لە نێوان دەولەتی ئاینی ودەولەتی مەدەنی

لە نێوان دەولەتی ئاینی ودەولەتی مەدەنی
د.عەرەفات کەرەم مستەفا

پەیڤیTheocracy وشەیێکی یۆنانی یەو، لە دوو بڕگە پێکھاتووە: یەکەم: Theos خودا، برگەی دووەم: Cracy لە یۆنانی Kratia واتە حوکم ، واتە حوکمی خودا، یەکەم کەس کە ئەم پەیڤەی داھێنا دیرۆکڤانی جولەکە یوسفوس بوو Josephus ناوبراو ئەم وشەیەی لەتەورات دەرھێنا بۆئەوەی لەسەر بنەمای یاساکانی خودا دەوڵەتێک دابمەزرێنێت، واتە تەورات". کەواتە: ئەم بیرۆکەیە لە بنەڕەتدا لە یەھودیەتەوە ھاتووە، چونکە ئەگەر تەورات بخوێنینەوە دەبینین لە سیفری (التپنیە) دەڵێت: خودا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ حوکمی ئیسرائیل دەکات". ھەروەھا لە سیفری تەکوین ئیسحاحی حەڤدە ھەمان بیرۆکە دووبارە بۆتەوە، ناوی ئەم دەولەتەشی ناوە(مملکە اللە) The Kingdom of God واتە (جێنشینی خوا) لە سفری (القچاە)دا ھاتووە ئەبێ حاکم لە پیاوە ئاینیەکان بێت.

ئەم ھزرە کاریگەری ھەبوو لەسەر مەسیحیەت ، (برتراند رسل) فەیلەسوفی بەریتانی دەڵێت: (دەوڵەتی یەھودی ، دوای گەڕانەوەیان لە بابل دەوڵەتێکی ئاینی بوو، مەسیحیەکانیش لەوان فێر بوون، دەوڵەتێکی ئاینی دروست بکەن). وابزانم یەکەم کەسی ریفۆرمخواز دۆمینیکی مەسیحی ساڤۆنا رۆلا بوو Savonarola کە داوای دەوڵەتێکی ئاینی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر دژی گەندەڵی بوو، تا گەیشتە ڕادەیەک ڕوو بە ڕووی پاپا ئەسکەندەری شەشەم بوەوە، بەڵام لە ساڵی (١٤٩٨ز) بە زیندوویی سووتێنرا. لە داخی ئەم تراژیدیایە میکاڤیلی (١٥٢٧ز) Machiavelli گووتی: ئەو پێغەمبەرانەی چەکیان نییە بەردەوام شکست دێنن". دوای ئەوەی ئەم بیرۆکەیە لەمەسیحیەتدا جێگیر بوو، ھەریەک لە(پۆلس) و (بۆترۆس) و (ترتلیان) Tertullian بەرگریان لەو بیرۆکەیە کرد، (پۆلس) دەڵێت:(سوڵتان و دەسەڵات لە خوداوەیە، خودا ئەوانی داناوە بۆ ئێمە، ئەگەر ئێمە بەرەنگاریان ببینەوە، ئەوا بەرەنگاری دانانی خودا ئەبینەوە)، (ترتلیان)یش دەڵێت:(دەسەڵاتی ئیمبراتۆر لە خوداوە ھاتووە)، (بۆترۆس)یش ھەمان بۆچوونی لەسەر دەسەڵات ھەیە. دوای ئەوە پاشاکانی ئەوروپا زیاتر بایەخیان بە ئایندا، چونکە بایەخدان بە ئاین یان بە مەسیحیەت ، واتە درێژکردنی تەمەنی دەسەڵات ، ھەروەھا ئەوکەسەیان لە خۆ نزیک دەکردەوە کە بەرگری لەم جۆرە دەسەڵاتە دەکەن ، بۆ نموونە: (سێر روبەرت فیلمەر) (١٩٦٣ز) Sir Rbert Filmer خاوەنی کتێبی Patriarcha (حوکمی پاپایی) کە یەکێکە لە ھزرڤانانی سیاسی لەبەریتانیا، زۆر بەرگری لەم جۆرە حوکمە دەکرد، بۆیە دەلێت: ھیچ کەسێک لە دایک نابێت و ئازاد بێت، ھەموومان بەندەین و، لە ژێر ئیرادەی حاکمی خاوەن دەسەڵاتی بێ سنوور داین... چونکە مەلیک لە سەرووی ھەموو یاسایێکە". ھەروەھا (جاک بوسوێت) (١٧٥٤ز) Jacques Bossuet بە (لۆیسی چواردەھەم) دەڵێت: (ئەو تەختەی تۆ ، ھی مروڤ نیە، بەڵکو ھی خودایە). سەرەڕای ئەو شۆرەشە گەورەیەی کە مارتن لوسەری ئەلمانی(١٥٤٦ز) لەدژی کەنیسەی کاسولیک بەرپای کردو، کەنیسەی پروتستانتی دروست کرد، بەڵام ئەویش ھەمان بۆچوونی ھەیە لە سەر سیاسەت و حوکمڕانی ، بەڵکو زۆر توندتریش بۆی چووە، ناوبراو دەلێت: (ئەو دەستەی کە سەرێک بە شمشێر دەبڕدرێت، ئەمە دەستی مروڤ نیە، بەڵکو دەستی خودایە). ھزرڤانی فەرەنسی جان بودان Jean Bodin دەڵێت:(پاشا لەسەروی یاساوەیە، چونکە خۆی دروستکەری یاسایە، ئەمە دەبێ وابێ).

