جیابوونەوە لە عێراق بە پێوانەی سوود و زیان

جیابوونەوە لە عێراق  بە پێوانەی سوود و زیان
ئێرلەندا و سكوتلەندا و باسك و كەتەلۆنیا و كیوبیك دەیانەوێ لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و كەنەدا جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دامەزرێنن. هەریەك لەوان زیاتر لە یەك سەدەیە لەم پێناوەدا تێدەكۆشن و قوربانی زۆریان داوە.
ئەو بەریتانیایەی كە ئێرلەندا و سكوتلەندا دەیانەوێ لێی جیاببنەوە، دەوڵەتێكی سەرمایەداریی پیشەسازیی پێشكەوتووە. دەوڵەتێكی دیموكراتی خودان شكۆ و پایەدار و دەستڕۆیشتووی نێودەوڵەتییە. ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێكخراوی (جی حەوت)ـە كە رێكخراوی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییە هەرە دەوڵەمەندەكەی جیهانە. ئەندامی رێكخراوی بازرگانی جیهانییە. رابەری وڵاتانی كۆمنوێڵسە. ئەمە بۆ وڵاتانی فەڕەنسا و ئیسپانیا و كەنەداش بە كەمێك زیاد، یان كەمێك كەمتر دروست و راستە. واتە ئەو هەرێمانەی ناوم بردوون، خەبات دەكەن بۆ جیابوونەوە لە وڵاتانی دیموكراسیی پێشكەوتووی سیاسی و ئابووری خودان پێگە و ئیعتیباری نێودەڵەتی.
ئێمەی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش وەك ئەوان دەمانەوێ هەرێمەكەمان لە عێراق جیابێتەوە و سەربەخۆ بێ و دەوڵەت دامەزرێنین. ئەوان لە وڵاتانی دیموكراتی خاوەن ئابووریی تۆكمە جیادەبنەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لە دەوڵەتێكی تائیفی فاشیلی پاشكەوتووی قەرزار و خاوەن ئابووریی داڕوخاو كە چوارەمین دەوڵەتی هەرە گەندەڵە لە جیهاندا جیابینەوە. ئێمە دەمانەوێ لە دەوڵەتی ئەنفال و كیمیارێژ و تەعریب و تەبعیس و شەڕی تائیفی جیابینەوە. ئەوان دەیانەوێ لە دەوڵەتانی خودان شكۆ و سەروەری و دەستڕۆیشتووی نێودەوڵەتی جیاببنەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لە دەوڵەتێك جیابینەوە كە سەروەریی نەماوە و بۆتە كانتۆنی میلیشیا چەكدارەكان و گوێ لە مستی ئێران.
ئەوان لە دەوڵەتانێك جیادەبنەوە كە ئەگەری زەرەركردنیان لە ئەنجامی جیابوونەوەكە زۆر زۆرە. بەڵام جیابوونەوەی ئێمە سەد لە سەد لە قازانجمانە و جگە لە كۆت و كێشە و مێژوویەكی تاڵ و پڕ نەهامەتی و ئێستایەكی پڕ لە خوێنی شەڕی تایفەكان و زوڵم و غەدری فاشی و شۆڤێنی زیاتر لەدەست نادەین.
ئەوان لە بەریتانیای عوزما جیا دەبنەوە، ئێمە لە عێراقی لەتوپەت بوو.
ئەوان لە فەڕەنسا، لانكەی ئازادی و دیموكراسی و جوانی جیا دەبنەوە، ئێمە لە عێراقی سەركوت و كارگەی بەرهەمهێنانی تیرۆر و پیسترین وڵاتی دنیا جیا دەبینەوە.
ئەوان لە كەنەدای پڕ خێر و خاوەن زۆرترین سامان جیا دەبنەوە، ئێمە لە عێراقی شكستخواردووی هەژار جیادەبینەوە كە جگە لە ئەنفال و كیمیا و جەنگ شتێكی تری نەداوە بە كوردستان.
لە ئێرلەندا و باسك و كیوبیك و كەتەلۆنیا خەڵكانێك هەن دژی جیابوونەوەن، چونكە پێیانوایە هەرێمەكانیان هەژارن و مانەوەیان لەگەڵ وڵاتە پێشكەتووە دەوڵەمەندەكان باشترە و بە هۆی بەهێزیی ئەوانەوە ئەمانیش بەهێز دەبن. لای ئێمەیش خەڵكانێك هەن دژی جیابوونەوەی كوردستانن لە عێراق، بەڵام عێراق نە بەریتانیایە نە فەڕەنسا، نە ئیسپانیا و نە كەنەدایە تا پێیانوابێ بە جیابوونەوەمان زەرەر دەكەین.
كە ئەوان بە جیابوونەوە لەو وڵاتە گەشەكردووە دیموكراتانە سوودمەند بن، ئەدی ئێمە بۆچی بە جیابوونەوەمان لە عێراقی نەخۆش و فاشیل و تایفەگەری زەرەرمەند دەبین؟!

Top