ستراتیژیەتی ترەمپ بۆ ئاسایشی نیشتمانیی تازەی ئەمریكا:

ستراتیژیەتی ترەمپ بۆ ئاسایشی نیشتمانیی تازەی ئەمریكا:
دژایەتی یان هاوكاریكردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.. ئایا هیچ پێگەیەكی بۆ دۆزی كوردی و هەرێمی كوردستانی عێراق تێدایە؟


ئەم ستراتیژیەتە، ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لەپێش هەموو شتێكەوە دادەنێت

د. شێرزاد نەجاڕ

(1)
پێشەكی
گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی شتێكی ئاسایی نەبوو لەلای زۆربەی ئەوانەی كە ئاگایان لە وردەكاریی دۆخی ئەمریكا هەبوو، هەروەها شتێكی ئاساییش نەبوو تایبەت بەو گۆڕانكارییانەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هاتبوونەدی، لەوانەش ئەو گۆڕانكارییانەی لە هاوسەنگیی هێزەكان روویاندابوو، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو قەیرانەی لەم دواییەدا لە دارایی جیهان سەریهەڵداوە، هاوكات سەركەوتنی هێزی تازە لە جیهاندا، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی تیرۆرو ئەتۆمی، دوای 11 مانگ لە سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكاو چوونی بۆ كۆشكی سپی، ترەمپ لە 18/12/2017 دا ستراتیژیەتی ئیدارەكەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی راگەیاند، كە هەر خۆی بە شێوازێكی مشتومڕئامێز خستیەڕوو، ئەو ستراتیژیەتەی كە بەدەر نەبوو لە جەختكردنەوە لەو پێشبینییانەی كە لەپشت وتارەكانی پێشوویدا هەبوون، تایبەت بە هەندێ كێشەی گەورەی ئابووری و ئەمنی و جیۆستراتیژی. لەو وتارەیدا كە هەموو كێشەكانی لەخۆ گرتبوو، ترەمپ گوتی: ستراتیژیەتی ئەمنی بۆ یەكەم جارە باس لە ئاسایشی ئابووری دەكات، هەروەها بنیادنانەوەی ژێرخانی ئەمریكاش بە تەواوی دەگرێتەوە. ترەمپ وتارێكی خوێندەوە تێیدا جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوون بە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن، كە ئەمریكا سەرلەنوێ مەزن ببێتەوە، واتا ئەمریكا پێش هەموو شتێك بێت، هەروەها گوتی: ئەركی یەكەمی حكومەتەكەمان بەرامبەر گەل و هاووڵاتیان بریتییە لە (دابینكردنی پێداویستییەكانیان و سەلامەتی و پارێزگاریكردن لە مافەكانیان و پاراستنی بەهاكانیان). هەروەها گوتی: دوای كەمتر لە ساڵێكی سەرۆكایەتیم ستراتیژیەتێكی تازەی نیشتمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی رادەگەیەنم كە ئاراستەی ستراتیژیەتێكی ئەرێنیی ویلایەتە یەكگرتووەكان دیاردەكات و دەتوانێت سیماكانی ئەمریكا لە جیهان بەدەست بێنێتەوەو لەسەر خاڵەكانی هێزی وڵاتە مەزنەكەمان بنیاد بنێت.
راپۆرتی ستراتیژیەتی تازەی نیشتمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی (كە لە بنەڕەتدا لەلایەن نادیە چادلۆ Nadia Schadlow توێژەر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكاو لە 68 لاپەڕەدا نووسراوە)، جەخت لەسەر چوار پرسی سەرەكیی دەكاتەوە: پاراستنی دەوڵەت و شێوازی ژیان، بەتینكردنی بووژاندنەوەی ئەمریكا، ئاشتی لە رێی دەسەڵاتەوە، بەتینكردنی ئەمریكا لەنێو جیهانێكی هەمیشە ركابەر.
بەپێی ئاژانسی ئاسیۆشێتدپرێس، راپۆرتەكە لە گرنگیی ئەو رێككەوتنە هەمەلایەنانە كەم دەكاتەوە كە تەوەری سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێكدەهێنێت، لەوەتەی كۆتایی جەنگی سارد لەنێوان هەردوو بلۆكی رۆژهەڵات بە سەرۆكایەتیی یەكێتیی سۆڤیەت و رۆژئاوا بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەروەها ترەمپ هەموو ئەو ئاگادارییانەی سەردەمی ئۆباما تایبەت بە گۆڕانگاریی كەشوهەوا هەڵدەوەشێنێتەوە.
كۆشكی سپی لە ماڵپەڕی ئەلكترۆنیی خۆیدا دەقی تەواوی ستراتیژیەتی تازەی نیشتمانی ئەمریكای بۆ ئاسایشی نیشتمانی بڵاوكردەوە كە سێ هەڕەشەی سەرەكیی بۆ ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی تێدا دەستنیشان كردبوو، كە بریتین لە: ئامانجەكانی رووسیا و چین، دوو دەوڵەتی لادەر كە ئێران و كۆریای باكوورن، گرووپە تیرۆریستە نێودەوڵەتییەكان كە ئامانجیان چالاكییە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكان.
ئێران و كۆریای باكوور تەنانەت گرووپە تیرۆریستییەكانیش لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریكادا شتێكی سەرسوڕهێنەر نەبوون، بە حوكمی ململانێی كۆن و تازەی ئەمریكاو ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتیش دوای پاشەكشەی هەژموونی ئەمریكا و بە حوكمی ئەزموونە مووشەكییەكانی ئەم دواییەی كۆریای باكوور و بە حوكمی بوونی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەو ئامانجانەی لەسەر خاكی ئەودا بوونیان هەیە، كە لەلایەن رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە لەسەرووی لیستی بەئامانجگیراوانن.
مایەی سەرنجە لەو ستراتیژیەتەدا كە رووسیاو چین بە دوو ركابەری سەرەكیی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وەسف دەكات، بەهۆی گەشەكردنی كاریگەریی جیۆستراتیژیی هەردووكیان، كە رووسیا و چین تەحەددای هێزو بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكەن، هەردووكیانی تۆمەتباركرد كە هەوڵدەدەن زیان بە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ئەمریكا بگەیەنن و بارودۆخەكەی ئێستا بگۆڕن، هەروەها رووسیا شێوەكانی تێكدان لەپێناو لاوازكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەمبەر ئەمریكا پیادەدەكات و یەكێتییەكە لە رێگەی ئەتڵەسییەوە لەناودەبات و حكومەت و دامەزراوە ئەمریكییەكان لاوازدەكات، هاوكات تۆمەتباریكرد بەوەی كە دەستتێوەردان دەكات لە جۆرجیاو ئۆكرانیا و تۆقاندنی دەوڵەتانی دراوسێ بە هەڕەشەلێكردنیان، لەوانەش نمایشكردنی توانا ئەتۆمییەكانی و بڵاوكردنەوەی هێزەكان، هەروەها رووسیا بە تێكدەری سەقامگیریی فەزای دیجیتاڵی لەقەڵەمدا.
Top