كاری خۆبەشی لێبوردەیی دروست دەكات

كاری خۆبەشی لێبوردەیی دروست دەكات
ماك ڤۆبیس توێژەری كۆمەڵایەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەتوێژینەوەیەكیدا باسی ئەو حاڵەتە سایكلۆلۆژییەی كرد كە لای تاكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی شەڕیان تێدا هەیە، كە مرۆڤی خۆبەخشی زۆر كەمە، حاڵەتەكە بەجۆرێكە نەك تەنیا مرۆڤی خۆبەخش لەناو رێكخراوە مرۆییەكان نییە، بەڵكو لەناو خانەوادەكانیشدا مرۆڤی خۆبەخش كەمە، تەنانەت لە 85%ی منداڵەكانی ناو خێزانەكانیش ئەگەر باوكیان فەرمانیان پێ نەكات هەستی بەرپرسیارێتیان لا دروست نابێت تاوەكو پاك و خاوێنی ماڵ و قوتابخانەو شوێنە گشتیەكان بپارێزن، لەمەشدا پەروەردەی خێزان و هەژموونی باوك و دایك وایكردووە بە بەردەوام منداڵەكان لەچاوەڕوانی فەرماندا بن و وەكو كارێكی سەربازی هەژماردەكرێت. لەم روانگەیەوە دەركەوتووە زۆربەی كۆمەڵگاكانی رۆژهەڵاتی زیاتر بە فەرمان یا فەرامۆشكردن سەرقاڵن نەك كۆمەڵگەیەك هەستی خۆبەخشی تێدا بێت.
هەر ئەمەشە وایكردووە بەهاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی لەم كۆمەڵگەیەدا لەقوتابخانەكاندا گرووپی خۆبەخشی تایبەت بە ژینگەپارێزی یاخود هاوڕێیانی ژینگە و یا گرووپی یاسا یا گرووپی هاوڕێیانی هاتوچۆ و چەندین گرووپ و دەستەجەمعی تری خۆبەخش دروست نەبێت، لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان هەر لەمنداڵییەوە لەناو قوتابخانەكان فێری تاكەكانیان دەكەن خۆبەخش و بێ بەرامبەر و قازانج لەقوتابخانەو گەڕەك و شوێنە گشتیەكان و لەكۆمەڵگەكە كار بكەن، لەگەڕەكێكدا داوا دەكرێت خۆبەخشانە پەرتووك پێشكەش بە كتێبخانەی گەڕەكەكەیان بكەن یا بڕیار دەدەن قوتابخانەكەیان پاك بكەنەوە، ئەم كاری خۆبەخشییە دەرئەنجامی پەروەردەی دایك و باوكە لەناو خێزاندا و دواتر رۆڵی قوتابخانە دێت و هەنگاوەكەیان لێوەردەگرێت و گەشەی پێ دەدات. توێژینەوەكەی ماك ڤۆبیس باس لەوە دەكات چۆن بتوانرێت ئەم هەستە جوانە لەناخی تاكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بكرێت و ببێتە بەشێك لە كەسایەتی خۆی، تاوەكو تاك هەست بەوە بكات كە شارو وڵاتەكەی پاك رابگرێت و پاشماوەی خواردن فڕێنەداتە سەر زەوی و ئەم هەڵسوكەوتە بكرێتە كاری خۆبەخش، گەر بێتوو لەشارێكدا یەك ملیۆن كەس نیشتەجێ بێت و هەریەكەو شتێكی بچووك فڕێ بدات ئەوكات بەیەك رۆژ ئەو شارە پیس و خراپ دەبێت، لەم روانگەیەوە كاری خۆبەخشی لەتاكەوە دەست پێدەكات، تەنانەت ئینتیما بۆخۆی دڵسۆزییە بۆ تاكەكەسی، واتا هەر تاكێك خۆی پاك راگرت و دڵسۆز و خۆشەویست بوو بۆ خاك، ئەو كەسە ئامادەیی باشی تێدایە بۆ كاروچالاكی خۆبەخشی و ئینتیما بۆ نیشتمانەكەی. بەمشێوەیە جوانی شار لەجوانی مرۆڤەكان و پەروەردەیاندایە، هەر كاتێكیش نیشتمان و نەتەوە