یاسای عەشیرەتەكانی عێراق لە ئایدیۆلیژیخوازییەوە بۆ عەشیرەتخوازیی دەوڵەت

یاسای عەشیرەتەكانی عێراق لە ئایدیۆلیژیخوازییەوە بۆ عەشیرەتخوازیی دەوڵەت
ناوبەناو هەندێ یاسای نامۆ و مقۆمقۆدار دێنە نێو پەرلەمانی عێراقەوە تا خوێندنەوەیان بۆ بكرێت و گفتوگۆیان لەسەربكرێت و دەنگیان بۆ بدرێت، هەندێكیان یاساگەلی ئایدیۆلۆژین و مەبەستیان چەسپاندنی دەوڵەتی ئاینییە، وەك یاسای قەدەغەكردن و فرۆشتن و بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی مەی، یاساگەلی دیكەش چەسپاندنی میلیشیای ئایدیۆلۆژیی چەكدارییان مەبەستەو دەوڵەتی مەدەنی تێكدەدەن وەك یاسای حەشدی شەعبی، لە 1-12-2016 خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای ئەنجومەنی عەشیرەت و هۆزەكانی عێراق كرا، ئەو یاسایەی كە كار بۆ عەشیرەتخوازیی دەوڵەت دەكات، بێگومان بە سروشتە كۆمەڵایەتییەكەی پێكهاتەكەی عەشایرییە، كەس ناتوانێ چەمكی عەشیرەت و هۆز لە عێراق لابەرێت، تەنانەت قورئانی پیرۆزیش جەخت لەسەر گرنگیی ئەو جۆرە فرەییە لە كۆمەڵگە دەكاتەوە تاكو فەلسەفەی یەكترناسین بۆ بەدیهێنانی هاوكاری و یەكدی تەواوكردن و كاری هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی كۆمەڵگەو مرۆڤایەتیدا بێت، كە تێیدا هاتووە: [يا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا]. بوونی گەل و هۆزو عەشیرەت و نەتەوە شتێكی سروشتییە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە ئەمە بە یاسا دەكرێت بۆ بەدیهێنانی مەبەست و مەرامی سیاسی و حزبی، ناكرێ ئەو چەمكە كۆمەڵگەییە تێكەڵ بە بنەماكانی دەوڵەت بكرێت، چونكە ئەگەر مەبەستمان دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراسی بێت، ئەوا پێویستە ئەو چوارچێوە كۆمەڵگەیی و ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و ئاینییە لە پرەنسیپەكانی دەوڵەتی مەدەنی دووربخەینەوە، تا بتوانین بچینە قۆناخێكی تازەوە كە بنیادنانی دەوڵەتە لەسەر بنەماگەلێكی دروست.
دیارە هەندێ یاسا تەنیا بۆ خۆیان دەرناچن، بەڵكو بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلی دیكەیە، یاسای نەهێشتنی فرۆشتنی مەی مەبەست لێی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر و قۆرخكردنی فرۆشتن و درووستكردن و هەناردەكردنییەتی لەلایەن گروپێكی دیاریكراو كە خاوەن دەسەڵاتە، هەروەها یاسای حەشدی شەعبی كە مەبەست لێی لاوازكردنی رۆڵی دامەزراوەی سەربازیی نیشتمانییە، یاسای عەشیرەتەكانیش پەردەپۆشكردنی شكستی دەوڵەتە، چونكە زۆربەی كێشەكانی كۆمەڵگە لە رێگای دادگاكانی عەشایرییەوە چارەسەركراون نەك لە رێگای دادگا فەرمییەكانی دەوڵەت، بۆیە تیۆری ئیبن خەلدونی ئەندەلووسی بۆ دۆخی ئێستای عێراق گونجاوە، كاتێ گوتی: ئەگەر دەوڵەت سەقامگیر بوو واز لە دەمارگیری دەهێنێت، مەبەستیش عەشیرەت و هۆزەكانە، دەوڵەتی عێراق سەقامگیر نییە بەڵكو لاوازە، هەر بۆیە دەسەڵانی عەشیرەت و هۆزكان بەهێزبووە، لە تەنیا مانگێكدا 800 دانیشتنی حوكمی عەشایری لە بەغدا ئەنجامدراون، لە نەجەف 1200 و لە بەسرە 2400، هەموو ئەو دانیشتنە عەشایرییانە كۆتاییان بە كێشەكان هێناوە، بەڵام دادگا فەرمییەكانی دەوڵەت هیچ بەهایەكیان نییە، بۆیە دەبینین