تایبەتمەندییەكانی سۆشیاڵ میدیا . . . . بەشی دووەم

تایبەتمەندییەكانی سۆشیاڵ میدیا    . . . .  بەشی دووەم
سۆشیال میدیا





میدیای نوێ، یان سۆشیاڵ میدیا بە سرووشتی كارەكەی كە بڵاوكردنەوەو گەیاندنی زانیاری و بابەتەكانە لە هەندێ رووەوە رەنگە هاوشێوەی میدیای كۆن بێت، بەڵام هەلومەرجی كاركردنی ئێستاو ئەو ئامرازانەی كە بەكاریان دەهێنێت جیاوازە، ئەمەش وایكردووە هەندێك لە تایبەتمەندی و رەگەزە پێكهێنەرەكانی جیاواز بێت، نموونەی هەندێك لەو تایبەتمەندییانە:
1. كارلێكی (التفاعلي): لە كۆندا میدیا تەنیا نێردەر بوو، وەرگریش تەنیا وەرگر ئەگەر فیدباكێكی ناڕاستەوخۆی هەبووبێت، بەڵام دوای هاتنی میدیای نوێ و ستۆدیۆ راستەوخۆكان لە ئەمڕۆدا كاتێك پەیامەكان لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە دەدرێنە وەرگر، ئەمە كارێكی پەیوەندیكردنی تایبەتە بۆ ئاراستەكردن و ئاڵوگۆڕكردن. واتە ئاراستەكردنێكی یەكلایەنی نییە، بەڵكو گفتوگۆیەكە لەنێوان دوو لایەندا و راستەوخۆ وەرگر دەتوانێت وەڵام و كاردانەوەی هەبێت بۆ پەیامەكان، كارلێكردن توانای پەیوەندییەكی نوێیە و وەڵامدانەوەیەكە لەلایەن بەكارهێنەرانیەوە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیارییەكانیش لە میدیای نوێدا سەریهەڵداوە كە ئەمە مۆدێلێكی نوێی میدیایەكە كە تیایدا وەرگریش توانای بەشداریكردنی هەیە. جگە لەوەی توانیویەتی وەرگر و نێردەر لەیەك كەسدا كۆبكاتەوە، واتە هەموو بەكارهێنەرەكانی سۆشیاڵ میدیا وەرگر و لە هەمان كات نێردەریشن.
2. جۆراوجۆری و هەمەچەشنی (التنوع): واتا هەمەڕەنگی لە ئامرازەكانی پەیوەندیكردندا، لەهەمان كاتدا هەمەچەشنی لە پەیامەكان، لەیەك كاتدا دەنگ و رەنگ و تێكست لە بەردەستی وەرگردایە كە وا لە وەرگر دەكات، ئازاد بێت و كۆمەڵێك هەڵبژاردەی هەبێت بۆ وەرگرتنی پەیامە میدیاییەكان و بەكارهینانی ئامرازە جۆراوجۆرەكان، پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی وەرگر لە رێگەی ئەو كەناڵەی كە خۆی چێژی لێ دەبینێت.
3. پابەندنەبوون (اللالتزامنیة): نوێگەرییەك كە میدیای نوێ كردی پەیوەست نەبوون بە كات و شوێنە، لە میدیای كۆندا دەبوو چاوەڕێی كاتە دیاریكراوەكانی هەواڵ و زانیاری بیت لە تەلەفزیۆن، یان دەرچوونی رۆژنامەكان، یان رادیۆ و هەندێك لەم ئامێرانە نەدەتوانرا لە هەموو كات و شوێنێكدا بەكار بهێندرێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هاتنی چەندین ئامرازی نوێی وەك مۆبایل و ئایپادو و ئایپۆدو...هتد لەهەر كات و ساتێكدا دەتوانرێت بەكاربهێنرێت و زانیارییەكان پەیوەست نەبن بە كاتی دیاریكراو بۆ پەخشبوونیان .
4. جیهانی بوون (الكونیة): تایبەتمەندیی جیهانی هەیە و وابەستە نییە بە وڵاتێك، یان ناوچەیەكی دیاریكراوی جوگرافی، یان لۆكاڵی بوونی بابەت و زانیارییەكانی، یان بەكارهێنەرەكانی، ژینگەی پەیوەندیكردن بووەتە ژینگەیەكی جیهانی و هەموو سنوورێكی كات و شوێن و سانسۆڕەكانی تێپەڕاندووە.
