ئیسلامی سیاسی و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق
February 7, 2017
وتار و بیروڕا
لە ساڵانی چلەكاندا محەمەد مەحمود سەوافی موسڵی چاوی بە حەسەن بەننای دامەزرێنەری كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین كەوتبوو، قەناعەتی بە پڕۆژە ئیسلامییە جیهانییەكەی هێنابوو، ئەویش بە گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ عێراق بە شێوەی رێكخستن شانبەشانی شێخ ئەمجەد زەهاویی كوردی بە ناوی كۆمەڵەی (ئیخوەی ئیسلامی)، چەندین شانەی رێكخستنی بانگخوازیش لە پارێزگاكانی رۆژئاوادا هەبوون، تەنانەت لە كوردستانیش بە شێوەی جیاواز لە هەولێر لە ڕێی تەكییەكانی بەرزنجەوە، هەروەها لە كەركوك و هەڵەبجە هەر هەبوون، ئیسلامی سیاسیی سوننە باڵی ئیخوانە لە عێراق، باڵە عەرەبییەكەی حزبی ئیسلامی عێراقی كە ئەیاد سامەڕائی نوێنەرایەتیی دەكات و لە ساڵی 1959 دامەزراوە، باڵە كوردستانییەكەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی سەڵاحەددین بەهائەددین نوێنەرایەتی دەكات و لە ساڵی 1994 دامەزرا، هەتا حزبی تەحریری سوننی عێراقی بە سەرۆكایەتیی عەبدولعەزیز بەدری ئەزموونێكی فەڵەستینی بوو بە سەرۆكایەتیی تەقییەدین نەبهانی، بۆیە عێراق ئەم جۆرە پڕۆژانەی لا پەسند نییە، رەنگە سەرەتا خەڵكەكە قبووڵیان بكات، دواتر ناوەڕۆكەكەیان ئاشكرا دەبن بە درووشمە بریقەدارە ئایین و سیاسییەكانیانەوە، بۆیە ئیسلامی سیاسیی سوننی پڕۆژەیەكی تەواوی دەربارەی چەمكی دەوڵەتی نیشتمانیی و نیشتمانپەروەری و دەوڵەتی مەدەنی و پرەنسیبەكانی دیموكراسی و فرەیی و مافی مرۆڤ و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوەو ئایین و مەزهەبەكان نییە، لەبەر ئەوە دەبینین زۆربەی سەركردەكانی ئیسلامی سیاسیی سوننی بەدوای بەدیلێكی دیكەدا دەگەڕێن تا بەرگی ئیسلامیان لێ داماڵرێت، دكتۆر سەلیم جبوری كە سەركردەیەكی ئیسلامییە لە حزبی ئیسلامیی سەر بە ئیخوان موسلمین، حزبێكی بە ناوی ئەلوەتەن دامەزراند، لە راستیدا ئیسلامی سیاسیی سوننە دەسەڵاتی لە عێراق وەرنەگرتووە تا حوكم لەسەر شكستەكەی بدەین، بەڵام لە رووی پڕۆژە سیاسییەكەیەوە حوكمی دەدەین، لە میسر بۆ نموونە ئیسلامی سیاسیی ئیخوان شكستی هێنا، بۆیە گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ عێراق شكستە، لەبەرئەوە لەسەر حزبی ئیسلامی عێراقی پێویستە بیر لە بەدیلێكی دیكە بكاتەوە، كە عێراقی و نیشتمانپەروەریی بێت، ئەمە لەسەر یەكگرتووی ئیسلامیش لە كوردستان جێبەجێ دەبێت.
