لاشەیەكی داگیركراو یان ئەكتەرێكی ئازاد،ژن وەك ئەكتەر نەك قوربانی،ژنی پیەر بۆردیۆ، ژنی ئالان تورێن، ژنی كوردستانی

لاشەیەكی داگیركراو یان ئەكتەرێكی ئازاد،ژن وەك ئەكتەر نەك قوربانی،ژنی پیەر بۆردیۆ، ژنی ئالان تورێن، ژنی كوردستانی
لە‌ كۆمەڵگە‌ی نوێدا هەموو شتێك دە‌مانبات بە‌رە‌و ڕاكردن لە‌ خۆمان، ڕاكردن بە‌دوای هەموو ئە‌و شتانە‌ی دیكەدا كە بۆمان پێشنیاردە‌كەن، هەموو ئە‌و شتانە‌ی كە وە‌ك پاتری «من»ی ئێمە بە‌ردە‌وام شە‌حن دە‌كەنە‌وە‌. لە‌م كۆمەڵگە‌یە‌دا «من»ی ئێمەكان وە‌ك خۆر ئاوادە‌بێت، وە‌ك مانگ دە‌گیرێت، چونكە فڕێدراوە‌تە‌ نێو جیەانێكەوە‌ كە سنوری نییە‌ و هەموو ئاماژە‌كان، زمانە‌كان، كەلتورە‌كان، ترادیسیۆنە‌كان، فاكتە‌كان، لە‌ هەر چوار لاوە‌ پە‌لاماری دە‌دە‌ن. لە‌م كۆمەڵگە‌یە‌دا، نە‌ك هەر گرووپە‌كان، بە‌ڵكو تاكەكانیش دە‌دڕێن، دابە‌شدە‌بن، ورد دە‌كرێنە‌وە‌، لە‌توپە‌ت دە‌بن و هەموو كۆنترۆڵێك لە‌سە‌ر خودی خۆیان لە‌دە‌ست دە‌دە‌ن.

كەم نین ئەو كەس و گرووپ و لایەنانەی كە بە توندی دژایەتی ئەم تیۆریەی ئالان تورێن دەكەن و وەك پرۆژەیەكی”ڕیفۆرمیست” وێنای دەكەن و لە بری ئەم تێزە تورێنیە بانگەشە بۆ شۆڕش و لەڕیشەهەڵكێشانی ڕادیاكاڵ دەكەن، بێئاگان لەوەی كە لەو جێگایانەدا كە شۆڕش كراوە، زۆرجار ئەوەی كە هاتووە گەلێك خراپتر بووە لەوەی كە پێشتر هەبووە. تورێن پێمان دەڵێت كە ئەم كەسانە بەهەلەدا چوون، چونكە پرسیاری ئێمە لێرەدا نە شۆڕشەو نە ریفۆرم، بەڵكو قسەكردنە لە ژنێكی نوێ كە چیدی خۆی وەك قوربانی ناخاتە سەر شانۆ، بەڵكو وەك مرۆڤی ئیجابی و خود سەلمێنەر.
ئالان تورێن نایەوێت بێدەنگ بێت لە ئاست ئەو”ئۆپۆزیسیۆن”هی كە لەنێوان “فەزحكردنی گشتی دەسەڵاتی نێرینە“و سەلماندنی وشیاریی مێینەدا هەیە. ئەو دەیەوێت ڕووناكی بخاتە سەر ئەو هەرێمە گەورەیەی كە لەم ئۆپۆزیسیۆنە دروست بووە. ئەو ژنەی كە تورێن باسی دەكات دەكەوێتە زەمەنێكەوە كە ئەو بە“پۆست فیمینیست”ی ناودەبات. واتە ژنی پۆست فیمینیست لەو شوێنەوە دەست پێدەكات كە فیمینیستەكان تەواودەبن، بەو مانایەی كە ئەم ژنە خاوەنی هەموو ئەو دەسكەوتانەیە كە فیمینیستەكان بەدەستیان هێناوە، بەڵام دواتر بەرەو ڕووبەری دیكە مل دەنێت و ململانێكەی لەو دەربەندەدا كۆتایی پێنایەت.
كاتێك كە ئەندامانی كۆمەڵگەیەك خۆیان لەڕێگای تواناییەكانیانەوە، لەڕێگای خواستەكانیان بۆ گۆڕانەوە خودی خۆیان پێناسەدەكەن نەك لەڕێگای پارێزگاریكردن لە سیستەمی ئامادە، ئیدی ئەم ئەندامانە ناتوانن باس لە پارێزگاریكردن لە“ئینتیما”بكەن. لە هەلومەرجێكی ئاوادا ئەكتەرێكی كۆمەڵایەتی نوێ لەدایك دەبێت. لێرەوە لە فیكری ئالان تورێندا، تەواو بەپێچەوانەی پیەر بۆردیۆوە، كەسی تاك دەبێت بە ناوەڕۆكی خۆی، بە بناغهی خۆی، بە دەولەت و نیشتمانی خۆی، بە شەرعیەتی بوون و هەبوونی خۆی، شەرعیەت بەوەی كە مافی هەیە وەك كەسێكی خاوەن ماف بژی.
