قەرزکردنی دەرەکی وئەزموونی وڵاتانی گەشەکەر

قەرزکردنی دەرەکی وئەزموونی وڵاتانی گەشەکەر
حکومەتی کوردستان لەم ماوەیەی پێشوودا پرۆژە یاسایەکی خستووەتە بەردەست پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان و رازیبوون لە سەری، پرۆژە یاساکە لە کاتێکدا دێت کە حکومەتی ناوەندی عێراق وا بۆ ماوەی یازدە مانگە بەشە داهاتی نەوتی لە هەرێمی کوردستان بڕیوەو بەو هۆیەشەوە موچە و سەرچاوەی دارایی و وەبەرهێنان تووشی ئاستەنگێکی زۆر بووە. داوای قەرزی دەرەکی لە کاتێکی ئاوادا، زۆر کردارێک و کاردانەوەیەکی سروشتیانە دێتە بەرچاوو زۆر نزیکە پەرلەمان و جەماوەری کوردستان بێ سێ و دوو پاڵپشتی ئەم پرۆژە یاسایە بکەن.
پێش ئەوەی شیکردنەوەیەک و ئەنجامگیریەک بۆ پرسێکی وا گرنگ بکەین، پێویستە لێرەدا بە شێوەیەکی کورت شیکردنەوەیەک بۆ جۆرەکانی قەرزی دەوڵەتی بکەین و بە ئەزموونی وڵاتانی گەشەکەردا بچینەوەو بزانین کێشەو ئاستەنگەکانی ئەم شێوە قەرزکردنە چین.

قەرزی دەوڵەتی
بەشێوەیەکی گشتی قەرز لە بارێکدا دەکرێت کە خەرج (Expenditure) لە داهات (Income) بەرزتر بێت. بە پێچەوانەشەوە، پاشەکەوتکردن (Saving) لە کاتێکدا دەکرێت کە داهات لە خەرج بەرزتربێت. بە هەمان پێوەر، دەشێ حکومەت قەرز بکات لەکاتێکدا کە وەبەرهێنانی نیشتمانی لە پاشەکەوتی نیشتمانی نزم بێت، لێرەدا پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان قەرزو پاشەکەوتکردنی بەکاربەری ئاسایی (Ordinary consumer)و قەرزی دەوڵەتدا. هەرچەندە بناغەکانی قەرزکردنی تاکەکەس و دەوڵەت زۆر لەیەک دەچن بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە ڕووی مەبەست و مەوداو شێوەی قەرزکردنیاندا هەیە.
(1) لە پێش هەموویانەوە، بە پێچەوانەی تاکە کەسەوە، دەوڵەت کاتی ژیانی دیاریکراو نییە، واتە دەوڵەت تەنیا شەست یا هەفتا ساڵ ناژی هەتا مەودای قەرزەکانیشی بە پێی ژیانی بێت و لە کۆتایی ژیانیدا هەموو قەرزەکانی دابێتەوە.
(2) بەپێچەوانەی تاکە کەسەوە، پێشبینی دەکرێت دەوڵەت ئیفلاس نەکات. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی کە دەوڵەت نوێنەرایەتی نیشتمانێکی سەربەخۆ Sovereign Nation)) دەکات و نیشتمانیش ڕەنگە تووشی نشوستی بێت لە بارو زروفی نەخوازراودا، بەڵام لە ئایندەدا هەر هەڵدەستێتە سەر پێی خۆی. هەر بۆیە ڕێژەی مەترسی (Risk Rate) قەرزی دەوڵەتی زۆر کەمترە (زۆرجار یەکسان دەکرێت بە سفر) لە قەرزی تاکەکەس و کۆمپانیاکان.
(3) هەر ئەمەش وادەکات کە دەوڵەت لە چاو تاکەکەسدا سەرچاوەی قەرزی زۆر زیاتری هەبێت و دامودەزگا جیهانیەکان زیاتر متمانەیان پێی هەبێت.
