سایكۆلۆژیای هەڵبژاردنی سەركردە لە ناو كۆمەڵگەدا

سایكۆلۆژیای هەڵبژاردنی سەركردە لە ناو كۆمەڵگەدا
پرسی هەڵبژاردن پرسێكی نێونەتەوەییە بۆ چەسپاندنی دیموكراسیی بەردەوام. هەر نەتەوەیەك و وڵاتێك بە شێوازێكی تایبەتمەند گوزارشتی لێ دەكات و ئەو پرۆسەیە پیادە دەكات. بە بۆچوونی سایكۆپۆلەتیك، دیموكراسی و سیاسەتی هەڵبژاردن بەشێكە لە پێكهاتەی سیاسەتی هۆشیاری ئەو نەتەوەیە. بە واتایەكی دیكە هەر نەتەوەیەك بە پێی تایبەتمەندیی سیاسەتی هەنووكەیی دەتوانێت جۆری هەڵبژاردن دیاری بكات، بۆ ئەوەی زۆرترین پێوەری دیموكراسی دەستەبەر بكرێت.
شرۆڤەكارانی سایكۆپۆلتیك باس لەوە دەكەن كە چوار بنەمای سەرەكی هەیە لە ناساندنی دیموكراسی: یەكەمیان، تایبەتمەندی ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەر شوێن و وڵات و هەرێمێك تایبەتمەندی خۆی هەیە لە پەیڕەوكردنی دیموكراسی و هەڵبژاردنی سەرۆك لە ناو گەل بێت بە شێوەیەكی راستەوخۆ، یان لە پەرلەمان بێت، دەگەڕێتەوە سەر رێككەوتنی هەموو لایەنەكان. هەڵبژاردنی سەرۆك، چ راستەوخۆ بێت، یان لە پەرلەمان، هەردوو جۆرەكەی یاساییە، چونكە پەرلەمانیش لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراوە، بەڵام تایبەتمەندییەكەی ئەوەیە كامەیان لەو بارودۆخەی كە هەڵبژاردنی تێدا دەكرێت، زیاتر پێوەرەكانی دیموكراسی جێبەجێ دەكات. رەنگە ئەو خاڵە باس لەوە بكات دیموكراسی بەپێی رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی و كەلتووری تایبەتمەندیی خۆی هەبێت، واتە ئەزموون و ستایلی وڵاتێك بەپێی رەچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنە كارێكی گواستنەوەی سەقەت و لەبارچوو بێت. دووەم: بەرپرسیاریەتی كە ئەمەیان كۆڵەگەی ئاڵتوونی پرۆسەی هەڵبژاردنە، بەوەی هەستی بەرپرسیاریەتی لای تاك و بەرپرسە سیاسییەكان ناسنامەی ئینتمابوون دەردەخات، لەم خاڵەدا شرۆڤەكارانی سایكۆپۆلەتیك ئەوە دەردەخەن، پێویستە بەرژەوەندییەكانی تاك و گرووپەكان وەلا بنرێت و جەخت لەسەر ستراتیژیەتی نیشتمانی بكرێت كە هەموومان لە بەرامبەر نیشتمان بەرپرسیارین. دەبێت ئەم قۆناغە بە قاڵبی یاسایی بكەین، بۆ ئەوەی لە قەیرانەكانیش ئینتیما دروست بكەینەوە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك، دەبێت ئیرادەی گەل و ستراتیژیەتی نیشتمانی بڕیار بدەن كە ئەو كەسە شایستەی بەرپرسیاریەتییە.
