لێكترازانی حزبی دەعوە لەنێوان مالیكی و عەبادیدا
May 2, 2017
وتار و بیروڕا
لێرەوە ململانێی نێوان هەردوو نەیار لەنێو یەك ماڵدا دەستی پێكرد، مالیكی بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی عەبادی دەكات، چەندین تەحەددی هەبوون كە رووبەڕووی حكومەتەكەی عەبادی دەبوونەوە، لەوانە هاتنەناوەوەی داعش، مایەپووچیی گەنجینەی دەوڵەت، دابڕانی پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر، گرژیی نێوان شیعەو سوننە، شكستی دیبلۆماسییەتی عێراق كە پەیوەندیی نێوان عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و كەنداوی تێكدا، زوو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كە بواری بە ئێران دا دەست وەربداتە نێو عێراق، بەڵام عەبادی لە كاری خۆی هەر بەردەوام بوو تاكو حكومەتەكەی هەرەس نەهێنێت، بۆیە دەبینین دیالۆگی لەگەڵ سوننە دەست پێكرد، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، داوای پەیوەندیی باشی كرد لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتیش لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی كەنداو بەتایبەتیش سعودیە، ئەم هەڵوێستانە مالیكییان نیگەران كرد، ئەوەی زیاتر جەرگی داخ كرد پەیوەندیی بەهێزی نێوان بارزانی و عەبادی بوو، هاوكات هەماهەنگیی بەهێزی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق، دیارە پێشتر بۆ مێژوویەكی زۆر پێشمەرگە شەڕی سوپای عێراقی دەكرد، بەڵام بۆ یەكەم جارە پێشمەرگەو سوپای عێراق شان بە شانی یەكدی دژی دوژمنێكی هاوبەش، داعشی تیرۆریست شەڕدەكەن، هەر سەركەوتنێك لە موسڵ بێتە ئاراوە مالیكی زیاتر تووشی نائومێدی و شكست دەبێت لە هەمبەر ئاییندەی سیاسیی خۆی، چونكە هەر ئەو بوو كە موسڵی رادەستی داعش كرد، بۆیە هیوادەخوازێت كە هەڵبژاردن لە عێراق بكرێت و موسڵیش هەر لەژێر دەستی داعش بمێنێتەوە، تاكو راستییەكان ئاشكرا نەبن، ئەمە تۆمەت نییە بەڵكو راستییە كە حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق و سەركردەی كوتلەی ئەحراری سەدری رایگەیاندبوو سەبارەت بە هۆكاری كەوتنی موسڵ.
مالیكی لەو قەناعەتەدا بوو كە حكومەتەكەی عەبادی بەخێرایی هەرەس دەهێنێت، بە هۆی ئەو هەموو تەحەدییە سەربازی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییانەی كە رووبەڕوویان دەبووەوە، بەڵام هەر خۆڕاگر بوون بۆیە مالیكی پەنای بۆ پەرلەمان برد، لە پەرلەمانیش بەرەیەكی پێكهێنا و ناوی نا بەرەی چاكسازیی پەرلەمان كە زیاتر لە سەد پەرلەمانتاری تێدابوو، لەوانەش سوننەكانی مالیكی و دوو پەرلەمانتاری كوردیش كە یەكێكیان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەو دووەمیان لە فراكسیۆنی گۆڕانە، داوای گۆڕینی هەر سێ سەرۆكایەتیی دەكرد، بەڵام سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی مالیكی كرد و رێككەوتن لەسەر هەموو داواكارییەكانی بە مەرجێ لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، دواتر دەستكرا بە لێپرسینەوە لە وەزیرەكان بۆ هەرەس پێهێنانی حكومەتەكەی عەبادی، ئەوەبوو خالد عوبەیدی وەزیری بەرگری لە فراكسیۆنی موتەحیدون و هۆشیار زێباری وەزیری دارایی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتكران و دواتر لە كار لابران، ئەم لێپرسینەوانە سیاسی بوون، چونكە هەر دوو وەزیری لابراو سەر بە دوو فراكسیۆنی سەرەكیی بوون، كە بەردەوام ئاستەنگ بوون لەبەردەم پڕۆژە تایفەگەرییەكانی مالیكی، هەرچی فراكسیۆنی ئەحراری موقتەدا سەدرە ئەویش هەر لە دژی مەرامەكانی مالیكی دەوەستێتەوە، بەڵام پەنا دەباتە بەر توندوتیژی، لەبەر ئەوە نە مالیكی و نە بەرەی چاكسازی ناوێرن لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی سەدر بكەن.
جا بۆ ئەوەی مالیكی لە هەوڵە نەزۆكەكانی دژ بە عەبادی راوەستێت، ناوی عادل عەبدولمەهدی پێشنیاركرا تا شوێنی عەبادی بگرێتەوە، چونكە مانەوەی عەبادی لە كاتێكدا سەركەوتن دژی داعش بەدەست دەهێنێت هەڕەشە لە چارەنووسی سیاسیی مالیكی دەكات، لەسەر ئەمە رازی بوو، بەڵام ئەم بیرۆكەیە رەنگە سەرنەگرێت لەبەر چەند هۆیەك گرنگترینیان نزیكبوونەوەی كۆتایی كابینەكەی عەبادی، ئەم گۆڕانكارییەش لەم قۆناخە هەستیارەدا لەوانەیە زەحمەت بێت و كاتێكی زۆر بخایەنێت، بەتایبەتیش كە عێراق بە قەیرانگەلێكی سەختدا تێدەپەڕێت، لەوانە شەڕی داعش و قۆناخی دوای ئەو.