هاووڵاتی عێراقی متمانەی بە دەوڵەت نییە، بەڵكو پەنا بۆ دادگای عەشایریی دەبات، ئەو دادگا عەشایرییانەش بۆ هەموو خەڵكەكە نین بە تەنیا، تەنانەت سیاسەتوان و پەرلەمانتارو گەورە بەرپرسانیش پەنای بۆ دەبەن، كاتێ بەلیغ ئەبو كەلەل لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی وەسفی پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی كرد بە بەدڕەوشت، ئەوە بوو فەتلاوی داوای لەسەر تۆماركرد، بەڵام دادگا دۆسێیەكەی یەكلایی نەكردەوە، كێشەكە بوو بە كێشەی نێوان دوو عەشیرەت و بە دانیشتنی عەشایریی چارەسەركرا، ئەوە بوو عەشیرەتی ئەبوكەلەل سواس پێدانی 100 ملیۆن دیناری كەوتەسەر لەگەڵ دوای لێبووردن، بە هەمان شێوە كێشەی نێوان پەرلەمانتار عەواتف نیعمە و محەمەد ئیقبالی وەزیری پەروەردە، كێشەكە لەوەدایە تەنانەت دادوەرە بێ دەسەڵاتەكانیش پەنا بۆ دادگای عەشایریی دەبەن. كاتێ بەریتانییەكان هاتنە عێراق بینیان كە سروشتی كۆمەڵگەی عێراق عەشایرییە، بۆیە لەپێناو سەقامگیریدا دەسەڵاتی فراوانیان دایە سەرۆك عەشیرەتەكان، بۆیە سیستەمی داوای مەدەنی و سزایان لە ساڵی 1916 دەركرد، یەكەم بە زمانی ئینگلیزی The Tribal Criminal and Civil Disputes Regulation، ئەم ئەزموونەشیان لە هیندستان جێبەجێ كردبوو، دواتر گواستیانەوە بۆ عێراق، چونكە لە رووی كۆمەڵایەتییەوە هەردوو كۆمەڵگەكە هاوشێوەن، تارق حەرب كە شارەزایەكی یاسایە پێیوایە كە جەنەرال فاشۆ هەڵسوڕێنەری كاروباری هەڵمەتی سەربازی لە 27ی تەمموزی 1918 ئەم سیستەمەی دەركردووە، لە راستیدا سەرچاوەكانی ئینگلیز ئەمە رەتدەكەنەوە، ئەم یاسایە لە سەردەمی پاشایەتیش هەر پیادەدەكرا، لە ماددەی 114ی دەستووری پاشایەتی كە بە یاسای بنەڕەتی ناسراوە، دەڵێت: هەموو زانیاری و یاساكان كە فەرماندەی گشتیی هێزەكانی بەریتانیا لە عێراق و حاكمی گشتیی پاشایەتی و مەندوبی سامی دەریكردوون، كە لەلایەن حكومەتی خاوەن شكۆ شا فەیسەڵ لە ماوەی نێوان پێنجی تشرینی دووەمی 1914 و بەرواری جێبەجێكردنی ئەم یاسا بنەڕەتییە دەریكردوون لە بەرواری جێبەجێكردنییەوە درووستن، ئەوانەی بۆ ئەو بەروارە لێی لانەبردوون، تا ئەو كاتەی دەسەڵاتی یاسادانان دەیگۆڕێت یان لای دەبات، كاتێ یەكەم حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەبدولرەحمان نەقیب لە ساڵی 1920 پێكهات چوار وەزیر بێ وەزراەت بوون لە سەرۆك عەشیرەتەكان لە كۆی 12 وەزیر، لە ساڵی 1922 كورسیی هەڵبژاردن درایە چەند سەرۆك عەشیرەتێك لە هەر پارێزگایەكدا، بەڵام بە یاسای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1924 هەڵوەشێنرایەوە، لە سەردەمی پاشایەتیدا نەریتێكی دەستووری هەبوو بە دامەزراندنی چەند سەرۆك عەشیرەتێك لە ئەنجومەنی پیاوماقوولان، بەڵام لە كودەتای كۆماریخوازەكان لە 1958 هەڵوەشێنرایەوە، هەروەها سیستەمی داوای مەدەنی و سزایی عەشیرەتەكانیش بە مەرسومی كۆماری (56)ی ساڵی 1958 هەڵوەشێنرایەوە، دواتر یاسای عێراقی ژمارە(34)ی ساڵی 1981 هات كە سزای كەمتر نەبێت لە بیست ساڵی بەندكردن دەركرد بۆ هەر یەكێك كە لە دەرەوەی دامەزراوەیی فەرمیی دادگای وڵات دادگایی كردبێت، لە بڕیاری ژمارە(24) لە 24-3-1997ی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەدا هاتووە كە سزای بەندكردن كەمتر نەبێت لە سێ ساڵ دیاریكراوە بۆ هەر كەسێك داواكاریی لە دانیشتنی عەشایریی بكات، هەرچەندە رژێمی پێشوو بە تەواوی لەژێر كاریگەریی عەشایریدا رزگاری نەبووبوو لە زۆر كایەكانی ژیاندا، بە تایبەتیش لە كێشەكانی بنەماڵەیی و موڵكایەتیدا.
دوابەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا چینی سیاسەتوانان لە عێراق پێیانوابوو كە پێویستە رۆڵی عەشیرەت لە عێراقدا زیندووبكەنەوە، بەتایبەتیش بەكارهێنانی سەرۆك عەشیرەتەكان وەك باشترین ئامراز لە هەڵبژاردنەكاندا، بۆیە ماددەیەكی دەستوورییان تایبەت بە عەشیرەتەكان زیادكرد، لە ماددەی (45)ی دەستووری عێراقدا، دووەمدا هاتووە: دەوڵەت بەتەنگ هاریكاریكردنی هۆزو عەشیرەتەكانی عێراقەوە دەبێت و گرنگیی بە كاروباریان دەدات كە لەگەڵ ئایین و یاسادا بگونجێت، هەروەها بەهای مرۆییان بەهێزبكات، ئەمەش هاوكاردەبێت بۆ پەرەپێدانی كۆمەڵگە و رێگەش لە نەریتەكانی عەشایریی دەگرێت كە ناكۆكن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ. بێ گومان ئەو ماددە دەستوورییە زیادەو پێویستە یەكسەر لاببرێت، ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتێكی دیموكراسی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بنیادبنێین، زۆربەی ئەو ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگا عەشایرییەكانەوە دەردەچن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ ناگونجێن، ئایا دەچێتە عەقڵەوە پەنجا كچ كە هەندێكیان ناكامن لەلایەن عەشیرەتی بكوژەوە بە دیاری بدرێتە عەشیرەتی كوژراوەكە بۆ ئەنجامدانی ئاشتبوونەوە هەروەك لە بەسرە روویدا! ئایا ئەمە دژی كەمترین پرەنسیپەكانی مرۆڤ و مافی مرۆڤ نییە؟ ئەم ماددەیە بە یاسای ئەنجومەنی عەشیرەتەكانی عێراق رێكخراوە، یاساكەش لە پازدە ماددە پێكهاتووە، كە ناكۆك و یەكدی نەگرە، زۆر ناكۆكن لەگەڵ ماددەكانی دەستووری عێراق و بنەماكانی دیموكراسی و مەدەنییەت، لەو ماددانە بۆ نموونە، ماددەی دوو، دووم: كە دەڵێت ئەنجومەنی هۆزو عەشیرەتەكانی عێراق سەر بە سەرۆك كۆمار دەبێت، ئەم ماددەیەش ناكۆكە لەگەڵ ماددەی(73)ی دەستووری عێراق كە (دە) دەسەڵاتی داوەتە سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی هۆزو عەشیرەتەكانی عێراق دەستەیەكی سەربەخۆیە هەروەك لە ماددەی سێیەمی یاساكەدا هاتووە، پێویست ناكات سەر بە سەرۆك كۆمار بێت، بەڵام وا دیارە هەمووی پەیوەستە بە رازیكردنی سەرۆك عەشیرەتەكان بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا سوودیان لێ وەربگرن و داوای یارمەتییان لێ بكەن بۆ سەقامگیریی ئاسایشی شكستخواردوو، بەتایبەتیش لە باشووری عێراق، چونكە زۆربەی كێشە عەشایرییەكانی عێراق لە باشوورن، جا لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە عێراق تەشریفاتی و رەمزییە، بۆیە دەسەڵاتێكی دیكەی رەمزییان بۆ زیادكردووە، واتا سەرپەرشتیكردنی كاروباری سەرۆك هۆزو عەشیرەتەكان لەگەڵ ئەوەی كە سەرپێچییە لە دەستووری عێراق، لە ماددەی سێزدەیەمیشدا هاتووە: هەرێم دەتوانێت ئەنجومەنێكی لاوەكی بۆ سەرۆك عەشیرەت و هۆزەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم پێكبهێنێت.
