كۆڕبەندی هزری عەرەبی گەنگەشەی هەر چوار كۆڵەگەی نەتەوە دەكات

كۆڕبەندی هزری عەرەبی گەنگەشەی هەر چوار كۆڵەگەی نەتەوە دەكات
دەستپێك:
كۆڕبەندی هزری عەرەبی لە عەمان چەند دیالۆگێكی دوولایەنەی عەرەبی- توركی، عەرەبی-ئێرانی، بەم دواییەش دیالۆگی عەرەبی- كوردی رێكخست، لەبەر رۆشنایی چەندین دیدوبۆچوونی سەرۆك و چاودێریی خاوەن شكۆ میر حەسەن كوڕی تەڵاڵ تایبەت بە كردنەوەی ئاسۆی هاوكاریی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پێشكەوتن و پەرەپێدانی ناوچەكە و گەلانیدا، هەروەها لەبەر رۆشنایی ئەنجامە ئەرێنییەكانی ئەم دیالۆگانەدا رایەك گەڵاڵە بوو، ئەویش پێویستی گرتنەبەری كۆدیدێك و زیاتر سەرتاسەریی گشتگیر بۆ بیرۆكەی گفتوگۆ لەسەر ئاستی ناوچەكە بە مەبەستی دۆزینەوەی شێوازێكی پەیوەندی و كاری هاوبەش بۆ گرتنەخۆی هەموو پەرەسەندن و گۆڕانكاری و لێكەوتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، هەروەها بەپێی بەها دیموكراسییەكان و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و هاوكوفی و رێزگرتنی بەرامبەر و پێكەوەژیانی هاوبەش، كە یاریدەدەر بێت بۆ سازان و لێكگەیشتن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و تێپەڕاندنی جیاوازییەكان و تەنانەت پێكناكۆكەكانی فیكری و سیاسی بەرەو پەرەپێدانی بەهاكانی هاوكاری و دیالۆگی بنیادنەر، هەروەها بنیادنانی ئایندەیەكی تازەی پێكەوەژیانی مرۆیی، هاوكات بەشداریكردن لە وەدیهێنانی ئاشتی و بڵاوكردنەوەی كولتووری ئاشتی، ئەم دۆخەش پێویستی بە پێدانی دەرفەت هەیە بۆ نوخبەكانی رۆشنبیری و فیكری لەلای هەر چوار نەتەوەی (كورد، عەرەب، تورك، فارس) لە نزیككردنەوەی ئەشكالە سیاسی و رۆشنبیرییەكان و بەشداریكردن لە خستنەڕووی چارەسەری زانستی كە كاریگەری و بەردەوامیان هەبێت و هەموو جۆرە ناسنامەكان لەسەر بنەمای هاووڵاتی لەخۆبگرێت.هەروەها پشتبەستن بە چەمكەكانی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و لێبوردەیی، ماف لە جیاوازیدا، فرەیی، پشتبەستن بە دیالۆگ لە چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، بەهێزكردنی دۆستایەتی و هاوكاریی نێوان نەتەوەو گەلان لە فەزای فراوانی مرۆڤایەتیدا.
كارنامەو بەرنامەی كۆنگرەكە
بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، كۆڕبەند داوای لە نوخبەی رۆشنبیرو خاوەن بڕیار و توێژەران لە هەر چوار نەتەوەی (كورد، عەرەب، تورك، فارس) كرد، گەنگەشەی پرسی (هاوكاری و دیالۆگ) لەنێوانیادا بكەن بۆ گەیشتن بە شێوازێكی پەسندكراو بە مەبەستی بەتینكردنی رایەڵە مرۆییەكانی نێوان ئەو نەتەوانە.
كۆنگرەكە لە 22/7/2018 لە عەممان بەسترا بە سەرۆكایەتی میر حەسەن كوڕی تەڵاڵ سەرۆك و چاودێری كۆڕبەندەكە و بە بەشداریی رۆشنبیر و ئەكادیمیست و شارەزایانی سیاسەت و چالاكانی مەدەنی لە دەوڵەتانی ناوچەكەو ئاسیاو باكووری ئەفریقیا، هەر چوار كۆڵەگەش بەوە ناسێنران كە لە عەرەب و كوردو تورك و فارس و كورد پێكهاتوون.
