ئیسلامی سیاسی لە یەمەن

ئیسلامی سیاسی  لە یەمەن

ناكرێ لە حوسییەكان تێبگەین و بیانناسین، بێ ئەوەی بە زەیدییەكان ئاشنا نەبین، چونكە حوسییەكان درێژكراوەی مێژوویی ئەو تایفەیەن لەگەڵ گۆڕانكاریییە فیكری و بیروباوەڕییەكان كە لە مێژوودا لە ئەنجامی هەلومەرجی تێكچووی یەمەن روویانداوە، بۆیە یەكەم جار باس لە زەیدییەكان دەكەین، كە بە رەچەڵەك دەگەڕێنەوە بۆ زەیدی كوڕی عەلی كوڕی زەینولعابدین كوڕی حوسێن كوڕی عەلی كوڕی ئەبوتاڵب، ئەوانە شیعەی میانڕەون و نزیكن لە ئەهلی سوننە، ئەوان ئیمامەتی تەنیا لە پشتی عەلی كوڕی ئەبوتاڵب دەزانن، كە ئەو لە ئەبوبەكر و عومەر لەپێشترە بۆ خەلافەت، بەڵام ددان بە خەلافەتی هەردووكیاندا دەنێن، ئەوان لەگەڵ شیعەی عێراق و لوبنان و ئێران و كەنداو جودان، خەڵكی كوفە داوایان لێكردن شۆڕش دژی ئەمەوییەكان بەرپا بكەن لەسەردەمی هیشامی كوڕی عەبدولمەلك (125ك، كۆچی كردووە)، كاتێ خەڵكی كوفە زانییان كە زەید دەستبەرداری هەردوو خەلیفە ئەبوبەكر و عومەر نابێت، وازیان لێ هێنا و پشتگیرییان بۆ شۆڕش رەتكردەوەو ناویان نا «رافیزە»، بۆیە زەید لە لیستی دوازدە ئیمامیدا نابینین، بەڵكو محەمەد باقری برای لە لیستەكەدایە كە بە 18 ساڵ لە زەید گەورەترە، محەمەد باقر ئیمامی پێنجەمە لای مەزهەبی دوازدە ئیمامیی شیعە، زەید لە ساڵی (122ك، كۆچی كردووە) كوژرا، دیارە زەید پەندی وەرنەگرت لە حوسێنی شەهیدی باپیرەی (61ك، كۆچی كردووە) كە خەڵكی كوفە بێ ئومێدیان كرد، شیعەی كوفە وەلایان بۆ ئیمامی شەشەم جەعفەر سادق گۆڕی، دوای كوشتنی زەید، یەحیای كوڕی كە لەگەڵ باوكی بەشداری شۆڕشی كردبوو، سەركردایەتیی بزووتنەوەی زەیدییەكانی كرد، بەڵام رزگاری بوو و لە كوفەوە هەڵات بۆ خوراسان، دواتر شەڕێك روویدا لەنێوان ئەو و والی خوراسان نەسر كوڕی یەسار كە ئەمەوی بوو، ئەوە بوو یەحیا لە ساڵی(125ك) كوژرا، دوای ئەو ئەبوعەباس عەبدوڵای سەفاح لەنێوان (132-135ك) خەلافەتی گرتەدەست، دواتر براكەی ئەبو جەعفەر مەنسوور لەنێوان (136-158ك) كە دامەزرێنەری راستەقینەی دەوڵەتی عەباسییە، بەڵام خەلیفەكانی عەباسی بە مەزهەبی شیعە پابەند نەبوون، بەڵكو لەسەر رێبازی ئەهلی سوننە بەردەوام بوون، بۆیە شیعە شۆڕشیان دژی ئەوان بەرپاكرد، بەڵام جەعفەر سادق كە ئیمامی شەشەمی شیعەیە دەستی لە سیاسەت وەرنەدا، بەڵكو رووی لە زانست كرد، ئیمامەكانی دیكە شۆڕشیان دژی خەلافەتی عەباسی بەرپاكرد و شكستیان هێنا، یەكێك لەوانەی كە شۆڕشی هەڵگیرساند