ئێمە بە چ تیۆرێكی میدیایی كار دەكەین؟

ئێمە بە چ تیۆرێكی میدیایی كار دەكەین؟
وێڕای ئەوەی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان چەندین بیردۆزی كاركردنیان تاقیكردۆتەوە لە بواری كاری میدیاییدا و، دواجار بیردۆزێكیان پەسەند كردووە كە لەگەڵ ئاستی خەڵك و باری سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەواندا دەگونجێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا هێشتا خاوەنی بیردۆزێكی میدیایی تایبەت بە خۆمان نین، هەر لەبەر ئەمەشە خەریكە لە جیاتی ئەوەی میدیا بەشێك بێت لەچارەسەر، كەچی زۆرجار زۆرێك لە میدیاكان بوونەتە بەشێك لەگرفت!
لە بیردۆزی دەسەڵاتەوە كە بڕیاری دەدا میدیا تەنها لەدەستی دەسەڵاتدا بێت و تا بیردۆزی ئازادیی كە قازانجی دارایی و ئازادی رەها داوا دەكات و بۆ بیردۆزی سۆشیالیستی كە دوای دەكرد میدیا تەنها لە دەستی حزب و چینی كرێكار و پڕۆلیتاریادا بێت، تا بیردۆزی گەشەپێدانی سەردەمی جیهانی سێ و خەریكبوون بە باسەكانی ناسنامە و كەلتوور لە ژێرچاودێریی دەوڵەتدا، بۆ بیردۆزی بەشداربوونی دیموكراسییانە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە میدیا لە خزمەتی خەڵكدا بێت، نەك بەپێچەوانەوە، تا دەگەینە ئەوەی كە دواجار زۆرێك لە وڵاتان گەیشتنە ئەوەی كە گونجاوترین بیردۆزی میدیایی، بیردۆزی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتییە، كە لایوایە ئازادیی وەك ئەوەی مافە، لە هەمان كاتیشدا ئەركە و قازانج و فەزا و ئاسمانی فراوانی ئازادییش بە بنمیچی بەرپرسیارێتییەوە گرێدەدات و هەبوونی میدیایەكی راستگۆ و ئاست بەرز و خاوەن زانیاریی دروستیش بە مافێكی تاك و كۆمەڵگە دەناسێنێت.
ئەمڕۆ لە سایەی ئازادیی كاری میدیادا، میدیاكاران پێویستییەكی زۆریان بە هەستكردن و بە پابەندبوون بەو بەرپرسیارێتییە كۆمەڵایەتییە هەیە، بۆ ئەم ئامانجەش ئەم هەنگاوانە پێویستن:
یەكەم: گرنگیدان و كاركردن بە بیردۆزی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی لەبواری میدیاییدا.
دووەم: كاركردن بە هەردوو یاسای مافی دەستخستنی زانیارییەكان و یاسای پاراستنی تایبەتمەندییەكانی تاك.
سێیەم: كاركردنی دەزگاكانی میدیا بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵكارانی بواری راگەیاندن.
چوارەم: پابەندكردنی هەر دەزگایەك بە بەردەوامبوون لەسەر بەدواداچوونی ئەو دۆسیە كۆمەڵایەتییانەی كە دەیانكاتەوە تا ئەو كاتەی دۆسیەكە دادەخرێت.
پێنجەم: خستنەڕووی زانستییانەی دیاردە دزێوەكان بۆ بنبڕكردنیان و تیشك خستنەسەر لایەنە پۆزەتیڤ و جوانەكانی كۆمەڵگەش بۆ پاراستن و گەشەپێدانیان.
شەشەم: دواخستنی نیشاندانی هەندێك بابەتی كۆمەڵایەتیی تایبەت بۆ كاتێكی درەنگی شەو.
حەوتەم: دووركەوتنەوە لە ئیرهابی میدیایی و بڵاوكردنەوەی هەواڵی خێرای ناڕاست و فێربوونی داوای لێبووردنكردن لە هاووڵاتییان لەهەر هەواڵێكی ناڕاست.
هەشتەم: خۆدوورگرتن لە بەكارهێنانی دۆسیەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بۆ مەرامی تاكەكەسی و تایبەت.
نۆیەم: زانینی ئەو راستییەی كە خاوەندارێتی دەزگای میدیایی مافێكی بنیاتنراوە لەسەر دوو بنەمای متمانە و لێپرسراوێتی و ئازادیی میدیاییش نابێت لەسەر حیسابی سەروەریی یاسا بێت.
دەیەم: بایەخدان بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانی.
بۆ ئەمەی ئاماژەمان بۆكرد، ئەم هەنگاوانەش پێویستن :
یەكەم: كردنەوەی بەشی میدیاكارانی كۆمەڵایەتی لە كۆلێژ و پەیمانگەكانی راگەیاندندا.
دووەم: بەشداریپێكردنی میدیاكارانی كۆمەڵایەتی لەخولی تایبەت و ۆركشۆپەكاندا.
سێیەم: كاراكردنی رۆڵی داواكاری گشتیی بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە بابەتە كۆمەڵایەتییەكان.
چوارەم: رێكخستنی سیمینارێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەتەكانی رۆشنبیری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و سەندیكای رۆژنامەنووسان و بەشی كۆمەڵناسی لە زانكۆكانی هەرێم و سەندیكا و یەكێتی كۆمەڵناسانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەست بە بواری كۆمەڵایەتی و پسپۆڕانی كۆمەڵناسی، بۆ داڕشتنی بنەماكانی كاری میدیاكارانی كۆمەڵایەتی.
بۆیە تاگەیشتن بەو ئامانجە، زۆر گرنگە میدیاكارانی هەرێم لە رێگەی دیدار و ۆركشۆپ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە، خۆیان لەنێو تیۆرێكی میدیایی گونجاو بە هەرێمی كوردستان بدۆزنەوە، بە مەبەستی رزگاربوون لەفەوزای میدیایی .
Top