ئەو رۆژگارەی دەبوایە کورد وەک کیسەڵ بکەن
December 16, 2017
وتار و بیروڕا

سەرهەنگ نەیدەزانى ئەم جارەیان، لەگەڵ ئەم موراجیعەدا، وانەیەک لەبارەى نەتەوەى کوردەوە وەردەگرێت، وانەیەک هەمیشە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە و دەیڵێتەوە و دەیگێڕێتەوە، وانەیەک تێڕوانینى بۆ کورد دەگۆڕێـت، ئیتر بەلاى سەرهەنگەوە، لەو رۆژە بەدواوە، چیتر کورد تەنها نەتەوەیەکى ئاوارە و پەڕاگەندە و سەرلێشێواو نین، بەڵکو نەتەوەیەکن شتێک هەیە بۆى دەژین و لەپێناویدا دەمرن، دیارە بۆیە کورد هێشتا لەم جەنگەڵەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا ماونەتەوە و لەبەین نەچوون.
کاتێک سەرهەنگ سەرى بەرز کردەوە بینى موراجیعەکەى تاوێکە بەبێ دەنگى لەخوارەوەى ژوورەکەیدا وەستاوە (فاتمە خانم)ە. ئەم خانمە لەلاى سەرهەنگ ناسراوبوو، هەمیشە ئەو بۆ کاروبارى خانەوادەکەى دەهات، چونکە مێردەکەى (پێشمەرگە) بوو و کەمتر دەهاتەوە ناو ماڵ و منداڵەکەى، ئەو کاتانەشى لەواجب دەهاتەوە خەریکى کرێکارى بوو، تا کەمێک لەبارى گوزەرانى خانەوادەکەى باش بکات، چ جاى خەریکى ئیش و کارى بێکۆتایی دایرە و مایرەکانى پەناهەندەیی بێت. فاتمە خانم وەک هەمیشە ماندوو، دوو منداڵى سەروپێچکە ئەملاو ئەو لایان لێ گرتبوو، ساوایەکیش کە هێشتا ساڵە وەختى نەهاتبۆوە بەباوەشەوە.
سەرهەنگ ووتى: فەرموو فاتمە خانم.
فاتمە خانم تۆزێک خۆى جوڵاند، وەک ئەوەى دەقى بێدەنگى و وەستانەکەی بشکێنێت، بەبێزاریی و لەش گرانیەوە وەڵامى سەرهەنگى دایەوە:
- هاتووم ئەم منداڵە ساوایەتان لەلا تۆمار بکەم، چونکە تا ئێستا پێم نەکرابوو بێم تۆمارى بکەم.
ئەوە فەرمى بوو، دەبوایە هەموو پەناهندەیەک ناوى لەلاى فەرمانگەکەى سەرهەنگ تۆمار کرابایە، ئەمە بۆ منداڵانى تازە لەدایک بووش پێوویست بوو.
سەرهەنگ کە سەیرى کرد سەرى سوڕما، چونکە بینى وا سکى بەمنداڵێکى تریش هەیە و چەند مانگێکى تر دەیبێت، بۆیە لە فاتمە خانمى پرسى:
- خانم ئەوە چەندەمین منداڵتە دەتبێت.
فاتمە خان وەڵامى دایەوە:
- دەیەمین.
سەرهەنگ بەسەرسوڕمان و هێندێک توڕەییشەوە، وەک ئەوەى ماف بەخۆى بدات تەنانەت لەبڕیارە خێزانی و کەسیەکانى پەناهندەکانیش قسەبکات، ووتى:
- باشە خاتوون ئێوە ئاوارە و سەرگەردانن، هەژارن، ژیان بەو قورسیە، چیتانە هێشتا منداڵێکت ساڵە وەختى نەهاتۆتەوە کەچى منداڵێکى تر دروست دەکەن؟!! من سەرهەنگم، بارى گوزەرانم باشە، لەسەر ڕێ وجێى خۆمم، تەنها دوو منداڵم هەیە، نازانم چۆن بەخێویان بکەم و پەروەردەیان بکەم؟! کەچى ئێوە هیچ ترستان لە داهاتوو نیە، هەر رۆژە و منداڵێک دروست دەکەن.
سەرهەنگ دەڵێت وامزانى لەبەردەم مرۆڤێکى نەزان و بێ ئاگا و خەمساردى ژیان و داهاتووم.
ئەوە یەکێکە لەوێنە ئازار بەخشەکانى مرۆڤى ئاوارە، کاتێک بێ سەروبەرى ژیانى ئاوارەیى وێنەیەکى دزێوى لەچاوى ئەوانى تردا بۆ دروست دەکات، وێنەیەک لەمرڤبوونى کەم دەکاتەوە و هەمیشە دەیخاتە خانەى ئەوەى لەو ژیانەى کە تێیکەوتووە، تاوانێکى هەیە. وەک ئەوەى کاتێک تاوانبارى ڕاستەقینەى سەرگەردانبوون و ئاوارەبوونى خەڵکانێکمان لەبەر دەست نەبێت یان نەیانناسین، بەوە ئاسوودە دەبین کە ئۆباڵى ئەم وێنە نەخوازراوەى خۆیان بخەینە ئەستۆى خۆیان.