محەمەد كوڕی عەبدوڵا حەسەن موسەننا بوو كە ئەبوجەعفەر مەنسوور لە مەدینە كوشتی لە ساڵی(145ك)، لە سەردەمی هارون رەشید لەنێوان(170-193ك)دا دوو بزووتنەوەی شیعەی دژ بە دەوڵەتی عەباسی پەیدابوون، بزووتنەوەی یەكەم لەلایەن ئیدریس كوڕی عەبدوڵا بوو لە مەغریب كە دەوڵەتی زەیدیی شیعەی لە ساڵی (171ك) بە ناوی ئەداریسە دامەزراند، زۆربەی لایەنگرانی لە بەربەر(ئەمازیغییەكان)بوون، بەڵام هارون رەشید لە ساڵی (176ك)كوشتی و دەوڵەتەكەشی رووخاند، دوومیان بە سەرۆكایەتیی یەحیا بوو لە ئێرانی ئێستا، زەیدییەكان پەرش و بڵاوبوون بۆ چەند مەزهەبێك وەك جارودی و سلێمانی و ساڵحی و بەتری، لە سەردەمی مەئمون ساڵی(199ك) محەمەد كوڕی ئیبراهیم تەباتەبایی لێ پەیدابوو كە ئیبراهیم كوڕی محەمەدی ئامۆزای ناردە یەمەن بۆ كۆكردنەوەی لایەنگرانی بەمەبەستی پشتیوانیكردنی شۆڕشەكەی دژی مەئمون لە بەغدا، خەلیفە مەئمون شۆڕشەكەی دامركاندەوە، بەڵام نەیتوانی بگاتە یەمەن بۆ لەناوبردنی ئامۆزاكەی، لەبەر سەختیی ناوچەكەو باڵادەستیی عەشایری بەسەر كۆمەڵگەی یەمەندا، بۆیە مەئمون ولایەتی یەمەنی پێ بەخشی بە مەرجێ سەر بە ئەو بێت، بەم شێوەیە ولایەتەكە بۆ ماوەی سەد ساڵ هەر سەربەو مایەوە، یەكەم كەس كە زەیدیی بردە یەمەن یەحیا كوڕی حوسێن كوڕی قاسم هادی بوو، لە مەدینەوە چووە یەمەن لە ساڵی(280ك) لەسەر خواستی خەڵكەكە، چونكە تەبیعەتی مەزهەبی شیعە بوونی مەرجەعییەتی شیعە دەسەپێنێت بۆ یەكخستنی ناكۆكییەكانی فیقهی شیعە، هەروەها سیاسیش ئەگەر پێویست بوو، چونكە مەرجەعییەتی ئایینی دەست لە سیاسەت وەرنادات، جگە لەوانەی بڕوایان بە ولایەتی فەقیهـ هەیە، ئەوان دەستوەردان لە سیاسەت بە ئەرك دەزانن، یەحیا كوڕی حوسێن كوڕی قاسم هادی لە(سەعدە)ی باكووری یەمەن گیرسایەوەو میرنشینی زەیدیی دامەزراند، بەڵام سوننە لە باشووری یەمەن نیشتەجێ بوون، یەمەن لە ئەنجامی پەیدابوونی دەوڵەتی ئیسماعیلی و ئەیووبی و فاتیمی رووبەڕووی ململانێ و شەڕوشۆڕی زۆر بووەوە، دوای ئەوەی یەمەن سەقامگیر بوو، عوسمانییەكان هاتنە باشووری یەمەن و بۆ ماوەی (388)ساڵ حوكمیان كرد، واتا لەنێوان(945-1333)، بەڵام زەیدییەكان بەردەوامبوون لە حوكمی سەعدە، تا بە تەواوی هەموو خاكی یەمەنیان لە ساڵی (1333) داگیركرد دوای ململانێ لەگەڵ عوسمانییەكان، زەیدییەكان تا شۆڕشی یەمەن ساڵی(1962) حوكمی یەمەنیان كرد، بەمەش زەیدییەكان لە یەمەن كۆتاییان هات كە هەزار ساڵ حوكمڕانیی ئەو وڵاتەیان كرد.