(4) جیاوازیەکی بنەڕەتی دیکەی قەرزی دەوڵەتی لەگەڵ قەرزی بەکاربەری ئاساییدا ئەوەیە کە مەبەستی قەرزی دەوڵەت بۆ وەبەرهێنان و پێشڕەوتی نیشتمانە نەک سوودی تاکەکەس. هەربۆیە، دەرئەنجامی قەرزکردنی دەوڵەت بە باش و بە خراپ کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو هاووڵاتیانی وڵات. جا ئەگەر هاووڵاتیان ئاگایان لە قەرزەکە بووبێت یا نەبێت، کاردانەوەکانی قەرزەکە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموویان هەر دەبێت.
لێرەدا پێویستە ئەوە بخەینەڕوو کە بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆرە مەبەستی سەرەکی قەرزکردنی دەوڵەتی هەیە:
یەکەم، قەرز بە مەبەستی وەبەرهێنان. ئەم جۆرە قەرزەش دەکرێت بە دوو جۆرەوە. جۆری یەکەم بۆ وەبەرهێنانە لە ژێرخانی ئابووریدا وەکو دروستکردنی ڕێگەوبان و بەنداو و ئێزگەی بەرهەمهێنانی وزەو ..تاد. زۆربەی قەرزیش بۆ ئەم مەبەستانە دەبێت درێژخایەن بێت چونکە پرۆژەکان ماوەیەکی زۆریان دەوێت تەواوبکرێن. لە هەمان کاتدا، بەهرەی ئەم پرۆژانەش لە ماوەیەکی زۆر درێژخایەندا بەدی دەهێنرێن. بۆ نمونە، لێدان و تەواوکردنی ڕێگایەکی ستراتیژی یا هێڵی ئاسنین ڕەنگە چەند ساڵێکی بوێت تا تەواو دەبێت بەڵام دەیەها ساڵی دەوێت هەتا تێچووەکەی خۆی دەربهێنێتەوە. زۆرجار بەهرەی ئەم جۆرە پرۆژانە زۆر ناڕاستەوخۆن و سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت ئێستا دەبێت خەرجێکی زۆریان تێدا بکات، بەهرەکەیان بەسەر هەموو دانیشتوواندا دابەش دەبێت و ڕاستەوخۆ نابنە مایەی هیچ داهاتێک بۆ بودجەی دەوڵەت. جۆرێکی دیکەی قەرز بۆ مەبەستی وەبەرهێنان قەرزی کورتخایەنە. بۆ نموونە قەرز بە مەبەستی بەرهەمهێنان لە پرۆژەیەکدا کە خێرا دێتە دەستەوەوە و خێرا دەست دەکات بە بەرهەمهێنان و بەهرەکەشی راستەوخۆیە. بۆ نمونە، دامەزراندنی کارگە و کێڵگەی بەرهەمهێنەر. بەرهەمی ئەم جۆرە پرۆژانە بەرجەستەیین (Tangible) بۆیە پرۆژەکان توانایان هەیە خۆیان قەرزەکانی خۆیان بدەنەوەو چاوەڕوان ناکڕێت لە پاشەڕۆژدا ببنە مایەی هیچ نیگەرانیەک بۆ بودجەی دەوڵەت. لەبەر هەندێ، شێوەی دابین کردنی دارایی بۆ ئەم پرۆژانە زۆر ئاسانترە لەدابینکردنی دارایی بۆ پرۆژەی درێژخایەن، بەڵام لە گوتارێکی ئاوادا بوار نیە بە دوورو درێژی بە وردەکاریەکانیاندا بچینەوە.
