پێشینەو میكانیزمی توندوتیژی سیاسی لە هەرێمی كوردستان نموونەی ئەنسارولئیسلام و بزووتنەوەی گۆڕان
December 24, 2015
وتار و بیروڕا
بەشی دووەم
دێمەوە سەر باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە لە ڕاستیدا نەوشیروان مستەفا دروستی كردبوو.
نەوشیروان مستەفا
پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا لە 2003 تا 2008، بریتی بوو لە هەژاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. دەیویست تەواوی حیزبەكە، لە دەستی جەلال تاڵەبانی دەربێنێت و بیانخاتە ناو بێژەنگی خۆی. ئینجا ژمارەیەك لەو ئەندامانەی كە نەوشیروان پێی وایە بە كەڵكی ئەم قۆناخە نایەن، بەلاوەیان بنێ یان دەریان بكات. چونكە دەیویست هەر خودی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات بەو حیزبەی كە خۆی گەرەكی بوو. واتە حیزبێكی توند لە ڕووی فكریی، ناموستەقیڕو بە پاز پازێن. واتە هەر ڕۆژە و فكرێك پێشنیار بكات. ئەو مۆدێلەی ئەو دەیەوێت، لە حەقیقەتدا هیچ ڕوانگەیەكی دیاریكراوی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات نییە. هەر ئەوەش وایكرد كە لە ماوەی شەش ساڵدا، كاتێك ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان لە دەستی یەكێتیدا بوو، كە لە راستیدا نەوشیروان مستەفا بەڕێوەی دەبرد(مەبەستم لە 2003 تا 2008) هیچ پێشكەوتن و چاكسازی ڕووی نەدا. بەپێچەوانەوە زۆرترین جۆری مەحسوبیەتی شەخسی و مەنسوبیەتی حزبی و گەندەڵی ناو كارگێریی میریی ڕوویدا. لەم شەش ساڵەدا ئەگەر ڕوانگەیەكی ئیداری، فكری، سیاسی دیاریكراو لای نەوشیروان مستەفا هەبا، یەكێتی دەیتوانی ئەم ڕوانگەیە پەرە پێبدات و جێبەجێی بكات. بۆ ئەوەی سەرەنجام دەركەوێ كە ئەلتەرناتیڤی نەوشیروان لەناو یەكێتیدا چییە، تا ئەو ئەلتەرناتیڤە بكرێتە گفتوگۆ و مۆدێلی مونافەسەكردن لەگەڵ پارتی و لایەنە عێراقییەكان. بەتایبەتی لەو كاتدا پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی متمانەداری هەرێمی كوردستان، لە بەڕێوەبردنی عێراق بەشداربوون.
لە راستیدا تا 2008 هەموو توانایەكانی یەكێتی لە دەستی نەوشیرواندا بوون، بەتایبەتی بەڕێوەبردنی حكوومەت. لەو ماوەیەدا زۆرترین تۆوی گەندەڵی لەناو دامودەزگەكانی حكوومەتدا بڵاوبۆوە، زۆرترین شێوازی گەندەڵی ئیداری و مالیی دەستی پێكرد، هەموو دەرهاوێشتەكانی گەندەڵی كە بریتییە لە مەحسوبیەتی سیاسی و مەنسوبیەتی خێزانی و لایەنگرییەتی حزبی و بابەتی پشتگیری بۆ ئەم و ئەو، هەموو ئەوانە لە ئیدارەی سلێمانی بە زۆر و روونترین شێوە دەبیندران. هەر ئەوەش وایكرد كە ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان زۆرترین گرفتی ئیداری و مالیی و پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی هەبێت.كە دوایی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری دەركەوت. لەو ساڵانەی كە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەتی خۆی لە عێراق وەردەگرت، نیوەی ئەم بودجەیە ڕژایە ناو ئەو ئیدارەیەی كە نەوشیروان سەرپەرشتی دەكرد، واتە لە ماوەی شەش ساڵدا نەوشیروان بە بودجە و دەسەڵاتێكی زۆرەوە نیوەی كوردستانی بەڕێوە دەبرد.
ئەوەی لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی، دەسەڵاتی نەوشیروان لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، بە كردەوە بیندرا بریتی بوو لە: بێ پرۆگرامی، بێ ڕوانگەیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، لێدانی خەڵك، زۆربوونی تیرۆر، ناوابەستەیی و پێكەوەنەژیانی كۆمەڵایەتی، زۆربوونی فشاری دەروونی و گومانی خەڵك لە چارەنووسی خۆی، لەو ناوچەیەدا یەكجار زۆرتر بوو. ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی كەركووك و هەولێر و دهۆك.