با لە باكووری یەمەنەوە دەست پێ بكەین، عەبدوڵا سەلال كاروباری سەرۆكایەتیی كۆماری عەرەبی لە باكووری یەمەن لەنێوان ساڵانی(1962-1967) گرتەدەست، بەمەش بوو بە یەكەم سەرۆك كۆمار، كە لەساڵی 1967 كودەتایەكیان دژی ئەنجامدا، دوای ئەو لە (1967-1974) عەبدولڕەحمان ئێریانی هات و ئەویش دوای كودەتا سپییەكەی ئیبراهیم حەمدی دەستی لە كار كێشایەوە، ئەویش لە (1974-1977) بوو بە سەرۆك كۆمار تا ئەو رۆژەی تیرۆركرا. دوای ئەو ئەحمەد حوسێن غەشمی لە(1977-1978) هات و ئەویش كوژرا، عەلی عەبدوڵا ساڵح هەڕەشەی لێكردو ناچاربوو دەستی لە كار كێشایەوە، بەمەش عەلی عەبدوڵا بوو بە سەرۆكی وڵات لە(1978-1990) تا ئەو كاتەی یەكێتی لەنێوان باكوورو باشوور هاتەدی و بوو بە سەرۆكی یەمەنی یەكگرتوو، ئەوەی پەیوەستە بە باشووری یەمەنەوە، ناوی دەوڵەتەكە كۆماری یەمەنی دیموكراسی و پایتەختەكەشی عەدەن بوو، بەریتانیا دەیەویست بە تەواوی داگیری بكات، بەتایبەتیش دوورگەی عەدەن كە پایتەختی ئابووری بوو، یەڵام یەمەنییەكان رەتیان كردەوە، بۆیە بەریتانیا یەكێتیی باشووری یەمەنی لە ساڵی 1965 دامەزراند، بەڵام یەمەنییەكان ئەم دابەشكردنە ئیدارییەی بەریتانیایان رەتكردەوە، بۆیە بەرەی نەتەوەیی رزگاری هاتەئاراوە، هەروەها بەرەی رزگاریی باشووری یەمەن بە پشتیوانیی راستەوخۆی جەمال عەبدولناسر، بەمەش كۆنتڕۆڵی باشووری یەمەنیان كردو مەندوبی بەریتانیایان كوشت، دواتر بەریتانیا لەساڵی 1968 كشایەوە، دوای وتووێژ لەگەڵ قەحتان شەعبی یەكەم سەرۆك كۆماری باشووری میللیی یەمەن(1967-1969)، ئینجا بەرەی نەتەوەیی لەنێوان چەپڕەوان و راستڕەواندا دابەش كرا، ململانێكە بە سەركەوتنی چەپڕەوەكان كۆتایی هات، دوای دەستگیركردنی قەحتان شەعبی كە دەستی لەكار كێشایەوە، دواتر سالم رەبیع بوو بە سەرۆك كۆمار(1969-1978)، ناوی دەوڵەتەكەی گۆڕی بۆ كۆماری دیموكراتی میللیی یەمەن، ئینجا دەستوورێكی تازەیان نووسییەوە، پەیوەندییان لەگەڵ یەكێتیی سۆڤێتی بەست تا لەسێدارەدرا، دوای ئەو عەبدولفەتاح جوفی لە(1978-1980)هات و ئەویش لەسێدارەدرا، عەلی ناسر محەمەد لە(1980-1986) هات، بەڵام هەڵاتە كۆماری عەرەبیی یەمەن دوای سەرهەڵدانی رووداوە خوێناوییەكانی نێوان سەرانی حزبی سۆسیالیست، دوای ئەو عەلی سالم ئەلبیز لەنێوان(1986-1990) هات و بوو بە جێگری سەرۆك كۆماری