لە یادی مانگرتنی گشتيی كوردستاندا بەدژی تەعریبی شنگال:شنگال و كوردانی ئێزیدی لە تەعریبی بەعسەوە تا جینۆسایدی داعش

لە یادی مانگرتنی گشتيی كوردستاندا بەدژی تەعریبی شنگال:شنگال و كوردانی ئێزیدی لە تەعریبی بەعسەوە تا جینۆسایدی داعش
كە ئازاد بوو، تكایە بچنە شنگال، تا بزانن كوردانی ئێزیدی چەند كوردن و شنگالییان چەند كوردستانیان خۆش دەوێت. تا ببینن، كوردستان چ خەڵكێك و چ شنگالێك و چ چیایەك و چ جێ نزرگەیەكی كوردەواریمان بۆ تیرۆریستان بەجێهێشت.

ئەمڕۆ، 25/8/2014، چلویەك ساڵی تەواو بەسەر یەكەمین و دوایەمین، مانگرتنی گشتیدا لە كوردستان تێپەڕدەبێت. لەو ڕۆژەدا، ئەو دەمەی سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان، لە گەرمەی دانوستان و گفتوگۆكاندا لەگەڵ ڕژێمی بەعس، بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970، ئەو دەمەی بەعس نەك كەوتبووە، بیانوو و پاشگەزبوونەوە لە ڕێككەوتننامەكە، بگرە دوو ساڵان بوو كەوتبووە، پیلانگێڕیی بە دژی سەركردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان. لەو ڕۆژگارەدا، كە هێشتە هەڵسوكەوتگەلی دیموكراسییانە و مەدەنییانەی وەك مانگرتن و خۆپێشاندان و بەیاننامەی ناڕەزایی و هەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەوانی، لە ڕۆژئاوا پێڕۆكەی دەكرد، ئەوە باسی ئەم دەوروبەرەی خۆمان هەر مەكە، كە ئەو شتانە چەند دانسقە و دەگمەن بوون، ئا لەو ڕۆژگارە تووشەی دیموكراسیدا، بەفەرمانی سەرۆكی نەمر، مستەفا بارزانی، مانگرتنی گشتی لە كوردستان ڕاگەیاندرا. لەم ڕۆژەدا، كوردستان كشومات، دووكان و بازاڕ، سەرلەبەری داخران. هاموشۆی ئۆتۆمبیلان تا ئاستێكی زۆر كەمبوونەوە. خەڵك نەچوونە سەر كار، چ حكوومەتی، چ كاسبانی ماڵی خۆیان. جەریدەكانی بەعس پرسییان: مانگرتنی گشتی بۆچی؟ خەڵكی كوردستان و شۆڕش و پارتی لە ڕێی «تەئاخی»یەوە وەڵامیان دانەوە: تەعریبی شنگال ڕاگرن. تۆپبارانی گوندەكانی كوردانی ئێزیدی و ڕاگواستنی بەزۆریان ڕاگرن. گوێزانەوەیان بۆ كۆمەڵگە زۆرەملێكان ڕاگرن.
بەعس چەند ڕۆژێك بوو دەستی بە ڕاگواستنی كوردانی ئێزیدی كردبوو، لە چیای شنگال و بناری چیا و پێدەشتەكانی باشوور و باكووری چیاوە، بۆ كۆمەڵێك كۆمەڵگەی زۆرەملی. لەو پەلامارانەدا، هاووڵاتییەكی زۆر شەهید و بریندار بوون. چواردەوری شنگالیشی بەگوندی عەرەبی هاوردە تەنی، كە ئێستێ دەركەوت، ئەو تەعریبە چ مەترسییەك بوو بۆ سەر شنگال و شنگالییان.
هێشتە قوتابی دواناوەندیی سەرچنار بووم، هاوڕێ لەگەڵ كۆمەڵێك هەڤاڵی تردا، كە ئەندامی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووین، شەوێكی هاوین كە باخەكەی سەرچنار جمەی دەهات لە سەیرانكەر، یەكێكی تری نەدەگرت، ئەو دروشمانەمان بەسەر خۆماندا دابەش كرد كە ڕاسپێردرابووین، بە دار و دیواری سەرچنار و دووكان و بازاڕ و باخەكەشەوە هەڵیانواسین. دروشمەكان دژی تەعریبی شنگال بوون، بەڵام زۆربەی دروشمەكان بەعەرەبی نووسرابوون، ئەگەرچی عەرەبییەكەم، هیچ نەبوو، وەلێ لە برادەرەكانم باشتر بووم، بۆیە یەكێك لە دروشمەكانم بیر نەچووەتەوە و مانا كوردییەكەشیم دەزانی: (فریای خەڵكی زوڵملێكراویی شنگال بكەون). ئەوە، یەكەمین یادگاری و بەریەككەوتنم بوو، لەگەڵ ناوی شنگالدا.
