چارەنووسى هاوپەیمانییەکان

چارەنووسى هاوپەیمانییەکان
لەسەروبەندى جەنگى جیهانى دووەمدا، لیبراڵەکان، شیوعیەکان، فاشى و نازیەکان ، سێ هێزى سەرەکى گۆڕەپانى سیاسى رۆژئاوابوون. هەرسێکیان لەیەکترى لەفێڵبوون، بەڵام بۆ مانەوەیان یان بۆ لەنێوبردنى یەکترى پێوویستیان بەیەکتریش بوو. بۆیە دوو دوو بەنهێنى پێک دەهاتن تا یەکترى بکەن بەگژی یەکتریدا و بۆخۆیان سەیر بکەن و پاشان ئەو لایەنە سەرکەوتووە شڕەى دەمێنێتەوە لە دوو لایەنى شەڕکەردا، بدەنە بەر هێز و گورزى خۆیان و تەواوى بکەن و خۆیان ببنە لایەنى براوە و سەرەکى و زاڵى رۆژئاوا. ئەوەبوو جەنگى جیهانى دووەم دروست بوو، هەرسێکیان نیەتى یەکتریان باش دەخوێندەوە و لەیەکترى دڵنیانەبوون، بۆیە بەیەکیانداداو کەسیان لەدەرەوەى شەڕەکەدا نەمایەوە. ووردە ووردە هاوپەمانیی نێوان لیبراڵەکان و کۆمۆنیستەکان لەبەرامبەر هاوپەمانى نازى و فاشیەکان جێگیربوو، و نەوەستان تا سەرکەوتن بەسەریاندا.
بەڵام هێشتا جەنگى دووەمى جیهانى بەکۆتا نەهاتبوو، کە لیبراڵەکان و کۆمۆنیستەکان سەنگەری شەڕى ساردیان لەیەکترى گرت، هەریەکیان دەیەویست جێ پێى خۆى لەو خاک و ووڵاتانە جێگیربکات کە لەدەستى نازیەکان و فاشیەکانى دەردەهێنا، تا گەیشتنە بەرلین و کردیان بەدووکەرتەوە (بگرە چوار کەرتیش)، ئیتر لەورۆژەوە شەڕى سارد لەنێوان کۆمۆنیست و لیبراڵەکاندا دەستى پێکرد، هەربەناو سارد بوو ئەگەر نا شەڕێکى گەرموگوڕبوو، دونیایەک خەڵکى لەسەرتاسەرى جیهاندا تێدا بووە قوربانى. ئەو شەڕەش نەوەستا تا بلۆکى کۆمۆنیستەکان تێکشکان و لەبەریەکهەڵوەشان، لیبرالەکانیش بوونە براوەى کۆتایی.
ئەوە خەسڵەتى شەڕە ئایدیۆلۆژیەکانە، هاوپەیمانى تا سەرى تێدا نیە، بەڵکو شەڕى تا سەرە. هەر کاتێک دووانیان لەسێیەم دەبەنەوە، بگرە هێشتا سێیەم لە گیانەڵاشدایە، دەکەونە وێزەى یەکترى و شەڕى یەکترى دەکەن.
لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا، لە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، شەڕى نێوان سێ هێزى سەرەکى لە گۆڕدایە، ئەوانیش سوننەى توندڕەو و سوننەى میانڕەو و شیعەى توندڕەوە. هەرچەندە هەرسێکیان لەگەڵ یەکتریدا لەڕووى ئایدیۆلۆژیەوە ناتەبان و بەخوێنى سەرى یەکترى تینوون، بەڵام هەریەکیان بەهیواى سەرکەوتنى خۆى، وویستوویەتى و هەوڵى داوە دوانەکەى تر بەگژیەکدا بکات و خۆشى داناوە بۆ لایەنى سەرکەوتووى شەڕى نێوانیان تا کۆتایی پێ بێنێت و خۆى ببێتە سەرکەوتووى کۆتایی.
هەرسێکیان بەئاشکرا و بەنهێنى، بەفەرمى و بەواقیعی، پەیوەندى و ڕێکەوتنیان لەنێواندا بوو، تا ئەوەى هەرسێکیان کەوتنە شەڕى یەکترى و دووانیان (شیعەى توندڕە و سوننەى میانڕەو) ساغ بوونەوە لەسەر پێوویستى لەنێوبردنى سوننەى توندڕەو (داعش و قاعیدە و هاوشێوەکانیان)، ئەوەى دەیبینین هێشتا سوننەى توندڕە و لەگیانەڵادایە، کە شیعەى توندڕە و سوننەى میانڕەو کەوتونەتە بەرامبەرى یەکترى و دان لەیەکترى گڕدەکەنەوە. ئەمەش بەداخەوە هەواڵى شەڕێکى دیکەى ئایدیۆلۆژى، لەداهاتوویەکى نزیکدا، دەگەیەنێت.