دووەم، جۆری قەرزی دەوڵەتی بۆ مەبەستی خەرجکردنە. بۆ نموونە ڕەنگە دەوڵەت بەهەر هۆیەکەوە بێت، ئێستا تووشی قەیرانی دارایی بووبێت و داهاتی لە تێکڕای خەرجی کەمتر بێت. بۆیە پەنا دەبات بۆ قەرزکردن و مەبەستی سەرەکیش خۆلادانە لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی نەخوازراو. لە لایەکی ترەوە، ڕەنگە وڵاتێک قەرز بکات بۆ ڕاستکردنەوەی کورتهێنانی هاوکێشەی پێدانی بازرگانی (Balance of Trade Deficit). ئەمەش لە بارێکدا پێویست دەکات کە هاوردەی (Imports) وڵات لە هەناردەی (Exports) زیاتر بێت. بێگومان مەرج نییە هەر ئەو لارسەنگی هاوکێشەیە دروست بوو، وڵات پێویست بکات قەرز بۆ ڕاستکردنەوەی بکات. قەرز بۆ ئەم مەبەستە پێویست دەکات کاتێک دراوی وڵات بە پێی پێوەرێکی تایبەتی، نەک یاساکانی بازاڕی ئازاد، دیاری کرابێت. بۆ نموونە نرخی دراوی زۆربەی زۆری وڵاتانی گەشەکەر دیاریکراوە و لارسەنگی هاوکێشەی سەرەوە دەبێتە هۆی گۆڕینی نرخی دراوو بەو هۆیەشەوە باری ئابووری وڵات تێکدەچێت. بۆ خۆ لادان لە کارتێکەرە نەخوازراوەکانی لارسەنگی هاوکێشەی پێدانی بازرگانی، وڵاتانی گەشەکەر زۆر جار لە قەرزی لەو چەشنەیان کردووە. بۆ نموونە، قەرزەکانی وڵاتانی گەشەنەکردوو لە کۆتاییەکانی هەفتاکانی سەدەی پێشوودا کە بۆ مەبەستی ڕاستکردنەوەی کورتهێنانی هاوکێشەی پێدانی بازرگانی بوو. یا قەرزەکانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا کە بۆ بەرزکردنەوەی خەرجی حکومەت بوو. کێشەی سەرەکی ئەم جۆرە قەرزانە ئەوەیە پارە قەرزکراوەکە ئێستا خەرجدەکرێت، بەڵام نەوەی پاشەڕۆژ دەبێت بیداتەوە. واتە نەوەی ئێستا بەهرەو خۆشی لە قەرزەکە وەردەگرێت، بەڵام نەوەکانی داهاتوو دەبێت خەرج و خۆشیەکانیان کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی قەرزی نەوەکانی پێشوو بدەنەوە.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی قەرزی دەوڵەتانی گەشەکەر
مێژووی قەرزی دەرەکی و ناوەکی دەوڵەتی مۆدێرن شان بە شانی دروستبوونی دەوڵەت کۆنە، بەڵام قەیرانی قەرزی نێودەوڵەتی بەتایبەت قەیرانی قەرزی وڵاتانی گەشەکەر لە ڕووی مێژوویەوە دیاردەیەکی زۆر کۆن نییە. زۆربەی وڵاتانی گەشەکەر لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی پێشوودا بە قۆناغێکی گەشەکردنی باشدا تێپەڕدەبوون کە تێکڕای ڕێژەی گەشەکردنیان لە ساڵانی 1967-73 دا 6.6% بوو. زۆربەی وڵاتانی تازە گەشەکردووی وەک وڵاتانی ئەمریکای لاتینی دەستیان کردبوو بە هاوردەی کاڵاکانی سەرمایە و نەوت و خواردن کە پێویستبوون بۆ گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی. زۆربەی ئەو وڵاتانەش پەیڕەوی سیاسەتێکی تیژڕەوی هەناردەییان دەکرد بۆیە پێشبینیان دەکرد کە قەرزی ئەوکاتە زۆر بە ئاسانی بدرێتەوە. بەدبەختانە لە سەرەتایی هەفتاکاندا هاوکێشە ئابوریەکانی جیهان گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هات. کە بریتی بوون لە:
یەکەم، وڵاتانی هەناردەی نەوت بەتایبەت وڵاتانی ئۆپێک (OPEC) لە ساڵی 1973دا نرخی نەوتیان چوار قات بەرزکردەوە. ئەمەش بووە هۆی ڕوودانی داکشانی ئابووری (Economic Recession) لە وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکان، هەر بەو بۆنەیەوە، ڕێژەی نەشونمای ئابووری ئەو وڵاتانە لە 5.2% ەو دابەزی بۆ 2.7% لە ساڵەکانی 1973-1980 دا. وەک کاردانەوەیەکی ئەو داکشانە، خواستی وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکان بۆ کەرەسە خاوەکان کە زۆربەی زۆری هەناردەی وڵاتە گەشەکەرەکان دەگرێتەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی. بۆیە داهاتی هەناردەی وڵاتانی گەشەکەر بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، شایانی باسە کە ئابوری وڵاتانی هەناردەی نەوت لەو کاتەدا توانای هەڵمژینی بەرزبوونەوەی چاوەڕوان نەکراوی بڕە داهاتەکانی نەوتی نەبوو. بۆیە زۆربەی داهاتەکان کە بە دۆلاری ئەمەریکی بوو لە حیسابی بانکە بازرگانیە نێودەوڵەتیەکاندا دانران. وەک کاردانەوەیەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وڵاتە گەشەکەرەکان، بەتایبەت هاوردەکانی نەوت، تووشی کورتهێنانی هاوکێشەی پێدانی بازرگانی بوون. بانکەکانیش کە بواری قەرزدان و وەبەرهێنانیان لە وڵاتانی گەشەکردوودا تەسک بوبۆوە، زۆر بە ئاسانی قەرزیان بەو وڵاتانە دەدا. زۆر ئابووریناس لەو باوەڕەدان کە بانکە جیهانیەکان لە دروستکردن و قووڵکردنەوەی قەیرانەکەدا نەخشی گرنگیان هەبوو لەوەی زۆر هانی وڵاتانی گەشەکەریان دەدا کە قەرز وەربگرن. ئەمەش تەنیا بۆ مەبەستی دووبارە بەکارهێنانی (Recycling) پێترۆدۆلاری ئۆپێک بوو.
دووەم، کارتێکەرێکی گرنگ کە نەخشی هەبوو لە دروست بوونی قەیرانەکانی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوودا ئەوە بوو لە کۆتایی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکان بە سیاسەتی دارایی و ئابووری خۆیاندا چوونەوە؛ بۆ بەرهەڵستیکردنی داکشانە ئابورییەکەی ناوەڕاست هەفتاکان، ئەو وڵاتانە، بە تایبەت بەریتانیا و ئەمریکا، سیاسەتێکی تیژڕەویان گرتەبەر بەرامبەر ڕێژەی هەڵئاوسان و بێکاری. جێبەجێکردنی سیاسەتێکی لەو جۆرەش پێویستی بە سیاسەتی گرژی دارایی هەبوو (Strict monetary policy). ئەو سیاسەتەش بووە هۆی نزم بوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریکردە سەر ڕێژەی سوودی ڕاستەقینە لە بازاڕدا. لە کاتێکدا لە کۆتاییەکانی هەفتاکاندا ڕێژەی سوود لە زۆر وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوودا لە خوارەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بوو و وڵاتانی قەرزکەر سوودیان لەم ڕێژە نێگەتیڤە دەبینی، سیاسەتی ناوبراوی پێشوو ڕێژەی سوودی لە چەند ساڵێکی کەمدا بەرزکردەوە بۆ 17.5%، ئەمەش بووە هۆی بارگرانیەکی زۆر بۆ وڵاتانی قەرزکەر.