پێموایە كە كۆمەڵگەی كوردیش عەشایرییە، ناكرێ نكۆڵی لە رۆڵی كارای عەشیرەتەكان لە چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكان بكرێت، بەتایبەتیش كێشەكانی موڵكایەتی و خێزانی و كۆمەڵایەتی، بەڵام تا ئەو كاتەی دەگاتە قۆناخێك كە یاسای تایبەتی بۆ دەربكەین ئەوا بە تەواوی رەتیدەكەینەوە، چونكە هەرێمی كوردستان هەنگاودەنێت بەرەو دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و دەوڵەتێكی دیموكراسی و فرەیی راستەقینە و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، بۆیە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێت عەشیرەت دەستوەرداتە دامەزراوە ئیداری و سەربازی و یاساییەكانەوە، ئەگە ر نا پاشاگەردانی و بێ سەروبەریی وڵات دەگرێتەوە، هەروەك چۆن لەئێستادا عێراقی گرتۆتەوە، نكۆڵی ناكرێ كە هەندێ حاڵەتی زێدەڕۆیی لێرەو لەوێ روودەدەن، بەڵام ئەمانە دەگمەنن، پێویستە دادگا رۆڵی خۆی ببینێت، چونكە هەر بڕیارێكی عەشایری یاسایی نییە، بەڵكو هەندێ بڕیاریان هەیە ناكۆكن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ، تەنانەت دژی پرەنسیپەكانی ئیسلامیشن، هەروەها ناكۆكن لەگەڵ بنەماكانی دەوڵەتی مەدەنی و ئەلفوبێی دەوڵەتی دیموكراسی، زۆربەی ئافرەتان لەلایەن عەشیرەتەكانەوە بە ستەم و غەدر و لەبەر هۆی بێ ماناو سادە و بەناوی بەدنامووسی كوژراون، شتێك نییە لە كوشتنی ئافرەت بەدتر كە رەنگە بێتاوان بێت، بۆیە دەبێ دادگا رۆڵی خۆی ببینێت تاكو كۆمەڵگە لەبەریەك هەڵنەوەشێتەوە، تەنانەت شەریعەتی ئیسلامیش كوشتنی ئافرەتی قەدەغەكردووە هەتا ئەگەر لە زیناشەوە تێوەگلابێت، بەڵكو سزایەكی كەمتری بۆ داناوە، بۆیە هەرێمی كوردستان پێویستی بەم یاسایە نییە، ئێمە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی هەنگاودەنێین، ئەمەش مانای وا نییە كە عەشیرەت رەتدەكەینەوە، خوای گەورە خۆی ئەم پرەنسیپەی بڕیارداوە، بەڵام بڕیاری داوە بە یەكترناسین بۆ ئەوەی هاوكاریی و هاوشانی یەكدی بین لەپێناو بەرزكردنەوەی مرۆڤایەتی بۆ چاكترین قۆناخ.