یەمەنی یەكگرتوو كە سەرۆكەكەی عەلی عەبدوڵا ساڵح بوو، لە 1990 یەمەنییەكان توانیان باكوورو باشوور یەكبخەن، بەمەش عەلی عەبدوڵا ساڵح بوو سەرۆك كۆمارو عەلی سالم ئەلبیزیش بە جێگری، دەستوورێكی تازەیان بۆ وڵات دانا دوای ریفراندۆمی ساڵی 1991، لە ساڵی 1994 شەڕی ناوخۆ لەنێوان هەردوولا روویداو عەلی عەبدوڵا ساڵح سەركەوت، باشوورییەكان لەوانەش عەلی سالمی جێگری هەڵاتن بۆ سوڵتاننشینی عومان، عەلی عەبدوڵا ساڵح بە تەنیا حوكمی كرد، قسەیەكی ناوداریشی هەیە كە دەیگوت: (حوكمڕانیی یەمەن وەك سەمایە لەسەر سەری مار).
شاری سەعدە بە درێژایی مێژوو پایتەختی زەیدییەكان بووە، لە ساڵی 1986 حوسییەكان یەكێتیی لاوانیان دامەزراند بۆ بڵاوكردنەوەی مەزهەبی زەیدی لەنێو خەڵكدا لەلایەن سەڵاح ئەحمەد لفیتە، دوای یەكێتیی یەمەن لە 1990رێگە بە فرەیی سیاسی درا، بەمەش چەندین حزبی سیاسی و ئایینی و بەعسی و ناسری و سۆسیالیست هاتنە مەیدانەوە، یەكێتیی لاوان بوو بە حزبی حەق لە (1990)، لە ساڵی (1992) كۆڕبەندی لاوانی بڕواداران لەلایەن بەدرەدین حوسییەوە دامەزرا، لە ساڵی (1997)كوڕەكەی كە ناوی حوسێن بەدرەدین حوسییە ئەم كۆڕبەندە رۆشنبیرییەو سیاسییەی گۆڕی بۆ حزبێكی سیاسی بە ناوی رێكخراوی لاوانی بڕوادار، ئەمەش هەریەك لە سەڵاح فلێتەو مەجدەدین موئەیدیی تووڕە كردو وازیان هێناو بە سەرپێچیكردن لە مەزهەبی زەیدی تۆمەتباریان كرد، لە ساڵی 2002 دوای هەر نوێژێك دروشمی (ئەڵاهوئەكبەر، مردن بۆ ئەمریكا، مردن بۆ ئیسڕائیل، نەفرەت لە جوولەكە، سەركەوتن بۆ ئیسلام)یان بەرزكردەوە، حكومەت هەوڵیدا رێیان لێ بگرێت، چونكە دەیزانی ئەو دروشمانە لە ئێران و حزبوڵای لوبنانییەوە هاوردەكراوە، حوسییەكان ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ یاخیبوون و بەرهەڵستیكردنی حكومەت، حوسێن حوسی سەرۆكایەتیی ئەو یاخیبوونەی كردـ ئەو پەرلەمانتاری یەمەنی بوو لە هەڵبژاردنەكانی 1993-1997، لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا كوژرا، دواتر باوكی بۆ دوو ساڵ سەركردایەتیی گرتەدەست، ئینجا عەبدولمەلیك حوسیی كوڕی لە 2006، یەحیا حوسی هەڵات بۆ ئەڵمانیاو داوای مافی پەنابەریی سیاسی كرد و بوو بە بەرپرسی سیاسیی حزب لە ساڵی 2004، بەڵام سوننە گردبوونەوەی چاكسازیی یەمەنیان بە سەرۆكایەتیی شێخ عەبدوڵا ئەحمەر