دەبینین زۆر چاوخشاندنەوەی جیددی و بەهێز هەن لەلایەن ئیسلامی سیاسیی سوننەوە دەربارەی گوتارو پڕۆگرامەكەی و شێوازی بیركردنەوە، لە كوردستان سەرانی ئیسلامی سیاسی هەوڵدەدەن بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێكبهێنن، كە یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی بگرێتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە ئیسلامیی سیاسیی شیعییەوە، ئەوا حزبی دەعوە بە دایكی كۆمەڵە حزبە ئیسلامییە شیعییەكان دەژمێردرێت، لە ساڵی 1957 دامەزراوەو كاریگەریی ئیخوان موسلمینی لەسەر بووە لە رووی رێكخستن و پڕۆگرام و بانگخوازییەوە، بۆیە نزیكییەك لەنێوانیاندا بەرچاودەكەوێت، كتێبەكانی ئیخوان رەواجێكی بەهێزی لای حزبی دەعوە هەیە، بەتایبەتی كتێبەكانی سەید قوتب و غەزالی و هەندێ كتێبی قەرەزاوی، نابێ رۆڵی فیكریی و رۆشنبیریی مەرجەعییەكانی شیعە لەیادبكەین، لەسەروویانەوە محەمەد باقر سەدر، هەردوو باڵی دەعوەی شیعەو ئیخوانی سوننە لە سەرەتای دامەزراندیانەوە گوتارەكانیان لەسەر زاراوەی یەكگرتوویی و لایەنی پەروەردەیی و بانگەوازخوازیی بووە، بەڵام دواتر شوێنكەوتووانیان زیادی كردو بەرەو بزووتنەوەی سیاسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات هەنگاویان نا، ئەمەش سرووشتی زۆربەی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەكانە كە لە پەروەردەو باگخوازییەوە دەست پێدەكەن، دواتر بە توندوتیژی و پەڕگیری و كوشتن و گەندەڵی كۆتایی دێت، مێژووی خوێناوی ئیخوان موسلمینمان لەبیرە كە سەرەتا بە بانگخوازیی و پەروەردە دەستی پێكردو لەكۆتاییدا دوای دەرچوونیان لە هەڵبژاردنی 2012 بوونە رێكخراوێك بۆ پاكتاوكردنی دوژمنەكانیان، بەڵام شكستیان هێنا لە ئیدارەكردنی میسر بەبەراورد بە مێژووی خەباتیان، ئیسلامی سیاسی توانای وەرگرتنی دەسەڵاتی هەیە، بەڵام ناتوانێت بەڕێوەی ببات، هەروەك ئاماژەمان پێكرد لە میسر، بۆ حزبی دەعوەش لە عێراق بە هەمان شێوە، توانی لە هەڵبژادن بباتەوە، بەڵام نەیتوانی عێراق بەڕێوەببات، چونكە وەك ئیخوان دیدگای تەواوی نەبوو دەربارەی چەمكی دەوڵەتی نیشتمانی و پرەنسیبەكانی دیموكراسی و پێكەوە ژیانی راستەقینە، كاتێ دەگەنە دەسەڵات سەریان لێ دەشێوێت و دەیانەوێت تەنیا پرەنسیبەكانی حزب بەسەر دەوڵەتدا پیادەبكەن، ئەوان نازانن دەوڵەت بۆ هەمووانە، نەك بۆ حزب، بریتییە لە یاساو دەستوورو دادپەروەری و یەكسانیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵ بێ پەراوێزخستن و بەلاوەنان.
لە ماوەی سەرۆكایەتیی موحەمەد مورسی لە میسر، ئەو پیاوە پابەند بوو بە فەرمانەكانی نووسینگەی رێنمایی سەر بە مەحەمەد بەدیع رابەری گشتیی ئیخوان موسلمین، هەموو فەرمانەكانی لەو وەردەگرت و پرەنسیبەكانی حزبی بە نهێنیی بەسەر دەوڵەتدا جێبەجێ دەكرد، كاتێكیش حزبی دەعوە لە 2005 سەرۆكایەتیی وەزیرانی وەرگرت و ئیبراهیم جەعفەری بوو بە سەرۆك وەزیران، دواتر بە كردەنی لە 2006دا بۆ ماوەی 8 ساڵ نوری مالیكی وەریگرت، كەوتنە هەمان هەڵەی ئیخوان موسلمینەوە، ئەم حزبە لەمیانی بەئایدیۆلۆژییەتكردنی دەوڵەتەوە بە سەرۆكایەتیی مالیكی وڵاتی بەم قۆناغە سەختە گەیاند، كە ویستی هێزو دەعوە بەیەكەوە كۆبكاتەوە، واتا لاسایی سەدام حوسێن بكاتەوە كە هەموو شتێك كۆنتڕۆڵ بكات لەڕێی بەئارەزووكردن و تۆقاندنەوە، ئەمەش بە كۆنتڕۆڵكردنی میدیاو راگەیاندنەكانی عێراق و وەلای دامەزراوەی سەربازی و كڕینی قەڵەم، ئەوەی بە گوێی ئەو بكات لە خێری وڵات دەخوات و ئەوەی دژیشی بێت لەناودەچێت یان دەبێ عێراق بەجێ بهێڵێت، لێرەوە زاراوەی سوننەی مالكی و كوردانی مالیكی سەریهەڵدا، توانی خەڵكێكی زۆر بۆ خۆی بكڕێت و لە بەرژەوەندیی پڕۆژە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەكەی بەكاریان بهێنێت، نازانن كە هەر حزبی دەعوەیە عێراقی بەم كارەسات و ماڵوێرانییە گەیاندو بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقیی لە هەمبەر ئەو رووداوانە دەكەوێتە ئەستۆ، ئەم حزبە نەیتوانی دەوڵەتی راستەقینە دابمەزرێنێت، بەڵكو دەوڵەتی تایفی پێكهێنا و سامان و داهاتی وڵاتی بەهەدەر برد، سوپایەك بێكاری هێنایە ئاراوە، لە هەمووش گرنگتر پارێزگا سووننەنشینەكانی رادەستی داعش كرد، بوودجەی كوردستانی لە 2014ەوە بڕیوە، ستەمی لە پێشمەرگە كرد، هەرچەندە كە پێشمەرگە بەشێكیشە لە سیستەمی وەزارەتی بەرگری.
