كوردستان باخچەی پشتەوەی عێراق نییە

كوردستان باخچەی پشتەوەی عێراق نییە
رەنگە لای هەندێك زاراوەی باخچەی پشتەوە زۆر ناسراو نەبێت، چونكە ساڵانێكە لە دیزایندا لای ئێمە تەنیا بایەخ بە باخچەی پێشەوەی خانوو دەدرێت – ئەگەر هەبێت -، بەڵام لە دیزاینی ئەوروپیدا بایەخی زیاتر بە باخچەی پشتەوەی خانوو دەدرێت.
باخچەی پشتەوە، یان (باك یارد) زاراوەیەكە وەك ئاماژە بۆ ئەو جۆرە دیزاینەی خانووبەرە كە بایەخ دەدات بە بوونی باخچەیەك لە بەشی پشتەوەی خانوو كە تیایدا جۆرەكانی گوڵ و رووەكی جوان و مەلەوانگە و شوێنی حەوانەوەی تێدایە.
ئەم زاراوەیە دواتر هاتە نێو دنیای سیاسەتەوە، بەو مانایەی هەندێك لە دەوڵەتان بەئاسانی دەست وەردەدەنە نێو كاروباری دەوڵەتێكی دراوسێیانەوە، لەهەر كاتێكدا پێویستیان پێ بێت.
ئەم حكومەتە یەك لە دوای یەكانەی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش هەر كاتێك بەهێز بن، پشت لە كورد و بەرژەوەندیی كورد دەكەن، هەر كاتێكیش كێشەیان هەبێت، دێنەوە كوردستان و داوا لە ئێمە دەكەن ببینە فاكتەری چارەسەری كێشەكانیان، لە بەرامبەر كۆمەڵە بەڵێنێكدا كە دواتر هیچیان جێبەجێ ناكەن!
بۆیە ئەوان وا دەزانن كوردستان باخچەی پشتەوەی عێراقە و هەر كاتێك ماندوو بن، یان كێشەیان هەبێت، رووی تێدەكەن، كە بێ كێشەش بن، پشتی تێدەكەن. رەنگە ئەم بۆچوونەشیان لە رابردوو وەرگرتبێت كاتێك لە ساڵانی هەشتاكاندا رژێمی ئەوسای عێراق هەولێری وەك پایتەختی هاوینەی عێراق ناساندو، بەنیاز بوو هەموو هاوینێك حكومەتی عێراق بێت لە هەولێری ئەوسای ئۆتۆنۆمییەوە حوكمڕانیی عێراق بكات، بەڵام ئەوە بوو ئەم پڕۆژەیە چاوی بە رووناكی هەڵنەهێنا و سەری نەگرت.
بۆیە گرنگە بۆ ئێمە ئەمڕۆ وریا بین و ئەو راستییەش بزانین كە راستە لای ئێمە گۆڕانكاری روویداوە بە ئاراستەی هەوڵدان بەرەو سەربەخۆیی، بەڵام لای زۆرێك لە سیاسییەكانی ئێستای عێراق دنیا وەك جارانە و هەر وا دەزانن كوردستان باخچەی پشتەوەی عێراقە و واشدەزانن هەولێر پایتەختی هاوینەی عێراقە!! بۆیە پێویستە خۆمان لەهەر گوفتار و رەفتارێك بەدوور بگرین كە دەبێتەوە مایەی بەستنەوەمان بە عێراقەوە.
لە نموونەی ئەم قسەیەشم ناونیشانی ئەو باسەیە كە لە ساڵی (2013)دا نووسیم كاتێك پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی پەسەندكردنی سروودێكی نیشتمانی بوو بۆ عێراق، لەو ساتەشدا دەویسترا دێڕە شێعرێكی كوردی بخرێتە نێو سروودەكەوە كە دەڵێت عێراق بە كوردستانەوە جوانە، بۆیە ئەوسا ئەم باسەی خوارەوەم نووسی:
«لەم عێراقە بەزۆر بەدەوڵەتكراوەی دوای جەنگی یەكەمی جیهان، هەر ماوە ناماوەیەك ئاڵا و سروودی نیشتمانی دێتە گۆڕین، تا ئەو رادەیەی بووە بەو دەوڵەتەی كە زۆرترین جار ئاڵا و سروودە نیشتمانییەكەی گۆڕانكاری تێدا كراوە، بە جۆرێك كە لە ماوەی كەمتر لە سەدەیەك نزیكەی (5)جار سروودە نیشتمانییەكەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە....»
