ڕووداوەكەی چاڤی لاند و فەرهەنگی پەلامار و سووتاندن و تاڵانوبڕۆ

ڕووداوەكەی چاڤی لاند و فەرهەنگی پەلامار و سووتاندن و تاڵانوبڕۆ
عەبدولڕەزاق عەلی
ئێوارەی نەورۆز، لە سلێمانی-ی پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان، كۆمەڵێك گەنجی هەڵەپاچە، ئاگری نەورۆزیان، لە جیاتی دار، بە تەختەی شانۆكەی چاڤی لاند كردەوە. پرسی گرینگ لەو ڕووداوە شەرمهێنەدا، لاینە فەرهەنگییەكەیەتی.

لایەنەكانی هەر ڕووداوێك لە دنیادا، پەكیان لەسەر تۆمەتباركردنی یەكتر ناكەوێت. هەریەكە و پاسا، یان بڕوبیانووی خۆی دەهێنێتەوە. خراپیی ئەو گفتوگۆیەش كە لەبارەی ڕووداوەكەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كراوە، لەوەدایە، كەس خەمی ئەوەی نییە و پرسیار ناكات: بۆچی ئەم گەنجانە كە گوایە چوون گوێ لە كۆمەڵێك هونەرمەندی میللی بگرن، بەو هۆڤێتییەی بینیمان پڕ و پەلامار دەدەن و دەسووتێنن، هێندەش بێ پەروا و بێ منەتن لە چاوی ئەو هەزاران كامێرای ئایفۆن و گاڵاكسییەش نەدەترسان كە بەوردی وێنەی ڕووداوەكەیان دەگرت؟
لایەنەكانی ئەو مشتومڕەی سێ ڕۆژە لە بارەی ڕووداوەكەوە بەردەوامە، خۆیان لە دارەت و كرۆكی مەسەلەكە نادەن. ئەمیان دەڵێت پۆلیسمان ئاگادار كردووەتەوە، ئەویش دەڵێت ئێمە سنووری كاری خۆمان هەیە و لە ئەركەكانی خۆماندا كەمتەرخەم نەبووین. نامانەوێت، لە ئەسڵی مەبەست دووركەوینەوە، وەلێ لەم لایەنەشەوە، خراپ نییە، مرۆڤ بپرسێت: باشە كۆمپانیای چاڤی لاند، كە وەك دەگووترێت سەر بە گرووپی نالیای خاوەنی ئێن ئاڕ تی – یشە، بۆچی لە پرۆژەیەكی گەشتیاریی وا گەورەدا كە بەهاران و هاوینان دەیان هەزار هاووڵاتی ڕووی تێدەكەن، بۆچی كۆمپانیایەكی ئەمنیی تایبەت و مۆڵەت پێدروای خۆی نییە تا نێو پرۆژەكە بپارێزێت، بەتایبەتی لە كاتی بۆنە تایبەتەكاندا؟ تێناگەم ئەم بارە گرانە بۆچی دەخرێتە ئەستۆی پۆلیس كە پاراستنی شارێكی گەورەی وەك سلێمانی لە ئەستۆیە؟