پێموایە كە گەلی عێراق گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە ئیسلامی سیاسی بە هەردوو باڵی سوننە و شیعەوە بەكەڵكی ئیدارەكردنی وڵات نایەن، تەنیا بۆ درووشمی بریقەدار دەستدەدەن، لە كۆنگرەو كۆبوونەوەكاندا تەنیا ئەو درووشمە بەسەرچووانە بۆ هەڵخەڵەتاندنی گەل دەڵێنەوە: ئیسلام چارەسەر، نە رۆژهەڵات و نە رۆژاوا تەنیا ئیسلامی، نەتەوەی ئیسلامی، ئەوان مەبەستیان ئیسلام نییە، بەڵكو پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەكەیانە، لە عێراق ئیسلامی سیاسی بیر لە چارەسەركردنی ئەم قەیرانە دەكاتەوە پێش هەڵبژاردن، بەڵام من پێموایە هەڵبژاردنی داهاتوو پشتی ئیسلامی سیاسی دەشكێنێت، بۆیە بە دوای پێكهێنانی حزبی دیكەدا دەگەڕێن، ئەوەی سەیرە هەموو حزبەكان دەیانەوێت زاراوەی واقیعی بدۆزنەوە تا دەنگدەران قایل بكەن، وەك نیشتمان و هاووڵاتی و هاوپەیمانیی نیشتمانی، چاكسازی و یاسا، كە هەموویان بێ بنەماو بێ سوودن.
بەڵام گومانێكی دیكە هەیە، ئایا مەرجەعییەی ئاینیی شیعە بێلایەن دەبێت یان بە نهێنی پشتیان دەگرێت، وا بزانم ئەگەر هەڕەشەی راستەقینە بۆ لابردنیان لە دەسەڵات هبێت، ئەوا مەرجەعییەت بێ دەنگ نابێت، چونكە بوونی شیعە لە دەسەڵات تاكە زامنی سەقامگیرییە لە باشوورو پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی كەربەلاو نەجەف، لەلایەكی دیكەوە مەرجەعی ئایینی قاسم تائی لە رەوتی سەدر دەیەوێت فتوایەك دەربكات كە نەهێڵێت هەندێ كەسایەتی و كوتلەی سیاسیی گەندەڵ هەڵبژێردرێن، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە خودی گەلی عێراقەوە هەیە، هەروەها بە سایكۆلۆژییەتی مرۆڤی دینداری عێراقییەوە، دكتۆر عەلی وەردی دەڵێت: ( ئەگەر عەرەب سەرپشك بكرێت لەنێوان هەر دوو دەوڵەتی عەلمانی و ئایینی، دەنگ بۆ دەوڵەتی ئایینی دەدەن و لەنێو دەوڵەتی عەلمانیشدا دەژین)، ئەمەش لە عێراق روودەدات، حزبی دەعوە دەنگێكی زۆر بەدەست دێنێت، دواتر دەنگدەران دووچاری گازاندەو ناڕەزایی و بێزاری دەبنەوە، ئەم سیناریۆیەش دووجار دووبارە بۆتەوە، هیوادارم ئەم جارە دووبارە نەبێتەوە.
