ژنی کوردستانی لەنێوان ئاین و حیزب و خێزاندا1

ژنی کوردستانی لەنێوان ئاین و حیزب و خێزاندا1
هەروەك چۆن کۆمەڵگەی روسی، کۆمەڵگەی ئەمریکی، کۆمەڵگەی نەرویجی، کۆمەڵگەی مەغریبی لەنێو مێژووی بەشەریدایە، ئاواش کۆمەڵگەی کوردستانیش لەنێو هەمان مێژوودایە و خاوەنی هەمان چوارچێوەی مرۆییە. بێهودەنییە، لە نێو سنورە گشتیەکاندا، خەونەکانی کچێکی پاریسی سەبارەت بە دەستگیرکردن لە مافە یونیڤێرسالەکانی وەك مرۆڤێکی تاك، هەمان ئەو خەونانەن کە ئومێدی ژیان بە کچێکی سلێمانی دەبەخشن. بەدیوێکی دیکەدا، پرسی میتۆد لەسەر ئاستی یونیڤێرسال کاردەکات و هەر هەوڵێك بۆ دوورخستنەوەی بەناوی شەرعیەتی «تایبەتمەندی» کلتوری، ئاینی، ئەخلاقی، ترادیسیۆنەوە بێمانایە و لای من رەددەکرێتەوە
* پرسی میتۆد!
ژن وەك لاشەیەکی داگیرکراو لەلایەن نێرینەکانەوە، ژن وەك ئەکتەرێکی ئازادی جیهانی کۆمەڵایەتی، ئەو دوو جیهانبینیە سەرەکیەن کە لە پەنجا ساڵی رابوردودا جیهانی زانستە کۆمەڵایەتیەکانیان کرد بە دوو بەشەوە و وەك دوو جەمسەرەی سەرەکی بیرکردنەوە، رامان، لێکدانەوە، خوێندنەوەی فاکتەکان هەریەکەیان سەدان زانای بەلای خۆیدا راکێشا. جیهانبینی یەکەم قوتابخانەی رەخنە بەگشتی و پیەر بۆردیۆ بەتایبەتی لە پشتیەوە وەستاون و جیهانبینی دووهەمیش قوتابخانەی «ئەکشن» بەگشتی و ئالان تورێن بەتایبەتی دروستیانکردووە.
تاچەند ململانێی ئەم قوتابخانانە یارمەتی ئێمە دەدەن و بەکەڵکی ئێمە دێن؟ ئێمە لەبەشەکانی رابوردودا بە وردی رووناکیمان خستە سەر هەریەکێك لەم دوو جیهانبینیە و جومگە بە جومگە لەیەکمان ترازاندن. بێگومان من چەند پێموایە کە «سەپاندن»ی میتۆدێك بەسەر واقیعێکی «تایبەتدا»، بەبێ بیرکردنەوە، هەڵوەشانەوە و هێنانە دەنگی، هەڵەیەکی گەورەیە، هێندەش هەوڵنەدان بۆ تێگەشتن لە میتۆدە گەورەکان هەڵەی گەورەیە. راستە ئەو میتۆدانە لە چرکەساتە خاوەکانیاندا ناتوانن دنیای ئێمە بخوێننەوە، بەڵام ئەوەش راستە کە بەبێ «تەعبیئە»کردنیان، تێگەشتن لە دنیای کۆمەڵایەتی گریمانەیەکی جێبەجێنەکراوە.
ئەم بنەمایە چەند بۆ فەرەنسیەك، بۆ بەریتانیەك، بۆ بەرازیلیەك، بۆ تونسیەك، بۆ ئێرانیەك، بۆ سەنیگالیەك راستە، هێندەش بۆ ئێمە راستە. هەروەك چۆن کۆمەڵگەی روسی، کۆمەڵگەی ئەمریکی، کۆمەڵگەی نەرویجی، کۆمەڵگەی مەغریبی لەنێو مێژووی بەشەریدایە، ئاواش کۆمەڵگەی کوردستانیش لەنێو هەمان مێژوودایە و خاوەنی هەمان چوارچێوەی مرۆییە. بێهودەنییە، لە نێو سنورە گشتیەکاندا، خەونەکانی کچێکی پاریسی سەبارەت بە دەستگیرکردن لە مافە یونیڤێرسالەکانی وەك مرۆڤێکی تاك، هەمان ئەو خەونانەن کە ئومێدی ژیان بە کچێکی سلێمانی دەبەخشن. بەدیوێکی دیکەدا، پرسی میتۆد لەسەر ئاستی یونیڤێرسال کاردەکات و هەر هەوڵێك بۆ دوورخستنەوەی بەناوی شەرعیەتی «تایبەتمەندی» کلتوری، ئاینی، ئەخلاقی، ترادیسیۆنەوە بێمانایە و لای من رەددەکرێتەوە.