لە ساڵی 1990 دامەزراند، ئەو بۆ سێ خولی لەسەریەكی پەرلەمانی لە 1993وە بوو بە سەرۆكی پەرلەمان، لە 2007دا كۆچی دوایی كرد، لە ساڵی 2008دا محەمەد عەبدوڵای یەدومی بە ئەمینداری گشتیی گردبوونەوەكە هەڵبژێردرا، بەڵام شێخ عەبدولمەجید زندانی، دیارترین سەركردەی گردبوونەوەكە بوو، ئەم گردبوونەوەیە تێكەڵەی رەوتی سەلەفیی جیهادی و ئیخوانی بوو، چونكە دامەزرێنەری سەلەفییەت لە یەمەن شێخ موقبل هادی وادعی بوو لە 2001 مردووە، ئەو سەلەفییەتی جیهادی رەتدەكردەوە كە بڕوا بە كاری سیاسی و خەباتی چەكداری دەهێنێت، ئەویش زیاتر جەختی لە وانەی زانستی و پەروەردەیی دەكردەوە، گردبوونەوەی چاكسازیی یەمەن لایەگری عەلی عەبدوڵا ساڵح بوو، بەڵام لە ساڵی 2003 كەوتە ململانێ لەگەڵیداو دیارە ئەم كاتەش بۆ سەرهەڵدانی دوو حزبی ئیسلامی، یەكێكیان شیعیی زەیدی كە حوسییەكان نوێنەرایەتییان دەكرد، ئەوی دیكەش سوننیی ئیخوانی (گردبوونەوەی چاكسازیی یەمەن)، ترس بوو لەوەی فیكر كۆنتڕۆڵی گۆڕەپانی یەمەن بكات، ئەو دوو حزبە لە هەڵبژاردنەكاندا بەشداربوون، حوسێن بەدرەدین حوسی لە هەڵبژاردنەكانی 1993 و 1997 بەشداری كرد، دواتر كە حوسییەكان هەستیان بە كاریگەری و هێزیان كرد، بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی بۆچوونەكانی بەدرەدین حوسی لە یەمەن، كە كتێبێكی دانا بە ناوی (زەیدییەكان لە یەمەن) تێیدا روونكردنەوەیەكی باسكرد لە نێوان فیكر و بیروباوەڕو و پرۆگرام و لەنێوان زەیدییەكان و دوازدە ئیمامیی جەعفەری، بۆیە لە سوننە دووركەوتنەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی كە پێش خۆیان لەسەری بوون لە زەیدییەكان وەكو شۆكانی و میر سەنعانی، ئەمەش سرووشتی ئایین و مەزهەبەكانە كاتێك تێكەڵ بە سیاسەت دەبن و نیشتمان كاول و خاپوور دەبێت، لەبەرئەوە سەركردە حوسییەكان و زانایان و سیاسەتوانانیان پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنانی و هەندێ حزبی شیعەی عێراق بەهێزكرد، بۆیە شاندێكی حوسییەكان لە ساڵی 2016 سەردانی بەغدای كرد و لەلایەن سەركردەكانی حەشدی شەعبییەوە پێشوازیكرا لەوانە ئەبو مەهدی موهەندیس و عامری و خەزعەلی، لەگەڵ یەكدیدا باسیان لە كردنەوەی لقێكی حەشد كرد لە یەمەن وەك هەنگاوی یەكەمی هاوكاریی نێوانیان، كاتێكیش پەیوەندیی نێوان حوسییەكان و گردبوونەوەكە