دیارە ئیسلامی سیاسیی شیعی و بەتایبەتیش حزبی دەعوە لە رەوشێكی ترس و دڵەڕاوكێی هەڵبژاردنی داهاتوودا دەژین، بۆیە دەبینین نوری مالیكی لەو سەردانە بەردەوامانەی دواییدا بۆ باشووری وڵات كە مایەی كێشەو ناڕەزایی بووە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەدەكات و بە ئاشكرا داوای جێبەجێكردنی پرەنسیبی زۆرینەی سیاسیی دەكات، ئەو دەزانێت كە ئەم جارە دەنگەكانی پێشوو بەدەست ناهێنێتەوە، مەگەر ساختەی تێدا بكات بە هاوكاریی دەوڵەتێكی ئیقلیمی، بەڵام ئیسلامیی سیاسیی سوننی كە خۆی لە حزبی ئیسلامیی عێراقیدا دەبینێتەوە دەبێتە هاوپەیمانی سەرەكیی ئەو، چونكە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، هەندێ بنەما و نزیكبوونەوەی هاوبەش هەیە لەنێوان ئیخوان موسلمین و حزبی دەعوە، ئەم جەمسەربەندییەش لە رێكخراوی بەدرو عەسائبی ئەهلی حەق و سووننەی مالكی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جگە لە ناوەندی بڕیار و گۆران و كۆمەڵی ئیسلامی پێكدێت، دیارە گۆران و كۆمەڵ و باڵی دووەمی یەكێتیی جگە لە ناوەندی بڕیار بەوە ناسراون كە دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، ئەم مەرامە چەپەڵەشیان لە لابردنی هۆشیار زێباری وەزیری دارایی بەدەركەوت.
كێشەیەكی راستەقینە لەنێو حزبی دەعوەدا هەیە، تەنانەت لەناو ماڵی شیعەشدا، هاوپەیمانیی نیشتمانی لە ئەدای مالیكی رازی نییە، بۆیە عەبادییان هەڵبژاردووە، هەرچەندە مافی مالیكیش بوو لەو كابینەیەدا، لەبەر ئەوە پێویستە حزبی دەعوە كاری خۆی یەكلایی بكاتەوە، حزبی دەعوە دوو باڵە، باڵی مالیكی و باڵی عەبادی، بێگومان باڵی مالیكی لە ئێستادا لە گۆڕەپانی سیاسی بەهێزترە، لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا هاوكێشەكە دەگۆڕێت، پێموایە ئەمجارە ناهێڵن نە مالیكی و نە حزبی دەعوە سەرۆكایەتیی وەزیران وەربگرنەوە، بۆیە حزبی دەعوەو مالیكی بەدوای هاوپەیمانیی دیكەدا دەگەڕێن لە دەرەوەی چوارچێوەی ماڵی شیعەدا، جەمسەریی مالیكی لەبەرامبەریدا جەمسەری دەوڵەتی مەدەنی هەیە، ئەمە زیاتر پشت بە بنیادنانی ساغڵەمی مرۆڤی عێراقی دەبەستێت، واتا ئینتیمای بۆ نیشتمان هەبێت، چونكە جەمسەرەكەی دیكە زیاتر پشت بە بنایتنانی مرۆڤی تایفی و حزبی و بەرژەوەندخواز دەبەستێت، هیچ شتێكی لە رووی ئینتیما بۆ نیشتمان پێشكەش نەكردووە، بەڵكو مرۆڤێكی نادرووستی هێناوەتە ئاراوە كە ئینتیمای بۆ ئایدیۆلۆژییەتی ئایینی هەیە، ئەمەش گەورەترین هەڵەی ئیسلامی سیاسییە، یەكەم شت كە ئیسلامی سیاسی دەیكات رەتكردنەوەی ئینتیمایە بۆ نەتەوەو نیشتمان، لای ئەوان نیشتمانی هەموو مرۆڤێك ئینتیمایە بۆ ئایین، نەك ئایینی خوا كە دایبەزاندووە، بەڵكو مەبەستیان مەزهەب یان بزووتنەوە یان ئەو كۆمەڵەیە كە ئەوان لە ژیانیاندا دایانهێناوە، چونكە پێیانوایە مەزهەب و كۆمەڵەكەی ئەوان خودی ئایینە.
* پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق