سیاسەتی پەروەردەیی بۆ پەروەردەی سیاسی پێكەوەژیانی سیاسی وەك نموونە

سیاسەتی پەروەردەیی  بۆ پەروەردەی سیاسی پێكەوەژیانی سیاسی وەك نموونە
پێكەوەژیان وەكو ستراتیژ (پرۆسە)یەكی درێژخایەنەو دەیان ساڵ كاركردنی بەردەوامی دەوێت لە چوارچێوەی (پڕۆژە)ی كرداریی تەمەن جیاجیادا و، پێویستیشە رۆژانە (پرۆڤە)ی جۆراوجۆری لەسەر بكەین بۆ ئەوەی باشتر و چاكتر بتوانین یەكتر قبووڵ بكەین بە جیاوازییەكانی نێوانیشمانەوە.
یەكێك لەو پرۆڤانەی كە پێویستە لە قۆناغی منداڵییەوە دەستی پێ بكەین، ئەوەیە كە منداڵانمان پەروەردە بكەین لەسەر داننان بە جیاوازبوونی بەرامبەرو دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانیش لەگەڵ بەرامبەری جیاوازدا، بەڵام ئەوەی لە تەمەنی منداڵیی خۆم بینیومەو ئێوەش بینیوتانە، ئەوەیە كە لە دوالاپەڕەكانی زۆربەی گۆڤارە پەروەردەییەكانی منداڵاندا دوو وێنەی لەیەكچوو دەخرێنە بەرچاوی منداڵان و، داوایان لێدەكرێت كە لە ماوەیەكی زۆر كورتی دیاریكراودا چەندین جیاوازی لەنێوان هەردوو وێنە لەیەكچووەكە بدۆزنەوە، بەم شێوەیەش كەلتووری دۆزینەوەو زەقكردنەوەی جیاوازییەكانی نێوان وێنە لەیەكچووەكان دێتەئاراوە كە دەیان ساڵە مرۆڤی لەسەر پەروەردە دەكرێت.
لام وایە ئەگەر مەبەست بەهێزكردنی وردبینی و دووربینیی منداڵان بێت لەم كارەدا، ئەوا دەكرێت هەمان ئامانج وەدەست بهێنین بە شێوازێكی تەواو پێچەوانە.
با بێین داوا لە منداڵان بكەین كە لە نێوان دوو وێنەی جیاوازدا چەندین خاڵی هاوبەش و لەیەكچوو بدۆزنەوە، بەم شێوەیەش كاركردنمان بە ئاراستەی پەروەردەكردنیان دەبێت لەسەر كەلتووری دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان جیاوازەكان و شتە لەیەكچووەكانی نێوان وێنە جیاوازەكان بە ئاراستەی بەهێزكردنی گیانی پێكەوەژیان، كە لە سەرەتادا پێویستی بە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دیمەنی لەیەكچوو هەیە.
جا بۆیە با لە سەرەتاوە منداڵانمان لەسەر ئەوە پەروەردە بكەین كە لە نێوان وێنە جیاوازەكاندا خاڵی هاوبەش و لەیەكچوو بدۆزنەوە، نەك لە نێوان وێنە لەیەكچووەكاندا خاڵی جیاواز و دژ بە یەكتر بدۆزنەوە.
ئەم پڕۆسە پەروەردەییە سوود بە بواری سیاسەت دەگەیەنێت لە داهاتوودا، چونكە سیاسەتی پەروەردەیی چاك پەروەردەی سیاسیی چاك بەرهەم دەهێنێت، پەروەردەیەك نەوەكان فێری ئەوە دەكات كە سیاسەت زانستەو بنەمای تایبەت بەخۆی هەیەو پێویستە فێری بین.
بۆ نموونە، یارییە وەرزشییەكان هەر جۆرێكیان تەماشا بكەیت، دەبینیت كۆمەڵێك رێسا و ژمارەیەك رێنمایی تێدایە كە لەسەر وەرزشوان پێویستە پێش دەستكردن بە یاری بیانزانێت.
یاری، یان گەمە، یان وازی بە شێوەزاری هەر ناوچەیەك، خۆشییەكەی لەوەدایە كە لەبەر رۆشنایی یاسا و رێساكانی تایبەت بە خۆی بەڕێوە بچێت، چونكە لەم حاڵەتەدا گشت یاریزانان دەزانن چ كارێك رێپێدراوە و چ كارێك قەدەغەیە، بەڵام دیاریشە لە حاڵەتی پەیڕەونەكردنی رێساكانی هەر یارییەكدا، هیچ مانایەك بۆ ئەو یارییە نامێنێت، چونكە لە نەبوونی یاسا و رێسای گەمەدا، هێزی بەرژەوەندیی و بەرژەوەندیی هێز بڕیار دەدات كامە راستە و كامەش فاوڵ. گەمەی سیاسیش بە هەمان شێوەیە، كاتێك مانای راستەقینەی خۆی دەبەخشێت كە لەبەر رۆشنایی یاسای حزبەكان و رێسای كار و یاسای هەڵبژاردن و ململانێیەكی ئاشتییانەدا بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ ئێمە لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستادا هەست بەوە دەكەین كە بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ئاشتییانەی ململانێكان، چەندە پێویستیمان بە سیاسەتی پەروەردەیی هەیە بۆ پەروەردەی سیاسیی لەپێناو سەرخستنی ریفراندۆم و بنیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.

Top