مالیكی جارێكی دیكە نەیتوانی حكومەتەكەی عەبادی بڕووخێنێت، هاوكات بەرەی ئیسلاحیش دوای لێكترازان ئەركەكەی لە بەئامانجكردنی سیاسی كۆتایی هات، چونكە ئەم بەرەیە بریتی بوو لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی سەر بەو بەرەیە راستییەكەیان بۆ روون بووەوە بە یەكجاری وازیان لێهێنا، بۆیە مالیكی ناتوانێت حكومەتەكەی عەبادی بڕووخێنێت، لەبەر ئەوە دەستی كرد بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی پێشوەختەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی بەخێرایی بگەڕێتەوە دەسەڵات، چاكیش دەزانێت كە نەهاوپەیمانیی نیشتمانی و نە حزبی دەعوە كە خۆی سەرۆكایەتیی دەكات جارێكی دیكە كاندیدی ناكەنەوە، بۆیە دەبینین بەدوای هاوپەیمانیی تازەدا دەگەڕێت، سەرەتا لە سوننەوە دەستی پێكرد، زانی كە بەرژەوەندیی ئەو لای حزبی ئیسلامی ئیخوان و گروپەكەی كەرابلە( حەل)ە كە بە سوننەی مالیكی ناسراون، دواتر كەناڵێكی پەیوەندیی تازەی لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كردەوە، هەروەها نابێ گەورەترین پاڵپشت بۆ هەڵسوكەوت و هاوپەیمانییەكانی لەبیربكەین ئەویش خامنەئی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییە لە ئێران، چونكە مالیكی لای خامنەئی باشترین سەرۆك وەزیرانە لە مێژووی عێراقدا، رەنگە عەبادی بەشێك نەبێت لەو هاوپەیمانییە، بەڵكو دژی دەوەستێتەوە، بەتایبەتیش كە لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆری بەدەست سیاسەتی دوژمنكارانەی مالیكییەوە چەشتووە، لەوانەیشە جیابوونەوەو لێكترازانێكی دیكە لە حزبی دەعوە رووبدات، یان یەكێك لەو دووانە لە بەرژەوەندیی ئەوی دیكە لە حزبەكە جیابێتەوە، هەروەك چۆن جەعفەری بۆ مالیكی لە حزبی دەعوە جیابۆوەو رەوتی چاكسازیی نیشتمانی دامەزراند، رەنگە عەبادیش حزبێك دامەزرێنێت ئەگەر مالیكی لە حزبەكە مایەوە.
سەردەمی حوكمڕانیی عەبادی پڕی بوو لە رووداوو و ململانێ و قەیران و تەحەددی، ساڵانی حوكمی ئەو زیاتر بۆ شەڕی داعش بوو، پێی وایە پێویستی بە كاتێكی زیاترە تا ئەوەی دەیەوێ بەدی بهێنێت، بۆیە هەوڵدەدات بۆ كابینەیەكی دیكە، دیارە مالیكیش هەرگیز رێگەی پێ نادات، بەڵكو تا پێی بكرێت ناهێڵێت، چونكە دوای ئەوەی نەیتوانی لەو كابینەیە شكستی پێ بهێنێت پەنای بردەبەر شێواندنی ناووناوبانگی عەبادی، عەبادیش لاوازەو ناتوانێت دەسەڵات بەسەر باشووری عێراق بە تایبەتیش بەسرەدا بسەپێنێت، ناشتوانێت هیچ هەڵوێستێكی بوێرانە بەرامبەر دەستتێوەردانی توركیا و دژی ئەوانەی دەیانەوێ عێراق دابەش بكەن یان خاوەن دەسەڵاتەكانی سوننە لە ئەنبار بگرێتەبەر، دیارە مالیكیش هۆكاری ئەو هەموو قەیرانەیە، چونكە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە گرنگەكاندا بە پێوانەی تایفەگەریی ئایینی رەفتاری دەكرد، ئەو دەوڵەتمەدار نەبوو، بەڵكو پیاوی مەزهەبی ئایینی بوو، لای ئەو خۆشگوزەرانیی خەڵك گرنگ نەبوو، بەڵكو خەمی ئەو تەینا گۆڕینی هزرو مەزهەب و بیروباوەڕی هاووڵاتی عێراقی بوو، هەر ئەمەش بوو كە پشتی عێراقی شكاندو ئاییندەی ئەو وڵاتەی بەم ئاستە گەیاند.