سێیەم، هۆکارێکی گرنگی دیکەی قەیرانی قەرز ئەوە بوو کە لە هەفتاکانی سەدەی پێشوو پێکهاتەی قەرزی وڵاتانی گەشەکەر گۆڕا. گۆڕانەکانێش لەم دوو شێوەیە بەدی دەکرا:
زۆربەی زۆری قەرزەکانی وڵاتانی گەشەکەر لەسەرەتایی هەفتاکاندا لە سەرچاوەی گشتیەوە (حکومەتەکان) بوون. قەرزی سەرچاوەگشتیەکانیش هەلومەرجی دانەوەی زۆر ئاسانتریان هەیە لە قەرزی بازرگانی. بۆ نموونە، ڕێژەی سوودی ئەو قەرزانە زۆربەی جار زۆر نزمترە لە ڕێژەی سوودی بازاڕ. هەروەها، کاتی دەستپێکردن و پێدانەوەی قەرزەکەش بە هەمان شێوە زۆر لەبارتر بوو بۆ وڵاتانی گەشەکەر. زۆرجار بڕێکی قەرزەکانیش وەک کۆمەک (Aid) هەژمار دەکرا.
بەداخەوە، لە کۆتایی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا هەڵوێستی وڵاتە پێشکەوتووەکان بەرامبە بە قەرز گۆڕا. لە کاتێکدا نزیکەی نیوەی قەرزەکانی وڵاتانی گەشەکەر لە سەرچاوەی گشتیەوە بوون، ئەو ڕێژەیە دابەزی بۆ 32% لە سەرەتای هەشتاکاندا.ئەمەش وڵاتە گەشەکەرەکانی خستە ژێر ڕەحمەتی بانکە بازرگانیە جیهانیەکانەوە.
لە لایەکی ترەوە، داراییە گشتیەکان لە هەشتاکان بەدواوە لە ڕێگەی ڕێکخراوو دەزگا فرەلایەنەکانی وەک بانکی جیهانی و سەندوقی نێودەوڵەتی دراوەو دیاری دەکرا. ئەو ڕێکخراوانەش بە مەرجی زۆر سەنگین قەرزیان بە دەوڵەتانی گەشەکەر دەدا. بۆیە وڵاتانی قەرزکەر کەوتنە ژێر ڕکیفی دەزگا فرەلایەنەکانەوە کە ئەوانیش هەمان سیاسەتی ئابووری و داراییان بە سەر وڵاتانی جیاوازدا سەپاند. بۆیە پرەنسیپی هەمان کەوشی بۆ هەموو پێیەکیان بەکاردەهێنا. ڕەچاونەکردنی بارودۆخی تایبەتی وڵاتانیش کاردانەوەی نەرێنی زۆری هەبوو لەسەر گەشەکردنی ئابووری و باری کۆمەڵایەتی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە.
چوارەم، زۆر جار سیاسەتمەدارانی وڵاتانی گەشەکەر زۆر بە خێرایی لۆمەی شکستخواردنی خۆیان دەدەنە پاڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام گومانی تێدا نییە کە حکومەتەکانی وڵاتانی قەرزکەر بەرپرسیارێتیەکی زۆریان هەیە لە دروستکردنی قەیرانەکە. گەندەڵی و کورتبینی و بە فیڕۆدان و خراپ خەرجکردنی سامانی وڵاتەکانیان بووبە هۆی بە گرانکەوتنی دانەوەی قەرزەکان لە سەر دانیشتووانی وڵاتەکانیان. بۆ نموونە، هەرچەندە سەرهەڵدانی قەیرانی قەرزی وڵاتە گەشەکەرەکان لە هەمان کاتدا ڕوویدا بەڵام دەوڵەت لە زۆر لەو وڵاتانە لە ڕێگەی سوپاوە دەبرابەڕێوە. دەسەڵاتی سوپاش زۆر بەدناون بۆ خراپ بەڕێوەبردن و بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی. باشترین نموونەش دەسەڵاتی سوپایە لە پاکستان و ئەرجەنتین و چیلی و سودان لە هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
سەرچاوەکانی قەرز وەرگرتنی حکومەت
