ڕێگەی ئاسان بۆ دەرچوون لە قەیران

ڕێگەی ئاسان بۆ دەرچوون لە قەیران
سەرھەڵدانی قەیران لە ماوەی فەرمانڕەوایی ھەر حکومەتێکدا شتێکی چاوەڕوانکراوە و دەیان نموونەی بەرچاویش لە ڕابردوو و ئێستادا ھەن کە شایەدی بۆ ئەم قسەیە دەدەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە جیاوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ قەیراندا، چونکە کاتێک حکومەتە جیاوازەکان تووشی ھەمان قەیران دەبن، دەبینین ھەندێکیان خۆڕاگرانە بەرگەی دەگرن و ھەڵدەستنەوە، ھەندێکیشیان لە بەرەنگاربوونەوەیدا شکست دێنن.
ئەم دوو ئەنجامە جیاوازە بۆ ھەمان سەرەتا ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەوە خۆڕاگریی حکومەتەکان و ھەبوونی رێگەچارەی زانستی و سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی سەرکەوتووان کە دەبنە ڕێگانیشاندەر بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی قەیران و بنیادنانی ئایندەیەکی گەش بۆ گەل و وڵات.
لێرەوە جێگەی خۆیەتی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بخەینە بەرچاوی دروستکارانی بڕیار وەک رێنماییەکی گشتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی قەیرانێک کە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بە وریایی و نەفەسی درێژ و ھەستیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات:
١- خێرا بنیادنانەوەی پردی متمانە لە نێوان حکومەت و خەڵکدا.
٢- پێداچوونەوە بە خشتەی نوێی مووچە و دەستکردن بە کەمکردنەوەی بەرچاوی خەرجییەکانی دامودزگاکانی حکومەت خۆی، بۆ ئەوەی ھاووڵاتی ڕازی بێت بەو ھەنگاوانەی کە دواتر ئەوانیش دەگرێتەوە.
٣- ھەماھەنگیی لەگەڵ پەیمانگا نێودەوڵەتییە شارەزاکان بۆ سوودوەرگرتن لە (پڕۆژەی ریفۆرمی دارایی) وەک رێگەچارەیەکی خێرا بۆ دەرچوون لە بازنەی مەترسیداری قەیرانەکە.
٤- خۆدوورگرتن لە کات بەفیڕۆدان، چونکە ھەرساتێک دواکەوتن لە ئەنجامدانی چاکسازی، تووڕەیی ھاووڵاتیان خێراتر دەکات.
٥- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ھاوشێوەی وڵاتانی دی کە بە ھەمان قەیراندا تێپەڕبوون و لێیشی بە سەرکەوتوویی دەربازبوون.
٦- لە سەرەتای چاکسازیدا پێویستە دەست بۆ ئەو سێکتەرانە ببرێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لە سەر ھاووڵاتیان بەجێناھێڵن، وەک کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و کەمکردنەوەی دامودەزگاکانی.
٧- دۆزینەوە و کۆکردنەوەی قەرزەکانی حکومەت لە سەر کەرتی تایبەت.
٨- پەیڕەوکردنی سیاسەتی شەفافییەت و گوتنی راستییەکان بۆ بەشداریپێکردنی ھاووڵاتیان لە ھەڵگرتنی بەشێکی بەرپرسیاریەتییەکان.
٩- بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی ھاوسەنگی لە ھاوکێشەی ژمارەی دانیشتووانی شار و لادێ لە ڕێگەی:
- پشتگیریکردنی دارایی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی بەشێک لە ھاووڵاتیان بۆ گوندەکانیان.
- زیندووکردنەوەی ئابووریی کشتوکاڵی .
- فەراھەمکردنی خودبژێوی لە بواری بەرھەمە کشتوکاڵییەکاندا.
- بە زانستی کردنی کەرتی کشتوکاڵ.
- ھێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ زیادکردن و چاکترکردنی بەرھەم.
- دامەزراندنی پیشەسازیی خۆراک.
- دابینکردنی دەرفەتی کار لەلادێ بۆ ئافرەت و پیاو بە مەبەستی بەھێزکردنی ئابوریی لادێ و زیادکردنی داھات .
١٠- بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاری گشتی و ئایینی لە ڕێگەی :
- پەرەپێدانی چەمکی گەشتوگوزاری ژینگەیی و ئایینی.
- ھەماھەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوار.
