دەستووری نیشتمانی نەك ئیسلامی یان عەلمانی

دەستووری نیشتمانی نەك ئیسلامی یان عەلمانی
لەگەڵ گەیشتنی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر) بۆ شاری (مەدینە)، زۆر كاری خێرای ئەنجامدا، یەكێك لەو كارانە كۆكردنەوەی خەڵكی شار و نوێنەرانیان و نووسینەوەی دەستووری مەدینە بوو، چونكە دەستوور:
1. رێكخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیانە، واتە وەك چۆن یاساكان پەیوەندیی نێوان تاكەكان رێكدەخات، ئاواش دەستوور وەك دایكی یاساكان پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیان رێكدەخات.
2. گرێبەستێكی ئارەزوومەندانەی نێوان هەمووانە، چونكە ناكرێت هیچ كەس و لایەنێك تەنها بۆچوون و جیهانبینییەكانی خۆی بەسەر ئەوانی دیكەدا فەرز بكات.
3. شتێك لە هەموو شتەكانی هەر لایەنێكی تێدایە، نەك هەموو شتەكانی هەر لایەنێك.
4. بازنەیەكە بۆ كۆكردنەوەی گشت، واتە لە پاڵ پاراستنی ناسنامە لاوەكییەكانی هەر توێژ و چینێكدا، دەستوور جەخت لە ناسنامە گەورەكەی هەمووان دەكاتەوە كە نیشتمانە.
5. خولگەیەكە بۆ جووڵەی ئاسایی و یاسایی هەمووان، هەر وەك یاساكانی هاتوچۆ هۆكاری پاراستن و رێكخستنی جووڵە جیاواز و ئاراستە جیاكانی سەر شەقامن، دەستووریش ئاوا هۆكاری پاراستنی ئاسایشی نێو نیشتمانە بە ڕێگرتن لە پێكدادانی پێكهاتە جیاوازەكان.
6. چوارچێوەیەكی هاوبەشە بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش، لەبەر ئەوەی زۆر جار ئەوە چوارچێوە هاوبەشەكانن كە بەرژەوەندیی هاوبەش دروست دەكەن.
7. بازنەیەكە بۆ ئینتیما بۆ یەك نیشتمان، لە ڕێگەی كۆكردنەوەی تەواوی بازنە بچووكەكان لە بازنەی گەورەی نیشتماندا.
8. زەمینەی پێكەوەژیانی لەیەكچووەكان و پێكەوە هەڵكردنی جیاوازەكانە، چونكە پێكەوەژیان تەنها سازانی نێوان لەیەكچووەكان نییە، بەڵكو پێكەوە هەڵكردنی نێوان جیاوازەكانیشە.
9. دایكی گشتی ئەو یاسا و رێسایانەیە كە دواتر لەبەر رۆشنایی ئەودا دەردەچن، لەبەر ئەوەی بە تێپەڕبوونی كات، یاساكان پێویستییان بە هەمواركردنەوە دەبێت، بۆیە لەو هەمواركردنەوانەدا پێویستە پشت بە ستانداردێك ببەسترێت كە ئەویش دەستوورە.
10. ئاوێنەی دەرخستنی ئەركەكان و دیاركردنی مافەكانە، چونكە زانینی هاووڵاتیان بۆ ماف و ئەركەكانیان هەنگاوی یەكەمە بۆ پارێزگاریكردنی مرۆڤ لە مافە تاكەكەسییەكانی و بۆ پاراستنی مافە گشتییەكانی لە هەر پێشێلكردن و دەستدرێژییەك و بۆ رێزگرتن لەبەرامبەر و داننان بە مافەكانی و بۆ قەبووڵكردنی جیاوازییەكان و بۆ كاركردن بە بنەمای سازان و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگەچارەی ئاشتییانە.
Top