بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا... ھەڵبژاردنی یەکەمین سەرۆکی ڕەشپێست لە ئەمریکا؛ پشتکردنە مێژووییەک لە ڕەگەزپەرستی

بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا... ھەڵبژاردنی یەکەمین سەرۆکی ڕەشپێست لە ئەمریکا؛ پشتکردنە مێژووییەک لە ڕەگەزپەرستی
دەستپێک:
چەند ڕۆژێک پێش ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا(٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ کە بۆ یەکەمین جار سەرۆکێکی ڕەشپێستی بە نەژاد ئەفریقایی بەسەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرا)، منداڵێکی سپیپێستی جوان و ژیکەڵەی نیشتەجێی گوندێکی نزیک کالیفۆڕنیا لە قوتابخانەوە دەگەڕایەوە ماڵێ لەبەر خۆیەوە ھەر ئەو قسەیەی دەگوتەوە کە لەیەکێک لە ھاوپۆلەکانی گوێ لێ ببوو"ڕۆزە دانیشت، بۆیە مارتن توانی بڕوات، باراکیش دەتوانێ ڕابکات، ئێمەش دەتوانین بفڕین"(١).
دەتوانرێ تەواوی مێژووی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا تا گەیشتنی بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما و تا ئەمڕۆ لەم وتە جوان و کورتەی ئەم منداڵەدا کورت بکرێتەوە. ھەروەھا کاروانی ئەو بزووتنەوەیە کورت دەکاتەوە کە ڕێڕەوی یاسا و کۆمەڵگەی ئەمریکای لە ماوە ٤٤ ساڵدا گۆڕی. ئەو ڕۆژەی ڕۆزە بارکس ڕازی نەبوو بچێتە کورسییەکانی پشتەوە و کورسییەکی خۆی بۆ سپیپێستێک چۆڵ بکات لە یەکێک لەو پاسانەدا کە کورسی سپیپێست و ڕەشپێستەکانی تێدا جیا کرابووەوە لە شاری مۆنتگۆمری لە ویلایەتی ئەلاباما.
ئەو ھەڵسوکەوتە پڕ تەحەدییەی ڕۆزە بارکس لە ساڵی ١٩٥٥دا، ئەو بڵێسەیە بوو کە مەشخەڵی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی لە ئەمریکا ھەڵگیرساند و زەمینەی ساز کرد بۆ خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٦٣ کە لەوێدا سەرکردەی بزووتنەوەکە "مارتن لوسەر کینگ" وتارە بەناوبانگەکەی "خەونێکم ھەیە" ی خوێندەوە.
ھەر دەسکەوتەکانی ئەو بزووتنەوەیەش بوو لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٨دا باراک ئۆبامای گەیاندە سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئۆبامای سیناتۆری ویلایەتی ئەلینۆی کە کوڕی قوتابییەکی کینیایی و دایکێکی سپیپێستی دانیشتووی کەنساسە، یەکەمین سەرۆکی ئەمریکای بەڕەگەز ئەفریقاییە. ئۆباما لە وڵاتێکدا بووە کەسی یەکەم کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر کۆتایی بەیاسای "کۆیلایەتی" ھێناوە کەچی تا دەوروبەری پەنجا ساڵ لەمەوبەر، ژمارەیەک لە ویلایەتەکانی کاریان بە یاساکانی جیاوازیی ڕەگەزیی دەکرد.
دەربارەی چرکەساتی سوێندخواردنی باراک ئۆباما وەک سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی٢٠٠٩دا بەرانبەر پەیکەرەکەی لینکۆڵن، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکایی تێرنسی سامۆئیل لە ماڵپەڕی "زە ڕۆت.کۆم"دا کە ماڵپەڕێکە دەربڕی بۆچوونی ڕێکخراوەکانی ڕەشپێستەکانە لە ئەمریکا نووسیویەتی دەڵێ "ھێزی ئەو چرکەساتە مەودایەکی زۆر دوورترە لە مەسەلەی ڕەشپێستەکان".. سامۆئیل لەسەری دەڕوا و دەڵێ "یەکێک لە ڕاستترین حاڵەت لە مەسەلەی باراک ئۆبامادا ئەوەیە کە ئەو چیرۆکە تەنیا لە ئەمریکادا مومکینە. سەرکەوتنیشی تەڵاقدانی ڕابردوویەکی زۆر قێزەونە و جۆرێکیشە لە داوای لێبووردن سەبارەت بە مێژووی دوورودرێژ و پڕ گوناھی جیاوازیی ڕەگەزیی. بە کورتی ئەوە حیکایەتێکی ئەمریکاییە و ئەمریکاش بەوە جیاوازە"(٢).