تێكچوو، سەرۆك عەلی عەبدوڵا ساڵح ئەم هەلەی قۆستەوە بە پشتگیریكردنی حوسییەكان لە دژی گردبووەنەوەكە، چونكە گردبوونەوەی چاكسازی دەستبەرداری پشتگیریكردنی ئەو ببوون، بەڵام حوسییەكان متمانەیان بە ساڵح نەبوو، ئەوە بوو لە ساڵی 2004 شەڕ لە نێوان حوسییەكان و حكومەت بە سەرۆكایەتیی ساڵح رووی دا، حوسییەكان دەستیان بەسەر تەواوی سەعدەدا گرت، دەوڵەتی قەتەر لە ساڵی 2008 هەردوو لای ئاشت كردەوە، بەڵام جارێكی دیكە شەڕ هەڵگیرسایەوە تا ساڵی 2010، ئینجا هەردوو لا ئەم جارەش لەسەر راگرتنی شەڕ رێككەوتن، لە ساڵی 2011 راپەڕینی میللی لەئەنجامی بەهاری عەرەبی بەرپابوو، بە بەشداریی گردبوونەوەی چاكسازیی یەمەن بۆ رووخاندنی حكومەتەكەی سەرۆك ساڵح، حوسییەكان ئەم راپەڕینەیان بە دەرفەت زانی و بۆشایی سیاسی و سەربازییان پڕكردەوە، ئەوە بوو لە 2012 عەلی عەبدوڵا ساڵح دەستبەرداری حوكم بوو، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 33 ساڵ حوكمڕانیی كرد، حوسییەكان لە ساڵی 2013 بەشدارییان لە كۆنگرەی نیشتمانیدا كردو حكومەتێكی گواستنەوەیان بە سەرۆكایەتیی عەبد رەبو مەنسوور هادی پێكهێنا، حوسییەكان لاوازیی حكومەت و فشاری دەرەكی بەتایبەتی ئێرانیان قۆستەوە و بەردەوامبوون لە كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی یەمەن، بۆیە لە 2014 ئەمەیان بۆ هاتەدی و سەنعای پایتەختیان داگیركرد، دیارە پاسەوانی كۆماریی سەرۆكی پێشوو ساڵح گوێڕایەڵی ئەو بوون، چونكە وەك سەرۆكی حزبەكەی (كۆنگرەی گشتیی میللی) لە سەنعا مایەوە، بۆیە كوڕەكەی سەركردایەتیی پاسەوانی كۆماریی كرد بۆ یارمەتیدانی حوسییەكان بە مەبەستی رووخاندنی حكومەتی كاتی بە سەرۆكایەتیی عەبد رەبو هادی، هاوپەیمانیی عەلی عەبدوڵا ساڵح لەگەڵ حوسییەكان لە ساڵی 2014 دەستی پێكردو سێ ساڵ بەردەوام بوو، تا كارەكەی بۆ حوسییەكان ئاشكرا بوو، دواتر حوسییەكان پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە، لە ساڵی 2015 كۆشكی سەرۆكایەتییان كۆنتڕۆڵ كرد، عەبد رەبو مەنسوور هادی-یان ناچاركرد رێككەوتنێك بۆ رازیكردنیان واژۆبكات، كە كۆتایی بە ململانێی چەكداری بهێنێت، رێككەوتنەكەش بەم شێوەیەیە:
1. زیادكردنی رێژەی حوسییەكان لە پەرلەماندا.
2. نوێنەرایەتیكردنی زیاتری خەڵكی باشوور لە حكومەتدا.
3. بەفیدڕاڵیكردنی یەمەن.