سەرچاوە ناوخۆییەکان: حکومەتەکان دەتوانن لە دانیشتووانی وڵاتەکانی خۆیان (هاووڵاتی و کۆمپانیاکان) قەرز بکەن. زۆربەی جار وڵاتان سەنەدی قەرزکردن (Bills & bonds) دەردەکەن و لە بازاردا بە هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی خۆیانی دەفرۆشن. باشی ئەم جۆرە قەرزکردنە ئەوەیە کە قەرزەکە بە دراوی ناوخۆ دەدرێتەوەو پێویستی بە دراوی بێگانە نییە. بۆیە هیچ قورساییەک ناخاتە سەر داهاتی هەناردەکردنی وڵات. لە لایەکی ترەوە، ئەم شێوە قەرزە دانیشتووانی وڵات فێری پاشەکەوتکردن دەکات لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی دارایی و بانکی وڵات بەوەی هاووڵاتیان پاشەکەوتەکانیان لە بازاڕی داراییدا بەکار دەهێنن. سوودێکی دیکەی قەرزکردنی ناوخۆیی ئەوەیە کە سوودی قەرزەکە، بە پێچەوانەی قەرزی دەرەکیەوە هەر لەناو وڵاتدا دەمێنێتەوە. بۆیە لە ئەنجامدا بە دانەوەی قەرزەکە قەرزکەر (حکومەت) و قەرزدەر (هاووڵاتی) سوود و زیانیان بەرامبەر دەبێت و وڵات لە قەرزەکە زەرەرمەند نابێت. لایەنی نەرێنی ئەم شێوە قەرزە وەک هەر قەرزێکی دیکە ئەوەیە کە حکومەت فێری زیادە خەرجکردن و قەرزکردن دەکات کە خۆی لە خۆیدا نەریتێکی ئابووری خراپە. باشترین نمونەش وڵاتانی باشووری ئەوروپایە کە دوای ساڵانێکی زۆری قەرزکردن و زیادە خەرجکردن دووچاری قەیرانێکی دارایی زۆر ترسناک بوونەتەوە.
سەرچاوە دەرەکیەکان: سەرچاوە دەرەکیەکان دەبن بەم بەشانەی خوارەوە:
سەرچاوە تاکلایەنەکان: ئەم سەرچاوە بانکە ناوەندیەکانی وڵاتانی بێگانە دەگرێتەوە. واتە، حکومەتەکانی وڵاتان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانکە ناوەندیەکانیانەوە قەرز دەدەن بە وڵاتانی بەناو دۆستی خۆیان. ئەم شێوە قەرزەش باشی زۆرە لە چاو قەرزی بازرگانیدا. بۆ نموونە، ڕێژەی سوود لە سەر ئەم قەرزانە کەمترە لە ڕێژەی سوودی بازاڕ. لە لایەکی دیکەوە، بەشێکی زۆربەی ئەم قەرزانە بە کۆمەک (Aid) هەژمار دەکرێن. باشیەکی دیکەی ئەم جۆرە قەرزە ئەوەیە ماوەی بەخشینی (Grace period) هەیە. واتە دەستپێکردنی دانەوەی قەرزەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک یا ساڵێک دوادەخرێت. ئەمەش ڕێگە بە وڵاتانی گەشەکەر دەدات بەهرە لە قەرزەکە وەربگرن و باری ئابووری خۆیان ڕێکبخەنەوەو توانای دانەوەی قەرزەکەیان زیاتر بێت. لایەنی نەرێنی ئەم شێوە قەرزانە ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی قەرزدەر، وەک مەرجی پێدان، داوادەکەن کە بڕێک لەو قەرزە لە کڕینی شتومەکی وڵاتانی خۆیاندا خەرج بکرێت. ئەمەش ئامانجی بەکارهێنانی قەرزەکە بەرتەسک دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی ئەم قەرزانە لە ڕووی سیاسیەوە دەدرێت بۆیە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری وڵاتدا بەرز دەکاتەوە.