لە ڕووی مێژوویی و ھۆکاری مێژووییەوە، جیاوازیی ڕەگەزی کە بەرامبەر ئەمریکاییە ڕەشپێستەکان بەڕەگەز ئەفریقیایی دەکرا، ھۆکاری ئەو بزووتنەوەیە بوو کە ئێمە ئێستا دیراسەتی دەکەین و بە "بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا" ناسراوە.
یەکەمین نەوەی ئەفریقاییەکان ھەر چەند ساڵێکی کەم دوای جێگیربوونی ئینگلیزەکان لەساڵی ١٦٠٧دا لە ڤێرجینیا بە چوارپەلی بەستراوە بەزنجیر گەیشتنە ئەمریکا. ھەر دوای گەیشتنیان، کۆیلایەتی وردەوردە خرایە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییە و بووە یەک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی ئەمریکا بەتایبەتی لە ویلایەتەکانی باشوور کە کشتوکاڵ کەرتی ھەرە سەرەکی بوو.
پاش ئەوەی کە ١٣ ویلایەتەکەی باکوور لە دەست دەسەڵاتی ئینگلیز ڕزگار و سەربەخۆ بوون و لە ساڵ ١٧٨٧ دەستووریی ئەمریکا نووسرایەوە، ئەو دەستوورە نەیتوانی ھاوسەنگیی و یەکێتییەکی تۆکمە لە نێوان باکوورێکی ئازاد و باشوورێک کە کۆیلایەتی تێدا بەرقەرار بوو، دروست بکات و مەسەلەی کۆیلایەتی وا چارەسەر کرد کە بووە ھۆی ناکۆکی و شەڕ.
دواجار بەسەرکەوتنی ویلایەتەکانی باکوور لە شەڕی نێوخۆی ئەمریکادا ساڵی ١٨٦٥ لەسەردەمی سەرۆک ئەبراھام لینکۆڵندا، کۆیلایەتی وەک یاسا و ڕێسا کۆتایی پێھات و زیاتر لە ٤ ملیۆن کۆیلە ئازاد کران کە دەیکردە %١٠ ژمارەی دانیشتووانی ئەوکاتەی ئەمریکا.
بەڵام نەمانی کۆیلایەتی وەک یاسا و ڕێسا، جیاوازیی ڕەگەزیی بەرامبەر ڕەشپێستەکان کۆتایی پێ نەھێنا. ڕەشپێستەکان گیریان خواردبوو بەدەست نەخوێندن و نەبوونی دەرفەتی ئابووریی و جیاوازیی و نەبوونی دەرفەتی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا.
بەردەوامبوونی جیاوازیی ڕەگەزی ھاووڵاتیانی ڕەشپێستی بە چەوساوەیی و بێدەرفەتی و بێ ژیانێکی ئینسانانە ھێشتبووەوە، تا ئەو ناڕەزایی و بێزاریی و بەگژداچوونەوەیەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا لای ڕەشپێستەکان وردە وردە فراوان دەبووەوە، ئەوەبوو لە ناوەڕاستی سەدەدا و دروست لە تەحەددا بەناوبانگەکەی "ڕۆزە بارکس"ەوە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی مەدەنی لە ئەمریکا پەرەی سەند کە "مارتن لۆسەر کینگ"ی قەشەی گەنج و ڕەشپێستی ئەمریکایی سەرکردایەتی کرد تا ئەو بزووتنەوەیە گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست ھێنا و ڕەشپێستەکان مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاری گشتی و دەنگدانیان پێ درا. مافی دەنگدان کە ساڵی ١٩٦٥ دەرچوو، گوللەی بەزەیی بوو بۆ یاسا و ڕێساکانی جیاوازیی ڕەگەزیی. بەڵام مانەوەی ڕۆحییەتی تۆڵەسەندنەوە لای زیانمەندانی مافی ئینسانیانەی ڕەشپێستەکان، دواجار ساڵی ١٩٦٨ سەری سەرکردە و پاڵەوانی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا، "مارتن لوسەر کینگ"ی خوارد و تیرۆریان کرد.