بەم شێوەیە چەمكی”خود” ڕاستەوخۆ دەلكێت بە چەمكی “ماف”هوە كەڕاستەوخۆ دەلكێت بە چەمكی “دیمۆكراسی”هوە. دیمۆكراسی بەو مانایەی كە حكومەتی یاسادار لەخزمەتی مافەكانی هاووڵاتیاندایە. ئەم سێ چەمكە، كە بازنەیەك پێكەوە دروستدەكەن، سەدو هەشتا پلە دژ بە بازنەیەكی دیكەن كە لە سێ چەمكی “هەژموون” و “بەرژەوەند” و “ شۆڕش” پێكهاتووە. دیمۆكراسی كاتێك لەدایك دەبێت كە لە چوارچێوەی یاسادا تاكەكان و بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بتوانن بەرگری لە مافەكانیان بكەن. بەڵام كائینی خاوەن ماف بەرەەمی دیموكراسی نییە، بەڵكو مەرجی لەدایكبوونی دیموكراسیە.

ڕاستە تائێستاش ژنان لەنێو جیەانێكدا دەجووڵێنەوە كە پیاوان بۆیان دروست كردون، جیەانێك كە هەلومەرجی جهندەر ئامادە دەكات، جهندەرێك كە فێری دەستەمۆبوون و ماڵیكردنی كردن. بەڵام لەهەمان كاتدا لای هەمان ژنان وشیاری بە ماڵیبوون و دەستەمۆبوون دروست بووە. وشیاریەك كە فێری ئەوەیان دەكات كە چۆن لە دەستەمۆبوون و ماڵیبوون برۆنەدەرەوە و چۆن خۆیان بۆ خۆیان بینابكەن و لەپێناوی خۆیاندا بژین. لێرەوە ژن بوون بۆ خود دەبێت بە كردەی پەڕینەوە لە زۆنەكانی “بیناكردنی ژن بۆ ئەویتر” بۆ زۆنەكانی “بیناكردنی ژن بۆ خود”، دەبێت بە پەڕینەوە لە ژنبوون لەپێناوی ئەوانی دیكەدا بۆ نێو دنیای ژنبوون لە پێناوی خوددا.
بەڵێ ژنان كائینی بیناكراون لەدەوری سێكس. بەڵێ ژنان ئەو مێینانەن كە پیاوان خشت بەخشت بینایان كردوون، بەڵام لەهەمان كاتدا، هەمان ئەم ژنانە دەخوازن كە یەك بە یەكی ئەو خشتانە هەڵبوەشێننەوە و بەدەستی خۆیان خودی خۆیان بینا بكەنەوە. لێرەوە ژنانی پۆست فیمینیزم لە گەڕانێكی بەردەوامدان بەدوای هەموو ئەو شتانەی كە فڕێیان دەداتە چوارچێوەی دێتێرمینیزمەوە، بۆئەوەی بتوانن لێیان دەربازببن. لێرەوە خۆیان بۆ ئاستی خۆیان بەرزدەكەنەوە و لە بینینەكانی خۆیانەوە جیەانی دەوروبەریان هەڵدەسەنگێنن و پێگەی خودی خۆیان لۆكالیزه دەكەن، پێگەیەك كە پیاوان بۆ ئەویان دروست كردووە و دەخوازن كە هەمیشە دەستی پێوەبگرێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگە گۆڕینی وێنەی ئەوان لە نێگەتیڤهوە بۆ پۆزێتیڤ، لە خراپەوە بۆ باش نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە پەڕینەوەی ئەوانە لە وشیاری ژنبوون وەك “كەرەسە“وە بۆ وشیاری ژنبوون وەك “خود”. بیناكردنی خود بریتیە لە گوزارشتكردن لە ئەكتەرێك كە دژ بە “ئیغتیراب”ی خۆی ململانێ دەكات، دژ بە “ئیستیغلال”كردنی لەلایەن كردەی بە بازاڕی كردنیەوە ململانێ دەكات. ئەم ئەكتەرە چەند دژ بە ترادیسیۆنی دەستەمۆكردن هاواردەكات، هێندەش دژ بە كۆیلەكردنی بەناوی ئازادییەوە ڕادەپەڕێت.
بەڵام لێرەدا دەبێت شتەكانمان لێ تێكەڵ نەبێت! ئەو خودەی كە تورێن باسی دەكات بریتی نییە لەو “تاكگەراییەی” كە مرۆڤ وەردەگێڕێتە سەر زیندانی خودی خۆی ولە جیەانی دادەبڕێت. بەڵكو بریتیە لە “تاكگەراییەك” كە ئازادانە دەیخاتە پێوەندییەوە لەگەڵ ئەوانی دیكەدا و بە ئازادانەش ئینتیماكانی دەست نیشاندەكات.