ئەوەی تایبەتە بە كورد ناكرێ هەر وەك تەماشاكەر لە گۆڕەپانی سیاسی بمێننەوە، بەڵكو پێویستە هەڵوێستیان لەهەمبەر ئەو هاوپەیمانییانە دیاری بكەن كە چارەنووسی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەست نیشان دەكەن، كورد رۆڵی گەورەو كاریگەرو یەكلاكەرەوەیان دەبێت لەم هاوپەیمانییانە، بە تایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەگەر پارتی نیازی وابێت بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات، دەبێ بێتە نێو ئەو هاوپەیمانییەی كە پشتیوانیی لە دەوڵەتی مەدەنی و بنەماكانی دیموكراسی دەكات، ئەمەش لەپێناو ئەوەی تا هاوپەیمانییەكەی مالیكی سەرنەكەوێت، چونكە مۆركی ئایینی هەیە، دیارە سەركردەكانی پارتیش بیرۆكەی بەشداری نەكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی 2018 خستبووەڕوو، چونكە ئەوەی پێشتر و بەر لە رووخانی رژێم لە 2003 لەسەری رێككەوتبوون هیچی لێ نەهاتە دی، تەنیا هەندێ شتی لاوەكی نەبێت، شەراكەتی نیشتمانی كۆتایی هاتووەو دەوڵەتی دیموكراسیش هەرەسی هێناوە، دامەزراوەكان و یاسا و دەستوور هەموویان پەكیان كەوتووە، تەنانەت پەرلەمانی عێراقیش رۆڵی چاودێریی راستەقینەی نییە، لێپرسینەوەكانیش بەسیاسی كراون، دوای ئەو هەموو ساڵانە ئینجا گەیشتینە قەناعەت كە حكومەتەكانی بەغدا دوای رووخانی رژێم لە نیازەكانیاندا راستگۆ نەبوون، حەزیشیان نەدەكرد كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر چارەسەر بكرێن، بۆیە دەڵێم كوردستان بە مانەوەی لەگەڵ بەغدا چ زیانێكی پێ گەیشتووە، ئەوانەیشی كە باس لە فیدراڵی دەكەن و كوردستانیش هەرێمێكی تایبەتە، پێیان دەڵێین كە ئەم سیستەمە شكستی هێنا، نەك لەبەر ئەوەی سیستەمەكە سەركەوتوو نییە، بەڵكو حوكمڕانانی عێراق بە تەواوی لە فەلسەفەی فیدڕاڵی نەگەیشتوون، بۆیە شتێكی لۆژیكە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم قۆناخەدا بە دوای ئەلتەرناتیڤێكی دیكەی واقیعیانەتردا بگەڕێت، باشترین ئەلتەرناتیڤیش سیستەمی كۆنفیدڕاڵییە، كە سیستەمێكی جیهانییە و لە زۆر وڵات لەكۆنەوەو لە ئێستاشدا پیادەكراوە، ئەم بیرۆكەیە بە راشكاوی لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەدا باسكراوە، بەتایبەتیش لەسەردانی شاندی ئەم دواییەی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ هەولێر، پێموایە ئەم سیستەمە واتا كۆنفیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی بەغدادایە زیاتر لە كوردستان، چونكە پەیوەندیی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوا و كەنداو و دەوروبەر باشترە لە پەیوەندیی بەغدا لە رووی ئابووری و دیبلۆماسیـیەوە، بەغدا لە رەوشێكی گۆشەگیریی نێودەوڵەتیدا دەژی بە هۆی سیاسەتی تەسك و دیبلۆماسییەتی تایفییەوە، لەوەش خراپتر دەستتێوەردانی هەندێ دەوڵەتی ئیقلیمی لە كاروباری ناوخۆی وڵات، سەرۆك بارزانیش چەندین جار ئەمەی بۆ حوكمڕانانی بەغدا دووپاتكردۆتەوە: (دەمانەوێت دراوسێی باش بین)، بارزانی لە كۆنگرەی ئاسایشی میوشن لە 2017 ئەمەی بۆ عەبادی دووپاتكردەوە، واتا كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی دراوسێی بەغدا بۆ هاوكاریی هاوبەش لە هەموو بوارێكدا، پێموایە كە شەقامی عەرەبیی عێراقیش سەربەخۆیی كوردستانی قبووڵە، بە تایبەتیش كە كوردستان لەگەڵ قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، بەڵام پرۆسەی ئاوەدانی و سەقامگیریی ئاسایش و پەرەپێدان و پێشكەوتنی هەر تێدا بەردەوامە، لە كاتێكدا كە عێراقی عەرەبی بەدەردی دواكەوتوویی و بێكاری و ئاشووب و میلیشیای چەكدارو كوشتن و تیرۆركردن و خراپەكاری و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، بۆیە كاتێ لەوێوە سەردانی كوردستان دەكەن سەرسام دەبن. لەبەر ئەوە پێویستە حزبە كوردییەكان لەنێو خۆیاندا رێكبكەون، بە پرۆژەكەی سەرۆك بارزانی رازی بن، ئەو پڕۆژە نیشتمانییەی كە كۆتایی بە هەموو ناكۆكییە سیاسییەكان دەهێنێت، تاكو بتوانین سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنین، چونكە ئەگەر خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ بین لە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا ئەوا زۆ ر لەو كێشە ئاڵۆزانە چارەسەر دەبن.
* سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق