سیناریۆى تەبلیغ کردنى کاکە حەمە

سیناریۆى تەبلیغ کردنى کاکە حەمە
+ سەروەرم سڵاو و ڕێز کاکە حمەگیان. (گیفەى فیشەکێک خۆى دەکات بە دیمەنى سەنگەرەکەدا)
+ سڵاو وڕێز جەنابى پۆلیس بەخێرهاتن، ئێمە لێرە پێوویستمان بەبەڕێزتان نیە، بەڵکو پاراستنى ئاسایش و سیستەمى ناوخۆ بۆ ئێمە گەورەترین بەشداری و پشتیوانى برا پێشمەرگەکانتانە لەشەڕى دوژمنانى کوردستان، ئەزیزم بۆ گەیشتویتە ئێرە؟!!
+ سەروەرم بەدونیایەک زەحمەت و بڕینى مەترسی و خەجاڵەتیەوە هاتوومەتە حزورى جەنابتان، خوا ئەم پیشەیەى من تەفروتونا بکات (تبلیغ چێتى) کە بەهەموو شێوەیەک تووشى ئیحراجیم دەکات، ئەوە بۆیەکەمین جارە شانازى دەکەم بەبینیى ئەو کەسەى تبلیغى بۆ دەبەم، بەڵام ئێستا و لەم سەنگەرە پڕمەترسیەدا، پەشیمانم. سەروەرم قرارە ١٥ ساڵى تر خانەنشین ببم، بەڵام دەڵێم خۆزگە دوێنى خانەنشین بووبام و تووشى ئەم ئەرکەى ئەمجارە نەبووبام.
+ برا هیچ لەهیچ تێناگەم ، فەرموو بزانم چیت دەوێت و ئەم قەڵەم و کاغەزە چیە بەدەستەوە؟ ئادەى جەماعەت سەمونێک و پەرداخێک ئاو بۆ ئەم برایە بێنن لەو ڕێگا دوورەوە هاتووە.
ئینجا ڕووى کردەوە پۆلیسەکە و ووتى:
+ لەقسوریمان ببەخشن، ئیتر خۆت دەبینیت ئێرە سەنگەرە و بەرەى شەڕە و هەر ئەوەندەمان میواندارى پێ هەڵدەسوڕێ.
+جەنابتان ببەخشن سەروەرم، من نازانم بڵێم چى؟! لەنێوان شادى بینینى بەڕێزتان و گەورەیى ئەم سەنگەر و شەرەفى ئەم برا پێشمەرگانەم (لەوکاتەدا هاوەنێک لە نزیکیان کەوتەوە و قوڕى دنیاى کرد بەسەرچاویاندا) سەرم لێ شێواوە، نازانم دڵخۆش بم یان شەرمەزار.
+ برا بۆ شەرمەزار دەبیت؟!! ئەگەر مەبەستت دەستە خاڵیەکەتە ئەوا من باش دەزانم کە چەند دڵسۆزیت و هەر ئەوەندەشمان لێرە بەسە، ئیتر دەزانم تۆش چەندین مانگە بەنیوە مووچە بەسەر دەبەیت و ئەرکى سەرشانى خۆشت هەر بەجێهێناوە، ئەوە گەورەترین دیاریە بۆ من.
+ سەروەرم تۆ ئەگەر دەکرێت ئەو کاغەزە نەعلەتیەم بەبێ خوێندنەوە بۆ ئیمزا بکەیت، ئەوا من دەستەکانت ماچ دەکەم، یان هیچ نەبێت با من لێرە نەمێنم و سەرى خۆم هەڵگرم و بچمەوە قەبرى باوکم ئەوسا جەنابت بیخوێنەوە.
+ ئەوە چیە بیهێنە بزانم بۆ هێندە لێى دەترسى و شەمەزاردەبیت گەر بیخوێنمەوە؟ بێنە باوکەکەم من بۆ هەموو کوردێکى دڵسۆز کاغەزى سپى ئیمزا دەکەم، تۆش کوردێکى دڵسۆزى، بەڵام هەر پێمخۆشە بزانم چی تێدایە؟ بەڕاست سەرنجمت بۆى ڕاکێشا!!