هەندێك تایبەتمەندی لە تەبیعەتی كەسانی توندڕۆدا هەیە. كەسی توندڕۆ، هەندێكجار ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوی هەیە، ڕاشیدەگەیەنێت، دوایی لەگەڵ جێبەجێ كردنی فەرمانەكانی، بەپێی بەپێوەری ئەو ئایدیۆلۆژیایەی، باوەڕەكانی بە پێی فەرمانی سەركردە، هەمیشە دەگۆڕدرێ. لەو پڕۆسەیەدا، زۆر بە ئاسانی هاوكارەكان دەكەونە ژێر پەلامار و دەكوژرێن و دەردەكرێن، چین و توێژی دیاریكراوی كۆمەڵایەتی زەرەر و زیانی زۆر دەكەن، بە گشتی خەڵك دەكەوێتە ناو پشێوی و سەرلێشێواویەوە. ئەو حاڵەتە لە ماوەی 75 ساڵ لە دەسەڵاتی كۆمۆنیزم لە وڵاتانی جیاجیای كۆمۆنیستیدا ڕوویدا، بەتایبەتی لەناو كۆمۆنیستەكانی ڕۆژهەڵات. چونكە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات پلەی دیكتاتۆریی بەراورد ناكرێ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی، وەكو كەمبۆدیا كە پۆلپۆت بەڕێوەی دەبرد، ڤێتنام، یان یەمەن و سۆماڵ كە شیوعیەكان لە قۆناخێكی دیاریكراودا بە كودەتا هاتنە سەركار و بەڕێوەیان دەبرد. ئەو نمونانەی سەرەوە، سەرەتا ئایدیۆلۆژیای تایبەتی كۆمۆنیزمیان هەبوو، پاشان لە لایەن (ماو تسی تۆنگ) رێبەری چین، دەستكاری كراو شێوەیەكی تایبەتی توندڕەوانەی لێ دروست كرا. ئەو ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەی كە ماو دایهێنابوو، زۆربەی حزبە كۆمۆنیستەكانی ڕۆژهەڵات پەیڕەویان لێدەكرد.
ئایدیۆلۆژیا و شێوازی كاركردنی نەوشیروان مستەفا
نەوشیروان مستەفا تا ساڵی 1988 سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوو. ئەو هەڵگری ئەو بیروباوەڕەی ماویزم بووە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان. لە ساڵی 1988 لە كۆنفرانسێك كۆمەڵەی لێكهەڵوەشاند و دوای ئەوە ڕایگەیاند كە ئەو هیچ كاتێك بڕوای بە ماركسیزم(ماویزم) نەبووە. هەرواش لە پڕۆژەی ڕیفۆرمی خۆی لە 2003 بە دواوە لە ناو یەكێتی، هیچ ئاسارێكی دیاریكراوی كۆمۆنیستی پێوە دیار نەبوو، بەڵام لە ڕووی كردەوەییەوە هەمان ئەو شێوازانەی بەكاردەهێنا كە توندڕۆكانی كۆمۆنیستی لە وڵاتانی تر بەكاریان دەهێنا.
كاردانەوەی كۆمەڵایەتی لە بەرامبەر پڕۆژەی ناموستەقیڕی نەوشیروان مستەفا، لە 2003وە دەركەوت. جموجۆڵی كۆمەڵایەتی لە ناوچەی سلێمانی ڕووی لەزۆری كرد. لەگەڵ بووژانەوەی ئابووری، توێژو چینی جیاجیا سەریان هەڵدەدا كە لە بازاڕدا دەوریان دەردەكەوت و پارە زۆربوو. خەڵك دەیتوانی فەرق و جیاوازی كۆمەڵایەتی ببینێت. لە پرۆسەی فەساددا لایەنگران و سەركردەكانی حیزبی لە ناوچەی سلێمانی، بە شێوەی جیاجیا دەستیان بەسەر سامانی گشتیدا گرت. هەڵبەت ئەو دیاردەمان لە ناوچەی هەولێر و دهۆكیش بینیوە، لە كەركووكیش هەبوو. بەڵام ئێمە نموونەی باسەكەمان بۆ تێگەیشتن لە توندڕەوی سیاسی لە ناوچەی سلێمانی هێناوەتەوە. حاڵەتی سلێمانی تایبەتمەندی كارگێڕیی و سیاسیی خۆی هەیە.
بەكارهێنانی جیلی نوێی ناڕازی
گەنیویی كارگێڕیی و بوونی جیاوازیی كۆمەڵایەتی و ماڵی، ئەو بێبەشییەی كەوا خەڵك لە نەتیجەی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای گەیاندن دەیانتوانی لێی ئاگادار بن، گەنجانی وڵات زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی ئاگایان لە ژیانی دنیا هەبێت و زانیاری نوێیان پێ بگات، شێوازی ژیانی دنیا ببینن و بەراوردی بكەن لەگەڵ ژیانی خۆیان و هەوڵی بۆ بدەن. لەوەدا جموجۆڵی گەنجان لە ناوچەی سلێمانی یەكجار زۆر كرد.
لێرەدا دەمەوێ دەرەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی دیمۆگرافیش باس بكەم، كە هاوكارێكی بەڕێزم (حوسێن كوردنەژاد) لە 2003وە خۆی پێوە ماندوو كردووە. ئەویش بە پێی باری دیمۆگرافی واتە (باری دانیشتووان و ئاستی تەمەنی جیلەكان لە ناوچەی سلێمانیدا)، لە 2000وە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، رێژەی گەنجان لەو ناوچەیەدا یەكجار زۆرە. بۆیە بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەنج لە هەر وڵاتێك و ناوچەیەك، ئەگەر پەروەردەو كاردۆزینەوەی باشی لەگەڵدا نەبێ، واتە حكوومەت باش ناوچەكە بەڕێوە نەبات، ئەوكات جموجۆڵی كۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەست پێدەكات. هەروەها شێوەكانی دیكەی توندڕەوی و كۆچ بەرەو دەرەوەی وڵات لە كۆتاییدا زۆر دەبێت.
نەوشیروان مستەفا، ئەم جموجۆڵی گەنجانەی، لە ڕێگەی دامودەزگەكانی ڕاگەیاندنی خۆی، گرێیدان بە ڕوانگەكانی خۆی دەستی كرد بە هاندانیان. واتە لە لایەك ئیدارەی ناوچەكەی بەڕێوە دەبرد، لە لایەكی دیكەوە هانی گەنجەكانی ناڕازی دەدا تا پەلاماری دامودەزگاكان بدەن. لەم شێوازەیدا دامودەزگای ڕاگەیاندن و دامودەزگەی تایبەتی خۆی بەكاردێنا. ئینجا تەعریفێكی تایبەتی خستە ناو ڕای گشتی، كە گوایە هەموو زانیاری و زانایی و ئەزموونی كۆمەڵایەتی لە لای گەنجان هەڵچنراوە، هەموو تواناییەكانی كارگێڕیی و سیاسی و فكریی لای گەنجن و دەبێت ڕێگە بە گەنج بدرێ وڵات بەڕێوەبەرێت. كەچی لە زانستی ئەم ڕۆژگارەدا بە هیچ شێوەیەك گەنج ئاوها تەعریف ناكرێ. گەنجان دەبێ پەروەردە بكرێن، كاریان بدرێتێ و داخلی سیستەمێكی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی بكرێن
بەكار هێنانی ڕاگەیاندن
لە نەتیجەی بەكارهێنانی جیلی نوێی ناڕازی، هەبوونی دامودەزگەی ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندنی ئەلكترۆنیش كە هیچ كۆنتڕۆڵێكی بەسەرەوە نەبوو، نەوشیروان مستەفا توانی هەندێك سەركردەی گەنج كە بەردەوام خۆپیشاندان و پەلاماردانیان دەوێ، دروست بكات. هەنگاوی یەكەمی بە پەلاماردانی بەنزینخانەكان و هەندێ فرۆشگای تازە كە لە ناوچەكە دروست دەكران، دەست پێكرد. ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەكان نیشانیان دەدان و پاساویان بۆ ئاژاوەگێڕیی دەهێنایەوە. لەكاتێكدا یەكێتی دەكەوتە ئیحراجیەكی زۆرەوە. هەموویان دەیانزانی نەوشیروان مستەفا سەركردایەتی ئەو پشێوییە دەكات و نەشیاندەتوانی ڕێگای بگرن. لە بیرمانە لە 2003 تا 2008 كاتێك كە پشێوی لە هەندێ ناوچە یان لەناو شاری سلێمانی دروست دەبوو، ئەو بەشە لە سەركردایەتی یەكێتی كەوا بە هێمنی بیریان دەكردەوەو سەر بە سەرۆكایەتی مام جەلال بوون، زۆر ئیحراج دەبوون و نەیاندەزانی چی بە خەڵك بڵێن، لە كاتێكدا ئاگایان لێبوو كە یەكێتی لەناوخۆیدا دابەش بووەو ئەو بار گرژییە ئەوانن دروستی دەكەن.
