هەتا گواستنەوەی گشتیمان نەبێت، ژینگەمان پارێزراو نابێت

هەتا گواستنەوەی گشتیمان نەبێت، ژینگەمان پارێزراو نابێت
لە دیداری نێوان وەزیرانی ژینگەو كۆمپانیا ژاپۆنییەكان لە ساڵی (2004)دا، دكتۆر (واتانابی هیرۆیۆكی) بەڕێوەبەری كارگێڕی لە كۆمپانیای (تۆیۆتا)ی ژاپۆنم بینی، ئەو دەیگوت: «ئێمە لە ژاپۆن لە كاتی روودانی هەر گرفتێكدا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێین، پێش دەركردنی هەر یاسایەك، نەك هەوڵدان بۆ دەركردنی یاسا و رێنمایی كتوپڕ لە ساتەوەختی رەگداكوتانی گرفتەكە لە زەمینەی واقیعدا.»
ئێمە ئەمڕۆ لە كوردستان شەقامەكانمان پڕبوون لە هەموو جۆرەكانی ئۆتۆمبێل كە هەریەكەیان لە شوێنێكی دنیادا دروستكراون، بەڵام وەك جەخت دەكەینەوە لەسەر ساڵی دروستكردن و مۆدیلی ساڵانەی هۆكارەكانی گواستنەوە، گرنگیشە جەخت بكەینەوە لە سەر شوێنی هاتن و دروستكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە، چونكە ئۆتۆمبێلەكانی (ژاپۆن) بۆ نموونە و بەپێی زانیاری، باشترین جۆرن لە رووی پاكڕاگرتنی ژینگە و پیس نەكردنی هەواوە، ئەوان غازەكانی ئەگزۆزیان بەردەوام كەمكردۆتەوەو، پلانیان بەرەو ئەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكانیان لە دواجاردا بە ئۆتۆمبێلی ژینگە ناو بنرێن. بۆیە لەم بوارەدا زۆر گرنگە كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە كاتی مۆركردنی گرێبەستەكانی هاوردەكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەدا، پێوەرە ژینگەییەكان لەبەرچاو بگرن، بەمەش زەمینەیەكی لەبار دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر یاساكانی پاراستنی ژینگە جێبەجێ بكرێن.
ماوەیەكە ژمارەی ئۆتۆمۆبێل لە هەرێمی كوردستاندا یەك ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئیدی جێگەی خۆیەتی هەڵوەستەیەكی ورد لە بارەی قەیرانی هاتوچۆوە بكرێت، كە ئەمڕۆ بۆتە یەكێك لە دیاردە نەخوازراوەكانی نێو كۆمەڵگە.
گواستنەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت، بە جۆرێك ساڵانە درێژیی رێگەوبانەكان زیاتر دەبن ء شەقامی نوێ دروست دەكرێتء، هۆكاری گواستنەوەی زیاتریش دروست دەكرێت، یان هاوردە دەكرێن. لە ئاستی جیهانیشدا لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو ژمارەی هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ دوو ئەوەندە زیادیان كردووەو، بە جۆرێك لە هەندێك وڵاتدا زیاتر لە نیوەی دانیشتووان هەریەكەو هۆكارێكی گواستنەوەی خۆیانیان هەیە. دیارە ئەمەش وەك كاریگەریی پۆزەتیفی هەیە بۆ گواستنەوەی خێراو كارئاسانی و بە یەك گەیاندنی خەڵك، بەڵام لە هەمانكاتیشدا دەبێتە هۆی بەكاربردنی بڕێكی زۆری دەرامەتە ژینگەییەكان، وەك بەكارهێنانی زەوی بۆ رێگەوبانء بەكاربردنی بڕێكی زۆری وزەی ئاو و هەواو بەنزین ء گاز بۆ ئەم مەبەستە، لە ئەنجامیشدا پیسبوونی هەوا بە گازەكانی ئۆكسیدی كاربۆن ء نایترۆجین ء هایدرۆكاربۆنەكانء، گەردی تۆز و خۆڵ ء، ژاوە ژاو.
