ساڵی نوێ.. هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی

ساڵی نوێ.. هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی
وا چاوەڕوان دەكرێت ساڵی نوێی (2014) هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی، چەندین پڕۆژەو چالاكیی گەشتیاریی بەخۆیەوە ببینێت.
بۆیە ئەگەرچی گەشتیاریی جاران وا پێناسە دەكرا كە بریتییە لە چوونە دەرەوەی مرۆڤ و، دەرچوون لە رۆتینی كاری رۆژانی ئاسایی ئیدی بۆ هەر مەبەستێك بووبێت ئەو دەرچوونە.
بەڵام ئەمڕۆ گەشتیاریی بریتییە لە چالاكییەكی مرۆیی كۆمەڵایەتی پشت بەستوو بە مەبەست و زیادكردنی زانیاری و جوانتركردنی رەفتار و هەڵس و كەوت.
هەروەها گەشتیاریی لە روانگەیەكی ئابوورییەوە بریتییە لە كارێكی بەرهەمهێنەر و، لە روانگەیەكی كرداری و پراكتیكیشەوە بریتییە لە هونەری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی و، لە روانگەی فەلسەفەشەوە بریتییە لە رەگەزێك لە رەگەزە بنەڕەتیەكانی ئازادیی مرۆڤ.
بۆیە ئێستا گەشتیاریی چۆتە بواری گەشەپێدانەوەو، ناوەڕۆكی گەشەپێدانی گەشتیارییش یەكسان بووە بە پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەو، چەمكی گەشتیاریی ژینگەییش هاتۆتە ئاراوە وەك گەشتیاریی هاوڕێی ژینگەو رەوشتی ژینگەیی، چونكە گەشتیاران لە هەر گەشتوگوزارێكیاندا ئەگەر ئاگادار نەكرێنەوە زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن لە بوارەكانی پیسكردنی ئاو و هەواو خاك و زیان گەیاندن بە ئاسەوارەكان و، زۆر بەكارهێنانی كارەباو، دروستكردنی ژاوەژاو و...تاد.
بۆیە وەك ژینگە بڕبڕەی پشتی گەشتیارییە، لەهەمانكاتیشدا گەشتیاران زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن، بۆیە پێویستە بەشێكی زۆری ئەو پارەو سەرمایەیەی كە لە كەرتی گەشتوگوزاردا دێنە دەست، جارێكی دی لە چاككردنی ژینگەی ئەو شوێنە گەشتیارییانەدا خەرج بكرێنەوە بەتایبەت كەرتی گەشتیاریی ساڵ لە دوای ساڵ پارەی زیاتر وەدەست دەهێنێت، هەروەكو رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانیی (W T O) راگەیاندووە كە لە ساڵی (1970)دا، داهاتی جیهان لە گەشتوگوزاردا (22)ملیار دۆلار و، لە ساڵی (1990)دا بەرزبۆتەوە بۆ (300)ملیار دۆلار و، لە ساڵی (2004)یشدا گەیشتۆتە (900)ملیار دۆلار و، ساڵانەش بڕی ئەم داهاتە روو لەزیادبوونە.
ئەمە سەرباری ئەوەی كە ساڵانەش نزیكەی (1)ملیار مرۆڤ گەشت بە جیهاندا دەكەن بۆ گەشتوگوزار كە نزیكەی (25)ملیۆنیان روو لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن.
هەروەها دەركەوتووە كە بواری گەشتیاریی دەبێتە مایەی جوڵاندنی (23)پیشەی ئابووری وەك گواستنەوەو گەیاندن و چێشتخانەو هۆتێل و شانۆو، مۆزەخانەو، پێشانگاو، جۆرەكانی وەرزش و، پارك و، راوی ماسی و، بەكارهێنانی كەشتی و، ئەسپ سواریی و...تاد.
بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی عێراقدا هەردوو وەزارەتی ژینگەو گەشتیاریی و بەهەماهەنگیی لەگەڵ هەردوو دەستەی ژینگەو گەشتیاریی هەرێمی كوردستاندا، لەسەر پڕۆتۆكۆلێكی هاوبەش رێكبكەون كە چەندین خاڵ لە خۆبگرێت بۆ نموونە:-
1. پەرەپێدان بە چەمكی گەشتیاریی ژینگەیی.
2. دانان و تەرخانكردنی بڕێك لە داهاتی گەشتیاریی بۆ چاككردنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكان.
3. هەماهەنگیی كردن لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوارو ئاسەوارەكان.
4. كردنەوەی یەكەی پۆلیسی گەشتیاریی و، ئامادەكردنی رێبەری گەشتیاران.
5. دانانی مەرجەكانی ژینگە لەسەر وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا.
6. كاركردن بە رێنماییە نێودەوڵەتیەكان لە بواری گەشتیاریی و ژینگەدا.
هەموو ئەمانەش لە روانگەی ئەوەی كە گەشتیاری ژینگەیی لەسەر چەند بنەمایەك وەستاوە لەوانە:
یەكەم: پابەندبوون بە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە.
دووەم: سوود وەرگرتنی دانیشتووانی ناوچە گەشتیارییەكان لەداهاتی گەشتیاریی.
سێیەم: هاوكاریی نێوان سێكتەر و كەرتەكانی كار.
چوارەم: رەچاوكردنی توانای ناوچەكە بەژمارەی گەشتیاران.
پێنجەم: هەبوونی هۆكاری گواستنەوەی خاوێن.
شەشەم: هەبوونی كارگەكانی ریسایكلینگ، چونكە كەڵەكەبوونی خاشاك یەكێكە لەئاسەوارە نێگەتیڤەكانی گەشتیاریی.
Top