مێژووی ڕەشپێستەکان و کۆیلایەتی لە ئەمریکا
زۆربەی مێژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی یەکەمین پۆستەی ڕەشپێستەکان کە گەیشتە کەنارەکانی ئەو خاکەی دواتر بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناسرا، ساڵی ١٦١٩ بووە، ئەو ساڵەی کەشتییەکی ھۆڵەندی لە کەنارەکانی ڤێرجینیا وەستا و ٢٠ ڕەشپێستی ژن و پیاوی فرۆشت.
ئیتر بردنی پۆستەی ڕەشپێستەکان دەستی پێکرد. ئەگەرچی ھەندێک سەرچاوەی مێژوویی دەیسەلمێنن کە ژمارەیەک لە ئەفریقاییەکان پێشتر وەک خزمەتکار و ڕێنیشاندەر لەگەڵ نێردراو و سوپاگەلی فەرەنسا و ئیسپانییەکاندا، چوونەتە ئەمریکا، بەڵگەشیان بۆ ئەوە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە لە ئەوروپا بازرگانی ئینسانفرۆشی ھەر لەساڵی ١٤٤١ەوە بگرە ھەندێک دەڵێن پێشتریش دەستی پێ کردووە،(٣).
لە کاتێکدا لویس ھاریس و ھاوکارەکەی لە کتێبەکەیاندا "شۆڕشی نیگرۆ لە ئەمریکا" دەڵێن "بازرگانی مرۆڤفرۆشی ئەوروپا نزیکەی ٤٠ملیۆن ئەفریقایی بە زنجیر بەستراوەی لە کەنارەکانی ئەفریقیاوە گواستۆتەوە، نووسەری کتێبی "سەرمایەداری و مرۆڤفرۆشی" لەو باوەڕەدایە ئەو ژمارەیە ٦٠ملیۆنە، بەڵام دکتۆر بوسیا پێیوایە "پیًش گەشتەکانی ئاشکراکردنی سەرزەمین و وڵات و کیشوەرە جیاجیاکانی تر و دوای ئەو گەشتانە، بەھەمووی دەوروبەری ١٠٠ملیۆن ئەفریقایی لە ئەفریقیاوە ھێنراون و لە ئەوروپا و دواتر ئەمریکا فرۆشراون(٤).
بەم شێوەیە ڕەشپێستەکانی ئەفریقیا کە دواتر لە تێکڕای ئەدەبییاتە مێژووییەکاندا بە زنجییەکان ناسران، بە دەیان ملیۆنیان لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنەوە لێ گەیشتە ئەمریکا و کۆیلایەتی بووە بەشێک لە تەون و سیستمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئەمریکا.
کۆیلایەتیش، واتە؛ بەکاڵا تەماشاکردنی ئینسان و داماڵینی لە ھەموو خەسڵەت و ماف و کەرامەتێکی ئینسانی کە زۆری پێچوو تا ئینسانییەت لەو سیستمە نائینسانییە بێزەوەرە قوتاری بوو، ئەڵبەت ئەو قوتاربوونە، لەلایەک بە ھەوڵ و شۆڕش سەرھەڵدانەکانی ڕەشپێستەکان خۆیان بوو پاش بەئاگاھاتنەوەی ھەندێکی دەستەبژێریان، لە لایەکی ترەوە بەھەوڵ و ماندووبوونی ھزرڤانان و زانایانی مرۆڤایەتی، ئەوانەی فیکر و نووسین و داھێنانەکانیان بۆ بەگژداچوونەوەی کۆیلایەتی تەرخان کرد.

