پارتى دوای تێپەڕبونی 70 ساڵ؛ بۆچى دامەزرا و چیی کرد؟ دەبێت چى بکات؟

پارتى دوای تێپەڕبونی 70 ساڵ؛ بۆچى دامەزرا و چیی کرد؟ دەبێت چى بکات؟
بۆچى دامەزرا و چیی کرد؟
پارتی دیموکراتى کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا، بە دێرینترین دامەزراوەی سیاسیی کورد دەژمێردرێت، کە تا ئێستایش توانای بەخشین و داهێنان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی بۆ نەتەوەی کورد لەدەست نەداوە.
لە سەرەتایشەوە لەسەر دەستی بارزانی، بۆ ئەوە دامەزرێندرا، کە خەباتی نەتەوەییمان لە پچڕپچڕبوون و پارچەپارچە بوون دەرباز بکات. بۆیە لە سەرەتای دامەزرانییەوە کۆمەڵێکی زۆر لە کەسایەتیی کوردپەروەر و گرووپ و حزبی سیاسیی جۆراوجۆر، کە دابەشبوون بەسەر ناوچە جیاجیاکانی باشوورى کوردستاندا، لەژێر یەک چەتردا کۆ کردەوە.
پاشان لە ڕووی بەردەوامییشەوە، پارتی لە یەکەم تاقیکردنەوە، چوونی بارزانی و هەاڵەکانى بۆ سۆڤیێت و دوورکەوتنەوەی لە وڵات، بە سەرکەوتوویی دەرچوو، ئەوەبوو نەیهێشت خەباتی گەلی کورد بەهۆی دوورکەوتنەوەی سەرۆکەکەیەوە، وەک شۆڕشەکانی پێشووی کورد، لەبەین بچێت. لەو کاتەشەوە، پارتی کۆمەڵێک ئەکتى گەورەى لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق و ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا بەتەنیا یان بەهاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوەکانى ترى کوردستانى و عێراقى ئەنجام داوە، وەک سازدانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان کە بە سەرەتاى بەدامەزراوەیىکردنى شۆڕشى گەلى کورد دەژمێرێت، بەشداریى کارا لە ڕاپەڕین یان رووخاندنی رژێمی دیکتاتوری لە عێراق و بونیادنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ و شەڕى دژ بەتیرۆر.
پارتی، پارتێکی نەتەوەیى دیموکراسخوازە، ئەم دوو تەوەرە کرۆکی فیکریی پارتی پێکدێنن، نهێنی مانەوەی پارتییش بەو ئەکتڤییەى ئەمڕۆکەی لە دوای 70 ساڵ، دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتوویی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەو هێڵە فیکریە ڕوون و ئاشکرایە و پاراستنیشی بەدرێژایی ئەو ماوەیە. لەو ماوەیەشدا کارێکی زۆری ئەنجام داوە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراس کە تیایدا مافە نەتەوەییەکانی کورد فەراهەم بن. ئەمرۆیش لەدواى 70 ساڵ ئەو دوو مەتڵەبە (دیموکراسی و مافەکانی نەتەوەی کورد) دوو ویستی سەرەکیی پارتین و ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکەش سەلماندیان کە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردووە، ئەگەر دیموکراسی بەرقەرار نەبێت و ددان بە مافەکانی کورددا نەنرێت، ئەوا سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانە سەقامگیر نابن.
کەواتە دوای 70 ساڵ هێشتا هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامەی پارتی کە مافەکانی کورد و پرسی دیموکراسین، لەسەر ئاستی کورد و وڵاتانی ناوچەکەش، بڕستیان لێ نەبڕاوە و وەک خۆیان بەپێزن. بۆیە دەبێت پارتی وەک هەمیشە هەوڵ بدات ئەو بەرنامەیە بەتەواوی جێبەجێ بکات.

