆخێكی نیگەرانیدا بوو، هەندێك بێئومێد ببوون و دەیانگوت دیسان فیكرێكی رەش هاتۆتە پێش و كوردستان تووشی كێشە و گرفت دەكاتەوە، بەڵام پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی لە ئاستی پەیامی دەوڵەتمەدارێكدا بوو كە هەموو بارودۆخەكەی هێوركردەوە.
* نێچیرڤان بارزانی لە چوار كابینەی حكومەتدا سەرۆك وەزیرانی كوردستان بووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، شێوازی حوكمڕانی لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكە جیاوازە، ئایا دینامیكیەت لە سیاسەتی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی چۆن دەخوێننەوە؟
- پێوستە هەر پرسێكی سیاسی دینامیكیەتی تێدا بێت، هەر پرسێكی سیاسیش دینامیكیەتی تێدا نەبێت، واتە جووڵەی تێدا نابێت و دەمرێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە كێ دەتوانێت خەسەڵەتی دینامیكیەت بداتە پرسە سیاسییەكان؟ بێگومان دەوڵەتمەدار، لەم چوار چێوەیەدا دەبینین بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دینامیكیەتی داوەتە دۆزی هەرێمی كوردستان و هەر خۆیشی جووڵە بەو دینامیكیەتە دەكات، لەوانەیە كەسێكی دیكە نەتوانێت ئەو دینامیكیەتە دروست بكات. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەبوو كە نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێك دۆزی هەرێمی كوردستان بە زیندوویی بهێڵێتەوە و جووڵەی پێ بكات بەرەو پێشەوە، راستە كێشە و ئاستەنگ هەن، بەڵام جووڵەی بارودۆخی هەرێم بەردەوامە، كێ بزووێنەری ئەم جووڵەیەیە؟ بێگومان بزوێنەری سیاسیی هەرێم كاك نێچیرڤان بارزانی- یە.
* لە میانەی سەرۆكایەتیی كابینەی پێنجەمدا، نێچیرڤان بارزانی توانی سەرۆكایەتی كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، ئەمەش لە ناوەندە ئەكادیمییەكان زۆر بەرز نرخێندرا، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش زانكۆی واشنتۆن –جیفرسۆن دكتۆرای فەخرییان پێ بەخشی، پێشتریش ئەم زانكۆیە دكتۆرای فەخریی دابووە كەسایەتییەك كە لە چارەسەركردنی سیاسەتی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقیا رۆڵی هەبووە، ئایا پێكەوە كاركردنی یەكێتی و پارتی هێندەی چارەسەری ئاپارتاید قورسە؟
- بەڵێ زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی پارتی و یەكێتی ئەوكات دوولایەن بوون هاوسەنگییەكی هەستیاری هێز لە نێوانیاندا هەبوو، ئەوجا زیرەكیی كاك نێچیرڤان بارزانی لەوەدا بوو كە چۆن توانی كارێك بكات كە ئەو دووهێزە لەگەڵ یەك دۆست بن و پێكەوە كاربكەن، نەك سەنگەر لە یەكتری بگرن، بێگومان ئەو ئەم پێكەوە كاركردنەی بە فیكر دروست كردووە، هیچ شتێكی بەهاداریش بەبێ خەباتكردن دروست نابێت، بەڵام پرسیاری دیكە ئەوەیە ئایا نێچیرڤان بارزانی ئیلهامی ئەم فیكرەی لە كوێوە بۆ هاتووە؟ بێگومان لەوەوە بۆی هاتووە كە خۆی بە كردەیی لەناو پرۆسە سیاسییەكەدا بووە، هەروەها لەناو پرۆسە سیاسییەكەشدا بە حوكمی ئەوەی كوڕی ئیدریس بارزانی و نەوەی مستەفا بارزانی بووە، نێچیرڤان بارزانی پێگەی هەبووە و ئاگای لە نهێنییە سیاسییەكان بووە، هەروەها پەیوەندییەكی بەرفراوانیشی لەگەڵ پێشمەرگە و هاووڵاتیان هەبووە، بۆیە ئەم بەهایانە بەرهەمی خەباتن و بەبێ خەباتكردنیش بەهاكان دروست نابن.
* ئایا دەتوانین بڵێین نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێك بۆتە خاوەنی ئەو كاریزمایەی لە سەرووی حزبەوە سەیر بكرێت؟
- كاریزمایەكی گرنگی هەیە، وەك ماكس ڤێبەر Weberیش ئاماژەی پێ كردووە، ئەم كاریزمایەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ بە دامەزراوەكردنی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا. ئەمەش بەو مانایەی دەتوانێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكاتە دامەزراوەیەكی یاسایی بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی یاسا كاربكات، ئەمەش وا دەكات كە سەرۆكایەتی هەرێم ببێتە بزوێنەری پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا، ئەمەش واتە دامەزراوەیەك دەبێت كە پەیوەندی بە تەواوی پێكهاتەكان و حزبە سیاسییەكانی كوردستانەوە دەبێت.
