فیدرالیزم و سەربەخۆیی

فیدرالیزم و سەربەخۆیی
لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانمان لە گەڵ بەرپرسێکی باڵی بەلجیکی باسی سیستەمی فێدێرالی ئەو وڵاتەمان لێ کرد کە ناسراوترینە لە ئاستی جیهان.
لە وەڵامدا باسی ئەزموونی چێکۆسلاواکیای کرد و وتی کاتی خۆی بۆ تاوتۆ کردنی سیستەمی فێدێرالی لە نێوان خۆیان سەردانی ئێمەیان کرد و هەمان پرسیاری ئێوەیان کرد. کە بۆمان شی کردنەوە وتیان سیستەمی فێدێرالی واپێ دەچێت زۆر ئەستەم و بە کێشە بێت بۆیە باشترە بژاردەی دابەشبوون لە نێوان خۆمان هەڵبژێرین کە سادەتر و ئاسانتر و بە سودترە بۆ گەلەکانمان.
ئەوە بوو وڵاتی چێکۆسلاواکیا لە 31.12.1992 بە ئاشتی و رێکەوتن دابەشی هەردوو وڵاتی چێک و سلۆڤاکیا بوو.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سیستەمی فێدێرالی بۆ عێراق گوناجاو و سەرکەوتوو بووە؟ ئەگەر نا، ئالتەرناتیڤەکان چین؟
بەردەوام بوون لەو دەولەتە فەشەلە یا خود جیابوونەوە؟
بیرمان نەچێت کە عێراق زۆربەی سیسیتەمە حکومرانیەکانی جیهانی تاقی کردووتەوە لە سیستەمی پادشاهی تاکوو کۆماری و سۆشیالیستی و دیکتاتۆری و ئیستاش دیموکراتی. کەواتە کێشە لە سیستەمی حکومرانی نیە، کێشەکە لە بناغەی دامەزراندنی ئەو وڵاتە هەیە کە حەق وانیە ئێمەی کورد هەتا هەتایە بەردەوام بین لە گەڵی دەبێت بە جددی بیر لە بەرژەوەندی و دوارۆژی خۆمان بکەینەوە.
بۆ سەربەخۆیی هەموو کاتێک گونجاوە ئەگەر ئیرادەمان هەبێت و باوەرمان بەخۆمان بێت.
Top