جا بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكانء، راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ژینگەو پەرەپێداندا، پێویستە لیژنەكانی گواستنەوە و گەیاندن و پیشەسازیی پەرلەمان ئاگاداری بڕیارەكانی بواری گواستنەوە بن بە مەبەستی:
1- بایەخدانی زیاتر بە هۆكاری گواستنەوەی گشتی، لە رێگەی چاككردنی هێڵەكانء بەكارهێنانی هۆكاری گواستنەوەی تازە و قەبارە مامناوەندی ء هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی هۆكاری گواستنەوەی تایبەت.
2- هەوڵدان بۆ بایەخدان بە رێگەوبانەكانی ناوخۆی شارەكان ء دەرەوەو، چاككردنی رێگەوبانەكان بە جۆرێك كە جووڵەی هۆكارەكانی گواستنەوە ئاسانتر بكات و، رێگەوبانەكانیش لە قەرەباڵغی ء خنكانی هاتوچۆ رزگار بكات.
3- هاریكاریكردن لەگەڵ زانكۆكان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چاككردنی جۆرەكانی بەنزین ء گاز و، چاككردنی مەكینەكان بە جۆرێك كەمترین بڕی ماددەی زیانبەخش بخەنە دەرەوە، نزمترین ئاستی دەنگیش دەربكەن بە مەبەستی كەمكردنەوەی ژاوەژاو.
4- هەوڵدان بۆ كاركردن لەسەر بەرهەمهێنانی سووتەمەنی وەك ئیسانۆل، یان كاركردن بە كارەبا، یان غازی شل لە زۆر هۆكاری گواستنەوەدا كە زۆرێك لە وڵاتان ئێستا كاری پێدەكەن.
هەروەها پەرلەمانتاران لە لیژنە پەیوەندیدارەكان بە پرسی گواستنەوە، گرنگە ئاگاداری زانینی ئەو بارودۆخە بن كە یاساو رێنمایی تێدا لەدایك دەبێت، چونكە وەك بە ئەزموون دەركەوتووە: یاسایەك كە لە نێو بیركردنەوە لە گرفتێكدا دێتەئاراوە، جیایە لە یاسایەك كە لە كاتی بیركردنەوە لە چارەسەر لەدایك دەبێت
5- دوورخستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان لە فڕۆكەخانەكانء رەچاوكردنی كاریگەریی ئەم خاڵە لە ماستەرپلانی شارەكاندا و كاركردن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی بواری فڕۆكەوانی.
6- كاركردن لەسەر چەمكی گواستنەوەی بەردەوام و پارێزراو، چونكە سیستمی گواستنەوە كاریگەریی زۆری لەسەر ژینگە هەیە، بۆیە ئێمە پێویستیمان بە تێگەیشتن هەیە لە چەمكی گواستنەوەی بەردەوام، یان پارێزراو.
مەبەست لە چەمكی گواستنەوەی بەردەوام، یان پارێزراو، وەك بەشێك لە گەشەپێدانی بەردەوام، بەپێی ئەنجومەنی وەزیرانی یەكێتی ئەوروپا بۆ گواستنەوە پێویستە ئەم سیفەتانە لە خۆ بگرێت:
یەكەم: ئاسانكاری بۆ گەیاندنێكی ئارام و سەلامەت بكات و، لەگەڵ تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە تەبا بێت.
دووەم: بە نرخێكی گونجاو بێت و، بە توانایەكی باش كار بكات و، پابەند بێت بە كاتەكانی هاتن و چوونەوە.
سێیەم: زیاتر لە جۆرێكی هۆكاری گواستنەوە دابین بكات.
چوارەم: گازە زیانبەخشەكان و ژاوەژاوی كەم بێت، تا بكرێت كارەبایی و وزەی نوێبووەوە و پاك بەكار بێنێت.

Top