دیارە كە خاڵی (یەكەم)ی ماددەی (12)ی دەستووری عێراق دەڵێت: بە یاسایەك ئاڵای عێراق و سروودە نیشتمانییەكەی كە ئاماژە بۆ پێكهاتەكانی گەلی عێراق دەكات، رێكدەخرێت.
لێرەوە ماوەیەكی زۆرە كە لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خەریكی داڕشتنی ئەم یاسایەیە و لە دوادانیشتنیشیدا لە رۆژی (18)ی (تەمموز)ی (2013)دا نەگەیشتنە ئەنجام، لەبەر ئەوەی هەر پێكهاتەیەكی نەتەوەیی دەیویست دێڕێك بە زمانی ئەوانیش لە سروودە نیشتمانییەكەدا بوونی هەبێت... دیارە كوردیش وەك نەتەوەیەكی سەرەكی لە نێو ئەم عێراقەی ئێستادا دێڕە شیعرێكی پێشنیاز كردووە بۆ نێو سروودی نیشتمانی عێراق، جا ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە بیخەمەڕوو بە پلەی یەكەم ئەوەیە كە ناوەڕۆكی ئەو دێڕە شیعرە كوردییە چییە و باس لەچی دەكات؟ چونكە ئەم سەرنجەم لە ناوەڕۆكی ئەو دێڕە شیعرە كوردییەوە سەرچاوەی گرتووە كە پەرلەمانتارانی كورد پێشنیازیان كردووە بۆ نێو سرودی نیشتمانی عێراق.
دێڕە شیعرە كوردییەكە دەڵێت: (عێراق بە كوردستانەوە جوانە، پێكەوەژیان داوای هەمووانە).
ئەم دێڕە ئاماژەیە بۆ چەند خاڵێك:
یەكەم: نوێنەرانی خەڵكی كوردستان بەپێی یاسای سروودی نیشتمانیی عێراق، دان بەوەدا دەنێن كە كوردستان بەشێكە لە عێراق، ئەم دانپێدانانە لە رووی دەستوورییەوە راستە، بەڵام لە رووی نەتەوەییەوە زیانی هەیە.
دووەم: ئەم دێڕە شیعرە رۆڵی كوردستان لە عێراقدا دەكاتە رۆڵێكی جوانكاری ئیشی كوردستان ئەوە دەبێت هەر عێراق جوان بكات و، كوردستان ببێتە باخچەی پشتەوەی عێراق.
سێیەم : ئێمە كە روومان لە ئایندەیە و باس لە سەدەی بیست و یەكەم دەكەین و، چاوەڕێی هەڵوەشاندنەوەی (سایكس پیكۆ) و (لۆزان) دەكەین و، داوای مافی بڕیاردانی چارەنووس و دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان دەكەین، باش نییە بە یاسا و لەلایەن خۆمانەوە ئەم ئیقرارە بكەین كە عێراق بە كوردستانەوە جوانە.
بۆیە پێشنیازی من ئەوەیە، یان هیچ دێڕە شیعرێكی كوردی تێدا نەبێت، ئەگەر دەشبێت با ئەم دێڕە نەبێت كە مەغزای سیاسیی خراپی لێدەكەوێتەوە بۆ ئایندە، باسەكە لێرەدا تەواو.
بۆیە جارێكی دیكە دەڵێم: گرنگە بۆ ئێمە ئەمڕۆ وریا بین و ئەو راستییەش بزانین كە راستە لای ئێمە گۆڕانكاری روویداوە بە ئاراستەی هەوڵدان بەرەو سەربەخۆیی، بەڵام لای زۆرێك لە سیاسییەكانی ئێستای عێراق دنیا وەك جارانە و هەر وا دەزانن كوردستان باخچەی پشتەوەی عێراقە و واشدەزانن هەولێر پایتەختی هاوینەی عێراقە!!

Top