بەم نزیكانە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی سەرۆك عەشیرەت و هۆزەكان دەنگ لەسەر ئەم یاسایە دەدات، چونكە هەڵبژاردنەكان نزیكبوونەتەوە، پەرلەمانتارانیش پێویستیان بە دەنگی سەرۆك عەشیرەت و هۆزەكان هەیە، بەتایبەتیش حزبی دەعوەو هاوپەیمانەكانی وەك حزبی ئیسلامیی سوننی، كە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شكستیان هێناو دەترسن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووشدا هەرەس بهێنن ئەگەر خۆیان بە سەرۆك عەشیرەتەكانەوە قایم نەكەن، بۆیە دەبینین حزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی لە هەمووان زیاتر گرنگیی بەم یاسایە دەدات و سووریشە لەسەر كۆبوونەوە لەگەڵیانداو داخوازییەكانیشیان جێبەجێ بكات، لە هەمان كاتدا سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- جێگری ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامی- لە هەمووان زیاتر سوورە لەسەر دەركردنی ئەم یاسایە بەر لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە 2018دا، بۆیە كۆنگرە عەشایرییەكان لە بەغداو باشوورو هەولێرو عەممان زۆربوونە، ئەو كۆنگرانە لەنێوان سوننەو شیعەدا دابەشبوونە، دەبینین كە عەشیرەتێكی گەورەی وەك جبوور بەسەر دوو تایفەدا دابەشبووە، رەهەندی ئایدیۆلۆژیی ئایینی تا ئێستا بەسەر رەهەندی عەشایرییدا زاڵە، بە هەمان شێوەش بۆ عەشیرەتی عوبەید، بۆیە هەر حزبەی هەوڵدەدات عەشیرەتێكی دیاریكراو لەسەر بنەمای مەزهەبی بۆ خۆی رابكێشێت، نەك لەسەر بنەمای سۆزی عەشایریی، ئیسلامییەكان چاك دەزانن كە عەشیرەت واز لە ئینتیمای مەزهەبی و تایفیی خۆی ناهێنێت، لە راستیدا ئەوەی كە تایفەگەریی لە مێشكی عەشیرەت و هۆزەكاندا چەقاندووە ئەو ئیسلامییانە بوون لە حزبی دەعوەی شیعەو حزبی ئیسلامیی سوننە دوای 2003، عەشیرەت و هۆزە عەرەبییەكانی عێراق پێش 2003 گرنگییان بە ئینتیمای مەزهەبی و تایفی نەدەدا، دەربارەی ئەم پرسە قسەم لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتێكی عوبێد كرد لە بەغدا، پێی گوتم: پێشتر ئێمەی رۆڵەكانی عەشیرەتی عوبێد لە سوننەو شیعە یەكگرتووبووین و پەیوەندیمان هەبوو، كەس لە ئینتیمای مەزهەبی نەدەپرسی، كاتێ رژێمی بەعس رووخاو ئەوانە هاتن عەشیرەتەكەمان پارچەپارچەو پەرت بوو لەنێوان سوننەو شیعەدا، بەڵام بەهۆی سیاسەتی ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای تایفەگەری دوای 2003 لەنێوان سوننەو شیعەدا دابەشبوو، بینیمان چی بەسەر هەردوو عەشیرەتی جبوور و شیعەدا هات، چۆن ئیسلامی سیاسی بە سوننەو شیعەوە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی لێكترازا، سوننەی جبوور دەنگ بە پاڵێوراوی شیعە نادات، شیعەی جبووریش دەنگ بە پاڵێوراوی سوننە نادات، كاتێكیش جەبهەی بەناو ئیسلاح لە پەرلەمانی عێراق هەوڵیدا جبووری لابەرێت، عەشیرەتەكەی لە سوننە لەگەڵیدا وەستان، كەچی شیعەی جبوور سووربوون لەسەر لادانی، بە هەمان شێوەیەش لە ململانێی نێوان پەرلەمانتار عالیە نسەیف و خالد عوبەیدی وەزیری بەرگری لە كاتی لێپرسینەوەدا، هەردووكیان لە یەك عەشیرەتن، كە عەشیرەتی عوبێدە، بەڵام یەكەمیان شیعەیەو دووەمیان سوننەیە، رەهەندی مەزهەبی و تایفەگەری بەسەر سۆزی عەشایرییدا زاڵە، هەر چەندە مەسەلەكە سیاسییەو پەیوەستە بە سەفقەی نهێنیی بازرگانی كە بەر لە پرۆسەی لێپرسینەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام كەس ناتوانێت نكۆڵی لە كاریگەری و رۆڵی رەهەندە ئایدیۆلۆژییەكەی ئێستا بكات.

Top