ژنانی داعش

ژنانی داعش
خاتوو(نێمی گۆریناتان)ی شارەزا لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ، باسێكی لە بڵاوكراوەی (فۆرن ئەفێرز)دا نووسیوە لە بەرواری(21/8/2014)دا بە ناونیشانی (ژنانی داعش) كە تیایدا دەڵێت: «بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین كە بۆچی ژنانێك هاوكاریی داعش دەكەن، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەشداربوونی ژنان لە جەنگەكانی سلڤادۆر و ئەریتيریا و نیپاڵ و سیریلانكا». هەروەها دەڵێت: «بەشداربوونی ژمارەیەك لە ژنان لە كردە خۆكوژی و تیرۆریستییەكاندا، ئەوەیان دەرخست كە بیرۆكەیەكی باو هەبوو، راست دەرنەچوو كەوای پیشان دەدا ژنان بە سروشتی خۆیان كەمتر بە لای توندوتیژیدا دەچن، یان دەگوترا ئەوان بەرگەی ئەو قەسوەت و كارە خوێناوییانە ناگرن كە ئەم رێكخراوە توندڕەوانە بەكاریان دێنن».
هەروەها لە توێژینەوەیەكی (پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەكانی توندڕەوی)یشدا دەركەوتووە كە «تەمەنی زۆرترینی ئەو ئافرەتانەی كە بەشداریی داعش دەكەن لە نێوان (19 بۆ 20) ساڵیدایە و هەندێكیان وەك پۆلیسی تایبەت بە فەرزكردنی جۆرێك لە جل وبەرگ بەسەر ژناندا كار دەكەن، هەندێكیشیان لە كاری گواستنەوەی نهێنییەكان و شتومەكی سەربازیدان، هەندێكیشیان وەك پشكێنەر لە خاڵەكانی پشكنیندان، چونكە كۆمەڵگەی عەشائیری بە رەوای نازانێت ئافرەتان بپشكێندرێن لە لایەن پیاوەوە، ئەمەش جۆرێك لە حەسانەی كۆمەڵایەتییان پێدەدات لەكارەكانیاندا».
بە شێوەیەكی سەرەكی كچان و ژنان لە سووریا و عێراق و وڵاتانی باكووری ئەفریقیا، لەسەروویانەوە تونس و هەروەها میسر و سعودیە و ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنساوە دەچنە نێو ریزەكانی داعشەوە. ئەمە جگە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست كە سەرچاوەی سەرەكیی ناردنی كچان و ژنانە بۆ نێو داعش.
زۆر هۆكار هەن بۆ چوونی ژنان بۆ نێو ریزەكانی داعش لەوانە:
یەكەم: هۆكاری تایبەت
بەتایبەت ژنانی عێراقیی و سووری كە زۆریان هاوسەر، یان كوڕ، یان ئەندامانی خێزانیان لەدەستداوە، یان تووشی بردن و گرتن بوونەتەوە پێشتر، یان ماڵ و خانوویان وێران كراوە بە دەستی هێزەكانی سووریا و عێراق، بۆیە وەك دۆزینەوەی پەناگەیەكی نوێ، یان وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لەو دوو رژێمە دەچنە نێو ریزەكانی داعشەوە.
دووەم: هۆكاری ئایدیۆلۆژی
وەك سەرسامبوون بە دروشمی خەلافەتی ئیسلامی و خەلیفەی موسڵمانان، كە هانی زۆرێك لەوانە دەدات بۆ چوونە نێو ریزەكانی داعش بە نێوی جیهادكردن لە پێناوی خوا و ژیان لە سایەی خەلافەتی ئیسلامیدا.
سێیەم: هۆكاری تائیفی
بەشێك لە سوننەكانی سووریا و عێراق ئەوانەیان كە بەدەستی رژێمی سووریا و دەسەڵاتی عێراق زیان لێكەوتوون، دەچنە نێو ریزەكانی داعش، چونكە وادەزانن كە داعش پارێزگاری لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەكات و تاكە رێگەیە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێكی سوننی.
چوارەم: هۆكاری كۆمەڵایەتی
زۆرێك لەو كچ و ژنە موسڵمانبووانەی ئەوروپا كە لە خێزانێكی بێباوەڕ، یان لە خێزانێكی ئەوروپی مەسیحی، یان یەهوودیدا دەژین، لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە دژایەتی دەكرێن، وەك هەڵاتنێك لە هەستكردن بە غوربەتی ئایینی لەماڵی خۆیاندا، دەچن پەنا دەبەنە بەر ئەو دەوڵەتە ئیسلامییەی كە لە رێگەی نێت و هاوڕێكانیانەوە بۆیان وەسف كراوە.
پێنجەم: هۆكاری ئینسانی
زۆرێك لەو كچ و ژنانەی كە لە ئەوروپا لە سەر بنەماكانی مرۆڤدۆستی و مافی مرۆڤ و یارمەتیدانی ستەملێكراوان پەروەردە كراون، ناتوانن دانیشن و لە دوورەوە تەماشای بریندار و خاوەن پێداویستییەكانی خەڵكی سڤیل بكەن، بۆیە بە پاڵنەری ئینسانییەوە روو دەكەنە سووریا بە ئومێدی پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ هەژار و بریندار و ئافرەت و منداڵی بێ سەرپەرشت، كەچی دواجار بەزۆر و بەپێچەوانەی ئامانجە مرۆییەكەی خۆیانەوە، دەكەونە داوی رێكخراوی داعش و هاوشێوەكانیەوە.
Top