سەرچاوە فرەلایەنەکان: نموونەی ئەم لایەنانە بانکی جیهان و سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پرۆگرامی گەشەکردنی نەتەوەیەکگرتوەکان و بانکە ناوچەییەکانە. قەرز لەم سەرچاوانەوە بە مەرجی ئابووری و دارایی دەدرێت. زۆربەی جار ئەو مەرجانە یەکسانن بە ڕاستەوخۆ دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتی قەرزکەردا. ئەو مەرجانەش مێژوویەکی زۆریان هەیە و وڵاتانی گەشەکەر ئەزموونێکی زۆر تاڵیان هەیە لە گەڵیدا. ئەو ئەزموونانە دەگەڕێنەوە بۆ هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. مەرجەکان بە ڕادەیەک خراپبوون و کارتێکەری نەرێنیان لە سەر ئابووری ئەو وڵاتانە هەبوو کە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی پێشوو بە دەیەکانی ونبوو هەژمار دەکرێن لە ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتیندا.
دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەین کە قەرزی سەرچاوە فرەلایەنەکان بە وڵاتانی سەربەخۆ دەدرێن کە ئەندامن لەو ڕێکخراوانە. ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ شیکردنەوەی کێشەی قەرزی دەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە بازرگانێکان: ئەم سەرچاوەیە بانک و کۆمپانیا بازرگانێکان دەگرێتەوە. بەپێچەوانەی سەرچاوەکانی دیکەوە، نرخی سوودی قەرز لەم سەرچاوانە بەپێی بازاڕ دیاری دەکرێت. لە هەمان کاتدا ئەم قەرزانە ماوەی بەخشینیان نییە و هیچ بەشێکیان بە کۆمەکی ئابووری هەژمار ناکرێن. واتە دەستپێکردن بە دانەوەی یەکسەر دوای وەرگرتنی قەرزەکە دەست پێدەکات و هیچ بوارێک بە قەرزوەرگر نادات هەتا بە کاروباری ئابووری و دارایی خۆیدا بچێتەوە. کێشەیەکی دیکەی ئەم قەرزانە ئەوەیە کە ئەگەر قەرزوەرگر نەیتوانی لە کاتی خۆیدا قەرزەکە بداتەوە، داڕشتنەوەی (Re-scheduling) قەرزەکە زۆر گران لە سەری ڕادەوەستێت. ئەزموونی وڵاتانی گەشەکەر ئەوە نیشان دەدەن کە زۆرجار ئەو وڵاتانە زۆریان لێکراوە قەرزی نوێ بکەن بۆ دانەوەی قەرزە کۆنەکە بەڵام بە مەرج و سوودی زۆر سەنگین تر. ئەگەری ئەوەش هەیە کە کاتێک قەرزدانەوەکە ئاستەم بێت، ئەو بانکە جیهانیانە لە بری قەرزەکانیان دەستبگرن بەسەر هەندێ سەرچاوەی سروشتی وڵاتدا. ئەمەش لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەوە ڕەنگدانەوەی نەرێنی ئەبێت لە سەر هەستی نەتەوایەتی هاووڵاتیانی وڵاتانی قەرزکەر.