میر حەسەن كوڕی تەڵاڵ كۆنگرەكەی كردەوە و داوای لە هەمووان كرد كە لۆژیكی عەقڵ و ئەدەبی دیالۆگ بەكاربهێنن، بەتایبەتیش كە هەر چوار پێكهاتە دیموگرافییەكان دوچاری جیاوازیی فیكری و سیاسی و رۆشنبیری بوون، هەروەها ئەو تەحەددییانەی كە كۆیان دەكاتەوە زۆرن، بەڵام نابێ بهێڵین جیاوازییەكان كۆنتڕۆڵی شتە هاوبەشەكانمان بكەن، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئێمە پێویستیمان بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددییانە هەیە كە بە شێوازی جیاوازی كێشەكانمان خۆیان بەسەرماندا سەپاندووە، وەكو بەدیهێنانی ئاسایشی گشتگیر بە چەمكی بەرگرتن لە چەكی كۆكوژی وێرانكەر، چەمكی بەرهەڵستیكردنی تەحەددییەكانی ژیان لە بەدیهێنانی كەرامەتی مرۆڤ و پێداویستییە بنەڕەتییەكانیدا، رزگاربوون لە برسێتی و ترس، لە كۆتایی وتەكەشیدا دووپاتی كردەوە كە پێویستیمان بە پڕۆژەیەكی هاوبەشی كولتووری و شارستانی هەیە.
لە كارنامەی توركیدا كە چەند رۆشنبیرێكی تورك پێشكەشیان كرد و چەمكی دانپێدانانیان خستەڕوو، بەوەی كە مێژوو و ئایینی هاوبەشمان ئەوەی سەلماندووە كە مەرجەعێكە و كۆمان دەكاتەوە، لەكاتێكدا كە ئاماژەی ئەوە هەبوو كە هەندێ لە وڵاتانی جیهان بێزار بووون بەرامبەر پەنابەران كە ژمارەیەكی دیاریكراو روویان تێدەكردن، دەبینین كە هەر یەك لە توركیا و ئوردن و لوبنان بە سنگفراوانییەوە پێشوازییان لە ملیۆنان پەنابەر كرد.
لەم سۆنگەوە بەشداربووان جەختیان كردەوە لەسەر داهێنانی رۆشنبیری، هەروەها رۆڵی ئافرەت لە بنیادنانی ئاشتی و پێویستیی ئەوەی رێگە بدرێت لاوان رۆڵیان لە بنیادنانی ئایندەدا هەبێت.
لە كارنامەی ئێرانیشدا هەندێ رۆشنبیر لە چوارچێوەی ئەو دیدوبۆچوونانەی پەیوەست بوون بە واقیع و ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەر چوار كۆڵەگە، باسیان لە بەڵگە مێژووییەكان كرد، ئەو كاتەی شارستانییەكانی ئەندەلوس و نیشتمانی عەرەبی لەگەڵ شارستانییەتی فارسیدا هاوكار بوون، نەتەوە توانی دەستكەوتی زۆر بەدەست بهێنێت.
بەڵام تایبەت بە دیدی كورد، هەندێ رۆشنبیری كورد قسەیان كرد، ئاماژەیان كرد بەو مەینەتییانەی تێیدا ژیاون، دووپاتیشیان كردەوە كە گرنگە توێژینەوە لە ئێستادا بكرێت و بڕوانرێتە ئاسۆی ئایندە و لێرەشدا پشتگیریی ئەوەیان دەكرد كە دیالۆگی نێوان ئەو لایەنە جیاوازانە پێویستە تەنیا لە چوارچێوەی سیاسیدا نەوەستێت، یان لەنێوان دەوڵەتاندا، بەڵكو دەبێ لەوە دەربچین و دیالۆگ بكەین لەنێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگە و سەركردە فیكرمەندەكان.
دیدی كوردی لە شتە هاوبەشەكانیدا داوای كرد یەكسانی بێتەئاراوە لە پەیوەندییەكانیاندا لەگەڵ براكانیان لە عەرەب و فارس و تورك، هەروەها ماف و ئەركیان هەبێت، پێویستە ناكۆكییەكان جێبێڵین كە دەبنە هۆكاری نانەوەی شەڕ لەسەر حیسابی ژیانێكی سەربەرزانەی مرۆیی، هەروەها كورد و ئەوانی دیكە نەبنە سووتەمەنیی ئەو شەڕانە.
