شەڕپێكردن

شەڕپێكردن
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: هیچ كەس بۆی نییە بە ئێران بڵێت عێراق جێبێڵە. محەمەد جەواد زەریف گوتی: داواكردن لە ئێران كە هێزەكانی لە عێراق بكێشێنێتەوە، دەستوەردانە لە كاروباری عێراق.
سەیرە، لە كن ئاغای زەریف، پێوەربوونی سوپای پاسداران بە پانودرێژی عێراق، بەداخەوە بە بەشێكی كوردستانیشدا، بە دستێوەردان نازانێت، بەڵام ئەگەر یەكێك داوا بكات، ئێران بچێتە دەرەوە، دەستێوەردانە!!
ئەم ئێوارەیە، لە تازییەی خزمێكماندا لە سلێمانی، برادەرێك ڕووی تێكردم و پرسی: كەی ئەم شەڕی داعشە تەواو ئەبێت؟ گوتم وەڵامێكت دەدەمەوە، جا نازانم پێی ڕازیت یان نا: كەی ئێران لە عێراق نەما و دەستی لە یەخەی كوردستان كردەوە، داعش بەرگەی یەك هەفتەی پێشمەرگەی كوردستان ناگرێت.
وامزانی وەڵامێكی دیپلۆماسییانەی بەگرێوگۆڵم داوەتەوە، بەینی خۆشمان بێت، چونكە لە سلێمانی بووم، پێموابوو، هەر بە وەڵامەكە ڕازی نابێت، كەچی برادەرەكە، تومەز دەزانێت لەم دەڤەرە چی دەگوزەرێت، دەمودەست، سەرێكی ڕازیبوونی لەقاند و گوتی: وەڵا ڕاست ئەكەی، هەموو فیتەكە ئێرانە.
برادەرەكەی تەنیشتی، خۆی پێ نەگیرا و هەڵیدایە، ئاخر چۆن، مەگەر ئێران شەڕی داعش ناكات؟ وەڵامم دایەوە: ڕاست دەكەی، لە ڕواڵەتدا بەڵێ، وەلێ ڕاستییەكەی، شەڕی پێدەكات. خێرا پرسییەوە: چۆن؟ ویستم وەڵامی بدەمەوە.. كۆمەڵێك خزم و دۆست هاتنە ژوورەوە و فاتیحەیان دادا.
Top