5. تەواوكاری و پارێزراوی (التكامل): بۆ زانیارییەكانی ناو میدیای نوێ تاكەكان دەتوانن هەر بابەتێك كە مەبەستیانە بیپارێزن و هەڵیبگرن لە پێگە كۆمەڵایەتییەكاندا، لەبەر ئەوەی لە سیستمی ژمارەییدا دەتوانرێت سەرجەم زانیارییەك هەڵبگیرێت و بە پارێزراوی بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە.
6. دیاری نەكراوای جەماوەری (اللاجماهیریة): وەك چۆن لە بوارەكانی دیكەدا خاسییەتی جیهانی هەیە لە جەماوەر و بەكارهێنەرەكانیشیدا، هەر بەو شێوەیە واتە پەیامەكان تەنیا بۆ تاكێك، یان كۆمەڵێكی دیاریكراو، یان بۆ جەماوەرێكی گەورە نییە، وەك ئەوەی كە هەبوو لە پێشتردا، هەروەها كار دەكات لەسەر سیستەمی پەیوەندیی راستەوخۆ كە راستەوخۆ لە نێردەرەوە دەگاتە وەرگر.
7. كۆكەرەوەی كۆمەڵیك ئامراز پێكەوە (اندماج الوسائط): میدیای نوێ هەموو ئامرازەكانی پەیوەندی بەكاردەهێنێت، وەك: كۆمپیۆتەر و مۆبایل و ئایپادو ئایپۆدو لەهەمان كاتدا دەق و وێنەی وەستاو، وێنەی جووڵاو هەروەها وێنەی دووانی و سێ لایەنی و چوار لایەنی و...هتد.
8. توانای گەیاندن و گواستنەوە (قابلیة التحویل و التوصیل): واتە لە گواستنەوە و گەیاندنی زانیارییەكان دەتوانین بە رێگەی ئامرازێكەوە پەیامەكان پەیوەست بكەیت بە ئامرازێكی دیكەوە، وەك ئەو تەكنیكەی كە پەیامێكی بیستراو دەگۆڕێت بۆ پەیامێكی نووسراو، هەروەها ئامادەیی لە گەیاندنی مەبەست بە یەك گەیاندنی دوو ئامێرە كە لە ئەنجامدا پەیامێكی میدیایی دەگوازێتەوە، وەك گواستنەوەی زانیارییەكانی تەلەفزیۆن و رادیۆ لە رێگەی مۆبایل و ئامێرەكانی دیكەوە.
9. تێپەڕاندنی بەربەستی رۆشنبیری (تجاوز الحدود الثقافية): زۆر جار گەشەی رۆشنبیر وابەستەی كات و سەردەم و تایبەتمەندیی جوگرافیی خۆیەتی، بۆ نموونە لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دی جیاوازە، هەلومەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتیی وڵاتێك جیاوازە لە وڵاتیكی دی، بۆیە رەنگە ئەمە وابكات ئاست و گەشەی رۆشنبیریی تاكەكان جیاوازتر بێت لە ئاست و گەشەی رۆشنبیریی تاكەكانی كۆمەڵگەیەكی دیكە هەروەك دەوترێت تۆڕی ئینتەرنێت بە تۆڕی تۆڕەكان ناسراوە، تۆڕەكانی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەموو ساڵێك لە گەشەكردندایە بە رێژەیەكی زۆر گەورە بەردەوامە و ئەمەش بۆتە هۆی بارگرانی و قورسبوونی شێوازی بەرهەمهێنانی و گەشەكردنی، هەروەها بەكاربەرانی ئینتەرنێت ساڵ لەدوای ساڵ لە گەشەكردندایە كە هەموو سنوورە جوگرافییەكانی بڕیوە و جیهانی بچووك كردۆتەوە بۆ گوندێكی بچووك و سەردەمی گڵۆباڵیزەیشن دروست بووە.
10. ئاگاداربوون و لێ وردبوونەوە (الانتباه والتركيز): وەرگر بە حوكمی بەردەستیی ئامراز و پەیامەكانی راگەیاندنی نوێ، زۆرتر دەتوانێت ئاگادار بێت و تەركیزو لێ وردبوونەوە بكات بە پەیامەكاندا و چەند جارێك سەیری بكات و بیبینێت، یان بیخوێنێتەوە..
11. هەڵگرتن و پاراستن (التخزين و الحفظ): سرووشتی ئەم میدیایەیە وایە زۆر ئاسان بە بێ بەكارهینانی ئامێری دیكەی وەك هارد، سی دی و كاسێت دەتوانیت بابەتەكان خەزن بكەیت و هەڵیبگریت. كاتێك وەرگر توانای هەڵگرتن و پاراستنی ماددە میدیاییەكانی هەبێت، ئەوا هۆكارێك دەبێت بۆ زیاتر گرنگیدان بە پەیامەكان بەپێی كاتی گونجاوی وەرگر.

Top