كۆمەك و پشتگیری نێودەوڵەتی هەتا ئێستا لە 10%ی پێداویستی ئاوارەكانی دابینكردووە

كۆمەك و پشتگیری نێودەوڵەتی هەتا ئێستا لە 10%ی پێداویستی ئاوارەكانی دابینكردووە
دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لێپرسراوی فایلی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كوردستان، سەبارەت بە هەوڵەكانی بە ژینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژییەكانی كوردانی ئێزدی و رەوشی ئاوارەكان و ئەو راسپاردەو بڕیارانەی كە رەنگە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەرەتای ساڵی داهاتوو دەربچێت، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە راو سەرنجەكانی خستەڕوو.
دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لێپرسراوی فایلی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كوردستان، لە ئاخافتنێكی تایبەتدا بۆ گوڵان هێمای بۆ ئەوە كرد كە «شاڵاوی ژینۆسایدی كوردانی ئێزدی لە شنگال، دوای زنجیرەیەك كۆمەڵكوژی دیكە هات كە تیرۆریستانی داعش دژ بە كوردی شەبەك و كریستیانەكانی موسڵ و عێراق ئەنجامیاندابوون، ئەمەش كارەساتێكی گەورەی بەرنامە بۆ دڕاێژراو بوو، هەر بۆیە دوای ئەم زنجیرە كۆمەڵكوژییە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناوخۆییەكان هەموو هەوڵێكیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی قەوارەی ئەم كارەساتە بە جیهان بناسێنن، دوای ئەمەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتەدەنگ و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و كوردستان بە رێگەی 44 پسپۆڕی تایبەت ئەركی چاودێریكردنی رەوشی مافی مرۆڤیان گرتەئەستۆ، چەندین جاریش كارە تیرۆریستی و دڕندانەكانی داعشیان سەركۆنە كرد»، گوتیشی : «لە12ی ئاب رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ هەڵوێستێكی بەرامبەر گروپی تیرۆریستی داعش نیشاندا و تاوانەكانی ئەو تیرۆریستانەی بە ژینۆساید هەژمار كرد، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم ژینۆسایدەی كوردستانییەكان بچێتە هەنگاوی پڕاكتیكی و وەكو تاوانێكی نێودەوڵەتی بناسرێت و كارەساتەكە روونەداتەوە، لە 20ی ئاب ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی لایەنی عێراقیش بەشداریمان لە لیژنەی تایبەتی (نەهێشتنی پاكتاوی رەگەزی و جیاوازی نەتەوەیی) نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژنێف كرد، لە رۆژی 24 ئاب هەمان لیژنە راسپاردەی خۆی پێشكەش بە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، ئەم ئەنجومەنە كە یەكێكە لە ئەنجومەنە سەرەكییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ژمارەیان 47 ئەندامە، بە كۆی دەنگ راپۆرتەكەی (ژنێف)یان پەسەند كرد. ئەوانیش رۆژی یەكی ئەیلوول بڕیاریان دا لێژنەی بەدواداچوونی راستییەكان بنێرن بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوەكو بە شێوەیەكی كرداری لێكۆڵینەوەی خۆیان ئەنجامبدەن».
دیندار زێباری زیاتر گوتی: «گومانم لەوەدا نییە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپشت بەستن بە راپۆرت و لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان و راسپاردەكانی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ، بیر لە چاودێرییەكی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق دەكاتەوە و سەروەریی ئەم وڵاتەش دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونكە نەیتوانیوە پارێزگاری لە هاووڵاتیان و پێكهاتەكانی بكات، هەربۆیە بیر لەمیكانیزمێك دەكرێتەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی عێراق بەگشتی و كوردستانیەكان و پێكهاتە كەمە نەتەوەییەكان بەتایبەتی».
زێباری جەختی لەوەش كردەوە كە «شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستی پێویستی بە هەنگاوی گەورەتر و پشتگیری زیاتر هەیە»، گوتیشی: «كێشەی ئەو ئاوارانە بە كردنەوەی كەمپ و هاوكاری سنوورداری نێودەوڵەتی و ئیمكانیەتی كەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر نابێت، هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان تەنیا لە 10%ی پێداویستییەكانی ئاوارەكانی لەهەرێمی كوردستان دابین كردووە و زیاتر خەڵك و خێرخوازانی كوردستان و حكومەتی هەرێم هاوكاری و یارمەتی ئاوارەكانیان داوە. نەتەوە یەكگرتووەكانیش وەكو چارەسەرێكی كاتی ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كردنەوەی 20 كەمپی نوێن لە هەرێمی كوردستان و كاتی ئەوەهاتووە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری مرۆیی و سەربازی و سیاسیی كوردستان بكەن بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیان و ئارامی و ئاسایشەی كە هەرێمی كوردستان چەسپاوە. لەناوچەیەكی ئاڵۆزی پڕ لە كێشمەكێش كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان و خەڵكی سڤیل و بە گەیشتنیان بۆ كوردستان لە هەڕەشەی لەناوچوون و قڕكردن دەپارێزرێن».
Top