بەنەمانى داعش، سەنگەر بەندیەکانى شەڕە ئایدیۆلۆژیەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ڕوونتر دەبنەوە، کە بەشەڕى سوننەو شیعە دەناسرێت. هەرچەندە لەوانەیە زۆربەمان پێشبینى شەڕێکى گەرمى نێوان ئەمریکا و ئێران، یان سعودیە و ئێران بکەین، بەڵام بەڕاى من پتر جەنگێکى بەناو ساردى بەناوەرۆک گەرم دەبێت.
لەم چەند رۆژەى رابردووشدا، دەستێوەردانى ئێران بە موبارەکەى تورکیا لەهەرێمى کوردستان و کۆنترۆڵکردنى کەرکوک بەناوى لەباربردنى دامەزرانى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستانى باشوور، پاشان تا ڕاددەیەک پەشیمان بوونەوەى تورکیا لەو هەڵوێستەیە، هەروەها توندکردنى ناوەندە فەرمى ونافەرمیەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران و حزب الله ى لوبنانى و حەشدى شەعبى لەعێراق، بارودۆخى گرژى نێوان سعودیە و حوسیەکانى یەمەن، حزبوڵڵاو و سوننەى لوبنان و ئیسرائل تا راددەى دەست لەکارکێشانەوەى سعد حەریرى لە دەسەڵات بەناوى ناڕەزایەتى لەبەرامبەر هەژموونى ئێران لە لوبنان، پێمان دەڵێن هاوپەیماننیەکى نوێى ڕوون و ئاشکرا لەناوچەکەدا دێتە ئاراوە، و پێشبینى پێکدادانى توندیشیان لەنێواندا دەکرێت، ناتانیاهۆش لەم چەند رۆژەدا ئاماژەیەکى لەوشێوەى دا، ئەو هاوپەیمانییەش بریتین لە:
ئەمریکا- ئیسرائیل- سعودیە - سوننەى لوبنان و عێراق (ئەگەر هێزیان لەبەربێت) و یەمەن
ئێران - بەشار اسد - حزب الله لوبنانى - حوسیەکانى یەمەن - حشدى شەعبى عێراقى
کوردیش لەم نێوەدا لەبەرى رۆژئاوا و بەشێکى باشوریش (پارتى و یەکگرتوو و لەوانەیە بەشێکى یەکێتى) لەبەرەى سوننەدا دەبن. بەشەکەى ترى یەکێتیش لەبەرەى ئێراندا دەبن.
هەرچەندە ووڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و سعودیە بەهیوان کە بەشێک لەشیعەى میانڕەوى عێراق لەبەرەى ئێراندا نەبن، بەڵام ئایا دەتوانن ئەوە بکەن یان تازە هەژموونى ئێران بەسەر عێراقدا تەواو بووە، بەتایبەتى لەبەشە شیعیەکەیدا، و ماوە نەماوە کە عەبادى و هاوشێوەکانیان بتوانن خۆیان لەدەست ئێران رابپسکێون؟
لێرەدا پێموایە پتر شەڕکە بەم شێوەیە بێت:
ئەمریکا - ئیحتواى ئێران بکات و فشارى بخاتە سەر لەڕووى ئابوورى و سیاسى و سەربازیەوە.
ئیسرائیل - ئیحتوا، بگرە لە حزب الله ى لوبنانى بدات.
سعودیە- حوسیەکانى یەمەن کۆنترۆڵ بکات.
پارتى و عەبادى یان پارتى بەتەنیا ئەگەر عەبادى نەتوانێت رۆڵ بگێڕێت - شەڕى حەشدى شەعبى عێراقى بکەن، ئەگەر حەشد خۆى هەڵنەوەشێنێتەوە.
دەست لەکارکێشانەوەى سعد حەریریش تەنها بۆ ئەوەیە کە دەرگاى هێرش و فشارى ئیسرائیل لەسەر حزب الله کراوەبێت، بەتایبەتى کە لەووتارى دەست لەکارکێشانەوەکەیدا پتر جەختى لەسەر ئەوە کردوە کە ئێمە لەرۆژگارەکانى پێش شەهید کردنى حەرەیرى باوکدا دەژین، ئاشکراشە بەنەمانى حەریرى باوک، ئیتر ئیسرائل هێرشى کردە سەر لوبنان.
هیوادارم هیچ لەمانە نەیەنەدى و ئەم بابەتە تەنها شیکارێکى خراپم بن بۆ دۆخەکە، چونکە ئێمە باسى جەنگ دەکەین، ئەوەى کە تەنها ماڵوێرانیە.
Top