مێژووی ئیسلامیش لەم جۆرە نموونانە زۆر دوور نیە ، بەڵام ئەو مێژوویەی کە باسی دەکەم لەدوای ھەر چوار خەلیفە دەست پێدەکات ، دوای ئەوەی کە کێشە کەوتە نێوان ئیمامی عەلی و معاویە، پاشان کێشەکە بۆ نەوەکانی پێغەمبەر مایەوە، بەڵام ئیمام حەسەنی کوڕی ئیمامی عەلی لەسیاسەت کشایەوە، پاشان کۆچی دوای کرد، لەکوفە خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە بۆپشتگیری کردنی کوڕی دووەمی ئیمامی عەلی(ر.خ) کە ئیمام حوسەینە، ئیمام حوسەین لەگەڵ چەند ھەڤالێک لە مەککەوە ڕوویان کردە کوفە، ھەرچەندە خەڵکێکی زۆر کە (ئیبن عەباس) یەکێک بوو لەوان، ئاموژگاریان کرد کە نەڕوات، بەڵام ھەر ڕۆیشت، پاشان لە کەربەلا بەکوشتنی ئیمام حوسەین و ھەڤاڵانی تراژیدیا دەستی پێکرد ، دوای تراژیدیاکە عەلی کوڕی حوسەین لەگەل (محمد)ی کوڕی توانیان خۆیان رزگاربکەن و ، خۆیان بگەیێننە مەدینە، ئیبن تەیمیەی حەرانی دەڵێت: بەڵکو ئازاد کران بەبێ ئازار، (ابن زبیر) لە دوای کارەساتی ئیمام حوسەین لە کەربەلا، خۆی وەکو خەلیفە ڕاگەیاند و خەڵک بەیعەتیان پێدا، بەڵام لە نێوان ئەوو یەزیددا شەڕ ڕوویدا ، کە یەزیدیش کۆچی دوای کرد، عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان شوێنی گرتەوەو، بەردەوامی بە شەڕەکەداو، حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفیی نارد بۆ ئەوەی شەڕ لەگەل (ابن زبیر)دا بکات لە مەککە، ئەوەبوو مەککەیان داگیرکردو (ابن زبیر)یان کوشت. من زۆر ناچمە نێو بابەتەکە، چونکە ئەترسم لە بابەتەکە دەربچم، بەڵام معاویە(ر.خ) یەکەم کەس بوو بیرۆکەی دەسەڵاتی بنەماڵەی داھێنا، چونکە ھەوڵی دەدا بۆ ئەوەی (یەزید)ی کوڕی ببێتە فەرمانڕەوای موسوڵمانان. ئومەویەکان کە لەساڵی(٤٠ھـ) بوون بە خاوەن دەسەڵات ، یەکەم کاریان بەعەرەبکردنی دەوڵەت بوو، واتە: لە ناوەرۆکدا دەوڵەتیکی سیاسی عەرەبی بوو، تەنیا بە ڕووکەش دەوڵەتێکی ئاینی بوو، بەڵام کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، بوو بە دەوڵەتێکی ئاینی دیکتاتوری جەبری عەرەبیزم. تەنانەت کاتێ عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان (٧٣ھـ،٨٦) دەسەڵاتی گرتە دەست قورئانی پیرۆزی ھێناو گووتی: (ئەوە جاری کۆتاییە دەتبینەمەوە). ھەروەھا بە موسوڵمانانی گووت: (ھەر کەسێک پێم بڵێ تەقوای خوا بکە سەری دەپەڕێنم). یەزیدی کوڕی عەبدولمولیک ویستی لەسەر ڕێچکەو رێبازی عومەری کوری عبدالعزیز (ر.ح) بڕوات، بەڵام لە چل رۆژ زیاتر نەیتوانی بەردەوام بێت، چونکە عومەر مرۆڤێکی دلسۆزو لە خواترس و دادپەروەر بوو، بۆیە یەزید نەیتوانی، چونکە ھەموو سیفەتەکانی بە پێچەوانەی عومەر بوون ، بۆیە چل زانای ھێنا بۆ ئەوەی شاھید بن کە ھیچ لێ پێچینەوەو سزای لەسەرنیە، واتە: خۆی ئازادەو لەسەرووی ھەموو شتێکەوەیەو، کەس مافی ئەوەی نیە رەخنەی لێ بگرێت. ھەندێک لەزانایان بەرگریان لە دەسەڵاتەکەی کرد و ، چەندین حەدیسێکی بێ بنەمایان دروست کرد گوایە خوای گەورە ئومەویەکانی بە دیاری بۆ موسوڵمانان ناردووە، بە تایبەتی ئەو حەدیسە بێ بنەمایانەی کە باس لەسوڵتان و فەرمانڕەوا دەکەن، بۆ نمونە: حەدیسی (السلگان ڤل اللە تعالی فی الڕرچ). واتە سوڵتان یان خەلیفە سێبەری خودایە لەسەر زەمین، ئێمە ناتوانین ئەم وەسفە بە یپَغەمبەری خواش (د.خ) بدەین، چ جای ئومەویەکان؟ کاتێ زیادی کوری معاویە بوو بە والی لە بەسرە گووتی:(ئێمە بە سوڵتانی خودا کە بە ئێمەی بەخشیوە، حوکم لە ئێوە دەکەین". بەڵام کاتێ سەیری خەلیفە ئەبوبەکر(ر.خ) دەکەین، دەبینین لەیەکەم وتاری دەستبەکار بوونیدا چی دەڵێت؟ ئایا گووتی: من بە سوڵتانی خودا حوکمی ئێوە دەکەم؟ بەڵکو گووتی: (من وەکو ئێوە مروڤم ، لەئێوە باشتر نیم، ئەگەر ڕاست بووم بە دوام بکەون، ئەگەر ھەڵەم کرد ڕاستم بکەنەوە، چونکە سەرکردە ھەروەکو (سیر روبەرت فلمەر) (١٩٦٣ز) Sir Rbert Filmer دەڵێت: وەکیلی گەلەکەیتی، باوکی گەلەکەی نیە، ئەگەر خزمەتی گەلەکەی کرد ئەوا دەمێنێ ، ئەگەر نەیکرد پێویستە لەسەر دەسەڵات نەمێنێ ، ھەروەک چۆن مرۆڤـ وەکیلی خۆی دەگۆڕێ ئەگەر بەدڵی نەبوو، واتە خزمەتی باشی نەکرد، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان پێیان خۆشە بە سەرکردەکان بلێین:(باوک ، برا ، سێبەری خودا) چونکە لەوکاتەدا ، ئێمە ناتوانین بیانگۆڕین ، بەڵام ئەگەر حیسابی وەکیلیان بۆ بکەین ، ئەوا گۆرینیان ئاسانە.


لە دوای ئومەویەکان عەباسیەکان ھاتن، یەکەم خەلیفەیان سەفاح بوو، لە ساڵی(١٣٢ھـ) لە کوفە بەیعەتی پێدرا. ئەویش ھەمان کاری ئەنجامدا، ئەوەندەی لەئومەویەکان کوشت تاوەکو ناویان لێنا سەفاح، کاتێ ھاتە کوفە، وتارێکی داو گووتی: (ڕنا السفاح المبیح، والپاپر المبیر)، واتە: من بۆم ھەیە ھەرکەسێ بکوژم، من شۆرەشگێرێکم وەکو شمشێر ئەبڕم، کەس ناتوانێ ڕێگریم لێ بکات، ئێمە حوکم بە قورئان و سوننەت دەکەین، ئەم دەسەڵاتە لە ئێمە ناچێتە دەرەوە تاوەکو تەسلیمی عیسای پێغەمبەر دەکەینەوە).

بەڵام سیستەمی دەوڵەت پێچەوانەی ئومەویەکان بوو، چونکە ئەمانە دژی سیاسەتی بەعەرەبکردن بوون، بۆیە لەو سەردەمەدا غەیرە عەرەبەکان پێشڤەچوونیان بەخۆوە بینی، لە ھەموو بوارێکەوە. پاشان دەوڵەتی عوسمانی دروست بوو، ئەوەی بەسەری میللەتی کوردی ھێناوە بەسە بۆ ناسینی ئەم دەوڵەتە، دەوڵەتێکی ئاینی مەزھەبی حەنەفی. پێویست ناکات باسی ئەم دەوڵەتە بکەین، چونکە(عبد الرحمن کواکیبی) کتێبەکەی لەسەر دیکتاتوریەتی دەوڵەتی عوسمانی نووسی بوو، کاتێک لەسەر داوای سوڵتان عبد الحمید (جمال الدین)ی ئەفغانی ھاتە ئەستەنبۆڵ ، بەچاوی بەخۆی بینی چ جۆرە دکتاتوریەتێک لەم وڵاتەدا ھەیە، ھەموویشی بە ناوی ئاینەوە، یەکێک لە زانایانی کوردی باکور، باسی ئەم دەوڵەت و سوڵتانەی کردووە، ئەویش شێخ سەعیدی نورسیە کە لە نامیلکەکانی خۆیدا (رسائل النور) تیشکی خستۆتە سەر. شتێکی دیارە کە ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەماکانی مەزھەبی حەنەفی دروست بوو، کە پێی دەڵێن (مجلە الڕحکام العدلیە) بەڵام دوای تەمەنێکی زۆر ھەندێ لەسوڵتانەکانی عوسمانی ویستیان تەنیا کار بەم (مجلە)یە نەکەن، بەڵکو سوود لەمەزھەبەکانی تریش وەربگرن، چونکە خەڵکێکی زۆرھەن سەر بەمەزھەبەکانی ترن، بەڵام زانایانی ئەو سەردەم قەبوڵیان نەکرد بەھیچ شێوەیەک ئەم کارە بکەن، ئەم جۆرە سیاسەتە تەسک بینی یە، بووە ھۆی درووست بوونی کاردانەوەیێکی توند لەنێو گەلانی تری موسوڵماندا، وەکو کورد و عەرەب و بەربەر(ئەمازیغ) کە زۆربەیان سەر بەمەزھەبی تر بوون، لەسوریا لەساڵی (١٩٤٩) وەزیری داد (ئەسعەد کورانی) (مجلە الڕحکام العدلیە)ی عوسمانی حەنەفی ڕەتکردەوەو کاری بەیاساکانی ڕوژئاوا کرد، چونکە مەزھەب تەنیا بۆچوونە، بۆیە ئیمام مالیک لەسەردەمی عەباسیەکاندا بەھیچ شێوەیەک قەبوڵی نەکرد مەزھەبەکەی بکرێتە دەستوری دەوڵەت (مەنسورو ھارون رەشید) پاشان ئیمام مالیک دەڵێت: (لیس کلما قال رجل قولا وإن کان لە فچل یتبع علیە). کە کەسێک قسەیەکی کرد نابێت لێی وەربگرین ھەر لەبەر ئەوەی رێزوحورمەتی ھەیە، خوای گەورە دەفەرموێت: ( الژین یستمعون القول فیتبعون ڕحسنە).


لەم سەردەمەدا ھیچ بزاڤێک پشتگیری لەدەوڵەتی ئاینی ناکات، تەنیا چەند گروپێکی فەندەمەنتەلیزمی نەبێت، کە نزیکن لەبزاڤە تەکفیریەکان، لەم دواییەدا لەساڵی ٢٠١١ دوای ڕووخانی رژێمی حوسنی موبارەک ، ئەزھەری شەریف وەسیقەیەکی دەرکردو تیایدا پشتگیری لەدەوڵەتێکی مەدەنی دەکات دژی دەوڵەتی ئاینی، بەھەمان شێوە ئیخوان مسلمین لە میسرو سوریا جەخت لەدەوڵەتی مەدەنی دەکاتەوە، دکتور (محمد سەلیم عەوا) دەڵێت: دەوڵەتی ئاینی لەئیسلامدا نییە، دکتور (تارق سویدان) دەڵێت: ئێمە دەوڵەتێکی مەدەنی پلورالیزمی دیموکراسیمان دەوێت و، دەوڵەتی ئاینیمان ناوێت، پارتی (نوری) سەلەفی لە میسر ھەمان بڕوای ھەیە، تەنانەت ھەندی لە ئەندامەکانی مەسیحیین. پارتی عەدل و ئیحسانی مەغریبی ئیسلامی دەڵێت: ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان داوای دەوڵەتی ئاینیمان نەکردووە، بەڵکو ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی مەدەنی داین. لە بەرواری ٢٩/٨/٢٠١٢ لە کەناڵی (إقرڕ) لە بەرنامەی (الرد الجمیل) دکتور (محمد عمارە) بەقسەو بەنووسینەکانی پشتگیری تەواوی بۆ دەوڵەتی مەدەنی دووپات کردەوە، لە ھەمان کاتیشدا، ھەموو جۆرەکانی عیلمانیەتی ڕەتکردەوە، لە ڕاستیدا عیلمانیەتی (جزئی) نابێ ڕەت بکرێتەوە، چونکە مانای دەوڵەتی مەدەنی دەگەیێنێت، ئەوەی دکتور(محمد عمارە) ھاودژیێک دروست دەکات، چونکە دەوڵەتی مەدەنی واتە دەوڵەت لەسەر بنەمای ئاین دروست نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئیجتیھادو ھزرو بیر دروست ببێت، بەڵام دژی بنەماکانی ئاین نەبێت، پاشان دکتور (عمارە) شتێکی تری زیاد کرد، کە ئەویش مەرجەعیەتی ئیسلامیە، من نازانم چ جیاوازیەک لەنێوان ئەمەو دەوڵەتی ئاینیدا ھەیە، چونکە وشەی مەرجەعیەت واتە لە ھەموو کارو بڕیارێک بگەرێیتەوە بۆ دەقەکانی ئاین.


ھەروەھا قەرزاوی لەگەل ئەوەدا کە پشتگیری لەدەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی و پلورالیزمی دەکات، بەڵام ھەمان مەرجعیەتی ئیسلامی دەکاتە مەرج ، ھەریەکە لە(قەرزاوی) و(محمد عمارە) وشەی دەوڵەتی ئیسلامیان بەکاریان ھێناوە، ئەمەش بە ڕای من ئەوەندە جیاوازی نیە لەگەڵ دەوڵەتی ئاینی، بەڵکو ھەمان قسەی ئیمامی شافعی یە، کە ئیمام(ئیبن عەقیل) قەبوڵی نەکرد، لێرەدا دووبارەی ناکەمەوە چونکە پێشتر باسمان کردووە، کەواتە: دەبێ بڵێین: دەوڵەتی مەدەنی کە دژ بەبنەماکانی ئیسلام نەبێ ، واتە: عیلمانیەتی(جزئی) ، کە ھەمان مانای دەوڵەتی مەدەنییە، بۆیە دیموکراسیەت بە سیستەمێکی ئاسایی لەقەلەم دەدرێت لەلایەن ھەندێ لەھزرڤانانی موسوڵمانەوە، چونکە ئەم سیستەمە لە بازنەی دەوڵەتی مەدەنیدایە، ڕاستە دەسەڵاتی گەلە، بەڵام نابێ لەبیر بکەین کە مەبەستمان بواری ئیداری و سیاسیە و، گەل دەسەڵاتێک نیە لەھەموو بوارەکانی ژیاندا، چونکە ھەندێ بوار لەلایەن ئاینەوە دەسەڵاتی پێدرواە وەکو بواری بیروباوەرو ئەخلاق کە بنەمای نەگۆڕن.


ئەوانەی دیموکراسیەت بەکوفر دائەنێن، جیاوازی لەنێوان بوارەکاندا ناکەن، وەکو بواری ئیداری و سیاسی کە عەقڵ و ھزر ئەتوانن رۆڵی سەرەکی تیایاندا ببینن، بەڵام بواری عەقیدەو ئەخلاق کە نەگۆڕن ، دەقەکانی ئاین رۆڵی سەرەکی تیایاندا ئەبینێ، کە دەلێین: ئێمە سیستەمی دیموکراسیمان دەوێ ، واتە: گەل بڕیاری خۆی بدات، نەک ھزرو ئەیدولوژیەت ، جیاوازی نێوان سیستەمی دیموکراسی و سیستەمەکانی تری وەکو سیستەمی ئاینی و ئەیدولۆژی و دکتاتوری لێرەدایە، یەکەمیان لەخوارەوە بۆ سەرەوەیە، ئەوەی تریان لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، ھەر وەکو(جیل کیپل) ئەوەی باس کردووە، واتە یەکەمیان لەگەلەوە دەست پێدەکات بۆ سەرەوە(ھەڵبژاردنی نوێنەر)، ئەوەی تریان بەسەر گەل و خەڵکدا دەسپێنرێ ، وەکو دەوڵەتی ئاینی، جا ھەر ئاینێک بێت. لەم حاڵەتەدا دەوڵەتی مەدەنی تەنیا گەشە دەکات کە گەل بڕیار بدات، مەبەستمان لەبڕیاری گەل بریاردانە لە بورای ئیداری و سیاسی، نەک لایەنە نەگۆرەکانی بیروباوەرو ئەخلاق. ھەروەکو پێشتر باسمان کرد.


من لەگەڵ ئەوەدانیم کەسانێک لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بە شانازیەوە بڵێن ئێمە عیلمانین، چونکە ئەم وشەیە زۆر مانا ھەڵدەگرێت، با ھەموومان بۆ دروست کردنی دەوڵەتێکی مەدەنی ھەوڵ بدەین، چونکە ئەمە تاکە رێگایە کە بتوانێ ھەموو لایەک کۆ بکاتەوە، ھەر بۆیە دوای خەباتێکی دوورو درێژ ، ئیسلامیەکانی میسرو تونس مەغریب و سوریا بڕیاریاندا کە بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵ بدەن، کە پێشتر بەردەوام قسەیان لەسەر دەوڵەتی ئاینی بوو ، ھیوادارم ئیسلامیەکانی کوردستانیش ھەوڵ بدەن بۆ دامەزراندنی دەڵەتی مەدەنی، نەک دینی، چونکە شتێک نیە پێی بگووترێ دەوڵەتی ئاینی لەئیسلامدا، ھەرکاتێَک دەوڵەتی ئاینی دروست بوو، واتە: ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ئەیدولوژیە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دژی دیمواکراسیەت و پلورالیزمە، باشترین نموونەش وڵاتی ئێرانە، ئەم دەوڵەتە کە ناسراوە بە کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتێکی ئەیدولوژیە و، لەسەر بنەماکانی مەزھەبی شیعە(جەعفەری) دامەزراوە، شوێنی مەزھەب و ئاینەکانی تر، بە تایبەتی مەزھەبی سوننە لە بڕیاردان و لەدام و دەزگاکانی دەوڵەت بوونیان نیە، بۆیە بەخراپترین دەوڵەتی ئاینی دەژمێردرێت لەم سەدەیەدا. لە تارانی پایتەختی ئێران تاکە مزگەوتێکی سوننە مەزھەبی تیا نیە، خەڵکی سوننە لە سەفارەتەکانیان نوێژ دەکەن، ئەگەر بەیانی سوننەکانیش دەوڵەتێکیان دروست کرد، بەھەمان شێوە دەبێتە دەوڵەتێکی ئەیدولوژی ، چونکە لەسەر بنەمایەکی مەزھەبی دادەمەزرێت، کە یەکێک لە چوار مەزھەبە ناسراوەکانی سوننەن ، وەک: (حەنەفی، مالیکی، شافعی، حەنبەلی)، کە بریتیە لە بۆچوونەکانی خاوەنەکانیان، سەنھوری دەڵێت:(فیقھی ئیسلامی کاری فەقیھەکانەو، ئەوان دروستیان کردووە، ھەروەک چۆن فەقیھەکانی رۆمان و قازیەکانی، یاسای مەدەنیان دروست کردووە). کاتێک (ئەبو جەعفەری مەنسور) ویستی مەزھەبی ئیمامی مالیک کە لە کتێبەکەیدا (الموگڕ) نووسیویەتی، بکاتە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و خەڵکی لەسەر کۆبکاتەوە، ئیمامی مالیک ڕێگەی نەداو، گوتی: لەڕووی زانستەوە خەڵک زۆر شتیان کۆکردۆتەوەو زۆر شتیان دۆزیوەتەوە، کە ھێشتا ئێمە ئاگامان لێ نییە.( إن الناس قد جمعوا واگلعوا علی ڕشیاء لم نگلع علیھا ".