* وەك یەكێك لەو كەسایەتییانەی كە ماوەی 22 ساڵە لە نزیكەوە كار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكەیت، ئایا بە رای ئێوە دەبێت ئەولەوییەتەكانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان چی بن؟
- وەك خۆی لە پەیامەكەی وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، بەرژەوەندیی باڵاش ئەو مانایەی هەیە، هەموو لایەك پێكەوە بەیەك گیان لەناو پرۆسە سیاسییەكە ئیش بكەن، راستە جیاوازی و تەفسیراتی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام گرنگە لەیەك چوارچێوەدا پێكەوە كار بكەن، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە بەشدارنەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لە پرۆسەی دەنگدانی سەرۆكی هەرێم بەمانای دژایەتیكردن نایەت، بەڵكو مانای ئەوەیە ئەو لایەنە كۆمەڵێك داواكاری هەیە و مەسافەیەكیشی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بەجێهێشتووە، بۆیە بوارێكی زۆر لەبەردەم پارتی و یەكێتی هەیە كێشەكانیان چارەسەر بكەن و دانوستاندن بكەن و پێكەوە كاربكەن.
ئەركێكی دیكە پێویستە فیكری بێت، واتە فراوانكردنی بنەماكانی دیموكراتی بێت، ئەمەش زیاتر لەگەڵ هاووڵاتیان، لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ فیكری هابرماس و دەڵێین گرنگە بایەخ بە فەزای گشتی بدرێت، لەبەر ئەوەی گرنگە هاووڵاتی رۆڵ و رای خۆی هەبێت و بۆچوونەكانی بەهەند وەربگیرێن.
گرنگە بایەخێكی زیاتر بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێت، راستە پێشتریش بایەخی پێدراوە، بەڵام هەتا ئێستاش پێویستمان بەوەیە بایەخی زیاتری پێبدرێت، بایەخدان بە پەروەردە و خوێندنی باڵا هەر ئەوە نییە كەسێك بڕوانامەیەك وەربگرێت، بەڵكو بایەخدان بەو مانایەی زانست و مەعریفە لە كۆمەڵگە رۆڵی خۆی هەبێت، ئەمەش پێویستی بەو دەستەبژێرانەیە كە دەتوانن وەك دەوڵەتمەدار ئەو ئەركانە جێبەجێ بكەن.
* لایەنێكی دیكە كە مەبەستمە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، پرسی هاوسەنگییە لەنێوان دەسەڵاتەكانی (جێبەجێكردن، یاسادانان، دادوەری) ئاشكرایە لە كوردستاندا ئەم هاوسەنگییە زۆر دروست نییە، ئایا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانیت هاوسەنگیی نێوانیان راست بكاتەوە؟
- بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم بەشێكی گرنگە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، كەواتە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە راستەوخۆ رۆڵی دەبێت، هەروەها لە دەسەڵاتی پەرلەمانیشەوە بۆ پەسەندكردنی یاساكان دەتوانێت رۆڵی مەرجەعییەت بگێڕێت، دەتوانێت ببێتە خاڵی بزوێنەری گەوهەری بۆ ئیشكردنی دامەزراوەكانی حوكمڕانی لە كوردستاندا، كەواتە بەڵێ، دەتوانێت ئەو رۆڵە بە سەركەوتوویی بگێڕێت.
* خۆتان ئاگاداری پێگە و شكۆی ئێستای سەرۆك بارزانی-ن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش، ئایا تاچەند مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی دەبێتە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەم پۆستەدا؟
- بێگومان پاڵپشتی دەبێت لەبەر ئەوەی هەڵبژێردراوی خۆیەتی، بۆیە مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی بناخەیەكە بۆ سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی، هەر ئەم مەرجەعییەتەش وادەكات كە نێچیرڤان بارزانی زۆر لەوە سەركەوتووتر بێت كە ئێستا پێشبینی دەكرێت، لەمەش زیاتر بەڕێزان سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی وەك یەك تیم پێكەوە كاردەكەن، ئەمەش پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.
* لە ئێستادا كە تەنگژەیەكی گەورە لە نێوان تاران و واشنتۆندا هەیە، ئەم تەنگژەیەش لە كوردستانەوە دوور نییە، لەلایەكی دیكەوە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك لە شێوەكان دۆستی هەردوو لایە، ئایا بە رای ئێوە دەبێت لەم قۆناخەدا هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەم تەنگژەیە چۆن مامەڵە بكات؟
- با بگەڕێینەوە بۆ سەر دەوڵەتی فیدڕاڵی، ئایا هەرێمێكی فیدڕاڵی لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی چۆن مامەڵە دەكات؟ بێگومان دەبێت سیاسەتەكانی هەرێم هەماهەنگ بێت لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، ئێمەش لە ئێستادا دەبێت سیاسەتێكی هاوكار و هەماهەنگمان لەگەڵ بەغدا هەبێت، وەك دەبینین بەغدا هەوڵی بۆ ئەوەیە كێشە و تەنگژەی نێوان ئەمریكا و ئێران لەخۆی دوور بخاتەوە، ئێمەش بێگومان دەبێت خۆمان لەو كێشانە دوور بخەینەوە، بەڵام ئەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بتوانین رۆڵێكی ئاشتەوایی بگێڕین ئەوا كارێكی باش دەكەین.

Top