بازرگانی سێکوچکەیی
بۆ ئەوەی لە سیستمی کۆیلایەتی و فاکتەرە مێژووییەکانی و ھۆکارەکانی قبووڵکردنیشی تێ بگەین، لەم ڕووەشەوە تا وردتر خودی ھەلومەرجە خودی و بابەتییەکانی ئەو ڕۆژگارە بناسین و بە دروستی لەسەر دیاردەیەک بوەستین کە پێی دەگوترا "بازرگانی سێکوچکەیی". ئەم بازرگانییەش بریتی بوو لەوەی: بازرگانانی ئەوروپا بە کەشتیەکانیان بەرەو کەنارەکانی ئەفریقیا دەڕۆیشتن و باری کەشتییەکانیان بریتی بوو لە(قوماش، چەک و تەقەمەنی، تفاقی جۆراوجۆر، مەی)، لە کەنارەکانی ئەفریقیا بارەکانیان بە ڕەشپێستەکانیان دەگۆڕییەوە کە بە دوو ڕێگە دەستەبەسەر کرابوون: یان شەڕوشۆڕی نێوان خێڵەکانی ئەفریقیا، یان لە ڕێی داگیرکاریی ئەوروپاییەکانەوە. ھەر بە کەشتییە پڕ لە کۆیلە ڕەشپێستەکانەوە ئۆقیانووسی ئەتڵەسییان دەبڕی و لە کەنارەکانی ئەمریکا کۆیلەکانیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی وەک: شەکر و قاوە و کاکاو و لۆکە ... دەگۆڕییەوە کە سامانێکی یەکجار زۆریان لێ دەست دەکەوت. ئا ئەم بازرگانییە سێکوچکە و گەشتە بازرگانییە سێگۆشەیە، نزیکەی شازدە مانگی دەخایاند و یەکێکە لە فاکتەرە ھەرە سەرکیی و سەرەتاییەکانی ھەستانەوەی ئابووریی ئەوروپا(٥).
بەم شێوەیە و بەم جۆرە بازرگانییە، دەیان ملیۆن ئەفریقایی ڕەشپێست پێ بە پێ گەیشتنە ئەمریکا و وردە وردەش سیستمی کۆیلایەتی بووە سیستمێکی باو و باڵادەست لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا. سەرەتاش لە ھەردوو ویلایەتی "ڤێرجینیا" و "ماریلاند" ەوە پەرەسی سەند، چونکە ئەو دوو ویلایەتە لە بواری کشتوکاڵیدا تەواو گەشەیان سەند بەتایبەت بەربوومەکانی تووتن و دانەوێڵە و مەرەزە، ئەم گەشە کشتوکاڵیەش ھێزی کاری زۆر و کرێکاری ھەرزانی پێویست بوو. تا لە ساڵی ١٦٤١ دا سیستمی کۆیلایەتی لە ویلایەتی "ماساچوسیتس" خەسڵەتی ڕەسمیی وەرگرت(٦).
ئەڵبەت جگە لە بزاڤ و سەرھەڵدانەکانی ڕەشپێستەکان خۆیان، کە بەشی دواتر دێینە سەر باسکردنی، سیستمی کۆیلایەتی کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر بونیاد و پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئەمریکا ھەبووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو کاریگەرییانە بوونە بەشێکی بوونیادی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە، ھەر لە پێکاتەی چینایەتییەوە تا گەمەی سیاسی و تا دەگاتە ئابووریی و ئایدیۆلۆجیا و تەنانەت باری دەروونییش. چونکە ژمارەی ڕەشپێستە کڕداوەکانی ھەرێم و ویلایەتەکانی باشور زۆر زۆرتر بوو لە ھەرێم و ویلایەتەکانی باکور، کۆمەڵگەی باشور دەستی بە سیستمی کڕین و فرۆشتنی ڕەشپێستە کۆیلەکانەوە گرت و ھەر بە ناوچەگەلێکی کشتوکاڵی مانەوە و خەڵکەکەی ئامادە نەبوون ڕوو لە پیشەسازیی و پێشخستنی شارەکانیان بکەن، بە پێچەوانەی ویلایەتەکانی باکورەوە کە سیستمی پیشەسازیی سەرمایەدارییان ھەڵبژارد. بەمەش باشور کەوتە بن ھەژموون و ژێر ڕکێفی باکورەوە، ئەمەش بووە سەرچاوەی ناکۆکیەک کە پاش چەند ساڵێک وای لە باشورییەکان کرد بەگژ باکوردا بچنەوە.