سێیەمیان: دادپەروەری لە دابەشكردنی دەسەڵات و ئەرك و مافەكان دەكۆڵێتەوە كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو شوێنە پارێزەری ئەو دادپەروەرییە دەبێت بۆ ئەوەی ئەو كەسەی لە ركابەری دەرناچێت، هەست بكات كە دادپەروەری هەبووە لە سیستەمی دیموكراسی، ئەو حاڵەتە تەنها سروشتی هەڵبژاردنە و دەبێت هەردوولا براوە و نەبراوە قبووڵی دەرئەنجامەكان بكەن. رێز لە بیروبۆچوونی دەنگی تاكەكەس بگرن، بەڵكو دادپەروەری هەستی بەرپرسیاریەتییە بەرامبەر ئەرك و مافی هاووڵاتی. لەم خاڵەدا هاووڵاتی هەست دەكات كە دەنگی خۆی هێز و متمانەیە، هەست دەكات كە پارێزراوە لەو وڵاتەی كە بەرامبەر سەرۆكەكەی راستگۆ بووە. كێشەی ئەم سەردەمە نەبوونی دادپەروەرییە لە بڕیاردان و حوكمڕانی كە زۆر جار بۆتە كێشەیەكی جیهانی و سەدان كودەتا رووی داوە، بە هۆی كێشەی دادپەروەری. چوارەم: دەسەڵات لە خاڵی دیموكراسی ئەوەمان پێ دەڵێت هەموو تاكێك مافی بەكارهێنانی دەسەڵاتی هەیە، بەپێی شایستەبوون، ئەو شایستەیی بەدەستی دەهێنێت لە رێگای هێزی یاساییەوە ئەو هێزەش لە دەنگی هەڵبژاردن دروست دەبێت.
لێرەدا دەسەڵات واتە كۆی بەكارهێنانی هێزی دیموكراسیە كە هەموومان بەپێی یاسا مافی بەكارهێنان و بەدەست هێنانی یاسامان هەیە ئەو دەسەڵاتەش قابیلی خستنە ژێر پرسیارەوە لەهەمان كاتدا ئەم خاڵە ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە دەنگ بە چ دەسەڵاتێك دەدەین. لێرەدا دەگەینە ئەو خاڵە كە هەڵبژاردنی سەركردە لەرووی زمانەوانییەوە واتە دەستنیشانكردنی شتێك یاخود لێگرتنەوە یان هەڵبژاردنی كەسێك لە ناو كۆمەڵگەدا بەپێی شایستەبوون ئەگەرچی شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن دەسەڵات بریتییە لە هێزی یاسا، بەڵام ئەم هێزە لە جەماوەرەوە دەست پێدەكات و یاسا پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە دەكات كاتێك باس لە دەسەڵاتی سەرۆك دەكەین لە رێگای شەرعیەت پێدانی یاساییەوە ئەوە دەبێت خەڵك ئەو هێزە پەیدا بكات و شەرعیەت بداتە دەسەڵاتەكان، هەڵبژاردنی ئەو كەسە كردارە بۆ كردەوەیەك و پرۆسەیەكی بەردەوام لەرووی كۆمەڵایەتییەوە دەسەڵات دانە بە كەسێك لە رێگای دەنگدانی راستەوخۆی تاكەكان و كۆكردنەوەی زۆرترین دەستنیشانكردن و دەنگ بۆ ئەو كەسەی كە شایستەی دەسەڵات بێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا، لە رووی دەروونییەوە، هەڵبژاردنی كەسێك كە لەگەڵ بۆچوون و میزاج و حاڵەتی دەروونی تۆدا دەگونجێت، بەو مانایەی دروستكردنی پاڵنەرێكی دەروونی سەردەستەكردنی گرووپێك یان سەرۆكایەتی كردنی دەوڵەتێك، كە كەسایەتییەكی كاریزمی و دیاریكراوی لەسەر هەموو ئاستەكانی ناوخۆو دەرەوە و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەبێ، بۆیە دەبێت ئەو كەسە توانایەكی لە رادەبەدەری هەبێت لەسەر داڕشتنی سیاسەتی گشتی وڵات بۆ دامركانەوەی هەڵچوون و ئارامبەخشی كۆمەڵگەدا
لەرووی سایكۆلۆژییەوە كەلتوری هەڵبژاردن، بە واتای هەڵچوونی میكانیزمی یاسای دەسەڵات دەبێت كە زۆر لە شرۆڤەكارانی سیاسەت و یاخود دیراسەكان باس لەوە دەكەن لە رۆژهەڵاتدا كەلتوری توندوتیژی یان یەكتر ناشرین كردن هەیە لە كاتی گۆڕینەوەی دەسەڵات بە رێگای هەڵبژاردن ئەمەش رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە بەزەحمەت ئەوەی دیكە قبوڵ بكەن هەرچەندە دۆخ و باری ئێستا وابخوازێت بەردەوامی بە دەسەڵات بدات بۆیە زۆر جار بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكان دەكەونە ژێر پرسیار، ئەمەش تووشی تێكچوونی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی و حكومڕانی و سیاسی دەبین لە نێوان پارتە بەشداربووەكانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات. هەندێك لە گەلانی رۆژهەڵات فێری ئەوە نەبووە كێبڕكێ بكات لە نێوان كەسەكان بۆ سەرۆكایەتی لە پێناو پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی نیشتمانی.