دوای(مەنسور) ھارون رەشید ویستی ئەم کارە بکات، بەڵام دیسان ئیمامی مالیک ڕازی نەبوو. ھەموو ئیمامەکان کۆک و یەکدەنگن بەتایبەتی(ئەبو حەنیفە، مالک، شافعی، ئەحمەدی کوری حەنبەل)، کە ئەگەر ڕاو بۆچوونیان ڕاست نەبوو، ڕەت بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر پێچەوانەی حەدیسێکی پێغەمبەر بوو, کەچی بەداخەوە ئەم جۆرە تەقلیدە گەیشتۆتە ڕادەیەک، کتێبە مەزھەبیەکان شوێنی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ) بگرنەوەو، بە پیرۆز تەماشایان بکرێت و، کارێکی ترسناک بێت کەسێک ڕەخنە لەم جۆرە کتێبانە بگرێت، یەکێکی وەکو ئەبو حەسەنی کەرخی کە مەزھەبی حەنەفییە، دەڵێت:( ھەر ئایەتێک پێچەوانەی مەزھەبەکەمان بێت، کە ئێمە لەسەری کۆکین، ئەوە ئایەتەکە ئەبێت تەئویل بکرێت، یانیش مەنسوخە. فەرموودەکانی پێغەمبەریش بەھەمان شێوە.(کل آیە تخالف ما علیە ڕێحابنا فھی مۆولە ڕو منسوخە، وکل حدیپ کژلک فھو مۆول ڕو منسوخ), یەکێک لەو ئەگەرانەی کە ئیمامی بوخاری و موسلیم و زۆر لە(موحەدیسەکان) کتێبیان لەسەر فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ) داناوە، ئەوەبووە تا لەجیاتی ڕاو بوچوونی مەزھەبەکان، خەڵک ڕوو لە فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ) بکات، چونکە ئەوکات وای لێھاتبوو خەڵک زیاتر بایەخی بەڕای مەزھەب ئەدا تا سوننەتی پێغەمبەر، ئەمەش کارێکی زۆر ترسناکە، تەنیا ڕای مەزھەبێک بەباش بزانرێ و سوودی لێ وەربگیرێت بۆ تێگەیشتن لە فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ) - ئەویش ئەگەر سوودی ھەبێ -. ئیبن موبارەک دەڵێت: (لیکن الڕمر الژی تعتمدون علیە ھژا الڕپر، وخژوا من الرڕی ما یفسر لکم الحدیپ". ئێوە پشت بەسوننەتی پێغەمبەر ببەستن و، سوود لە ڕاو بۆچوونەکان وەبگرن بۆ تێگەیشتن لەفەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ). شێخ (سەنوسی) ، لەسەر بنەماکانی مەزھەبی مالیکی کتێبێکی نووسی لەسەر (ڕێول الفقە) و چەند شتێکی لێ زیاد کرد ، کاتێ شێخێکی مالیکی ئەزھەری، بەمەی زانی، زۆر تووڕە بوو، بەخەنجەر ھێرشی کردە سەر شێخ سەنوسی و، ویستی بیکوژێ، بەڵام شێخ لە ترسا قاھیرەی بەجێھێشت. کتێبەکان پڕن لەم جۆرە نموونانە، ناکرێ لێرەدا باس لە ھەموویان بکەین، چونکە ھەندێکیان زۆر ناشرین و نارێکن، تەنانەت لە گێڕانەوەشیاندا مرۆڤ ھەست بە شەرمەزاری دەکات.


