پارەی پلاستیك لە بری پارەی كاغەز

پارەی پلاستیك  لە بری پارەی كاغەز
ئێستا زۆرێك لە وڵاتان كەوتوونەتە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ماددە پلاستیكییەكان و كیسەی نایلۆن، بۆ نموونە فەرەنسا و ئێرلەندا و هەندێك لە ویلایەتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەفریقی وەك ئۆگەندا و كینیا، لە ئاسیاش وڵاتی بەنگلادیش، بڕیاری راگرتن و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئەم نایلۆنانەیان داوەو، باجیان خستۆتە سەر كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئەم كیسە نایلۆنانە.
سەبارەت بە ماددە پلاستییەكانیش كە زۆرێك لە شتومەكەكانی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤی لێ دروست دەكرێت، زۆرێك لە وڵاتان لە رێگەی ریسایكڵینگەوە، یان دووبارە بەكارهێنانەوە، یان كەمكردنەوەی بەكارهێنانیەوە، یان شیكردنەوەی بۆ پێداویستیی دیكە، خەریكی كۆنتڕۆڵكردنی تەشەنەكردنی بەكارهێنانی ئەو ماددانەن.
بۆ زانیاری ش وەك نموونە:
یەكەم : لە ئەمریكادا نزیكەی (1.1) ملیۆن كرێكار لە بواری بەرهەمهێنانی ماددە پلاستیكییەكاندا كار دەكەن.
دووەم: قازانجی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە بەرهەمهێنانی ماددە پلاستیكییەكاندا، نزیكەی (1) تریلیۆن دۆلارە.
سێیەم: تێچووی لابردنی ماددە پلاستیكییەكان تەنیا لە كەنار ئاوەكانی رۆژئاوای ئەمریكا ساڵانە نزیكەی (520) ملیۆن دۆلارە.
چوارەم: لەساڵی (2007)دا ئەمریكییەكان زیاتر لە (50)بلیۆن دەبەی بچووكی ئاویان خواردۆتەوە، نزیكەی (38) ملیاری لێ فڕێدراوەتە نێو زبڵخانەكان و تەنیا لە(23%)ی ریسایكل كراوەتەوە.
پێنجەم: وا چاوەڕوان دەكرێت قەبارەی ماددە پلاستیكییە بەرهەمهاتووەكان لە ساڵی (2050)دا بگاتە (33) بلیۆن تۆن، كە ئەمەش یەكسانە بە پڕكردنی (2.75) بلیۆن لۆری هەڵگرتنەوەی خاشاك، هەر ئەم بڕەش لە زبڵ و خاشاك لە توانایدایە كە چەندین جار گۆی زەوی دابپۆشێت.
با بزانین جێگرەوەكان و چارەسەرە پێشنیاركراوەكان لای وڵاتانی پێشكەوتوو چین؟
یەكەم: هەرێمی (مانیتۆبا)ی (كەنەدا) بڕیارێكی پەسەند كردووە بۆ قەدەغەكردنی كڕینی دەبەی ئاوی بچووكتر لە قەبارەی (1) لیتر.
دووەم: شارۆچكەی (كۆنكۆرد) لە ویلایەتی (ماساچوتس)ی ئەمریكا، لە سەرەتای ساڵی (2013)وە فرۆشتنی دەبەی بچووكی ئاوی قەدەغە كردووە.
سێیەم: دروستكردنی پارە لە ماددەی پلاستیك: بەپێی هەواڵێكی (لۆس ئەنجیلۆس تایمز) لە (20)ی دێسەمبەری (2013)وە، بانكی ناوەندیی ئینگلتەرا لە هەوڵی ئەوەدایە كە پارەكانی لە كاغەزەوە بگۆڕێت بۆ پلاستیك هەر وەك ئەوەی كە لە كەنەداو ئوسترالیادا دەكرێت.
واش چاوەڕان دەكرێت لە سەرەتادا دراوی (5) پاوەندی دەربچوێندرێت و وێنەی (وینستۆن چەرچڵ)یشی لەسەر بێت.
شایانی باسە كە دراوی پلاستیكی نادڕێت، ئاویش كاری تێناكات، تەمەنیشی لە تەمەنی دراوی كاغەز زیاتر دەبێت، دەوڵەتیش كەمتر دراو چاپ دەكاتەوە، لە بری دراوی كاغەزی دڕاو، هەروەها پیس نابێت بە چڵك و رۆن و تێچووی چاپكردنیشی كەمترە، بەئاسانیش تەزویر ناكرێت.
بۆیە نزیكەی (22) دەوڵەت لە ساڵی (1992)وە پارەیان لە ماددەی پلاستیكی (پۆلیمەر) چاپ كردووە، لەوانەش ئوسترالیا و بەڕازیل و چیلی و چین و ئەندۆنیسیا و مالیزیا و مەكسیك و سەنگافورەو كەنەدا و زۆری دیكە.
ئەوەی شایانی باسە لەم پڕۆژەیەدا ئەوەیە كە پێویستە ئامێری نوێ بۆ ژماردنی پارەی دروستكراو لە پلاستیك دروست بكرێت، چونكە ئامێرەكانی ژماردنی پارە لە ئێستا بۆ پارەی لەكاغەز دروستكراو داهێنراون.

Top