پێشمەرگە لەسەدەی نوێ كوردستانی بەجیهان ناساندەوە

پێشمەرگە لەسەدەی نوێ كوردستانی بەجیهان ناساندەوە
رووداوەكانی ئەم چەند مانگەی رابردوو وێڕای ناخۆشی و هەندێك لە كارەساتەكانی، چەند خاڵێكی گەش و گەورەشی بۆ گەلی كوردستان تۆمار كرد لەچەشنی:
یەكەم: یەكڕیزیی گەل و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان.
دووەم: پتەویی و سەقامگیریی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان.
سێیەم: لێبووردەیی و گیانی مرۆڤدۆستانەی خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران.
چوارەم: لێبووردەیی ئایینیی گەلی كوردستان و قبووڵكردنی ئەوانی دیكەی جیاواز لە ئاییندا.
پێنجەم: زیادبوونی پاڵپشتیی سیاسیی نێودەوڵەتیی بۆ ئەزموونی گەلی كورستان.
بەڵام لەمانەش گرنگتر و گەورەتر بریتی بوو لە:
یەكەم: دەركەوتنی ناوی پێشمەرگە لە سەر ئاستی جیهان.
دووەم: دەركەوتنی رۆڵی پێشمەرگە لە پاراستنی كوردستان.
سێیەم: دەركەوتنی توانای پێشمەرگە وەك جەنگاوەرێكی مرۆڤدۆست و خاوەن پڕەنسیپی نەتەوەیی و نیشتمانی.
چوارەم: دەركەوتنی رۆڵی نەتەوەییانەی پێشمەرگە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان، بەجۆرێك كە پێشمەرگەی باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەرگریی لە باشووری كوردستان دەكەن، پێشمەرگەی باشوور و باكوور و رۆژئاواش بەرگریی لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن .
پێنجەم: ئەمڕۆ هەموو جیهان پێشمەرگە دەناسێت و، دەشزانێت پێشمەرگە هێمای وڵاتپارێزییە.
بۆیە لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمەی كورد گرنگە ئەوەیە كە:
یەكەم: پارێزگاریكردن لە وشەی پێشمەرگە لە ئەدەبیات و گشت هەواڵەكانی میدیادا بۆ جیاكردنەوەی لەگەڵ ئەوە دوای هێزەكانی عێراق.
دووەم: بەردەوام ناوهێنانی پێشمەرگە لە دیدار و لێدوان و راپۆرتەكانی تایبەت بە وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا.
سێیەم: بایەخدانی وەزارەتی پێشمەرگە لە رووی ژمارە و جۆری هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلێن كردنیان لەسەر بنەمای ئەو كار و فرمانانەی پێیان دەسپێردرێت.
چوارەم: بەردەوامبوون لەسەر پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی نوێ و قورس.
پێنجەم: ناردنی پێشمەرگە بۆ خولی دەرەكیی بۆ وەرگرتنی ئەزموونی نوێ و هێنانی راهێنەرانی بیانی بۆ مەشقپێدان بە پێشمەرگە.
شەشەم: خۆ ئامادەكردن بۆ پێكهێنانی هێزی ئاسمانی – هەر چەندە سەرەتایی و بچووكیش بێت–، بایەخدانیش بە بنیتنانی بەرگریی زەمینی دژ بە ئامانجە هەواییەكان.
حەوتەم: ئەنجامدانی مەشقی قورس و مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ هێزە دۆستەكاندا.
هەشتەم: پارێزگاریكردن لە عەقیدەی سەربازیی پێشمەرگە كە بریتییە لە پاراستنی خاك و نەتەوە و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان.
نۆیەم: بایەخدان بە زاراوەی ئابووریی جەنگ و تەرخانكردنی بوجەی پێویست بۆ پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان.
دەیەم: هێشتنەوەی رووبەرێكی سنووری وەك زەمینی جەنگ و جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە تیایاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو لە ئایندەدا.
یازدەهەم: بەردەوامیدان بە ئامادەباشیی ئەو وەزارەت و دەستە و فەرمانگەیانەی كە پەیوەندیی لۆجیستییان لەگەڵ كاری پێشمەرگەدا هەیە.
دوازدەهەم: بەردەوامبون لەسەر مەشق و ئامادەكاریی لە سەردەمی ئاشتیدا، چونكە مەشقی سەردەمی ئاشتی خوێنی سەردەمی جەنگ كەمتر دەكاتەوە.
سێزدەهەم: بایەخدان بە خەستەخانەی سەربازیی بۆ پێشمەرگە و دابینكردنی تازەترین هۆكارەكانی چارەسەر و تەكنەلۆژیای سەردەم بۆیان.
چواردەهەم: گرنگیدانی زیاتر بە هەواڵگریی سەربازی بۆ پێشگیریكردن لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو لە داهاتوودا.
ئەمانەو زۆری دیكە لەو خاڵانەی كە پسپۆڕانی ئەو بوارە باشتر لە وردەكارییەكانی دەگەن، پێویستن بۆ باشتر بیناكردنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لەم سەدە نوێیەدا جارێكی دی كوردستانیان بە جیهان ناساندەوە.
سڵاو لە پێشمەرگەی كوردستان و سڵاو لە خەباتی نەپساوەی پێشمەرگە كە بە هەوڵ و تێكۆشانی توانی سنوورە دەستكردەكان كاڵ بكاتەوەو، یەكێتی نەتەوەیی بەهێز بكات و، پێش كۆنگرەی نەتەوەیی بكەوێت و، خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی پێكەوە ئەنجام بدات لە سەر رووبەرێكی گەورەی كوردستانی گەورەدا.
Top