شەڕوشۆڕ و سەرھەڵدانەکانی کۆیلەکان
بەر لەوەی باس لە ڕاپەڕین و سەرھەڵدانەکانی ڕەشپێستەکان بکەین بۆ ھەڵتەکاندنی سیستمی کۆیلایەتی و ڕزگاربوونیان، بەخێرایی ھەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە ھەرە سەرەکیی سەرسوڕھێنەرە بدەینەوە: بۆچی ئەو مرۆڤە ڕەشپێستە ئەفریقیاییەی لە زێدی خۆی ئازاد و ئازا و کارکەر و بەکەرامەتە، ئاوا ڕازی دەبوو بە قۆڵبەستراوی بفرۆشرێتەوە و بە کەشتی و پاپۆڕان لەمسەری دنیاوە بیبەن بۆ ئەوسەری و لەوێش وەک کۆیلە مامەڵەی بکرێت و بەھەموو شتێکی گەورە سپیپێستەکەی ڕازی بێت ھەر لە کارپێکردنی بەزۆر و بەردەوام و بێ کرێی و بێ نان و ئاوی و بێ ھیچ مافێکی ئینسانی تا ڕازی بوون بە ئەتکردنی سێکسی و کۆیلەکردنەوەی جارێکی تری ئەو منداڵەی کە لەو ئەتکردنەش دەیبوو؟
"دکتۆر بوسیا" کە پێشتر ئاماژەمان پێی دا و "سیلبەرمان"ی خاوەنی کتێبی "تەنگژەی ڕەش و سپی" بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چەند ھۆکارێکیان داناوە کە بەکورتی بریتین لە(٧):
١- بازرگانی مرۆڤ، مرۆڤەکانی لە ڕەگوڕیشەوە لە ژینگەی کەلتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان دادەبڕی، ئەو ژینگەیەی مرۆڤە ئەفریقاییە ڕەشپێستەکان، ھەموو ھێز و توانا و کەسێتی و ئازایەتیی خۆیانیان لێ وەردەگرت و دابڕانەکەش خودی مرۆڤەکە و ھەست و بوونی ئینسانی تێک دەشکاند، جیا لەو ئازار و ئەشکەنجەیەی کە لە نێو کەشتییە بەخێوەتەکاندا دەیان چەشت لە گەشتێکدا کە چەندین مانگی دەخایاند و ئەوان بە بەستراوەیی و بێ نان و ئاو لە قاتی بنەوەی کەشتییەکەدا دادەنران تا دەگەیشتنە جێ.
٢- ئەو کۆیلەیە لەو کاتەوە بازرگانە ئەوروپاییەکە دەیکڕی تا دەیفرۆشت لە شوێنێکدا دەژیا کە زیاتر لە گەوڕی مەڕوماڵات و وڵاخان دەچوو، یان لە باشترین حاڵەتدا بە گرتووخانە تۆقێنەرەکان دەچوو کە ئەشکەنجەدان تێیاندا ھەڵسوکەوتێکی ئاسایی بوو، بۆیە پاش ئەوەی چەند جارێک لە کڕین و فرۆشتندا ھیوایەکیان بۆ پەیدا دەبوو دواتر بێ ئومێد دەبوون تا لە دواجاردا ھیوابڕاو دەبوون و ئەمەش وای دەکرد بە ئومێدی تروسکە ھیوایەک ھەموو شت قەبووڵ بکەن.
٣- لەو گەشتە چەند مانگییەدا تا لە ئەفریقیاوە مرۆڤە ڕەشپێستەکان دەگەیشتنە ئەمریکا، ناوی خۆیان لە دەست دەدا، لە مرۆڤێکی بەناوەوە دەکرانە ژمارە، لە مرۆڤێکەوە کە ناو و کەسێتی و بنەماڵەی ھەبوو، دەبووە ژمارەیەک و ھەر لەسەر بنەمای ئەو ژمارەیە کڕین و فرۆشتن و مامەڵەی پێوە دەکرا و لەسەر کاریش بە ژمارەکەی بانگ دەکرا و دەناسرایەوە، ئەمەش بە گوێرەی مامۆستایانی دەروونناسی واتە مردنی وەک مرۆڤ، چونکە ژمارە نە ناوی ھەیە و نە مێژوو نە ڕابردوو نە ئێستا و نە داھاتوو نە کەسێتی ئینسانیانە. دواجار ژمارە، ناڕەزایی و بیروبۆچوون و کەرەسەکانی داکۆکیی لەخۆکردنی نیە.