هەروەها ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی عەرەب قسەیان كردو ستایشی دەستپێشخەرییەكەی كۆڕبەندی فیكری عەرەبییان كرد لە فراوانكردنی بازنەی دیالۆگ كە پێش چوار مانگ بە ناوی (دیالۆگی عەرەبی-كوردی) دەستی پێكرد، هاوكات ستایشی و رۆڵ و چاودێریكردنی میر حەسەن كوڕی تەڵاڵیان كرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە.
پێشنیارەكان
لەمیانی ئەو گەنگەشانەدا چەندین پێشنیار لەلایەن بەشداربووانەوە پێشكەشكران بە مەبەستی درێژەدان بە دیالۆگ و بەخشینی مۆركی بەردەوامی بۆ كاراكردنی دیدی هاوبەش، ئەویش لەمیانی پێشنیارێك بۆ پێكهێنانی تیمێكی كار كە كەسایەتییەكانی هەر چوار كۆڵەگەی نەتەوە كۆبكاتەوە، هەروەها كاركردن بۆ رێكخستنی سیمینارێك، یان كۆنگرەیەكی ساڵانە بە سەرپەرشتیی كۆڕبەندەكە بۆ باسكردنی بوارەكانی پەیوەندی، رۆشنبیری، ئابووری، كۆمەڵایەتی، هاوكات هەر شتێك پەیوەست بێت بە پەرەپێدان و هاوكاری و بە گیانی بەها مرۆییەكان، بەتایبەتیش ئازادی، یەكسانی، دادپەروەری، شەراكەت، بەشداریكردن، لێبوردەیی، ئاشتی، كاركردن بۆ گواستنەوەی دیالۆگ بۆ پایتەخت و شارەكانی هەرێمی ئەو چوار نەتەوەیە.
هەروەها رێككەوتن لەسەر دروستكردنی رایەڵەی پەیوەندیی نێوان تیمەكانی كار و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی تایبەت بەم دیالۆگە، هەروەها لەنێوان خاوەن بڕیارو زانكۆو مەڵبەندەكانی توێژینەوەو دیراسات، ئەمەش بۆ ئەوەی بۆشایی نەمێنێت لەنێوان هزرمەندو رۆشنبیر و ئەكادیمیستدا لەگەڵ ئیدارەكانی حوكمڕانی و دەسەڵاتداران، ئەوەش بە مەبەستی بەتینكردنی تەواوكاری و پێكەوەیی و بەشداریكردن لە چوارچێوەی پلانەكانی پەرەپێدان و هاوكاریدا، هەروەها ئاماژەیان بە گرنگیی سوودوەرگرتن كرد لە شارەزایی و كارامەیی زمانی هەر چوار لا و رۆڵی ئەو بوارە لە بەهێزكردنی لێكگەیشتنی هاوبەش.
بەشداربووان جەختیان كردەوە لەسەر بایەخدان بە لاوان، چونكە زۆرینەی دانیشتووانی هەر چوار نەتەوە پێكدەهێنن، هاوكات پێویستە بۆ ئایندە ئامادە بكرێن و زەمینەی گونجاویان بۆ دەستەبەر بكرێت بۆ دیالۆگ و شەراكەت لەنێوان خۆیاندا.
كۆتایی
ئەم جۆرە كرانەوەی نێوان رۆشنبیران و خاوەن بڕیاران و بەرپرسانی هەر چوار نەتەوە كارێكە دەتوانێت لە یەكدییان نزیك بكاتەوەو هاوبەشە بنەڕەتییەكان بدۆزێتەوەو بەهێزیان بكات و جیاوازییەكان كورت و بچووك بكاتەوە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی كردنەوەی ئاسۆگەلی تازەو سەركەوتوو لە هاوكاری، تاكو بەسەر زۆر كێشەی جیاوازدا زاڵ بن كە ناوچەكە پێوەیان دەتلێتەوە، هاوكات مەترسییەكانی لێكترازان و پەراگەندەیی ئێستای ناوچەكە كەم بكاتەوە.
*ئەندامی كۆڕبەندی هزری عەرەبی و مامۆستای یاسای دەستووری و زانستی سیاسی لە زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر


Top