كوردستان و توركیا کێڵگەیەکی نوێی سیاسی(1)

كوردستان و توركیا کێڵگەیەکی نوێی سیاسی(1)
مانگی نۆڤەمبەری 2013، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەردانی دیاربەکر، پایتەختی کوردستانی تورکیای کرد و لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك وەزیرانی تورکیاوە پێشوازی لێکرا. ئامانجی سەرەکی «ئاشکراکراوی» ئەم سەردانە، بریتی بوو لە پشتیوانیکردن لە پرۆسێسی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان. بەڵام لەڕاستیدا، ئاماژەکانی پشت ئەم سەردانە، ماناکانی، ئاسۆکانی، ئەو سیاسەتە ستراتیژیانەی کە هەردوو لا کاریان لەسەر دەکەن، زۆر قوڵترن لە پشتیوانیکردنی پرۆسێسی ئاشتی.
بۆ هەر تێگەشتنێك لە پێوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا، دەبێت هەمیشە و هەر لە دەسپێکەوە کلیك لەسەر ئەوەبکەین کە ویلایەتی موسڵ، لە ڕابوردودا بەشێك بووە لە ئیمپراتۆیەتی عوسمانی و پاش هەڵوەشانەوەشی، تا ساڵی 1926، تورکیای نوێ بەردەوام بووە لە هەوڵدان بۆ «وەرگرتنەوە»ی. لێرەوە، سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ دیاربەکر، بەجۆرێك لە جۆرەکان، ختوکەی ئەم یادەوەریە دەدات. بێهودەنییە کە ڕۆژێك پاش ئەو سەردانە و بۆ خوێندنەوەی پێشوازیکردنی بارزانی لەلایەن ئەردۆگانەوە، نزیکترین ڕۆژنامەی تورکی لە حیزبی داد و گەشەپێدانەوە، ستار، دەنووسێت: ژیانەوەی گیانی 1920*! واتە ئەو چرکە ساتەی کە ویلایەتی موسڵ وەك بەشێکی ئاسایی لە تورکیا تەماشادەکرا و دانیشتوانی ویلایەتەکەش وەك هەر «هاووڵاتیەکی» ئاسایی وڵات لە قەڵەم دەدران.
مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان ئەم دیو و ئەو دیوی سنور و ترس لە «پێکەوە قسەکردنی» کوردەکانی تورکیا و عێراق، ترس لە «تێکەڵبونیان»، ترس لە «یەکتربینیان»، بە درێژایی سەدەی بیستەم ڕێگای نەدەدا کە سەرکردەیەکی کوردی عێراق، نەك هەر لە دیاربەکردا، کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی «مۆبیلیزاسیۆن/تەعبئە»ی شوناسی کوردبونو، بەڵکو لە شارۆچکەیەکی پەراوێزکراویشدا، بەم شێوەیە پێشوازی لێبکرێت! بەپێچەوانەوە، ئەنقەرەی سەدەی بیستەم، زیاتر لە تاران و بەغداد و دیمەشق، وەك «لیڤیەتان»ی کورد هەم خۆی دەخستە سەر شانۆی جیهانی و ئەم دەشخرایە سەر هەمان شانۆ. تا دوێنێیەکی نزیك، دەوڵەتی «جاکۆبینی» تورکی، نەك هەر مرۆڤ، بەڵکو ئاژەڵیشی لەسەر ناوی کوردی سزا دەدا! لە هەلومەرجێکی ئاوادایە کە خوێندنەوەی ئەو گۆڕانە مەزنەی کە بەسەر تورکیادا- چ وەك دەوڵەت و چ وەك کۆمەڵگا- هاتووە، دەبێت یەکێك بێت لە فەرمانە سەرەکیەکانی کێڵگەی زانستی کوردستانی، بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە ڕادیکاڵەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ڕووبەرێکی فراوانیان لە عێراق و سوریادا کۆنترۆڵکردووە، ڕووبەرێك کە سێ هێندەی وڵاتی لوبنان گەورەیە و «خیلافەتی ئیسلامی»یان تیادا دروستکردووە! بە دیوێکی دیکەشدا، ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات، چەند پێوەندی بە دەوڵەتی تورکیەوە هەیە، هێندەش پێوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، چەند گۆڕانکاریەکان لە کوردستاندا خێراتر دەکات، هێندەش تورکیا ناچار بە هەڵوێستی خێرا و دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ دەکات.
لە مانگی شەشی 2014 دا، شکستی سوپای عێراقی لە سێگۆشەی سوننیدا، دەبێت بە هۆکاری یەکەمی ئامادەکردنی هەلومەرجی سەرکەوتنی ڕادیکاڵەکانی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعشی کۆن) و ڕاگەیاندی چوارچێوەیەکی سیاسی نوێ بەناوی خیلافەتی ئیسلامی. تەنیا دوو ساڵ پێشتر، لە هاوینی 2012 دا، پاشەکشەی سوپای سوریا لە کوردستانی سوریادا، بوو بە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئەکتەرە کوردەکانەوە بەگەشتی و پارتی یەکێتی دیموکراتی بەتایبەتی، کە لای چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرایە باڵی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە سوریادا.
هەر یەکێك لەم دوو ڕووداوە، لە چەندین ئاستی جیاوازدا، بەشداری ڕاستەوخۆ دەکەن لە نزیکبوونەوەی بەهێزی ڕووبەری سیاسی کوردستانی لە عێراق، سوریا و تورکیادا. نزیکبوونەوەیەك کە دەکرێت مۆدێلێکی تایبەت لە پێوەندی ئاڵۆز، لە ڕێکخستنی ئاڵۆز، لە بنەمای پێکەوەگرێدانی ئاڵۆز، هەر یەکێك لەم ڕووبەرە سیاسییانە بجوڵێنێت، بەڕادەیەك کە هەر جوڵانەوەیەکی سیاسی، لە هەر یەکێك لەم ڕووبەرانەدا، کارایی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەسەر ئەوانی دیکەوە دابنێت. واتە پێشوازیکردنی تورکیا لە ساڵح موسلیم، سەرکردەی پارتی یەکێتی دیموکراتی، نەك هەر کردەیەکی نێو پەراوێزەکان نییە، بەڵکو گرێدراوە بە «مەنزومەیەك» لە پێوەندی ئاڵۆزەوە کە هەر ئەڵقەیەکی لەپێناوی تەواوکردنی ئەڵقەیەکی دیکەدایە.
لەنێو ئەم «مەنزومە» ئاڵۆزەدا، کێڵگەیەکی سیاسی وەك واقیعێکی کۆنکرێتی تێبینکراو دروست بووە. لەنێو ئەم کێڵگەکەدا سێ ئەکتەری سەرەکی لە داڕشتنی ستراتیژی نوێی پێوەندیدان و، هەر پرۆژەیەك، هەر جوڵانەوەیەك، هەر هەنگاوێکی یەکێك لەم سێ ئەکتەرە هەژمووندارە، ڕاستەوخۆ کارایی دادەنێت بەسەر ئەو سیستمەی کە خودی ئەم کێڵگە سیاسییە نوێیە بەڕێوە دەبات. ئەم سێ ئەکتەرەش بریتین لە: پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان. بە زمانێکی دیکە بریتین لە: ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، مەسعود بارزانی، عەبدوڵا ئۆجەلان.

* «Yeniden 1920 ruhu», Star, 16 novembre 2014. In Benhaim Yohanan, «Quelle politique kurde pour l>AKP?», Politique étrangère 2/ 2014 (Eté), p. 39-50

* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top