رووبەڕووی كارەسات و رووداو بووەوە، ئەوكات بێ ئەوەی كەس فەرمان بكات ئەو كەسە خۆبەخشانە كار دەكەن بۆ نەمان یا كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی رووداو و كارەساتەكە، تەنانەت زۆر جار كاری خۆبەخشی سنوورەكانیش تێدەپەڕێنێت هەروەكو چۆن لەكارە خۆبەخشەكانی پزیشكە بێ سنوورەكان دەیبینین، واتا لەم چەرخەدا كاری خۆبەخشی سنوورەكانیش تێپەڕ دەكات و رەچاوی ئایین و رەگەز و نەتەوەو هیچ بیروباوەڕێك ناكات، بگرە تەنانەت پاراستنی ئاژەڵەكانیش دەگرێتەوە. ژاپۆن بەیەكەم وڵات دادەنرێت لەسەر ئاستی دونیا كە هاونیشتمانیانی ئینتیمایان بۆ خاك و نەتەوەو وڵاتەكەیان بەرزە، دوو سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە كە یەكێكیان هەڵنەبژێردراوەتەوەو یەكێكیان لە دەرئەنجامی كارێكی هەڵە دەستی لەكاركێشاوەتەوە ماوەی 8 ساڵە لەرێكخراوی خۆبەخشی ژینگەو چارەسەركردنی منداڵی نەخۆش كار دەكەن، خۆبەخشانەو بێ قازانج وڵاتەكەیان سەوز جوان دەكەن و منداڵە نەخۆشەكان چارەسەر دەكەن، ئەوان وتیان ئێمە مووچەی خانەنشینی وەردەگرین چۆن دەبێت مووچەی دیكە وەربگرین؟ ئەم دوو نموونەیە بوو وایكرد بەدەیان هەزار كەسی تر لەكۆمەڵگەی ژاپۆن بێ بەرامبەر و بەخۆبەخشی كار بكەن، واتا پێویستە لەپلە بەرزەكانی خانەنشینەكانی وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتەكانی تر و بەرپرسە باڵاكانی حزبی ببنە نموونەی كاری خۆبەخشی، زۆر حەزم دەكرد وەزیرێكی پەروەردە لەقوتابخانەیەك یا پەیمانگەو زانكۆیەك وەكو خۆبەخش وانەی پێشكەشی نەوەكانی دواڕۆژ بكردایە، چونكە مووچەی تەواویان هەیە و ژیانیان مسۆگەرە.
جێی داخە لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی چەندین ئایین و ئاینزامان هەیە و باس لەكاری خۆبەخشی و هاوكاری دەكات و نەتەوەو نیشتمانێك پێكەوەمان دەبەستێتەوە، كەچی نەمانبیستووە پزیشكی خۆبەخش هەبێت یا لەهەفتەیەكدا چەند رۆژێك كاری خۆبەخشی بكات و چارەسەری هاووڵاتیان بێ بەرامبەر بكات، تەنانەت لەناو چین و توێژەكانی دیكەش بەهەمانشێوە كاری خۆبەخشی لاواز و كەمە، لەپەرتووكی خوێندن و پەروەردەی خێزاندا ئەمە فەرهەنگ نییە كاتێك باسی خۆبەخش دەكرێت تەنیا خوێن بەخشینمان بیر دێتەوە، لەكاتێكدا لەدوای راپەڕینەوە كۆمەڵێك سەندیكاو رێكخراوی مەدەنی دامەزراوە كەچی كەسەكانی ناو ئەم رێكخراوانە خۆبەخشانە كاریان نەكردووەو رۆڵیان لەكارە خۆبەخشەكانیشدا كەم بووە، تەنانەت زۆربەی جار كێرڤی ژمارەی رێكخراوەكانی تایبەت بەئافرەتان و منداڵان لەبەرزی بووبێت كەچی كاری توندوتیژی و پێشێلكردنی مافەكانی ئافرەتان و منداڵانیش خراپتر بووە، تەنانەت ململانێی حزبی لەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وایكردووە ئینتیماو هەستكردن بەكاری خۆبەخشی لەناو خودی رێكخراوەكاندا نەمێنێت.