٤- لە ئەمریکا، ئەو ڕەشپێستانە ھەموو جۆرە پەیوەندیی و بەھایەکی ئەفریقاییانەی خۆیان لەدەست دا، تەنانەت ئاینەکەشیان گۆڕا و چوونە سەر مەزەبی سپیپێستەکان کە ئەنگلۆ ساکسۆنی بوو. زمانیان بوو بە زمانی ئەوان، بەھا و کەلتوور و دابونەریتی گەورەکانیان وەرگرت. بە کورتی ھەموو خەسڵەتێکی ئەفریقاییان لە دەست دا و لە ڕەگوڕیشەی مرۆڤییانەی خۆیان دابڕان.
٥- سیستمی کۆیلایەتی ھێندە داخراو بوو، بە ماوەیەکی کەم کۆیلەکەی وا لێ دەکرد ھیوابڕاو بێت و ھیوای بەھیچ گۆڕانێک نەمێنێت و دەگەیشتە ئەو بڕوایەی پێویست ناکات ھیچ ناڕەزاییەک بنوێنێ، چونکە نە لەو جێیە و نە لەھیچ شوێنێکدا ھیوای ئازادی و ژیانێکی مرۆڤانەی بۆ نیە.
پاش زانینی گرینگترین ھۆکارەکانی سەرگرتنی سیستمی کۆیلایەتی و ملکەچبوونی ئەو ملیۆنان مرۆڤە ڕەشپێستە ئازا و ئازادە بۆ سیستمی کۆیلایەتی کە لە کورتترین پێناسەیدا داشۆرینیان بوو لە ھەموو ئینسانیبوونێک، ڕووداوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن دەستەبژێرێکی کەمی ئەو ڕەشپێستانە کە بەدزییەوە خۆیان فێری خوێندەواری کردبوو، چونکە یاسا ڕێگەی نەدەدان خوێندەوار بن، ئەو دەستەبژێرە بوونە ناوک و گەوھەری کۆمەڵێک بزووتنەوەی ناڕەزایی و سەرھەڵدان و ڕاپەڕین و کە تا لە شەڕی نێوخۆی شەستەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا گەیشتە ترۆپک و بە بڕانەوەی ئەو شەڕە لەسەر دەستی سەرۆکی شازدەمی ئەمریکا ئەبراھام لینکۆڵن بە ڕەسمی سیستمی کۆیلایەتی نەما، ئەگەرچی وەک لە بەشەکانی دواییدا دێینە سەر باسکردنی، ڕاستە کۆیلایەتی نەما، بەڵام جیاوازیی ڕەگەزیی تا سەرکەوتنی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، ھەر مایەوە.
موقاوەمەت و سەرھەڵدانەکانی ڕەشپێستەکان سەرەتا بە چەند کاردانەوەیەکی سادە، بەڵام مانادار، دەستی پێکرد. بۆ نموونە وەک ئەوەی کاتێک ڕەشپێستێکی وریا کە یەکەم جار دەگەیشتە ئەمریکا دەیگوت فڵانە کار نازانم، یان کەمتەرخەمییان دەکرد لە کاردا، یان ھەر چاوی چاودێرەکەیان لەسەر نەبووایە کاریان نەدەکرد. یان ئاگریان لە کێڵگە و ڕەز و باخ و دەغڵەکان بەردەدا.
ڕاکردن و ھەڵاتن شێوازێکی تری ھەوڵەکانی خۆڕزگارکردن بوو لە کۆیلایەتی، سەرچاوە مێژووییەکان باس لە سەد ھەزار ھەوڵی ھەڵاتن دەکەن، ئەگەرچی لەسەرەتادا تەنیا لەسەدا دەی ئەو ھەوڵانە سەریان دەگرت، بەڵام دواجار بووە ھەڵاتنی بەکۆمەڵ لە باشوری کشتوکاڵی دڵڕەقەوە بۆ باکوری پیشەسازی کە سیستمی کۆیلایەتی تێیدا تەواو شل بووبووەوە، تەنانەت قاچاخچی و ڕێگای تایبەتی قاچاخچێتی پەیدا بوون بۆ ھەڵاتنی ئەو کۆیلانە.