كاتێك ئەم ڕاستینەیە دەڵێین، ئەوەشمان لەبەرچاوە، پێناچێت ڕووداوەكەی ئێوارەی نەورۆزی چاڤی لاند، ڕووداوێكی لامسەرلایی و عەفەوی بووبێت، بگرە بۆكڕزووێكی زۆری مونافەسەی سیاسی لێ دێت، ئەگەرچی ناشێت ئەو ڕاستینەیەش فەرامۆش بكەین، كە "ئێن ئاڕ تی"، بەو نامتەوازنییە ئیعلامییەی پێی دەناسرێتەوە، خۆی، خۆی كردووەتە تەرەف لەو مونافەسە سیاسیانەدا كە بەداخەوە ڕووداوی وەكو ئەوەی ئێوارەی نەورۆز و پێشتر سووتاندنی ئێن ئاڕ تی – و ڕووداوگەلی تریشی تێكەوتووە.
ئەوانە ڕاستینەگەلێكی حاشاهەڵنەگرن، وەلێ لە چاو پرسە بنچینەیی و گەوهەری مەترسییەكەدا، وردەكارییەكی لاوەكین. پرسی سەرەكی و مەترسیی مەزن ئەوەیە: كێ بەرپرسە لە بڵاوكردنەوە و تەشەنەكردنی ئەم فەرهەنگە خەتەرناكەی پەلامار و سووتاندن و بەردەفڕكێیەی خەریكە دەبێتە ناونیشانی هەموو گردبوونەوەیەكی سلێمانی و گەرمیان؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، نەك زیرەكییەكی ئەوتۆی ناوێت، بگرە زۆر ڕوون و ئاسانە و هەمووان لە ئێمە باشتر دەزانن: داهێنەر و خاوەن و هاندەری ئەم فەرهەنگە خەتەرناكە، شەخسی نەوشیروان مستەفا، دواتریش حزبەكەیەتی. ئەڵبەت، ئەم فەرهەنگە، زادەی ئەم چەند ساڵەی سەرهەڵدانی حزبی گۆڕان نییە، كۆنییەكەی هێندەی ژیانی سیاسی نەوشیروانە. ئەم فەرهەنگەش بەشێكە لەو داهێنانە خراپانەی لە نێو بزووتنەوەی سیاسی كوردستاندا كردوونی. هەر لە سڕینەوەی موخالیفانی سیاسی تا بەكارهێنانی زمانی زبر و نزم لە ئەدەبیاتی سیاسی و پێگیرنەبوون بە یاساكانی شەڕ و گەمەی دیموكراسی و قبوڵنەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ..تاد.
ئەوەی لە چاڤی لاند ڕوویدا، سووتاندنی ئێن ئاڕ تی-ش، بە هەموو پێوەرێك تاوانە و دەبێت یاسا لێیان بپێچێتەوە، بەڵام ئاخر كە هاوارمان لە هاوكارانمان لە ئێن ئاڕ تی دەكرد: براینە، ئەوانەی مقەڕەكانی پارتی دەسووتێنن و خەڵك دەكوژن و تاڵانوبڕۆ دەكەن، گەنجی ناڕازی و ڕەخنەگر نین، ئەمانە گۆڕان و كۆمەڵن و ڕێنوێنی سەركردە و حزبەكانیان جێبەجێ دەكەن، نەخێر، ئێن ئاڕ تی، پێ بە پێی ئەوان گڕی دەگرت و زیاتر هانی دەدان پەلامار بدەن. هاوارمان كرد، برادەرینە ڕۆژێك لە خۆشتان دەقەومێت، دەیانگوت ئێمە (پڕۆفیشناڵین)!! هاوارمان كرد: كاكی خۆم، ئەوەی فێرە پەلامار و سووتاندن و تاڵانی و ماڵی مفت بوو، هەر ڕۆژەی پەلاماری یەكێك دەدات، ئەمڕۆ لە پارتییە، سبەی لە ئێوەیە. نەخێر نەیانبیست. تا خۆیان بەو ئاگرە سووتان كە هەڵیانگیرساندووە. لێرەدا قافییەتی لە هاوكارانی بەڕێزی ئێن ئاڕ تی بپرسین: ئەگەر پەلامارەكانی ناوچەی سەیدسادق و كەلار و قەڵادزی، لە برساندا بووبێت، وەك گۆڕان و كۆمەڵ دەیانگوت، ئێوەش بازاڕگەرمیتان بۆ دەكردن، باشە خۆ ئەو هەزاران گەنجەی ئێوارەی نەورۆزی چاڤی لاند برسی نەبوون و بۆ ئاهەنگگێڕان و خۆشی هاتبوون، ئەی بۆچی ژمارەیەكیان كەوتنە پڕدان و پەلامار و سووتاندن و تاڵانی؟
ڕاستتان دەوێت، ئەگەر هەموو حزب و میدیا مەسئوولەكانی كوردستان ئەركی مەسئوولانە و پیشەییانەی خۆیان جێبەجێ نەكەن، ڕووداوە مەترسیدار و عەیبەكەی چاڤی لاند، دوا ڕووداوی پەلامار و سووتاندن و تاڵانی نابێت. دوا پەیڕەوكردنی ئەو فەرهەنگە خەتەرناكە نابێت كە حزبی گۆڕان بڵاوی دەكاتەوە.
لە ئەركی نیشتیمانییانە و كۆمەڵایەتییانەی بەرگرتن لە تەشەنەكردنی ئەم فەرهەنگە سەقەتەدا، ئێن ئاڕ تی، دەتوانێت ڕۆڵێكی بەرچاو ببینێت. ئەگەر بیەوێت.
Top