بەڵام سەرۆكی كاتیی یەمەن هادی دوای راگەیاندنی شكستی رێككەوتنەكە دەستی لە كار كێشایەوە، بەزۆری نیشتەجێكرا دواتر توانی بەرەو عەدەن رابكات و دەست لەكاركێشانەوەكەی هەڵوەشێنێتەوە، ململانێی چەكداری سەریهەڵدایەوە، حوسییەكان بەهێزبوون و بوونە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و بەتایبەتیش دەوڵەتانی كەنداو و بەدیاریكراویش سعودیە، سعودیە هاوپەیمانییەكی عەرەبی راگەیاند كە ئیمارات و كوەیت و بەحرەین و قەتەر-پێش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵدا ببڕێت- و سودان دەگرێتەخۆ، لەگەڵ بەشدارییەكی رەمزیی میسرو ئوردن و مەغریب بۆ گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ عەبد رەبو مەنسور هادی، دەوڵەتە مەزنەكان و كەنداو باڵیۆزخانەكانیان لە سەنعا كشاندەوە و حوسییەكانیش پردێكی ئاسمانییان لەگەڵ ئێران كردەوە بۆ گواستنەوەی چەك و سووتەمەنی، لە ساڵی 2016 حوسییەكان و حزبی كۆنگرەی گشتیی میللی(باڵی ساڵح) ئەنجومەنی حوكمیان بۆ پێكهێنانی حكومەت و راگرتنی پلانە سەربازییەكەی سعودیە راگەیاند، بەڵام حوسییەكان لە كۆتاییدا دەركیان بەوە كرد كە ساڵح هەماهەنگیی نهێنیی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی عەرەبی كە سعودیە سەرۆكایەتیی دەكات، بەتایبەتیش ئیمارات، تاكو هاوپەیمانییەك بێتەئاراوە لەنێوان سەرۆكی پێشوو عەلی عەبدوڵا و گردبوونەوەی چاكسازیی سوننە تاكو ببێتە جێگرەوەی حوسییەكان، بۆیە حوسییەكان لە ساڵی 2017 عەلی عەبدوڵا ساڵحیان كوشت، بەمەش وتەكەی هاتەدی كە دەیگوت: (حوكمڕانیی یەمەن وەك سەمایە لەسەر سەری مار)، بە راستی سی و سێ ساڵ بەسەر سەری مارەكانەوە حوكمی كردو دواجار مارێك كوشتی.
ئێستا حوسییەكان دەستیان بەسەر پایتەختدا گرتووە، رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزدەبن بەهۆی پشتیوانیی راستەوخۆی ئێران و حزبوڵای لوبنانی و هەندێ تاقمی حەشدی شەعبیی عێراقی، كە دیارە حوسییەكان ناتوانن خۆڕاگربن لەبەردەم هاوپەیمانیی عەرەبیی سوننە بە سەرۆكایەتیی سعودیە كە دەوڵەمەندترین دەوڵەتی عەرەبییەو پەیوەندیی بەهێزی ستراتیژیی لەگەڵ رۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریكادا هەیە، هەروەها پایتەختی پیرۆزییەكانی سوننەیە، گەلی عەشایریی رەسەنی یەمەنیش قبووڵ ناكات لە چوارچێوە عەرەبی و سوننییەكە دابڕێت، هەروەها پەیوەندیی بەهێزی مێژوویی نێوان سوننەو زەیدییەكان هەر بەردەوامە، بەڵام سیاسەت لێكی جیاكردوونەتەوە، بەتایبەتیش دوای دەسەڵاتبوونی جاروودییەكان بەسەر زەیدییەكان، هاوكات كاریگەریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەسەر حوسییەكانەوەو هەوڵیان بۆ گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ یەمەن، زانراویشە كە ئەمە بۆ گەلی یەمەن خۆكوشتنە، هەروەها گەورەترین هەڕەشەیە بۆ دەوڵەتانی كەنداو، بۆیە سعودیە و ئیمارات و دەوڵەتانی دیكە هەرگیز رێگە نادەن- هەتا ئەگەر ئەمە بە هەرەسی ئابووریش لەسەریان بكەوێت- دەوڵەتێكی شیعە وەك ئەوەی ئێران كە دەوڵەتێكی فەقیهـ لەو وڵاتەدا دابمەزرێت.

Top