ئەو سەرچاوانە باس لە ئافرەتێکی قاچاخچی دەکەن بەناوی (ھارییت تۆپمان)کە ٣٠٠ کۆیلەی ئاودیوی باکور کردووە، بۆیە لە باشور ئەوکاتە و لەو ڕۆژگاردا واتە ساڵی١٨٦٥ کە ساڵی تەواوبوونی شەڕی نێوخۆ بوو، (٢٥)ھەزار دۆلار کرا بوو بە خەڵاتی ئەو کەسەی ئەو ئافرەتە بگرێت یان بکوژێت.
زۆر جارانیش ئەو کۆیلە ڕەشپێستانەی دەستیان نەگەیشتایەتە ھیچ شتێک لەوانەی باسمان کردن و توانای ھیچ یاخیبوونێکیان نەبوایە، خۆیان دەکوشت(٨).
ھێربەرت ئەبتکەر کە ھزرڤانێکی مارکسیستە باس لە ٢٥٠ سەرھەڵدانی کۆیلەکان دەکات لە ئەمریکا کە بەگوێرەی ئەو گرینگترینیان لە ١٨٠٠ و ١٨٢٢ و ١٨٣١دا و بەسەرکردایەتی سێ ناوداری ڕەشپێستان ھەریەک لە: "گابریال برازەر"، "دێنمارک ڤیزی" و "نات تۆرنەر" بوون. ھەرچەندە ھەندێک لە کەسایەتییە سپیپێستە ناودارەکان و خەڵکەکە ھاوسۆزیان لەگەڵ ڕەشپێستەکان دەکرد و داوای ئازادییان بۆ دەکردن، بەڵام ھەوڵەکانی ھەڵاتن و سەرھەڵدانەکان بەتوندی بەرپەرچ دەدرایەوە.
خاوەنە سپیپێستەکانی کۆیلەکان کە زانیان موقاوەمەتی کۆیلەکان خەریکە زیاد دەکات و لە جیاتی کۆیلایەتی و کاری زۆر ھەرزان، زیانی گەورە دەکەن، سیاسەتێکی نوێیان گرتە بەر ئەویش گێڕانەوەی پۆستە پۆستەی ڕەشپێستەکان بوو بۆ ئەفریقیا و یەکەمین پۆستە ساڵی ١٨٣٠ گەڕێندرایەوە بۆ لایبیریا، بەڵام ڕەشپێستەکان ئەمجارەیان کەوتنە موقاوەمەتی گێڕانەوەیان و ھەر ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانێکی بەھێز بەدژی سیستمی کۆیلایەتی و بازرگانیی مرۆڤفرۆشی.
دروشم و ئامانجی بزووتنەوەکە: ئازادکردنی کۆیلەکان و نەمانی سیستمی کۆیلایەتی بوو. لە ساڵی ١٨٣٠دا، زیاتر لە پەنجا ڕێکخراوی ڕەشپێستەکان بۆ بەگژاچوونەوەی کۆیلایەتی، ڕێکخراوێکی سەرتاسەرییان دانا بەناوی"کۆمەڵەی ئەمریکایی بۆ بەگژاچوونەوەی کۆیلایەتی" و دەستیان بە پشتیوانی دوو سەرکردەی ناوداریان بوون "فریدریک دۆگلاس"و"ھایلاند گارنێت" کە دوو کۆیلەی ھەڵاتوو بوون. ساڵی ١٨٥٤ سەرکردەکانی بەرەی ئازادکردنی کۆیلان، ھەستیان بە پێویستی بوونی ڕێکخراوێکی سیاسی کرد، ئەوەبوو پارتی کۆمارییان دامەزراند، کە زۆربەی ھێزەکانی دژەکۆیلایەتی تێدا کۆبوونەوە. پارتی کۆماری ساڵی ١٩٦٠ ئەبراھام لینکۆڵنی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا ھەڵبژێردرا. بەڵام ھەر پاش کەمتر لە مانگونیوێک، لە ١٨ی کانوونی یەکەمی١٨٦٠دا، ویلایەتی کارۆلاینای باشور جیابوونەوەی خۆی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و دوای ئەویش ١٠ ویلایەتی تری باشور جیابوونەوەیان ڕاگەیاند، دەرەنجام لە نیسانی ١٨٦١دا شەڕی ناوخۆ(ئەھلی) ئەمریکا ھەڵایسا(٩).