- دانانی مەرجەکانی ژینگە لەسەر وەبەرھێنان لە بواری گەشتوگوزاردا .
- کارکردن بە ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری گەشتوگوزار و ژینگەدا.

١١- کارکردن بۆ دامەزراندنی (ئەنجومەنی ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) کە پێکبێت لە:
یەکەم: سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وەک سەرۆک.
دووەم: سەرۆکی دەستەی نەزاھە وەک ئەندام.
سێیەم: سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی وەک ئەندام.
چوارەم: نوێنەرێکی دەسەڵاتی قەزایی وەک ئەندام.
پێنجەم: سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی رێکخستنی بازاڕی دراو ، وەک ئەندام.
کاری ئەم ئەنجومەنە بریتی بێت لە:
١- دروستکردنی ھەماھەنگی لە نێوان دەزگاکانی تایبەت بە چاودێری دارایی.
٢- دانانی میکانیزم و شێواز و رێوشوێنی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
٣- دانانی ستراتیژیەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە رێگەی:
ڕ : ھەنگاوی خێرا بەرەو چاکسازیی ئیداری و سەروەریی یاسا.
ب : چاککردنی شێوازەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.
ج : گەشەپێدانی شێوازی چاودێری.
د : بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی دەستپاکی ونەزاھە وشەفافییەت.
١٢- دانانی بەرنامەیەکی واقیعی لە لایەن حکومەتەوە بۆ:
+ راستکردنەوە و چاککردنی پەیکەری ئیداری و رزگاربوون لە رۆتینی ئیداری.
+ گۆڕینی جۆر و شێوازی دەوامکردن و داھێنانی دەوامی بەرھەمدار نەک بێکاریی دەمامکدار .
+ گۆڕین و نوێکردنەوەی ھاوچەرخانەی بینای فەرمانگەکان .
+ کاراکردنی سیستمی کاری بانکی و گۆڕینی سیستمی مامەڵەکردن بە پارە و پووڵ.
+ راھێنانی کارمەندان لە رێگەی خولی زانستی و پسپۆڕێتییەوە .
+ دامەزراندنی کارمەندان لە ڕێگەی ئەنجومەنی راژە.
+ گۆڕینی ئەو وەزیر و بەرپرسانەی توانایان سنووردارە و داھێنانیان نەماوە.
١٣- خستنەگەڕی تواناکانی راوێژکاران و کارکردن بە گیانی کۆکاری و یەک تیمی و گێڕانەوەی پێگەی شایان بۆ کاری راوێژکاری بە کەمکردنەوەی راوێژکاران و کۆکردنەوەی راوێژکارە کاراکان لە دەستەیەکدا بە ناوی (دەستەی راوێژکاریی ئەنجومەنی وەزیران)، کە کاربکەن بۆ بەشداربوون لە دانانی پلان و ئامادەکردنی باس و دۆزینەوەی میکانیزمەکانی نوێ بۆ دابەشکردنی راوێژکاران بە سەر چەندین گروپی پسپۆڕ لە کاری خۆیاندا.
١٤ – رەخساندنی زەمینە بۆ ھەماھەنگی و ھاوکاری لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانی رێککەوتنی سیاسیی نوێ بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە پێویستییان بە چاوپێداخشاندنەوە ھەیە.
١٥- ھەوڵدان بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەتایبەتکردن(الخێخێە)ی ھەندێک لە سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی وەک شارەوانی و ئاو و کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن، لەڕێگەی:
- پێدانی ھەل بە کارتی تایبەتی بەرپرسیار و بەشدار لە پەرەپێداندا.
- پێوەندیی حکومەت لەگەڵ کەرتی تایبەتدا، پێوەندیی رێکخستن و سەرپەرشتی و چاودێری بێت، نەک بەشداربوون.
- دەرچوواندنی یاسای نوێ، یان ھەموارکردنەوەی ھەندێک لە یاساکان وەک یاسای وەبەرھێنان و یاسای بانکەکان.
- ھاندانی کەرتی تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و کۆمپانیا کشتوکاڵییە نیشتمانییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پیشەسازییە خۆراکییەکان.
- ھەستکردنی کەرتی تایبەت بە ڕۆڵی نیشتمانی و نەتەوەیی دوور لە قازانجی خێرا، بۆ ھاوکاریکردن لە دەربازبوون لەم قەیرانەی زیانی بۆ ھەمووان ھەیە.
Top