پرۆژە یاسای قەرزكردن لە سەرچاوە دەرەكییەكان

پرۆژە یاسای قەرزكردن لە سەرچاوە دەرەكییەكان
پرۆژە یاسای بە ناو (ڕاكێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزكردن لە هەرێمی كوردستان) ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو (2 ی حوزەیرانی 2015) لە پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ ڕەزامەندی لە سەر دەربڕا. پرۆژە یاساكە هەر لە سەرەتای پێشكەشكردنییەوە بووەتە جێگەی مشتومڕێكی زۆری سیاسی و تا ڕادەیەكیش ئایینی. هەندێ لە ڕەخنەكان زیاتر لە ڕوانگەی چەمكی ئایدیۆلۆجی ئیسلامگەری و گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام لە سەدەی حەوتی زایینییەوەیە كە لەو سەردەمەدا دەوڵەت و پێداویستییەكانی بە واتای ئێستا لە گۆڕێ نەبووە. هەندێكی تر لە ڕوانگەی بۆچوون و هەڵسەنگاندنی ئابووری سیاسییەوەن. دوای دەنگدانی پەرلەمانیش پرۆژە یاساكە مشتومڕێكی زۆری لە میدیاكاندا نایەوە. هەرچەندە لێكدانەوەی ئایینی بۆ قەرزكردن پێویستی بە هەڵویستی سیاسی هەیە لەلایەن حكومەتەوە، لەمەڕ شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی پێداویستییەكانی گەشەكردنی ئابووریدا ئەو ڕوانگەیە خانایی لەگەڵ پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی ئابووریدا نییە. بۆیە ئامانجی ئەم وتارە شیكردنەوەی پرۆژەیاساكەیە لە ڕوانگەی زانستی ئابوورییەوە.
حكومەتی سەردەم و قەرزكردن
لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕنەوە لە سەدەكانی ناوەڕاستدا، قەرزكردن هەمیشە جێگەی بایەخی سیاسەتمەداران و ئابووریناسان بووە. لە وڵاتە ئەوروپاییەكاندا، بەتایبەت لە كاتی جەنگدا، زۆر جار باجی داهاتی ئاسایی خەرجییەكانی جەنگی دابین نەدەكرد، بۆیە حكومەتەكان پەنایان بۆ قەرزكردن دەبرد. بێگومان، دەشێ سەرچاوەكانی قەرزكردن ناوخۆیی یا دەرەكی بن. هەریەكەیان هەل و مەرج و كاردانەوەی جیاوازیی ئابووری و سیاسیی خۆیان هەیە، بەڵام سروشتی قەرزكردن لە هەردوو باردا هەر یەكە. بە واتا خەرجێك یا ئێستا دەكرێت یا كراوە، بەڵام پارەكەی لە پاشەڕۆژدا دەدرێتەوە. ئەم سروشتەش كارتێكەری نێو-نەوەیی (Inter-generation)، یا نێو-كاتی (Inter-temporal impact) هەیە. بە واتا، نەوەكانی ئێستا خەرجێك دەكەن، بەڵام نەوەكانی داهاتوو دەبێت پارەكەی دابین بكەن. لە هەمان كاتدا دەكرێت بگوترێت، ئێستا خەرجێك دەكرێت، بەڵام دەبێت خەرجی داهاتوو بە هەمان ڕێژە كەم بكرێتەوە. لە مەڕ ئەم كێشەیەدا، دەیڤید ڕیكاردۆ (David Ricardo)، گەورە ئابووریناسی سەدەی نۆزدەهەم دەڵێت: ئەو كەسەی قەرز بە حكومەتەكەی دەدات، نابێت خۆی لە پاشەڕۆژدا بە دەوڵەمەندتر بزانێت، چونكە قازانجی پاشەڕۆژی قەرزەكەی لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی ئێستای زیاتر نابێت، ئەگەر لە ڕووی بەهاوە كەمتر نەبێت.
بەدەر لەو بۆچوونەی سەرەوە، لەڕووی دەوڵەتدارییەوە، قەرزكردن شێوەی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكان دەگەیەنێت. جاری وا هەیە سیاسەتمەداران وا دەزانن قەرزكردن بۆ پرۆژەگەلێك كە لە پاشەڕۆژدا سوودی زۆرە بۆ وڵات شایانی وەرگرتن و لەبەرچاوگرتنە. یا دەشێت خەرجێك ئێستا زۆر پێویستە بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی، بەڵام سەرچاوەكانی داهاتی وڵات ئێستا پارەكەی دابین ناكات، پارەكەی بە قەرز پڕبكرێتەوە. بۆ نموونە تێچووەكانی شەڕێكی نەخوازراو و كارەساتە سروشتی و تەندروستیییەكان. بۆیە حكومەت وەك بەڕێوەبەرێكی ئابووری دەبێت ئازاد بێت لەوەی ئەو كەلێنانەی داهات پڕ بكاتەوە لە كاتی زۆر پێویستدا، گەر بە قەرزیش بێت.
یاسای ناوبراو، لە مەڕ ئەو ڕوانگەیەی سەرەوە، حكومەتی كوردستان دەست ئاواڵا و ئازاد دەكات كە لە كات و بۆ مەبەستی پێویست قەرزی دەرەكی بكات. بەمەش یاساكە توانایەكی ئابووری بە حكومەت دەبەخشێت كە هەموو حكومەتەكانی جیهان زۆر بە ئاسایی لەبەر دەستیاندایە. بەڵام یاساكە لە ڕووی ناونیشانەوە لە جێگەی خۆیدا نییە، چونكە ئەوەی دەستنیشان نەكردووە كە ئایا ڕاكێشانەكە لە سەرچاوەكانی دەرەكییەوەیە، یا ناوخۆیی، هەرچەندە لە ناوەڕۆكدا تەنها باس لە قەرزكردن لە سەرچاوەی بیانییەوە دەكات.
دەبێت ئەوەش بگوترێت كە زۆربەی زۆری دەوڵەتانی جیهان لە كات و بۆ مەبەستی پێویست قەرز دەكەن، هەر بۆیە زۆر نەشیاو و نابەرپرسیارانەیە كە بگوترێت حكومەت نابێت قەرزبكات. لە هەمان كاتدا، ئەوەش شایانی باسە كە هیج لایەنیك قەرزی بێ بەرانبەر بە لایەنێكی دیكە نابەخشێت. تەنانەت لە ڕووی قەرزی كەس بۆ كەسەوە بێت، قەرزدان مەبەستی كۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی هەیە، كە لێكدانەوەی زانستی بایەلۆجی دروستی هەیە. بۆیە ئەو لایەنانەی وا دەزانن كە قەرز دەبێت بەبێ بەرانبەر و بێ سوود ببەخشرێت لە ڕووی فەلسەفی و زانستییەوە زۆر ساویلكەن.