شەڕی نێوخۆی ئەمریکا(١٨٦١ -١٨٦٥)
سیستمی کۆیلایەتی و بازرگانیی مرۆڤفرۆشی، یەکێک لە فاکتەر و پاڵنەرە ھەرە سەرەکییەکانی ھەڵایسانی شەڕی ناوخۆ بوو(١٠).
بازرگانی مرۆڤفرۆشی لە پایە ھەرە بنچینەییەکانی ئیمپراتۆریەتی ویلایەتەکانی باشور بوو، ترسی ئەوەش ھەبوو ئەو دیاردەیە ویلایەتەکانی ڕۆژئلواش بگرێتەوە، لەو کاتەشدا باکور دەبوونە کەمینە، بۆیە ئازادکردنی کۆیلەکان و نەھێشتنی سیستمی کۆیلایەتی، یەک لە ئامانجە سیاسیەکانی باکور بوو کە ھاوکات خەڵکەکەی باکور گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی سیستمی کۆیلایەتی ھیچ سوود و بنەمایەکی ئەخلاقی نەماوە.
ئەوەبوو لەپاڵ بەردەوامی و گەرمی شەڕی ناوخۆدا و بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس، سەرۆک لینکۆڵن، لە ٢٢ ی ئەیلوولی ١٩٦٣دا "بەیاننامەی ئازادکردن"ی ڕاگەیاند، لە بەاننامەکەدا، سەد ڕۆژ دانرا، واتە؛ تا ١ی کانوونی دووەمی ١٩٦٤، ھەموو کۆیلەکانی ئەو ویلایەتانەی تا ئەو کاتە کاریان بە سیستمی کۆیلایەتی دەکرد، ئازاد بکرێن. بەمەش لینکۆڵن، لەلایەک بڕیارێکی زۆر ئینسانیانەی دا، لەلایەکی تریشەوە ڕەشپێستەکانی ھەموو بەلای خۆیدا ڕاکێشا بەوانەشیانەوە کە بە ناچاری سەربازی ویلایەتە جیابووەکانی باشور بوون و بەدژی باکور و ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی لینکۆڵن، شەڕیان دەکرد.
لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، لینکۆڵن ڕۆژی ١٩ی تشرینی دوەمی١٨٦٣دا، لە گیتیسبێرگی ویلایەتی پنسلڤانیا، لە ڕێوڕەسمی یادی ئەو دەیان ھەزار سەربازەی حکوومەتی فیدراڵی کە لە شەڕەکانی نەھێشتنی یاخیبوونی ویلایەتەکانی باشور و یەکخستنەوەی ئەمریکادا گیانیان لەدەست دابوو، وتارێکی کورتی خوێندەوە کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین وتارەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا لە مێژوودا دادەنرێت، لەوێدا لینکۆڵن پووختەی بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی یەکسانی و نەھێشتنی کۆیلایەتی و جیاوازی ڕەگەزییەوە لە چەند ڕستەیەکی کەمدا دەربڕی کاتێک گوتی:
"پێش ٧٨ ساڵ باوباپیرانمان نەتەوەیەکی نوێیان بۆ سەر خاکی ئەم کیشوەرە ھێنا، لەو باوەڕەشدا بوون کە دەبێتە سەرزەوینی ئازادیی و بەو پەڕی تواناوە ھەوڵ دەدا ئەو پرنسیپە بچەسپێنی کە دەڵێ ھەمووان بە یەکسانی ھاتوونەتە دنیاوە. ئەو پیاوانەی لەسەر ئەم خاکە گیانیان سپارد، بەوپەڕی شایستەییەوە شاد دەبن، کاتێک نەتەوەکەیان دەبینن باڵا دەکات و دەیسەلمێنێ کە قەدری ھەموو ڕۆڵەکانی گەل یەکسانە بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزیان"(١١).
ساڵی ١٨٦٤، لینکۆڵنی ڕزگارکەری کۆیلە و ڕەشپێستەکان، جارێکی تر بەسەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرایەوە، شەڕی ناوخۆی بردەوە و شەڕ کۆتایی ھات.
دواتر لە ١٨٦٥دا سێزدەمین ھەموارکردنی د?
Top