بەكار هێنانی هاوكارەكانی
لەلایەكی دیكەوە نەوشیروان هاوكارەكانی، كە بە ئاشكرا خەڵكیان هاندەداو پەكیان بەوە نەدەكەوت لە راگەیاندندا ڕێگە بە كەسانی توندڕۆ و توڕە بدەن قسە بكات و دیمەنەكان بگوازنەوە، بەشێوەیەكیش دەیانگوازییەوەو تەعریفیان دەكرد كە خەڵك زیاتر لەسەر توندوتیژیی هان بدات. سەرەنجام لە كەمتر لە دوو ساڵدا شێوازێكی نوێی توندوتیژی دروست بوو، كە لە ناوەڕۆكی فیكریدا جیاوازبوو لە توندوتیژی ئەنسارولئیسلامی حكوومەتی ئەلقاعیدەی ناوچەی هەورامان. ئەو شێوازە نوێیەی بەناو ریفۆرمەی نەوشیروان فەوزەویەت بوو، واتە هاندانی خەڵك بە بێ بەرنامە و بەبێ ئایدیۆلۆژیا بۆ تێكدانی سەرو سامانی ئەو كەسانەی كە داران و هەبوون. لەوەشدا سەركردە سیاسییەكانی ناو یەكێتی، سەركردەكانی پارتی تۆمەتبار بكرێن و پەلامار بدرێن بەوەی كەوا ئەوانن دزی لە سامانی وڵات دەكەن.
دروستكردن و قۆستنەوەی قەیرانی هەڵەبجە و گەرمیان
لە نەبوونی حكوومەتێكی باش لە ناوچەی سلێمانیدا، نەكرا ئەو سامانەی دەستدەكەوێ، بە شێوەیەكی یەكسان لە هەموو ناوچەكانی سەر بە سلێمانی بەكار بێت. سەرباری هەبوونی كەموكوڕی لە هەموو شارەكانی كوردستان، مەبەست ئەوە نییە كە كەموكوڕی تەنیا لە ناوچەی سلێمانی هەبووبێ. بەڵام لە ئیدارەی سلێمانیدا ئەو كێماسییە زۆر بە ڕوونی دیاربوو. بۆ نموونە ئەو شەش ساڵەی كە نەوشیروان سەركردایەتی حكوومەتی بە كردەوە لە سلێمانی دەكرد، بواری نەدا ناوچە مەحرومەكانی وەك گەرمیان و هەڵەبجە بە باشی ئاوەدان بكرێنەوە، بایەخیان پێ بدرێ و پەروەردەیەكی باشیان بۆ دابین بكرێ. بۆ ئەوەی هەست بكەن كەمێك قەرەبووی ئەو فیداكاری و قوربانییە كراونەتەوە كە لە كاتی بەرەنگاربوونەوە لە پرۆسەی ئەنفالدا بەریان كەوتووە. بۆیە ئەم توڕەییە لە گەرمیان و هەڵەبجە ڕوویدا، چونكە ئەو جیاوازی و لەبیركردنەیان دەبینی. لەوێشەوە نەوشیروان ئەم توڕەبوونانەی قۆستەوە و هەوڵیدا سەركردەكانیان وەربگرێ یان سەركردەی نوێیان بۆ دروست بكات، تا بیانخاتە ناو ئەو بزووتنەوەیەی كە ئەو دروستی دەكات. بزووتنەوەیەك كە قەبارەی دیار نییە، تەعریفی دیار نییە، تەنیا ئەوەندەیە كە شیعارەكانی بریتییە لەوەی: هەموو كەس خراپە، هەموو سیستەمێك خراپە، هەموو كەس گەندەڵەو هەموو شتێك دەبێ بڕوخێندرێ، كەس پاك نییە تەنیا كاك نەوشیروان نەبێ!
ئەمە شیعاری بێ شكڵ و بێ ناوو بێ قەبارەكەی نەوشیروان بوو كە لەناو یەكێتیدا دروستی كرد. ئامانجیشی لە بڵاوكردنەوەی فایلەكان لەناو یەكێتیدا، ڕێخۆشكردن بوو بۆ سەرهەڵدانی شەخسیەتی كاریزماتیكی خۆی و سەرەنجام پاڵ بە جەلال تاڵەبانیشەوە بنێ.