لەم سەرەتا میتۆدۆلۆژیەوە دەکرێت ئێمە بڕۆینە نێو ئیشکالیەتەکەمانەوە: ئایا ژنی کوردستانی ئەکتەرێکی ئازادە یان لاشەیەکی داگیرکراو؟ ئایا قوربانی دەستی ستراکتۆرە زەبەلاحە مێژووییەکانە یان کائینێکی راپەڕیوی خۆ-دروستکار؟ ئایا مرۆڤێکی دەستەمۆکراو و ماڵیکراوە یان یاخیەکی بەرهەڵستکار؟
هەر توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئامادەییەکانی ژن لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، بەجۆرێك لە جۆرەکان، لە ئاستێك لە ئاستەکاندا دەمانباتەوە سەر سێ «ماکرۆ» ستراکتۆری دەزگایی کە دەسەڵاتی دروستکردنی چەندین دەزگای دیکەیان هەیە و رەگوڕیشەکانیان بەنێو مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانیدا درێژبووەتەوە. سێ ستراکتۆر کە دەکرێت بەم شێوەیە بیانخەینە نێو سیستەمێکی پلەبەندیەوە: ئاین، حیزب، خێزان. بێگومان لەبەرامبەر هەر یەکێك لەم ستراکتۆرانەشدا ئێمە تێبینی چەندین فۆرمی بەرنەگاریبوونەوە دەکەین.
لێرەوە ئەم توێژینەوەیە تەرخاندەکەین بۆ رووناکی خستنە سەر ئەم رەگەزانە: ژنی کوردستانی و ئاین، ژنی کوردستانی و حیزب، ژنی کوردستانی و خێزان، فریادڕەس لە یادەوەری ژنی کوردستانیدا و پاشان فۆرمەکانی بەرەنگاریبوونەوە و دەرکەوتنی ژنی ئازاد.
* ژنی کوردستانی و ئاین
مێژووی کۆمەڵگەی کوردستانی، وەك هەر یەکێك لە کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهانی ئیسلامی (من گوزارشتی جیهانی ئیسلامی وەك چەمکێکی راڤەکار بەکارناهێنم، چونکە دەزانم ناوەڕۆکێکی دامەزراوی نییە، بەڵام تەنها دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژەکردن بە پانتاییەکی جوگرافی کە رەنگە یارمەتی خوێنەر بدات بۆ تێگەشتن لەوەی کە باسیدەکەم)، لەنێو ئایندا دروستبووە و لەنێو ئایندا دەجوڵێتەوە و بەبێ وەرگرتنی ئاین وەك مەیدانی توێژینەوە زۆر ئەستەمە ئێمە لە «فاکتە کۆمەڵگەییەکان» تێبگەین.
ئاین (کاتێك باس لە ئاین دەکەین بێگومان مەبەستمان لە ئاینی هەژمووندارە، واتە ئیسلام) وەك دەرکەوتەیەك لەنێو«ترانسانداس/فەوقیەت»لە ئاسمانەوە بۆ زەوی، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە خواوە بۆ مرۆڤایەتی» دەکرێت مەیدانێکی گرنگی تیۆلۆژیا یاخود فەلسەفە بێت، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوەی پرسیاری ئێمەیە رەهەندی «ترانسانداس/فەوقی» ئاین نییە، بەڵکو چۆنیەتی دەقگرتنێکی لەنێو مێژووی کۆمەڵگەی ئێمەدا وەك دەزگا؛ واتە خۆلەچاپدانەوەیەتی وەك کتێبێکی دەزگایی، خۆوەرگێڕانیەتی بۆ دەزگایەكی مێژوویی کە لەنێو هەزار ساڵی رابوردودا، وەك سیستەمێك لە جەبری دەستەجەمعی، بەسەر تەواوی کێڵگەکاندا کشاوە و هەژموونی خۆی فەرزکردووە.
لەنێو ئەم سیستەمە جەبرگەراییەدا، بست بە بستی لاشەی ژن، ژنی لاشە، ژن وەك لاشە، بە چەندین‌ نۆرم، یاسا، گرەو، ستراتیژ، حەرام، حەڵاڵ، جائیز، مەکروهو موباح رێکخراوە. سەر، قژ، چاو، لوت، لێو، چەناکە، مل، سنگ، سک، ران، پێ، پێشەوە، پاشەوە، شان، پشت، پێکەوە لەنێو رێکخستنێکی هارمۆنیدان، وەك «ئیقاعێکی» مۆسیقی رێکخراوان، لەسەر یەك ئاهەنگی تایبەت دەجوڵێنەوە.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدان، پێش لەدایکبوونی هەر ژنێك، ئاین جیهانی کۆمەڵایەتی بۆ ئامادەکردووە، جیهانی کۆمەڵایەتی نەك هەر بۆ دەرکەوتنەکانی وەك یەکەیەکی «یەکگرتووی یەکگرتووکراوی یەکگرتووکار» لە پانتاییە گشتی و تایبەتەکاندا، بەڵکو بۆ هەر «پارچەیەك» لە لاشە سیستەمیەکەیشی.
لێرەوە ئەم ستراکتۆرە دەزگاییه،‌ جەبرگەرایه،‌ مێژووییە، پارچەکانی لاشەی ژن، لەسەرەوە تا پێ، دەخاتە بەردەم تاکە گریمانەیەکەوە کە بریتییە لە «ئیندیماج»؛ واتە چۆنیەتی تێکەڵبوون، توانانەوە، ئاوێزانبوون، چوونەنێو چوارچێوە ئامادەکراوەکانەوە. واتە لاشەی ژن لێرە نییە بۆئەوەی کە ببێت بە مەیدانی بەدیهێنانی خواست، خەون، ئارەزوو، بەرژەوەندی و ستراتیژیە «فەردیەکانی» ژن وەك خودێکی سەربەخۆی «ئازادی ئازادکراوی ئازادکار»، بەڵکو لاشەی ژن لێرەیە بۆئەوەی بە باشترین شێوە خۆی لەگەڵ ئەو نۆرم و جەبرە کۆمەڵایەتیانەدا رابێنێت کە ئەم ماکرۆ ستراکتۆرە دەزگاییە لەنێو مێژوویەکی کۆمەڵگەیی هەزار ساڵەدا دروستیکردون و جیهانی کۆمەڵایەتی پێڕێکخستوون.
لەنێو ئەم دەزگایەدا سەری ژن فێری ئەوەدەکرێت کە کەی، چۆن، لەکوێدا خۆیداپۆشێت یان خۆی دەربخات. دەمی ژن فێری ئەوەدەکرێت کە کەی، چۆن، لە کوێدا خۆی بکاتەوە یان خۆی دابخات، چاوی ژن فێری ئەوەدەکرێت کە کەی، چۆن، لەکوێدا خۆی کزبکات و بۆ بەردەمی خۆی بڕوانێت یان بەتەواوی خۆی بکاتەوە و راستەوڕاست‌ بڕوانێت،...، هەر ئۆرگانێك لە ئۆرگانەكان، بەمشێوەیە لەنێو سیستەمێك لە نۆرمدان و رووبەری «نۆرماڵیزەکراویان» بۆ ئامادەکراوە.
ماکرۆ ستراکتۆری ئاینی، وەك هەر دەزگایەکی کۆمەڵگەیی، لەپەنای هەر نۆرمێکدا (نۆرم بریتییە لە چوارچێوەیەك، هەر چوارچێوەیەکی ئەخلاقی، کولتوری، یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی،...، کە دواتر دەبێت بەو پێوەرەی کە ئاستی نۆرماڵبوونی «ئاسایبوونی» هەر کردەیەك دەپێوێت) چوارچێوەیەك لە سزایشی هەیە.
تا ئەو کاتەی کە لاشەی ژن لەنێو رووبەری نۆرمە پشێنیارکراوەکاندایە، ئیدی وەك کائینێکی پاك، بێگەرد، تەندروست، خاوێن، وەك برغویەکی کارا لەنێو ماشینە گەورەکەدا، وەك کۆپلەیەك لە شیعرێکی وەزن و قافیەدار، وەك نۆتێك لە ئاوازێکی مۆسیقی دەخرێتە سەر شانۆ کۆمەڵایەتیەکان.
لە دۆخێی ئاوادا، لاشەی نۆرماڵیزەکراوی ژن دەبێت بە جێگای شانازی ئەوانیتر، دەبێت بە گرانبەهاترین کاڵای فرۆشتن و کڕین، ئەو نرخەی کە دەخرێتە سەر هەر ئۆرگانێکی لاشە ماڵیکراوەکەی زۆرترە لە نرخی هەموو شتەکانی دیکە. ئەم لاشەیە ئیتر بەتەنها ژنێکی تیادا ناژی، بەڵکو شەرەفی کۆمەڵگەیەکیشی تیادا دەژی!
هەر لادانێك، هەر هاتنە دەرەوەیەك، هەر یاخیبوونێك، هەر پرسیارکردنێك لەم نۆرمە مێژووییە کۆمەڵگەییانە، لەلایەن ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و ژنان بەتایبەتیەوە، وەك سنورشکاندن، هەتککردن، دوورکەوتنەوە لە شەرەف، پیسبوون دەخرێتە سەر شانۆ کۆمەڵایەتیەکان. ئاین وەك ماکرۆ ستراکتۆری دەزگایی، کۆمەڵگەیی، لۆکالیزەکراو، نەك وەك دیاردەیەکی یونیڤێرسالی بێ زەمانی، بێ مەکانی، بێ کولتور، دێت و نەفرەتێكی هەمیشەیی، نەفرەتێکی رەشی بینراو لە هەموو لایەکەوە، دەخاتە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە بەجۆرێك لە جۆرەکان، لە ئاستێك لە ئاستەکاندا، گومان لەسەر جەبرە دەرەکیە پێشتر ئامادەکراوە کۆمەڵایەتیەکان دروستدەکەن و بەدوای خۆیاندا، خۆیان وەك مرۆڤی ئازاددا دەگەڕێن.
بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ژنی کوردستانی، لەم جەنگە توندوتیژەدا، هەموو چەکەکانی «تەسلیم»کردووە و بۆ هەمیشەیی کڕنوشی بۆ جەبرەکان بردووە و پشتیکردووەتە هەموو فۆرمەکانی بەرەنگاریبوونەوە؟

* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top