مەبەستەكانی قەرزكردن
مەبەستی قەرزكردن لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێت و قۆناغی گەشەكردنی ئابووریش نەخشی تایبەتی خۆی هەیە لە دیاریكردنی مەبەستەكاندا. بۆ نموونە، حكومەتەكانی وڵاتە گەشەكردووەكان زۆربەی جار قەرز دەكەن بۆ مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەكانیان لە كاتێكدا حكومەتەكانی وڵاتانی گەشەكەر قەرزدەكەن، یا بۆ خەرجی پرۆژەكانی ژێرخانی ئابووری، یا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی هاوكێشەی پێدان (Balance of payment) بەڵام مەرج نییە ئەو قەرزكردنە تەنها لە سەرچاوەكانی دەرەكییەوە بێت. بۆ نموونە، وڵاتانی گەشەكەر زۆربەی جار بە قەرزكردن لە سەرچاوە ناوخۆییەكانەوە دەست پێدەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت لە ڕێگەی بانكی ناوەندییەوە قەواڵەی دارایی (Government bills and bond) بە دانیشتووانی وڵاتەكەی دەفرۆشت. دەشكرێت هەمان قەواڵە لە بازاڕەكانی جیهاندا بخرێنەڕوو و كڕیاری بیانیش بیانكڕێت. پەنابردن بۆ سەرچاوەی دەرەكی لە بارودۆخێكدا دەبێت كە سەرچاوە ناوخۆییەكان وشكی كردبێت و ئابووریی وڵات چیدی لە توانایدا نەبێت قەرز بە حكومەتەكەی بدات. بە داخەوە، حكومەتی كوردستان ئێستا پەنا دەبات بۆ قەرزی دەرەكی لە كاتێكدا سەرچاوەیەكی گرنگ و دەوڵەمەندی ناوخۆیی كە خەڵكە تاقی نەكردوەتەوە و لە یاساكەی ئێستاشدا پەرلەمان پەی بەم سەرچاوەیە نەبردووە.
بە شێوەیەكی گشتی گەر بكرێت خەرجەكانی وڵات لە داهاتەكانی خۆی دابین بكرێت، زۆر باشترە لەوەی پەنا بۆ قەرز ببرێت. بەڵام بەداخەوە حكومەتی كوردستان بە قۆناغێكی سیاسی و ئابووری زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت كە پێداویستییەكانی هەنووكەی بە سەرچاوەكانی دارایی ئێستای دابین ناكرێت، یا پڕ نابێتەوە. بۆیە قەرزكردن لە پێناوی بەرژەوەندی پاشەڕۆژدا سیاسەتێكی ناچارییە، بە مەرجێك هەل و مەرجەكانی قەرزكردنەكە پشتشكێن نەبن. پێش ئەوەی بچینە سەر هەل و مەرجەكانی قەرزی دەرەكی دەبێت ئەوە بخەیەنە پێش چاو كە هەرچەندە یاساكە حكومەتی كوردستان ئازاد دەكات لە قەرزكردندا، بەڵام دەستی حكومەت لە شێوەی خەرجكردنەكەیدا دەبەستێتەوە بە ڕەزامەندی وەرگرتنی پەرلەمانەوە (بڕوانە بڕگەی ژمارە نۆی یاساكە).
هەل و مەرجەكانی قەرزی دەرەكی
قەرزكردن لایەنی ئاڵۆزی زۆری هەیە كە زۆربەی جار لە كاتی دانوستاندا دیاری دەكرێن. بۆ نموونە، قەبارەی قەرزكردنەكە، ڕێژەی سوودەكەی ئایا بە ڕێژەی سوودی چەند لە سەدا دەدرێتەوە؟ ئایا ڕێژەی سوودەكەی جێگیر كراوە (Fixed) و بۆ چەند ساڵ، یا بگۆڕە (Flexible)؟ ئایا ماوەی دانەوەكەی چەند درێژەدەخایەنێت؟ ئایا ماوەی بەخشینی هەیە (Grace period)؟ ئایا دانەوەكەی بە پارەیە، یا بە كاڵا؟ ئایا قەرزەكە بەندە بە كڕینەوە لە وڵاتێكی دیاریكراوەوە و ...تاد. بێگومان ورد و درشتی قەرز بەو شێوەیەی سەرەوە لە دەسەڵاتی لایەنی جێبەجێكاردایە، نەك لایەنی یاسایی. لێرەدا پێویستە بڵێین كە یاساكەی پەرلەمانی كوردستان بە پێویستی دەزانێت كە قەرزەكە لە سەرچاوەیەكی (پاك)ـەوە بێت (بڕوانە بەندی دوو، بڕگەی یەكی یاساكە). بەڵام پێناسەی پاك لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە دیاری ناكات. ئەمەش نادیاری و كورتهێنانی یاساكەیە. بۆ نموونە ئایا دۆیچە بانك (Deutsche Bank) و گۆڵدمەن ساكسی ئەمریكی (Goldman Sachs) سەرچاوەی پاكن و بە چی پێوەرێك؟
لایەنێكی گرنگی قەرزكردنی دەرەكی ئەوەیە چۆن قەرزەكە دەدرێتەوە. ئایا قەرزەكە لە پرۆژەی وەبەرهێناندا بەكار دەهێندرێت و پرۆژەكان خۆیان قەرزەكە دەدەنەوە بە بێ ئەوەی ئەرك بخەنە سەر بودجەی حكومەت، یا ئەوەتا قەرزەكە بۆ پێداویستی هەنووكەیی بەكاردەبرێت و حكومەت لە داهاتەكانی خۆی دەیداتەوە؟ یاساكەی ئێستا بە ڕوونی دیاری كردووە كە پارەی قەرزەكە دەبێت بۆ (پرۆژەكانی ژێرخانی ئابووری و وەبەرهینان خەرج) بكرێت (بڕوانە بەندی نۆی یاساكە). واتە بڕی قەرزەكە بە هیچ شێوەیەك بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی خەرجی ئێستای حكومەت كە بە هۆی سیاسەتی حكومەتی بەغداوە هاتووەتەكایەوە نابێت بەكارببرێت. ئەوەی جێگەی تێڕامانە لێرەدا ئەوەیە كە چونكە پرۆژەكانی ژێرخانی ئابووری درێژخایەنن و داهاتەكانیان كۆمەڵایەتی و ئابووری ناڕاستەوخۆن، دانەوەی قەرزەكە دەبێت ئێستا دەستپێ بكات، نەك داهاتوویەكی دوور. بۆیە دانەوەی ئەو قەرزە بارگرانی دەخاتە ئەستۆی بودجەی ئێستای حكومەتی كوردستان و ئەگەری ئەوەی هەیە دانەوەی قەرزێكی لەو چەشنە نەك لە بار نەبێت، بەڵكو وا بكات حكومەت لە جێبەجیكردنی ئەركە هەنووكەیی و هەستیارەكانی خۆیدا لاواز بێت. بۆیە قەرزكردن بۆ مەبەستی درێژخایەنی وەك دروستكردنی ژێرخانی ئابووری لە كاتی ئێستادا لە جێگەی خۆیدا نییە.
مەبەستەكەی دیكە قەرزكردنی دەرەكی كە یاساكە پەنجەی بۆ ڕادەكێشت، پرۆژەی وەبەرهێنانە كە مەبەستێكی دروستە و دەبێت حكومەتی كوردستان هەتا بۆی بكرێت قەرزەكە بۆ ئەو مەبەستە بەكار بهێنێت. بە مەرجێك وەبەرهێنان بە واتا شێواوە باوەكەی ئێستا نەبێت كە زۆربەی زۆریان پرۆژە نیشتەجێكان دەگرێتەوە. پرۆژەی وەبەرهێنان پێویستە ئەو پرۆژانە بگرێتەوە كە خۆیان كاری درێژخایەن دروست دەكەن و خۆیان داهاتی هەمیشەییان هەیە كە دەتوانن سەرمایەكانیان لە ماوەیەكی دیاریكراودا بدەنەوە. گەر مەبەستی حكومەت و پەرلەمان ئەم مەبەستە بێت، ڕێگەی دیكە جگە لە قەرزوەرگرتن بۆ دابینكردنی سەرمایەی پێویست بۆیان هەبوو، دەبوایە حكومەتی كوردستان ئەو ڕێگەیانەی تاقیبكردایەتەوە. بۆ نموونە، دابینكردنی دارایی بۆ پرۆژە (Project Financing) ڕەواڵێكی تایبەتی خۆی هەیە و پسپۆڕانی بواری دارایی و گەشەكردن باش دەزانن