دیارە لەم سەردەمەدا چەندین گۆڕانکاری گەورەو گرنگ ڕوویانداوە، بە تایبەتی لەبواری سیاسەت و بەرێوەبردنی وڵات، چەندین سیستەمی حوکمڕانی لە مێژوودا ھەبوونەو ھەن، ئیسلامیش بریتیە لە ئاینێکی ریالیزمی و واقیعی، ھەموومان دەزانین بیروباوەرو ئەخلاق لە ئیسلامدا شتێکی نەگۆڕە تا ڕۆژی قیامەت، بەڵام لەھەندێ بواردا ئیسلام رێگەی بە ئێمەی داوە عەقلی خۆمان بەکاربێنین بۆ دۆزینەوەی باشترین سیستەم لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، بە مەرجێ لە چوارچێوەی ئیسلام دەرنەچێ، واتە: ئیسلام چەند پرەنسیپێکی گشتی داناوە بۆ ئەوەی کەس لێیان لانەدات، لەو پرەنسیپانە: نابێت ئەم سیستەمەی حوکمڕانی دژ بەیەکێک لە بنەماکانی ئیسلام بێت و، پێویستە ڕەچاوی عەدالەت بکات. لە مێژووی ئیسلامدا ھەندێ جار بە تایبەتی لەسەردەمی خەلیفەکاندا، ھەندێک شت کراوە کە پێچەوانەی شەریعەت بووە، بەڵام لەبەر دوو شت بۆیان ھەبووە دەست بۆ ئەم کارە ببەن: یەکەم: ئەوان وەکو خەلیفە و سەرکردە کارەکەیان ئەنجام داوەو، بۆ بەرژەوندی گشتی بووە، نیازیان پاک بووەو دڵسۆز بوونە و ھیچ بەرژەوەندیێکی تاکە کەسی و حیزبیان لەپشت نەبووە وەک لەم سەردەمەدا دەبینرێت. دووەم پێغەمبەر(د.خ) وەسیەتی لە موسوڵمانان کردووە، گوێرایەڵی خەلیفەکان بن، (علیکم بسنتی وسنە الخلفاء الراشدین المھدیین بعدی عچوا علیھا بالنواجژ) ، بۆیە دەڵێم: پێویستە سەرکردە نیازپاک و دلسۆز بێت، چونکە ئەگەر وا نەبێت، ئەوا ھەر بڕیارێک بە پێچەوانەی دەقەکانی ئاین بدات، گومان لەنیازپاکیان دروست دەبێت. ڕاستە خەلیفەکان ھەندێ بڕیاری پێچەوانەی دەقەکانیان داوە ، بەتایبەتی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب (ر.خ)، بەڵام ئەوان دلسۆزو نیەتپاک بوون، مەبەستی سەرەکیان بەڕژەوەندی گشتی دەوڵەت بوو، کە بریتییە لە بەرژەوەندی موسوڵمانان و، ھەموو ئەوانەی کە لەژێر سێبەری ئەو دەوڵەتەدا دەژین. لەم سەردەمەدا کاتێ سەرکردەیەک بڕیارێک دەدات پێچەوانەی دەقەکانی ئیسلام، ئێمە دەزانین مەبەست لەو بڕیارە بەرژەوەندی گشتی نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی تاکە یان حیزبە، بەتایبەتی لە ئێستا لەترسی رۆژئاوا سەرکردەکان ناتوانن بە شانازیەوە باس لەئاینی خۆیان بکەن، زۆربەیان ھەر باوەڕیان بە ئاینەکە نییە، خۆ ئەگەر ھەندێکیان خاوەن باوەڕیش بن و، بیانەوێ بڕیارێک بدەن کە پێچەوانەی دەقەکانی ئیسلام بێت، پێویستە ڕاوێژ بەکەسانی پسپۆر بکەن، بۆئەوەی بەدیاربکەوێ کە مەبەستی سەرەکیان بەرژەوەندی گشتی ھاوڵاتیانە.


ئەم ئازادیەی کە ئیسلام بەئێمەی بەخشیوە لەبواری سیاسەت و حوکمرانیدا، بەڵگەیە کە ئیسلام زۆر رێز لەعەقڵ و ھزر دەگرێ، تاوەکو مرۆڤ بتوانێ بەعەقلی خۆی سیستەمێک دابنێ کە لەبەرژەوەندی خەڵکدابێت و، دادپەروەری بەدی بێنێت، چونکە ھاتنی ھەر ئاینێکی ئاسمانی بۆ بەختەوەرکردنی مروڤە لەدونیا و لە قیامەت، ھەروەکو (ئیبن عەقیل) دەڵێت: ( السیاسە ما کان من الڕفعال بحیپ یکون الناس معە ڕقرب إلی الێلاح وڕبعد عن الفساد??
Top