خۆتان مەفرۆشن

خۆتان مەفرۆشن
دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستان هەم ئەرێنی و هەم نەرێنییە.
پێکهاتە سەرەکییەکانی دیمەنە ئەرێنییەکە ئەمانەن:
١- بەگوێرەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕی داعش کۆتاییهاتووە و سنوورە راستەقینەکانی کوردستان لە دەستی پێشمەرگەدایە و رێکەوتنەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانیش بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی- سەربازیی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و بەغدا وایە کە پێشمەرگە لەم سنوورانە پاشەکشە ناکات و ئەوە تخوبی کوردستانن و لە ئیدارەی حکومەتی هەرێمدا دەبن. بەم پێشڕەوییەش ئیتر ماددەی ١٤٠ لەبارەی ناوچە جێ ناکۆکەکان کە ناوچەی کوردستانی بوون و لەدەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم بوون، جێبەجێ کراوە و ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر نیشتمانی دایک. ئەگەر حکومەتی بەغدایش سبەی دوو رۆژێک سووربوو لەسەر ئەوە بۆ گەڕانەوە بۆسەر هەرێم دانیشتووانی ئەم ناوچانە ریفراندۆم بکەن، حکومەتی هەرێم لاری نییە، بەڵام دەبێ بەغدا دەرەنجامی ئەو رێفراندۆمە بێ چەندوچوون قبوڵ بکات و رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی پەیڕە و بکات و پێیانەوە پابەند بێ، تەنانەت ئەگەر ناوچەی لەمەیش زیاتر داوایان کرد بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە زۆرن ناوچەی هاوسنووری کوردستان کە بە رادەیەک لە حکومەتی بەغدا ناڕازین نایانەوێ دوای زوڵمی داعش بچنەوە ژێر دەستی بەغدا و زوڵم و جیاکارییە مەزهەبییەکانی.
٢- پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەریکردووە بۆ بە ئاکام گەیاندنی پەیامی سەرۆکی هەرێم لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکی نوێ، دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ، دەستنیشانکردنی بەڕێزێک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم تا وادەی هەڵبژاردن.
٣- برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش ڕایگەیاندووە کە پێشڤەچوونەکانی هەڵمەتی ئازادکردنی موسڵ و ئەو هەماهەنگییە باشەی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە بەرهەمی پێشنیار و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی بووە.
هەروەها ناوبراو لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكەیان باس کردووە و بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو جەختیان لەسەر هەماهەنگی و ڕاوێژی بەردەوامی نێوان هەرێم و ئەمریکا کردۆتەوە.
٤- باڵیۆزی ئەمریکا لە کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی K24 راشکاوانە دەڵێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبێتە حکومەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چونکە دەرگای سەربەخۆیی کوردستان کراوەتەوە و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش مامەڵە لەگەڵ واقعدا دەکەن و پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
٥- هێشتا ئیدارەی هەڵبژێردراوی نوێی ئەمریکا دەست بەکار نەبووە بەڵام جێگری سەرۆکی داهاتووی ئەو وڵاتە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کردووە و پاڵپشتی ئیدارەی داهاتوو بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان دووپات کردۆتەوە.
٦- بۆ تاوتۆکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و زانینی دید و بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێستا و داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا و تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە واشنتۆنە.
پێکهاتە سەرەکییەکانی دیمەنە نەرێنییەکەش ئەمانەن:
١- پاش ئەوەی پرۆژە نابەجێیەکەی گۆڕان بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان وەک یەک ئیدارەی خاوەن سەروەریی فیدراڵی و بەستنەوەی تاکە تاکەی پارێزگاکانی بە حکومەتی بەغداوە شکستی خوارد و بووە پەڵەیەکی دیکەی ناپاکی بە تەوێڵی ئەو حەرەکە عەبەسییەوە، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی پرۆژەیەکی بەدیلی ئەوەی گۆڕانی بۆ یاسای بوودجەی عێراق پێشکەش کردووە و تەنیا بۆ بڕێ پارە بە ناوی مووچەوە کە ناکاتە رێژەی ١٠% شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم، دەیەوێ کەرکووک بە بەغدا بفرۆشێ.
٢- ئەم فراکسیۆنە پرۆژەکەی نەداوە بە حزبەکەی خۆی پەسەندی بکات، بەڵکو بردوویەتی بۆ نوری مالیکی، دوژمنی سەرسەختی کوردستان و رابەری شۆفێنیزمی تایەفەگەریی نوێی عەرەب لە عێراقدا، تا پشتیوانی ئەو مسۆگەر بکات. بۆ وای کردووە چونکە پێدەچێ جڵەوی ئەم فراکسیۆنە لە دەستی حزبەکەیدا نەمابێ و ئێستا راستەوخۆ لەلایەن مالیکییەوە هەڵبسوڕێنرێ.
٣- لە سڵێمانی مامۆستایانی سەرپەرشتیاری بایکۆت دەستگیر دەکرێن.. نە بایکۆتی خوێندن کۆتاییهاتووە نە بەردەوامیشە، بۆیە نە خوێندن دەستی پێ کردووە نە دەستی پێ نەکردووە. پارێزگایەک بە خەڵک و فەرمانبەران و مامۆستا و خوێندکارییەوە کراونەتە بارمتەی فەوزایەکی سیاسی- ئیداری و ئیرهابی فیکری کۆمەڵێک "پۆپۆلیستی خۆپەرستی، بێ دەربەستی هەلپەرست" بە قەولی رۆژنامەی کوردستانی نوێ.
٤- جارێکی دیکە و لەئەنجامی نۆش کردنی جامی شکستی یەک لەدوای یەک، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەڵێ: كە شەڕی راگەیاندن بێ سوود بوو، كەواتە با دەست بدەینە تفەنگ.
٥- لە رۆژئاوا گرتن و پەلاماردانی ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکانی جیاواز لە پەکەکە بەردەوامە و زیندانەکانی پەیەدە پڕکراون لە کورد و دواجار ئاڵای کوردستانیشیان سوتاند.
دیمەنی یەکەم، دیمەنی جووڵەیەکی شکۆمەندانەیە کە هەموو توانای سیاسی خۆی تەرخان کردووە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.
دیمەنی دووەم، دیمەنی ئیرهابی فیکری و فەوزا و عەبەسییەتی سیاسی و خۆفرۆشتن و هەرزانفرۆشکردنی وڵات و گەلە.
نیلسۆن ماندێلا دەڵێ: بۆ ئازادی پێویست ناکا زەوی و ئاسمان بکڕن، تەنیا خۆتان مەفرۆشن بەسە.
Top