چۆن ڕێ و شوێنیان بۆ بدۆزنەوە بە بێ ئەوەی بارگرانی بكەویتە ئەستۆی بودجەی حكومەت. ڕێگەیەكی سادە ئەوەیە كە پرۆژەی مەبەست بكرێت بە پشك و پشكەكان بفرۆشرێت بە كەرتی تایبەت و پشكەكان پاشەڕۆژ سوودی شیاو بە وەبەرهێنەران بدەنەوە. بەم ڕێگەیەش نەك هەر ئەرك ناكەوێتە سەر بودجەی حكومەت، بەڵكو بازاڕی دارایی ناوخۆیش دەبووژێتەوە. لە زۆر باردا، گەر تێچووی پرۆژەكە زۆر بێت و لە توانای كەرتی تایبەتی ناوخۆدا نەبێت، ئەو گوژمە سەرمایەی پێویستە دابین بكات، دەكرێت بە هەمان شێوازی دابینكردنی دارایی پرۆژە، كە لە جیهاندا زۆر باوە، لەگەڵ بانك و كەرتی تایبەتی جیهانیدا ڕێكبخرێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بیریان لە شێوازی دروستی دابینكردنی دارایی وەك ئەم شێوازە بۆ پرۆژەكانی مەبەست كردووەتەوە، یا ئەوەتا تەنها لە نەشارەزاییەوە بۆ ڕێگە ئاسانەكە چوون كە قەرزی دەرەكییە كە ڕەنگە ببێتە مایەی كێشەی قوڵی ئابووری لە پاشەڕۆژدا؟ ئەوەی لە كێشە داراییەكان و ئەم پرۆژە یاسایەدا دەردەكەوێت ئەوەیە حكومەتی كوردستان هەوڵی سەرچاوە هەڵگرتنی دارایی (Mobilization of funds) و سوودمەند بوون لە سەرچاوەكانی دیكەی دارایی كە لەبەر دەستدایە نەكردۆتەوە كە لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر بەسوودتر و كەم كێشەترن.
سەرچاوە فەرامۆشكراوەكانی دارایی لە كوردستاندا
سەرچاوەیەكی دارایی لە بن نەهاتوو لە وڵاتدا پاشەكەوتی هاووڵاتیانە كە حكومەتی كوردستان نەك هەر هەوڵی نەداوە كۆی بكاتەوەو سوودی شایستەی لێ ببینێت، بەڵكو بە تەواوی پشتگوێی خستووە و ئێستا لە بری بەكاربردنی ئەو سەرچاوەیە پەنا دەباتە بەر قەرزی دەرەكی. وەك بۆ ئابووریناسان دەزانن، ئاشكرایە، پێوەندییەكی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان پاشەكەوتكردن و وەبەرهێناندا. لەو وڵاتانەی كە گەشەی خێرا دەكەن، بۆ نموونە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕێژەی پاشەكەوتكردن بەرزە و بە هەمان ڕادە وەبەرهێنانیش بەرزە. بە پێجەوانەوە، چونكە وڵاتانی ئەفریقایی هەژارن، ڕێژەی پاشەكەوتكردنیان نزمە و بە هەمان ڕادە ڕێژەی وەبەرهێنانیشیان نزمە. بەڵام لە هەموو بارێكدا، بە شێوەیەكی گشتی خەڵكی ئاسایی نەك هەر ئامادەیی تێدا هەیە، بەڵكو هەمیشە ئارەزووی پاشەكەوتكردنی هەیە. ئەم بۆچوونە لە ڕەفتاری هوشیارانەی مرۆڤەوە (Rational behaviour) سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤ و تەنانەت هەندی ئاژەڵیش بە شێوەیەكی سروشتی هەموو داهاتەكانی (خۆراكەكانی) بە یەك گوژم بەكار نابات، بەڵكو هەندێكی، تەنانەت گەر زۆر كەمیش بێت، دەهێڵێتەوە بۆ سبەینێ، یان بۆ پاشەڕۆژ. ئەم رەفتارەش لە سمۆرە و ڕێویدا زۆر تێبینی كراوە. هەر بۆیە، هاووڵاتی ئاسایی بڕێكی داهاتی ئێستای پاشەكەوت دەكات بۆ داهاتوو (ڕۆژی ڕەش، ڕۆژی