چونكە ڕۆژگار وەك شەپۆلی دەریا هەرجارە و بۆ شوێنێك و هەر ڕۆژگارەی بە ئاڕاستەیەكدا پاڵ دەنێت، ئەو شنگالەی ئەوێ ڕۆژێ بە ناوەكەی ئاشنا بووم و بووە كەڵكەڵە، ڕۆژگار هات و ڕۆیشت و بەدەیان جار سەردانی شنگالم كرد، چیای شنگالم نێزیكەی لەمسەر بۆ ئەوسەری تەی كرد. ئەوجا زۆر باشتر دەركم بە گەورەیی بارزانی نەمر و گرینگی شنگالی كوردان كرد، ئەوجا كەیفم بەخۆم دەهات، ڕۆژێك پارچە مقەبایەكم بۆ خزمەتی شنگال بە دیوارەكانی سەرچناردا هەڵواسیوە.
ئێستێ كە شنگال دیلی دەستی تیرۆریستانە و چیای سەركەشی شنگال، بووەتە نیگای هەموو كوردێك لە هەر جێیەكی ئەم سەرزەمینە بێت، ژان و مەینەتییەكانی شنگالیان و كوردانی ئێزیدی بووەتە سەردێڕی یەكەمی میدیای دنیا، دیسان زۆر كەیفم بەخۆم دێت، لەو خەڵكە كەمینەیەی كوردستانم كە زۆر جاران چوومەتە شنگال و لە سەر لووتكەی پیرۆزی «چل مێرا»ەوە بەهەر چوار لای خۆمدا ڕوانییوە. بەرەو خوار، تا چاوبڕكات، سارای عەرەبانە. بەدەستی ڕاستتدا، زێدەڕۆیی نەبێت، نیوەی شامت لێ دیارە، بەلای دەستە چەپیشدا دەشتی كاكی بەكاكی تەلەعفەر تا مووسڵ، گەر ئاوڕێكیش بەلای باكووردا بدەیتەوە، تا باخ و بێستانی عەرەبانی خواپێداوی ڕەبیعە وەك لەپی دەست دیارە.
دەزانم تەعریب و ڕاگواستنی گوند و شارەكان، زۆر شوێنی كوردستانی هەلاهەلا كردووە، وەلێ هیچ شار و دەڤەرێكی كوردستان، هێندەی شنگال ئەنجن ئەنجن نەكراوە و جێدەستی ڕەشی بەعسیانی پێوە دیار نییە. هیچ جێیەكی ئەم كوردستانە نییە، خەڵكەكەی هێندەی خەڵكی مەرد و كوردی شنگال، هەژار نەدار و قوڕبەسەر بن. ئێستێ وا داگیركردن و دەربەدەری و تیرۆریستانی داعش و نامەردایەتی و بێ غیرەتی هاوسێكانیشیانی هاتەسەر. خەڵكی كوردستان بەگشتی و دەڤەرە كیمیابارانكراو و ئەنفالكراوەكان، قوربانی زۆریان داوە، بەڵام توخوا كە شنگال ئازاد بوو، بچن شنگال و ژیانی شنگالییان ببینن، بزانن، خەمی خۆتان بیر دەمێنێت. دەبێت شنگال ببینن، تا بزانن، ئەم خەڵكەی ئەمڕۆ لە پشتی تراكتۆردا دانیشتوون و لە نێو مەكتەب و سەر جادەكان دەخەون، چەند بەغیرەت و مەردن هەر بۆ ئەوەی بە كوردی بمێننەوە، هەر بۆ ئەوەی كوردستان گەشە بكات، چییان قبووڵ كردووە و دەنگیان لێوە نەهاتووە. ڕاستتان دەوێت، ئەو كۆمەڵگانەی بەعس دروستی كردن، تا ئەمڕۆ كە داخەكەم تیرۆریستان تەراتێنیان تێدا دەكەن، هیچ مەرجێكی ژیانی مرۆڤیان تێدا نییە. كێ لەم كوردستانەی خۆمان باوەڕ دەكات، خەڵكی كوردپەروەری زۆربەی كۆمەڵگەكانی شنگال، ئەوە چلویەك ساڵە، ئاوی خواردنەوە و پێداویستی ڕۆژانەیان دەكڕن، كەچی دەنگ ناكەن. كێ لە ئێمە ئامادەیە دەیان ساڵ هاوینی پەنجا پلەیی بەبێ سەعاتێك كارەبا بەڕێ بكات. كاتێكیش، پاش 2003 ئازاد بوون، لە نێوان ئیدارەی ئێمە لە كوردستان و ئیدارەی مووسڵی عێراقدا، ڕاستە ڕزگار و ئازاد بوون، لێ حاڵیان خراپتر بوو، كە دەبوا زۆر باشتر بێت.