دەبێت چى بکات؟
دوای راپەڕین، بەرپرسیارەتی و تەحەدییەکانی بەردەم پارتی جەختی دەکردە سەر بەدامەزراوەییکردنی دەستکەوتەکانی راپەڕین و شۆڕشەکان، لە رێگای دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییە سەرەکییەکانی وەک پەرلەمان و حکوومەت، پاشان سەقامگیریی ئاسایش کە یەکێکی دیکەبوو لە بنەما سەرەکییەکانی بونیادی هەرێمی کوردستان. لە کابینەی چوارەمەوە سیاسەتی گەشەی ئابووری و پاشانیش سیاسەتە نەوتییەکانیەتی دەستی پێکرد، بەمەش هەرێم لە قەوارەیەکی سیاسیی رووتەڵەوە بوە قەوارەیەکی تۆکمە و خاوەن پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە قۆناغى ئێستادا گەلێک ئەرکى گرینگ چاوەڕوانى پارتى دەکەن کە بریتین لە:
لەسەر ئاستى نەتەوەیى، هێشتا کوردستان نەگەیشتووە بە سەربەخۆیى، ئەم داوایەش هەر لە سەردەمى یەکەم جەنگى جیهانەوە داخوازیى سەرەکیى گەلى کوردستان بووە، پلان و خەباتى شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى و شێخ مەحموودى نەمر و بارزانیى نەمر و ...هتد تەنها و تەنها خەباتى گەلێک بوون بۆ وەدەستهێنانى سەربەخۆیى بۆ کوردستان و گەیاندنى کوردستان بەپێگەیەک، کە خۆى بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات و چیی دیکە لە ناوەندەکانى ترەوە و لەلایەن نەتەوەکانى ترەوە بڕیار لەسەر ژیان و گوزەرانمان نەدرێت. بۆیە یەکەم و گرینگترین ئەرکێکى پارتى لەم قۆناغەى ئێستاى داڕشتنەوەى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، بریتییە لە کارکردن بەشێوازێکى چالاک و پاڵنان و گوشار خستنە سەر زلهێزەکانى ناوچەکە و جیهان تا مل بدەن و ددان بنێن بە مافى گەلى کوردستان لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆدا. هەروەها کارکردن بە شێوازێکى پلان بۆ داڕێژراو لەئاستى ناوخۆدا بۆ پتەوکردنى قەوارە و دامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان تا بگەنە ئاستى ئامادەیى بۆ دامەزراندنى دەوڵەت.
لەسەر ئاستی ناوخۆیشدا دەبێت بەرنامەى کارى حکوومیى پارتی، پێ بنێتە قۆناغی چەسپاندن و بەرقەرارکردنى دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابوورى، دەبێت پارتی لەم قۆناغەدا دادپەروەری برەو پێبدات و جەختی لەسەر بکاتەوە، هاووڵاتی هەست بکات ژیان و داهاتووی مسۆگەر کراوە. ئەمەش بێگومان پێویستی بە برەوپێدانی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانە وەک لەناوبردنى گەندەڵیی ئیدارى و هەرشێوازێکى نابەرابەرى ئابوورى، دابینكردنى خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، دابینکردنى کار، دڵنیایی لە بواری بێکاری و تەندروستی، دەرفەت ڕەخساندن بۆ نەوەى نوێ تا هێز و تواناکانى بخاتەگەڕ و بەشدارییەکى کارا بکات لە بەڕێوەبردن و پلاندانانى وڵاتدا، یەکسانیى نێوان ژن و پیاو و پاراستنى ژنان لە هەر زوڵم و دەستدرێژییەک لەسەر بنەماى ڕەگەز و...هتد فەراهەم بکرێت. ئەمەش تا رادەیەکی باش لە پرۆگرامی کۆنگرەی سێزدەدا نەخشەی بۆ کێشراوە و ماوەتە جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنی.
هەروەها دەبێت وابەستەیی هاووڵاتی بە هەرێمەوە پتەو بکرێت، تا ئەوەی هاووڵاتی ئامادە بێت بەرگری لەو قەوارەیە بکات، ئەوەش بە قووڵکردنەوەی دیموکراسی بەشێوەیەک هاووڵاتی هەست بکات لەم هەرێمەدا پارێزراوە و رێزی لێ دەگیرێت و خزمەت دەکرێت و مافخوراو نییە. ئەمەش بێگومان بەوە دێتەدى کە پتر بوار بدرێتە هاووڵاتى تا لەڕێگەى ڕادەربڕین و ڕاپرسى و هەڵبژاردن و ناڕەزاییدەربڕینەوە بەشدارى بکات لە داڕشتنى پلانى هەرێم و سیاسەتە گشتییەکان و جێبەجێکردنیاندا، بەرژەوەندیى هاووڵاتى بکرێتە پێوەرى سەرەکى و قیبلەنماى هەر بڕیارێکى دامودەزگا گشتییەکان، سەرەڕاى هەڵبژاردنە گشتییەکان هاووڵاتیان دەرفەتیان پێ بدرێت تا لە ڕێگەى ڕیفراندۆمەوە بڕیار لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکانى ژیانیان بدەن و بەشدارى بکەن لە پێشنیازکردنى یاساکان یان ڕەتکردنەوەیاندا.