پۆلیسەکە کاغەز و قەڵەمەکەى دایە دەست کاکە حەمە و سەرى لەبەرخۆى نا و یارى بەقوڕى زەویەکە دەکرد. لەوکاتەدا گرمەو ناڵەى هاوەن و تۆپ و گیفەگیفی فیشەکى داعشەکان تێکەڵى کزەباى ساردى پێدەشتەکە دەبوون. سەمونەکەى هەربەدەستەکەى ترەوە بوو، تەنانەت ئاوەکەشى بۆ قووت نەدەچوو. بیرى لەوە دەکردەوە خۆزگە ئەوە خەون بووایە.
لەدەنگى هەناسەى قوڵى کاکە حمە خەیاڵەکانى ڕەویەوە و بەترسەوە سەیرى چاوەکانى کرد، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانى نەدەکرد ئەوەبوو کە کاکە حەمە دەستێکى میهرەبانیى بە پشتیدا هێناو، بەزەردەیەکى پڕ تەوسەوە پێى ووت:
+ بەجەنابى قازى بڵێ، سڵاو وڕێز، یاسا سەروەرمە و بەردەم مێزەکەى ئەو زۆر شەرافەتمەندایە بۆ من، بەڵام ئێستا پێم ناکرێت خۆم بێمە بەردەمیان، ئەوەش بەکەمکردنەوە لێک نەداتەوە،
ئاخر دەبینیت گەر ئێمە لێرە نەبین کەلێنێک لەسەنگەرەکانى نیشتمان پەیدا دەبێت،
ئاخر من دەبێت رۆژانە تەرمى چەندین شەهیدى لاو بشۆم و بنێژم و لەپاڵ شەهید عەتادا پاڵیان بخەم و بیانکەمە سەنگەرى پۆڵایینى نیشتمان،
ئاخر دەبێت لەڕێگەى گەڕانەوەمدا، پێش هەر کارێکم، سەردانى یەکە یەکەى ماڵى ئەو شەهیدانە بکەم کە لێرە و بەتەنیشت منەوە خوێنیان ڕژا، دەبێت فرمێسکى دایکە جەرگ سووتاوەکانیان بسڕم، مناڵەکانیان کە لەباوەشى گەرمى باوکیان بێبەش بوون، گەرم بکەمەوە، سەرکەوتنەکانمان لێرە بکەمە چەپکەگوڵى دیارى و لەپەرچەمى کچ و خێزانەکانیان بدەم، تا کەبەهار هات گوڵستانێک بڕازێنینەوە.
بەجەنابى قازى بڵێ، زۆر دەمێکە موشتاقى بینینیانم، یەک دونیا مەلەف و کەیسم پێە، هەر لەمێژووەوە تا ئەمڕۆ، تا پێشکەشى بەڕێزیانى بکەم. هێندە دەبێت کە تا دوا ساتى پیشەکەی و تەمەنى خەریکیان بێت و بڕیارى دادپەروەرانەیان لەبارەوە بدات.
سڵاومى پێ بگەیەنە و دڵنیایى دەکەمەوە کە ڕێزێکى زۆر لەکارەکەى دەگرم ، چونکە ووڵات بەدادپەروەری بونیاد دەنرێت و بەردەواميش دەبێت.
لەکاتى بەکۆمە کۆمەى گەڕانەوەى پۆلیسەکەدا، لەپڕێکەوە گوێى لەدەنگى کاکە حەمە بوو کەبەزەردخەنەوە لێى پرسی:
+ ئەرێ بەڕاست نەمزانى تۆ چۆن منت لێرە دۆزیەوە؟!!!
+ سەروەرم، کەس هەیە جێگاى جەنابت نەزانێت؟!!!! سەنگەرى شەرف و بەرگرى زیاتر کوێیە؟!!!
Top