هەرێمی کوردستان و قەرزکردن
لەبەر ڕۆشنایی ئەو شیکردنەوانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چونکە هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بواری قەرزکردنی زۆر تەسک دەبێتەوە. بۆ نموونە، وەک لە پێشەوە ئاماژەی پێکرا، سەرچاوە فرەلایەنەکان تەنیا قەرز بە وڵاتانی سەربەخۆ دەدەن بەتایبەت بەو وڵاتانەی کە ئەندامی دەزگا جیهانێکانن. لێرەدا تەنیا سەرچاوە تاکلایەنەکان و بازرگانێکان دەمێننەوە. سەرچاوە تاکلایەنەکانیش تەنیا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکەن. بۆیە زۆر ئاستەمە ڕاستەوخۆ قەرز بە هەرێمی کوردستان بدەن. ئەوەی دەمێنێتەوە سەرچاوە بازرگانییەکانە بەتایبەت بانکە بازرگانیە گەورەکانی جیهانە. پێویستە لێرەدا ئەوە بخەینەڕوو کە بارودۆخی دارایی و وەبەرهێنانی وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکان بە شێوەیەکە کە ئەگەری ئامادەبوونی ئەو بانکانە بۆ پێدانی قەرز بە وڵاتانی وەک هەرێمی کوردستان زۆر لە ئارادا ببێت. ئەم بابەتەش لە کاتێکدا دەوروژێنرێت کە بەشێوەیەکی گشتی لێکچوانێکی زۆر نزیک هەیە لە نێوان بارودۆخی ئابووری و دارایی جیهانی ئێستاو ئەو بارودۆخەی کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو کە بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی قەرزی وڵاتە گەشەکەرەکان. لێکچوانەکەش بەم شێوەی خوارەوەیە:
یەکەم: ماوەیەکی درێژە کە نرخی نەوت زۆر بەرزەو وڵاتانی هەناردەی نەوت بەتایبەت وڵاتانی کەنداوو شانشینی سعودیە سامانێکی دارایی زۆریان لا کۆبووەتەوە توانای خەرجکردنیان نیە. هەر بەو هۆیەوە، زۆربەی سامانە داراییەکانیان لە بانکە بازرگانێکانی ئەوروپا و ئەمریکادا دانراون. بە واتایەکی دیکە، پارەیەکی زۆر لەبەردەستی بانکەکاندا هەیە کە دەیانەوێت بە قەرزی بدەن،
دووەم: وڵاتانی گەشەکردوو لە ساڵی 2008 ەوە دووچاری قەیرانێکی ئابوری و دارایی زۆر قوڵ بونەتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەو قەیرانەش وایکردووە کە بواری وەبەرهێنانی ئەو پارەیەی لای بانکە بازرگانێکان ماوەتەوە زۆر کەمبێتەوە. بۆیە تاکە جۆرە وڵاتێک کە مابێتەوە بۆ قەرز وەرگرتن و قەرز پێدان وڵاتانی گەشەنەکردووی وەک کوردستانن.
سێیەم: ڕێژەی سوود لە چەشنی کۆتاییەکانی هەفتاکان و سەرەتاکانی هەشتاکانی سەدەی رابوردوودا زۆر نزمە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی گەشەنەکردوو فریو بخۆن و وابزانن کە قەرزدانەوە زۆر ئاسان دەبێت و لە پاشەڕۆژدا کەم لەسەریان دەکەوێت.
چوارەم: لە چەشنی وڵاتە گەشەکەرەکانی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشوو، حکومەتی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووری و داراییدا تێپەڕ دەبێت. بەشێکی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی بەغداوە بەڵام بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەڕێوەبردنی ئابوری کوردستان و خەرجیی حکومەت. لە هەمان کاتدا، پێویستە بوترێت کە شەڕی تیرۆریزمی داعش لە کاتێکدا ڕوویدا کە کوردستان لە باری داراییەوە تووشی ئاستەنگێکی زۆر گەورە بووەتەوە. بۆیە حکومەتی کوردستان لە شەڕێکی دەستەویەخەی مان و نەماندایەو ئێستا لە کاتێکی زۆر لێبڕاویدا سەرچاوە داراییەکانی لێ وشککراوە.
ئەو لێکچوانانەی سەرەوە ئەوە پیشاندەدەن کە حکومەتی کوردستان لە بارودۆخێکی ئاوادایە کە ئەگەری وەرگرتنی قەرزو دووبارەکردنەوەی ئەزموونی شکشتخواردووی وڵاتانی گەشەکەری هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشووی تێدا بەدی دەکرێت. لێرەدا پرسیاری ڕەوا ئەوەیە لە بارودۆخێکی ئاوادا حکومەتی کوردستان جگە لە خۆخستنە ژێر باری قەرزەوە چی بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەستدایە؟ لە ڕاستیدا، وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرانە چونکە قەیرانەکەی ئێستا ?
Top