لە كۆتاییدا هەڵچوونی سلبی دروست دەبێت لە ناو جەماوەر تا پلەی رەشبینی لە سیاسەت و هەندێكی دیكە لە دەروونزانی كۆمەڵایەتی دەڵێن ئەم جۆرە نا تێگەیشتنە دەگەڕێتەوە كە وەكو كەلتور هەیە لە زهنەیەتی تاكی كورد ئەوەندەی قسە دەكات گوێ ناگرێت، بۆیە ئەم دیدە بۆ چەند رەهەندیك دەگەڕێتەوە وەكو زەمینە خۆشكردن بۆ هەڵبژاردنی راستەوخۆ وەكو مژاری كاتی و بە كۆمەڵایەتی كردنی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوەی مەبەستە كێ بڕیار دەدات لەسەر چارەنووسی قەیرانەكانی سەركردە كە سەرجەم توێژو چینەكانی كۆمەڵگە تێدا بەشدار دەبن و دیاریكردنی ئامانج بۆ پرۆسەكە كە ئامانجی كۆتایی چییە چۆن دەكرێت پرۆسەی دیموكراسی لەو قەیرانە بەردەوام بێت لەگەڵ رەچاو كردنی سیاسەتی نیشتمانی لەگەڵ كارا كردنی كەرەستەی هەڵبژاردن وەكو راگەیاندن و چاودێری كردن و بەڕێوەبردن و كەلتوری لێبوردەیی كە رێكخراو بێت بەپێی یاسای نیشتمانی. هەندێ جار تەنانەت لە حیواری راگەیاندنەكانیش وەكو بەتاڵكردنەوە ئەو حاڵەتە توندوتیژیە ئامادەیی هەیە نەك زمانی گفتوگۆ و حیوار لەوانەیە ئەوەندەی تواناو وزەی دەروونیان هەبێت بۆ ناشیرین كردنی یەكتر ئەوەندە توانایان نەبێت بۆ پێشبڕكێ و دایەلۆگ و یەكتر جوان كردن ئەم حاڵەتەش دەچێتە قاڵبی هەڵچوونێكی سلبی جەماوەر واتە لە دەمژمێرێك (200 ) دروشمی نەرێنی دەڵێت، بەڵام لە رۆژێكدا ئامادە نییە (20 ) دروشمی جوان هەڵبژێرێت، ئەم حاڵەتە لە رووی دەروونییەوە باری سادیزم لەلای جەماوەر دروست دەكات. بۆیە دەبێت قبوڵكردنی جیاوازییەكان و رەخنەگرتن و خوێندنەوەی ئەوی دیكە بنەمای لێكتێگەیشتن دروست بكات و گەل دەربازی بێت لە سەرجەم قەیرانەكان . گەڕانەوە بۆ دەنگی جەماوەر زۆر جار گرێ دەروونی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان چارەسەر دەكات، رەنگە ئەم جۆرە خەسڵەتە تایبەتمەندی خۆی هەبێت لە هەندێك هەرێم و دەوڵەت گونجاوبێت بەپێی سیستەمی جوگرافی ئەو شوێنە.
*پسپۆڕی دەروونزانی
Top