بارزانی و پرۆژەی چاكسازی

بارزانی و پرۆژەی چاكسازی
سەربەست بامەڕنی
لەئێستادا هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی نەخوازراوی سیاسیدا تێدەپەڕێت كە كاریگەری و لێكەوتەی نەرێنیی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی ئەو تەنگژە داراییەی زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی گرتۆتەوە، هاوكات دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، سەرەڕای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی حكومەتی فیدڕاڵ بەسەریدا سەپاندوویەتی لەگەڵ بوونی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە لە ناوەوەو دەرەوەی عێراق، هاوكات خەرجی و تێچووی شەڕی تیرۆریستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی دژی هەرێم، هەموو ئەمانە لەپاڵ پەرەسەندنی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕییی كەڵەكەكراو كە شەقامی كوردی بێزارو تووڕە كردووە، بەتایبەتی كە پێشتر چەندین هەوڵ خراوەتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەندەڵییە بەڵام بێ ئەنجام بووە.
شكستهێنانی رووكەشیی بەرەنگاربوونەوەی پەتای گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی، بووە هۆی ئەوەی كە راستەوخۆ رێزدار مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێتە ناو ئەم پڕۆسەیە كە لە پەرلەمان پلەی یەكەم دێنێت و بەیاننامەیەكی دەركرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران و رێكخستنی بەكاربردن و پێدانی ئەولەویەت بۆ چارەسەركردنی رەوشی ئابووریی زۆرترین ئەو توێژانەی كۆمەڵگا كە زەرەرمەندبوونە، بەمەش ئومێد لای شەقامی كوردی گەشایەوە بەوەی كە دەكرێت سنوورێكی كۆتایی بۆ گەندەڵی دابنرێت و كێشە كەڵەكەكراوەكانی دارایی و كارگێڕی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەشێوەیەكی رێك و پێك تا دەگاتە زیندووكردنەوەی جووڵەی وەبەرهێنان و بنیادنان و فەراهەمكردنی هەلی كار و تێپەڕاندنی ئەو ماوە سەختە، جا بۆ سەلماندنی جددییەت لەەم هەڵمەتە چاكسازییە، سەرۆك بارزانی فەرمانی دا یەكەم جار لەریز حزبەكەی و بەرپرسان و سەركردەكانی ئەو حزبەوە بێ جیاوازی ئەنجام بدرێت.
ئەو پرسیارەی كە دێتە پێشەوە ئەوەیە: ئەو میكانیزمە چییە كە بەهۆیەوە دەتوانرێت ئەم پرۆژە چاكسازییە جێبەجێ بكرێت، بەتایبەتیش لەگەڵ هەبوونی دابەشبوونێكی سیاسیی دروستكراو و نەبوونی دامەزراوەی دادوەری لە ئەنجامی پەكخستنی بەئەنقەست و لاوازیی هەردوو دامەزراوەی جێبەجێكردن و كارگێڕیدا؟
چارەسەری ئەو ئەشكالانە لەو چەند هەنگاوە بنەڕەتییانەدا دەكرێت بەپێی ئەو زانیارییە كەمەی لای خۆم:
1. جیاكردنەوەیەكی روون و ئاشكرا لەنێوان ئەوانەی كە رازین بە پێكهێنانی حكومەت لە پێكهاتە سیاسییەكان بەپێی بەرنامەیەكی دیاریكراو لەنێوان ئۆپۆزسیۆندا كە ئەو بەرنامەیە رەتدەكاتەوە، چونكە ماقووڵ و لۆژیك نییە لایەنێك لە دەسەڵاتدا بێت و لەهەمان كاتیشدا ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەم پرەنسیبە یەكێكە لە بنەماكانی سیستەمی دیموكراسی.
2. لەم هەلومەرجەدا كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت و لەبەرامبەر پەرەسەندنی قەیرانی دارایی و كارگێڕیدا، هەروەها بوونی دوژمنایەتیی دەرەكی كە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێم دەكات، پێویستە وەزارەتەكان یەكبخرێن و كەمبكرێنەوە و تەنیا وەزارەتە بنەڕەتییەكان بمێننەوە.
3. پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات لە شارەزاو ئەوانەی كە لە كارەكانیاندا سەركەوتوون و دەسەڵاتی پێویستیان پێ بدرێت بۆ ئەدای بەرچاویان لە پسپۆڕییەكانیاندا، بەرەچاوكردنی بەرپرسیارێتیی تاكەكەسی و بەكۆمەڵ.
4. پێویستە دامەزراوەی كارگێڕی لە لاوازیی و دەردی كوشندە رزگاربكرێت، هەر لە دەركردنی كارمەندانی خەیاڵی كە بە بندیوار ناسراون، جا لە هەر حزبێك یان لایەنێكی سیاسیدا بن، تا دەگاتە كەمكردنەوەو رێكخستنی دامەرزاوەكانی ئێستا، دامەزراندنیش تەنیا لەو دەزگایانە بێت كە خزمەتگوزاریی گشتین بەپێی چەند بنەمایەكی یاسایی و زانستی، هاوكات دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ئەوانەی كە دەستبەرداریی خزمەتەكانیان دەبن بەهەر هۆیەك بێت.
5. پێویستە پشتگیریی بانك و دامەزراوەكانی بیمە بكرێت و ببووژێنرێنەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی پسپۆڕن لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەو بوارانەی كە هەرێم پێویستی پێیانە، لەگەڵ دابینكردنی قەرز بە مەرجی واقیعیی ئاسان و سوودوەرگرتن لە كرانەوە بەڕووی دەوڵەتانی ئیقلیمی لەم بوارەدا، كە ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاری كردنی هەرێم پیشان داوە وەك عەرەبستانی سعودیەو كوێت و قەتەرو توركیا، تەنانەت ئێرانیش.
پڕۆژە چاكسازییەكەی سەرۆك بارزانی هەنگاوێكی گرنگە لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە كاتییەی ئێستا، بەتایبەتی ئەگەر پشتگیری لێبكرێت و شەقامی كوردی پشتیوانیی لێبكات، كە بەراستی جێبەجێی دەكات دژی ئەو گەندەڵكارە زەبەلاحانەو ئەوانەیشی كە هۆكاری خوڵقاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوەن.

Top