بەداخەوە، لە كوردستان و لە نێو كورداندا، بۆنە زۆرن تا هەموو ڕۆژێك ئەو گوتە بەنێوبانگە بڵێنەوە: تا شتێكمان لە دەست نەچێت، قیمەتی نازانین. ئەمجارەیان شنگالە. داخی شنگال چەند گرانە. شنگال، بە ڕواڵەت وەك هەر شارێكی تری ئەم وڵاتە سووتماكەیە، وەلێ شنگال هەر خۆی شنگالە. هەمیشە زۆر لەو قسەیەی دۆست و برادەرانی شنگالییان دەترسام كە باسی شارەكەی خۆیان دەكرد، زۆر بەداماوییەوە دەیانگوت: شنگالا شەوتی. شنگالی سووتاو. ئاخر لە نێو ئیعلام و تەنانەت قسەی سەر زاری خەڵكەكەشدا، هەریەكە بەباڵای شاری خۆیدا هەڵدەدات. خەڵكی سلێمانی كە دەڵێن سلێمانی، هێندە بە شەوق و شانازییەوە دەیڵێن، سەد سلێمانییان لە دەم دەبارێت. هەولێریان كە دەڵێن پیرە هەولێرێ، حەز دەكەیت هەولێری بیت. كۆیەی خنجیلانە و دهۆكا دەلال و زاخۆی ڕەنگین یێدا بڕۆ. كەچی شنگالییان، هێندەیان جەور و ستەم بەدەست داگیركەرانەوە بینیوە، هەر لە ڕۆمان و عوسمانییەكانەوە تا بەعس، هەر دەمیان دەكردەوە دەیانگون: شنگالا شەوتی. تا داخەكەم شەوتی.
چەند ڕاستە كە دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە. بەداخەوە مێژووی شنگال هەر چەند ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، ئەمڕۆ، ڕۆژی شنگالییان و كوردانی ئێزیدی لە هەموو ڕۆژگاریان ڕەشترە. ئاخر یەكەمین جارە لە مێژوودا، شنگال لە خەڵكە ڕەسەنەكەی خاڵییە. یەكەمین جارە، شنگال بێ كوردانی ئێزیدییە، لە كاتێكدا، ئێزیدی لە ماوەی سەتان ساڵ و سەرەڕای حەفتا و سێ فەرمانی لەنێوبردنیان، نەك شنگالیان چۆڵ نەكردووە، بگرە ئێزیدییانی هەموو كوردستان كە ڕاوەدوو نراون و فەرمانیان بەدژ ئەنجام دراوە، لە چیای شنگال و لە خزمەت مەزاری پیرۆزی شەرەفەدین خۆیان گرتووەتەوە و پارێزراو بوون.
ئەگەرچی دڵنیام ئەم بارە ناهەموارە، ئەم نەهاتی و نەهامەتییە، توولانی نابێت و هاكا شنگالی كوردستان ئازاد بوو، بەڵام زیان و كارەساتەكە زۆر گەورەیە. كارەساتەكەش بە ئازادكردنی شنگال تەواو نابێت. ئازادكردنی هەرچی زووتری شنگال، زۆر پێویستە، وەلێ نیوەی ڕێگەكەیە.
شنگال و كوردانی ئێزیدی، پارە و سامان، پلە و پایە، پڕۆژە و ئاوی پاكی وەك چاوی قرژاڵ و جادەی شەست مەتری و كارەبای بیستوچوار سەعاتەیان لە كوردستان نەدەویست، ئەوان، ئەوانی كوردی ڕەسەن، تەنیا پارێزگارییان لە كوردستان دەویست، داخەكەم پێمان نەكرا.
Top