لە كۆمەڵگەی نوێدا هەمو شتێك دەمانبات بەرەو ڕاكردن لە خۆمان، ڕاكردن بەدوای هەموو ئەو شتانەی دیكەدا كە بۆمان پێشنیاردەكەن، هەموو ئەو شتانەی كە وەك پاتری “من”ی ئێمە بەردەوام شەحن دەكەنەوە. لەم كۆمەڵگەیەدا “من”ی ئێمەكان وەك خۆر ئاوادەبێت، وەك مانگ دەگیرێت، چونكە فڕێدراوەتە نێو جیەانێكەوە كە سنوری نییە و هەمو ئاماژەكان، زمانەكان، كەلتوورەكان، ترادیسیۆنەكان، فاكتەكان، لە هەرچوارلاوە پەلاماری دەدەن. لەم كۆمەڵگەیەدا، نەك هەر گرووپەكان، بەڵكو تاكەكانیش دەدڕێن، دابەش دەبن، ورد دەكرێنەوە، لەتوپەت دەبن و هەموو كۆنترۆڵێك لەسەر خودی خۆیان لەدەستدەدەن.
لەجیەانێكی ئاوادایە كە ئالان تورێن باس لەژن وەك بەرەەڵستكار دەكات. ژنێك كە دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەم هەلومەرجه ببێتەوە و خۆی نەدات بەدەستەوە. ژنێك كە دەیەوێت كۆنترۆڵی “من”ی خۆی لەدەست نەدات و بەردەوام لەنێو پرۆسێسی خودبیناكردندابێت. ژنێك كە نایەوێت لەتوپەت ببێت و لەژێركاراییە جیاوازەكاندا وەك كاغهز بدڕێت.
لای تورێن بناغهی “بەرەنگاری ژنان” بە كۆنترۆڵكردنی هەمو ئەو دەسەڵاتانە دەست پێدەكات كە مومارەسەی خۆیان لەسەر لاشەی دەكەن. واتە ژن دەبێت بە خاوەنی سەرەتا و كۆتایی لاشەی خۆی. لاشەی ژن دەبێت بە و موختەبەرە گەورەیەی كە پرۆسێسی بیناكردنی “من”ی خودی ژنی تیادا دەست پێدەكات. بەبێ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی هەژمووندار بەسەر لاشەیەوە، هەرگیز ژن ناتوانێت بانگەشەی بیناكردنی خودی خۆی بكات.
یەكێك لە ڕەگەزە سەرەكیەكانی ئەو نیشتمانەش كە پێی دەوترێت “لاشە“ بریتیە لە سێكس. چركەساتی سێكسی مێینە لەگەڵ نێرینەدا، دەتوانرێت وەربگێڕدرێتە سەر هەستێكی بەهێز، نەك بە ئارەزووی سێكسی، بەڵكو بە بیناكردنی “من”ی خود لەلایەن ژنەوە. لەم چركەساتەدا، ژنێك كە تادوێنێیەكی نزیك كەرەسەبوو، دەبێت بە ئەكتەر و ئەزموونی لاشەی خۆی و هەستەكانی، بەو شێوەیەی كە خۆی دەخوازێت دەستەمۆدەكات.
گومانی تیادانییە كە بەشێك لە ڕووبەری لاشەی ژن لەلایەن هاوكێشەی جهندەرەوە بیناكراوە و پرسە كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ئەخلاقی و ئاینیەكان دەستیان لەم بیناكردنەدا هەیە. بەڵام ئەمە كۆی شانۆگەریەكە نییە، چونكە بەشە هەرە زۆرەكەی پەیوەندی بە وشیاری ژن بە لاشەی خۆیەوە هەیە. لەم وشیاریەدا ژن خاوەنی ڕوانینێكی تاقانەیە لەسەر لاشەی خۆی، لەسەر وەزیفەی ئەندامەكانی لاشەی خۆی و تێدەكۆشێت لەپێناوی ئەوەی كە بە ئاڕاستەی بیناكردنی “من”ی خۆیدا بیبات. واتە دوور لە كاراییە كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ئەخلاقی و ئاینیەكان، لاشەی خۆی بۆخۆی و لەپێناوی خۆیدا دروست دەكات. ئالان تورێن باس لە مەسیحێك بە خاچەوە، شۆڕشگێڕێك بە پەتی سێدارەوە دەكات كە ملكەچ ناكات و نایەوێت لاشەی لەلایەن ئەوانی دیكەوە كۆنترۆڵ بكرێت، بەپێچەوانەوە، لەپێناوی “كەرامەتی” خودی خۆیدا گیانی خۆی دەبەخشێت. ئەمە ئەو ئەكتەرە ئازادەیە كە تورێن دەیخاتە سەر شانۆ.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانكۆ لە پاریس
Top