ئەگەر دەتەوێت لەتوندوتیژی كۆمەڵگا دوور بیت، ئەگەر دەتەوێت لەپەروەردەیەكی سەقەت و ناتەندروست دووربیت، ئەگەر دەتەوێت لەچەوساندنەوەی رەگەزێك بەرامبەر رەگەزێكی تر دوور بیت.
پێویستە بایەخ بەدروستكردنی رێكخراوی خۆبەخش بدەیت، كاتێك كەسێك فێری كاری خۆبەخشی دەبێت فێری ئینتیما دەبێت و فێری ئاسوودەیی دەبێت و ئازاری كەسی بەرامبەر نادات. كەواتە لەكوێ وە دەست پێ بكەین؟
سەرەتای رێگا لەناو خێزانەكانەوە كاری خۆبەخشی رێچكە دەكرێت، دواتر لەقوتابخانە گەشە بە فیكرەكەی دەدرێت و دواتر لەناو كۆمەڵگاو رێكخراوە خۆبەخشەكان خۆی دەدۆزێتەوە ئەگەر گەیشتە دەسەڵات یا بەرپرسیارێتیشی درایە، ئەوكات زۆر دڵسۆز و دەستپاك و بەهێز دەبێت و ئینتیمای بۆ خاك و نەتەوەكەی بەهێز دەبێت. بەداخەوە لەرووی سایكۆلۆییەوە مرۆڤەكانی كۆمەڵگەی ئێمە جۆرێك لەخۆبەزل زانیان هەیە دان بە بەرامبەر بەخۆیان نانێن و دەرئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە، تەنانەت لەناو یەك خێزاندا برا چاوەڕێ دەكات خوشكەكەی ماڵەكە پاك بكاتەوە خوشكەكەشی چاوەڕێی فرمانە بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە، لەقوتابخانە قوتابی گوێ بە پاكوخاوێنی پۆل و پاراستنی كورسی و كەلوپەلی ناو قوتابخانەكەی نییە بەگەورەبوونی منداڵەكە و تێپەڕبوونی كات ئەو هەستە سەقەتە سایكۆلۆژییە گەورە دەبێت و هەستی نەتەوایەتی و ئینتیما لاواز دەكات، من ناڵێم كۆمەڵگەی كوردستانی هەستی نەتەوایەتی و دڵسۆزی و قوربانیدانی نییە، ئەمە كۆمەڵگەیەكی نیشتمانپەروەری لێكەوتۆتەوە نەك كۆمەڵگەیەكی خۆبەخش. من توێژینەوەیەكم لەبەردەستدایە لەسەر ئەو فەرمانبەرانەی بەتواناو دوورن لەگەندەڵی و كەمتەرخەمی و كارەكانیان بەباشی بەڕێوەدەبەن، كەچی دەرئەنجام تووشی خەمۆكی و بێ ئومێدی بوون، چونكە دەڵێن كەس دەستخۆشی لێ نەكردووین. بەپێچەوانەوە لەبەرامبەردا كەسانی كەمتەرخەم و نادڵسۆز هەیە لەپێشەوەی ئەوانن لەدەستخۆشی و پاداشت، هەربۆیە پێویستە پێوەرێك هەبێت كە من و تۆ لەسەر كاری دڵسۆزانە لەیەكتر جیابكاتەوەو بكەوینە كێبركێ لە كاری خۆبەخشیش، كەسمان خراپ نین بەڵام هەر وەكو چۆن ئەو لەوی تر باشترە یا زیرەكترە هەر واش ئەو لەوی تر خۆبەخشترە، دەرئەنجام دەبێتە دروستكردنی گیانی كێبركێ لەخزمەتكردن بەخەڵك و نەتەوەو نیشتمان.
Top