یەکڕیزی و تەبایی بنەمایەکی سەرەکی بوون لە دامەزرانی هەرێمی کوردستان و هەر بەوەش دەتوانین بیپارێزین، بەرەی جوود و بەرەی کوردستانی و پاشان رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی، نیشانەی ئەوەن کە تەبایی و یەکڕیزی لەلای پارتی ستراتیژە نەک تەکتیک، بۆیە دەبێت ئەو سیاسەتەى پارتى زۆر تۆختر و ستراتیژیانەتر کارى لەسەر بکرێت و برەوى پێ بدرێت. مەسەلەکە تەنها تەبایى ناخۆ نییە، بەڵکو ڕێگرییشە لە پارچەپارچەبوونى ئەو قەوارە ماددى و مەعنەوییەى کە بەنزیکەى سەد ساڵ تێکۆشانى ملیۆنان خەڵکى کوردستان دروست کراوە.
لەسەر ئاستی دەرەوەش ئێمە لە شەڕى دژ بەتیرۆردا رۆڵێکى جیهانیمان بینى تا ئەوەى زلهێزێکى نێودەوڵەتى وەک وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمه‌ریکا لە مانگى ڕابردوودا لێکتێگەیشتنێکى هاوشێوەى پەیماننامەیەکى نێودەوڵەتی بە بەرچاوى حکوومەتى فیدراڵى عێراقەوە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا ئیمزا کرد، پێویستە ئەم پێگەیە بەهەموو شێوەیەک پەرەى پێ بدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى کە پتر خۆى دەبینێتەوە لە ناتەباییی ناوخۆ و هەڕەشەى دوو ئیدارەیى لاببرێن. پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە گشتی و لە بواری وزەدا بەتایبەتی لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا پتر گەشە پێبدرێن.
لەسەر ئاستى کارى ڕێکخراوەییش، شێوازی رێکخستنی پارتی بەدرێژایی 70 ساڵ بە گەلێک هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و دەستەکەوتەکانى هەرێمیش بەو رێکخستنانە بوون، بۆیە لایەنی پۆزەتیڤی شێوازەکەی لەوەدایە کە لە رووی پراکتیکەوە هەمیشە تاقی کراوەتەوە، لایەنی نێگەتیڤیشى لەوەدایە کە هەمیشە دامودەزگاکان بە تێپەڕبوونی کات چەند دابونەریتێکی رێکخراوەییان تێدا پەیدا دەبیت، هەر چەند گونجاویش نەبن، کەچى گۆڕینیان زەحمەت بێت. لە گرینگترین ئەو کارانەى کە پێویستە پارتى لەسەر ئاستى ڕێکخراوەیى لەم قۆناغەدا ئەنجامیان بدات، بریتین لە قووڵکردنەوە و پتەوکردنى دیموکراسیى ناوخۆ، کە خۆى دەبینێتەوە لە پترکردنى کۆنفراس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەتایبەت لە دەستەکانى خوارەوەیدا و دانانى بەرنامە بۆ کەمکردنەوەى پشتبەستنى کادرانى ئۆرگانەکان، بەتایبەتى نەوەى نوێ، لە بژێوى ژیانیاندا بە سەرچاوە داراییى حزبی، چونکە ئەم دوو لایەنە ڕێگا دەکاتەوە بۆ گەیشتنى نەوەیەکى نوێى خاوەن بیرى نوێ و تواناى سەردەمیانە بە ناوەندەکانى بڕیاردان لە سەرجەم ئاستەکاندا.
هەروەها لەبەرچاوگرتنى گۆڕانی بارودۆخی کوردستان و شێوازی گوزەران و پێگەیشتنی نەوەیەکی نوێی دوای راپەڕین، کۆمەڵێک پێشهاتن کە دەخوازن هەمیشە پارتی لە توێژینەوەدا بێت لەبارەی کاریگەرییان لەسەر شێوازی کاری رێکخراوەیی و بەشێوەیەک گۆڕانکارى تێدا بکات کە لە ئاستى ئەرک و پلانەکانی و گۆڕانى ژینگە و دەوروبەرەکەشیدا بن.
Top