بەڵام فاتمە خانم لەبرى ئەوەى هەست بە شەرم بکات و قسەکەى سەرهەنگ، بەبێدەنگى و کزۆڵەییەوە بسەلمێنێت، زۆر تووند وەڵامى دایەوە، وەڵامێک ئیعتبار بۆ مرۆڤبوونى خۆى بگەڕێنێتەوە، وەڵامێک وەک سەرهەنگ دواتر دەیگێڕێتەوە دەڵێت تێڕوانینمى بۆ سەرجەم ژیان و ئاوارەکان و کوردیش، بۆ هەمیشە، گۆڕى. فاتمە خانم بەدەنگێکى توند و پڕ جەسارەت و ناڕازیبوون ووتى:
- جەنابى سەرهەنگ من جیاوازم لەتۆ، ڕاستە تۆ تەنها دوو منداڵت بەسە، بەڵام من دەبێت ١٠ منداڵم ببێت، چونکە دووانیان عەرەب دەیانکوژێت، دووانیان تورک دەیانکوژێت، دووانیان فارس دەیانکوژێت، دووانیشیان دەرد و پەتا، ئەى نابێت دووانیش بمێننەوە بۆ ئەوەى نەسلمان نەبڕێتەوە. ئێمە دەبێت وەک کیسەڵى دەریا هێلکەى زۆر بکەین، چونکە کاتێک هێلکەکانمان دەتروکێن، تا بەچکە کیسەڵەکانمان دەگەنە دەریا، هەزار جڕوجانەوەر پڕیان دەداتێ و دەیانخوات، ئەوسا ئەگەر دوو کیسەڵمان بۆ بگاتە ناو دەریا و بۆمان پێڕابگەن.
سەرهەنگ دەڵێت: کاتێک ئەو جورئەت و تەفکیرە قوڵەم لەو ئافرەتە نەخوێندەوارە گوندیە ماندووە هەژارە بینى، بۆم دەرکەوت (کورد میللەتێکن زاتەن موتەفەکیرن).
ئەم چیرۆکە، بۆ من، پورێکى باوکمى بیرخستمەوە، ئەویش هەرناوى (فاتم) بوو، لە چوار کوڕ بەزحمەت فریا کەوت کوڕێکیان چەند منداڵێک بنێتەوە. هەر چوار کوڕەکەى لەژیانى خۆیدا شەهید بوون، یەکیان تفەنگى لەدەست دەرچوو و شەهیدبوو. یەکێکیان لە شۆرشى گەڵانى ئێران لەدژى ڕژێمى (شا) لەئاوارەیى، لەخۆپیشاندان لەدژى شاى ئێران لەتاران، فارس شەهیدیان کرد. یەکێکیان پێشمەرگە بوو و کەوتە کەمینى عەسکەرەوە و عەرەب شەهیدیان کرد، بەڵام ئەوەى چوارەم زۆر بەداخەوە لەشەڕى خۆکوژى کورددا، بەدەستى کورد خۆى و لەسەر کوردبوونى پاکى، شەهید کرا.
ئەوسا ستراتیژى مانەوەى نەسلى قەومیمان پور فاتمەکان دایانڕشت. وەک کیسەڵیان کرد، بۆیە بەرگەى پیلانە گڵاوەکانى گەورەترین سەنتەرە ستراتیژیەکانى دوژمنانى کوردمان گرت. بەڵێ ئێمە نەوەیەکین لەچوارچێوەى ستراتیژ و لەسەر ئازارى جەرگ سووتانى پور فاتمەکان پێڕاگەیشتین و گەورەبووین. پرسیار ئەوەیە:
بۆ ئەمڕۆمان، بۆ ئەوەى لەناو جانەوەرەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەم سەردەمە هەستیارەدا، لەم جومگەى گۆڕانکاریە مەزنەى ناوچەکەدا، مایەپووچ و بێ داهاتوو لێى دەرنەچین و ڕەنجى جەرگ سووتانى سەدان هەزار پورفاتم بەفیڕۆنەدەین، دەبێت وەک چى بکەین؟!
چۆن بیسەلمێنن کە هێشتا، سەرهەنگ ووتەنى (میللەتێکى زاتەن موتەفەکیرين)؟
*********************************
تێبینی:
-ئەم چیرۆکەم لە کاک شەوکەت سعید ، پێشمەرگەی دێرین و نوێنەری ئاوارەکان لە تاران، گوێ لێ بووە، کە بەرێزیشان لە خودی سەرھەنگ کەبیری گوێ لێ بووە و بۆی گێراوەتەوە
- ئەم بابەتە لەیادەوەرى فەیسبوکەوە بەدەسکارى و پێداچوونەوەوە، دابەزاندەوە.