تەنگانە، یا بۆ ڕابواردنی داهاتوو). هەرچەند ئەم پاشەكەوتكردنە ڕەنگە بە ڕێژەیەكی كەم بێت، بەڵام كاتێك كۆ ببێتەوە لە چاڵێكدا (بانكێك) قەبارەكەی هێندە بەرز دەبێت كە دەكرێت لە پرۆژەیەكی وەبەرهێنانی شایستەدا بە كاربهێندرێت. لێرەدا سیستەمی بانكی دوو كرداری دارایی زۆر بەكەڵك ئەنجامدەدات. یەكەم، هاوتاكردنی ماوە (Time matching). واتە هاووڵاتیانی ئاسایی بۆ ماوەیەكی كورت پاشەكەوت دەكەن، بۆ نموونە بۆ سێ مانگ، یا ساڵێك، بەڵام پرۆژەكانی وەبەرهێنان پێویستیان بە پارە هەیە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن. لێرەشدا سیستەمی بانكی بە كۆكردنەوەی پاشەكەوتكردنەكانی هاووڵاتیان پرد بۆ ماوەكە دروست دەكات و هەردوو لایەن بەیەك دەگەیەنێت. دووەم كردار هاوتاكردنی قەوارەیە (Size matching)، ئەمەش بە واتای ئەوەیە كە هاووڵاتیانی ئاسایی ڕێژەیەكی كەم لە داهاتەكانیان پاشەكەوت دەكەن، بەڵام پرۆژەكانی وەبەرهێنان قەبارەیەكی گەورەتری پارەیان پێویستە. سیستەمی بانك، پارە پاشەكەوتە كەمەكانی هاووڵاتیان لە گۆلێكی پارەدا كۆدەكاتەوەو بە گوژمێكی گەورە بە پرۆژەكانی بە قەرزدەدات. هەرچەندە لێكۆڵینەوەی دروست لە بارەی قەوارەی پاشەكەوتكرنەوە لە كوردستان ئەنجام نەدراوە و دیاردەكانی بەكاربردن و زیادە خەرجكردن و لە ڕادەپێویست چوونە حەج و گەشت و گوزار، ئەوە نیشاندەدەن كە پاشەكەوت دەكرێت و تەنانەت لە نەبوونی ڕێگە و جێگەی بەكارهێناندا زیادەخۆری و زیادەخەرجكردن بووەتە نەخۆشییەكی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا.
ئەم سەرچاوە گرنگەی دارایی لە بەر هەندی هۆكاری ئاشكرا، بەڵام نادروست، فەرامۆشكراوە و سیاسەتمەدارانی كوردستان بیر لە سەرچاوە هەڵگرتنی ناكەنەوە. یەكەم هۆكار، نەبوونی سیستەمێكی باوەڕپێكراوی بانكییە. بەداخەوە سیستەمی بانكی لە كوردستانی ئێستادا كاری چاوەڕوانكراوی خۆی ناكات و بووەتە پارەژمێری حكومەت و بازاڕ، حكومەتیش هیچ هەوڵێكی مكوڕی لە بارەی دامەزراندنییەوە نەداوە. دووەم هۆكار، هەر وەك هەڵویستی پارتە ئیسلامییەكان لە مەڕ پرۆژە یاسای ناوبراو، بە بیانووی دژایەتی سوو (ڕیبا بە ناوە ئیسلامییەكەی)خواردن، خەڵكی ئاساییان لە پاشەكەوتكردن لە سیستەمی بانكیدا تەكاندووەتەوە. لە مەشدا نەك هەر پرەنسیپی سوودوەرگرتن و سووپێدان تەنانەت لە ڕووی ئایینەكانەوە چەواشە كراوە، بەڵكو زیانێكی بناغەییان لە ئابووری كوردستان و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی داوە. ئێستا لەبەر ئاموژگاری و ڕێنماییەكانی ئەو پارتانە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە سعودیە و میسر و توركیا و ئێراندا هەیە، كە ئەو وڵاتانە خۆیان بە خاوەن و مەشخەڵ هەڵگری ئایینی ئیسلام دەزانن، لە كوردستاندا سوودوەرگرتن لە پارەی پاشەكەوتكراو لە هاووڵاتیانی سادە حەرام كراوە.
قۆناغی داهاتووی دارایی لە كوردستاندا
ئێستا كە یاسای قەرزكردنی دەرەكی ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێناوە، دەبێت حكومەتی كوردستان چی بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو لایەنی گرنگ دەگرێتەوە كە دەبێت حكومەت ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات. یەكەم، لە كاتیكدا كە دەستی ئاواڵا كراوە بۆ قەرزكردنی دەرەكی، دەبێت حكومەت پەلە نەكات لە قەرزوەرگرتن و بە وردی و لە ژێر ڕێنمایی پسپۆڕی و كارەمەدا دانوستاندنی قەرز ئەنجام بدات. خێرا قەرز وەرگرتن كارامەیی نییە، ڕاستە دوو بانكی جیهانی بۆ ماوەیەكە هانی حكومەت دەدەن و دەیانەوێ قەرزێك بسەپێنن بە سەر حكومەتەكەماندا كە لە بارودۆخێكی دارایی نالەباردایە، بەڵام ژیرانە دیاریكردنی هەل و مەرجی قەرزكردن ئەركی سەرشانی داهاتی داهاتووی كوردستان ئاسانتر دەكات. بێگومان قەرزوەرگرتن شتێكە و شێوازی بەكاربردنیشی شتێكی دیكەیە. بۆیە دەبێت حكومەت لە تەنگەتاوی قەیرانی داراییدا قەرزەكان لە بواری بەكاربردنی ئاساییدا (Normal Consumption) بەكار نەهێنێت و مەرجی پرۆژەكانی وەبەرهەمهێنان كاری هەمیشەیی دروستكردن و بەها كەڵەكە (Added Value) بێت. لە هەمان كاتدا، پێویستە بگوترێت كە ئەگەر نیشتمان لە جەنگی مان و نەماندا بێت، بەكارهێنانی قەرز بۆ بەرگریكردن لە ژێرخانی ئابووری پێویستترە، چونكە گەر نیشتمان داگیركرا، ژێرخانی ئابووریش بەهای زۆر كەمترە لە ئازادی میللەتێك.
دووەم لایەن كە دەبێت حكومەتی كوردستان چیدی فەرامۆشی نەكات، ئەوەیە پێویستە كەرتی بانكی و سەرچاوەی پاشەكەوتكردن بخاتە گەڕ و هەوڵی پێویست بدات بۆ دامەزراندن و دروستكردنی ژێرخانی یاسایی و مرۆیی و تەكنەلۆجیای كەرتی بانكی سەردەمییانە و چیدی جۆگەلەی پاشەكەوتكردنی هاووڵاتیان لە قوتو و ژێر سەرین و كون و كەلەبەردا قەتیس نەكرێت. بەمەش نەك هەر توانای دارایی بۆ ئابووریی وڵات بەرزدەبێتەوە، بەڵكو هاووڵاتیانیش فێری خەرجكردنی هۆشمەندانە دەكات و ڕیگە لە زیادە خەرجكردن و بە فیڕۆدانی توانای دارایی دەگرێت.
Top