تا تەقە نەکەیت کەس گوێى لێت نیە!!!

تا تەقە نەکەیت کەس گوێى لێت نیە!!!
دواى ئەوەى ئەمشەو وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بەیاننامەیەکى لەسەر رەوشى دەوروبەرى کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان دەرکرد، وا لەخوارەوە بەخێرایی چەند سەرنج و شیکاری و دەلالەتێک لەبارەى ناوەرۆکەکەیەوە دەخەمەڕوو:
- لەلایەک بەیاننامەکە دواى بەرگرى ئازایانەى پێشمەرگە لەشەڕى پردێ و بەرخۆدانى ئەم چەند رۆژەى خەڵکى کەرکوک و خانقین دێت.
- لەلایەکى تر بەتەواوى و بەووردى حکومەتى بەغدا و حکومەتى هەرێم وەک یەک و بەیەکسانى و وەک یەک ئاست دەدوێنێت، واتا هەرێم بەبچوکتر دانانێت.
- باس لە هەڵوەشاندنەوەى ڕیفراندۆم ناکات ، واتا ڕیفراندۆم سەرکەوتنى بەدەستهێناوە، ئیتر دەمێنێتەوە سەر کورد خۆى کەى و چۆن دەتوانێت بەکارى دەهێنێت؟
سەرنجى تر لەناو کەوانە لەسەر هەر بەشێکى گرنگى ناوەرۆکى بەیاننامەکە لەم دێڕانەى خوارەوەدا دەنووسم:
١) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە سەبارەت بەو راپۆرتانەی باسی پێکدادان لە دەروبەری شاری ئاڵتوون کۆپری لە باکووری عێراق دەکەن. (واتا هەڵوێستى ئەمریکا وەک بەرەنجامى راستەوخۆى تواناى بەرگرى پێشمەرگە لەشەڕى پردێ هاتووە، بەتایبەتى کە بەچەکى ئەڵمانى چەکى ئەمریکى تێک دەشکا، ئەوەش ئابڕووبەرانەیە بۆ شکۆى سەربازیى ئەمریکا)
٢) داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە هەموو تووندوتیژییەک و جووڵەی ئیستیفزازی رابگرن. (هەردووک عێراق و هەرێم بەیەکچاو و وەک دوو لایەنى هاوسەنگ سەیرکراون، ئەمەش ئەو پێگەیەى عێراق دەسڕێتەوە کە دەیگوت شەڕى چەسپاندنى دەستور و شەرعیەت دەکەین)
٣) داواش دەکەین هەماهەنگی بکەن لە جووڵانەوەکانیاندا بۆئەوەی هێمنی بگەڕێننەوە. (هێشتا ئەمریکا ترسى لە شەڕ و بەرگرى پێشمەرگە هەیە و دەلالەتە لەسەر ئەوەى کە هەرێم لەپێگەى هێزەوە دەچێتە ناو دانووستانەوە)
٤) بۆئەوەی خۆ لابدرێت لە هەر لێکتێنەگەیشتنێک یان پێکدادانی زۆرتر، هانی حکومەتی ناوەندی دەدەین کە رەوشەکە هێور بکاتەوە، (واتا حکومەتى عێراقى خەتابارە و دەبێت ئەو ئەرکى هێمنى پارێزى بگرێتە ئەستۆ بە دەرکردنى حەشد و پاسداریشەوە)
٥) سنووردارکردنی جووڵەی هێزە فیدراڵییەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بۆ تەنیا ئەو جووڵانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهاویشترێن. (واتا تەنهاو تەنها هێزە فیدراڵیەکان دەبێت لەناوچەکان بمێننەوە و ئەوانیش ناتوانن بەبێ هەماهەنگى لەگەڵ هەرێم لە ناوچە ناکۆکى لەسەرەکان بجوڵێن)
٦) سەپاندنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی گۆڕینی ناسنامەی ئەو ناوچانە. واتە ئەو ناوچانە هەر ناوچەی ناکۆکی لەسەر دەمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی چارەنووسیان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق یەکلایی دەبنەوە. (دەبێت عێراق ماددەى ١٤٠ جێبەجێ بکات)
٧) تاوەکو ئەوکاتەی لایەنەکان لەسەر ئەوە دەگەنە چارەسەر، هانی تەواوەتیان دەدەین کە لە بواری ئاسایش و بەڕێوەبردندا پێکەوە هەماهەنگی بکەن لەو ناوچانەدا. (لەماوەى دانووستانیشدا و تا جێبەجێ کردنى ماددەى ١٤٠ دەبێت بە هەماهەنگى ئاسایش و ئیدارەى ئەو ناوچانە بکرێن)
٨) ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەمێنێتەوە بە عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر و دیموکراسی و فیدراڵی. پابەندیش دەمێنێتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی عێراق. (ئەمریکا هێشتا بڕواى بەعێراقى یەکگرتوو هەیە، بەڵام گەرەنتى پاراستنى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى سیاسى دەکات لەهەر دەست درێژیەک).
*********
تێبینى : دەقى ناوەرۆکى بەیاننامەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، لە وەرگێڕانى سایتى تۆرى میدیایی ڕووداو وەرگیراوە.
Top