چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەخشەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بوونی نەما

چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەخشەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بوونی نەما
ئۆباما ناتوانێت كارێكی زۆریش لەبارەی سوریاوە بكات. زۆربەی ئەمەریكیەكان-ئەوانەی بایەخ و گرنگی بە سوریا دەدەن- و زۆربەی ئەندامانی كۆنگرێس پتر نیگەرانن لەبارەی ئیسلامیە توندڕەوەكانەوە وەك لەوەی نیگەران بن لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن ئەسەدەوە. كەسانی دیكەی ئەمەریكا كە بایەخ بە دۆخی مرۆیی دەدەن ئەوە خوازیاری هاوكاریكردنی یاخیبوانن، بەڵام ژمارەیان كەمە
پێدەچێت دەستەبەكاربوونی وەزیری نوێی دەرەوە و دەستپێكردنی خولی دووەمی سەرۆكایەتی لە ساتەوەختێكی مەترسیداردا بێ بۆ پێشبینی كردن لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە. بەڵام ئەمە پرسێكی گرنگە و فشارە سەرەكییەكانی سەر ئیدارەكەش ڕوون و ئاشكران.
ئیفلیجبوون لە ناوخۆدا
شتێكی ئاساییە بۆ سەرۆكەكانی ئەمەریكا كە لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیاندا هەوڵێكی زیاتر- بە بەراورد بە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەیان- بخەنەگەڕ لە سیاسەتی دەرەوەدا. ئەمەش لەبەر دوو هۆ:
1. هۆكارە لاوەكییەكە، ئەوەیە كە زۆرێك لە سەرۆكەكان- پێش ئەوەی ببنە سەرۆك- ئەزمونێكی كەمیان هەیە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمە بۆ كلینتۆن و بۆش ڕاست بوو، هەروەها بۆ ئۆباماش ڕاستە.
2. هۆكارەكەی دووەم كە گرنگترە بریتییە لەوەی بە زۆری سەرۆكەكان لە خولی دووەمدا ئاوڕ لە سیاسەتی دەرەوە دەدەنەوە، چونكە هەر ئەو پرسەیان بۆ جێماوە. لە بواری سیاسەتی ناوخۆدا بێ ڕەزامەندی كۆنگرێس، دەسەڵاتەكانی سەرۆك لە سفر نزیك دەبێتەوە، و هەرچەندە كە یەكەمجار هەڵدەبژێردرێن، بە گوڕ و تین و كاریگەرییەكی سیاسی زۆرەوە دەست بەكار دەكەن، بەڵام ئەمە بە خێرایی خاودەبێتەوە( بە دڵنیاییەوە، ئۆباما هەرگیز بەم شێوەیە دەستی پێنەكرد). لەبەر ئەوە ڕوودەكەنە سیاسەتی دەرەوە كە- بەهۆی فەرماندەییكردنی سوپا و كۆنتڕۆڵكردنی دەزگا بیرۆكراسیەكانی وەك وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسە هەواڵگریەكان- هێشتا دەسەڵاتیان ماوە و ئەتوانن ڕاستەوخۆ بەكاری بهێنن.
ڕەنگە خولی دووەم سەرۆكایەتیی ئۆباما ئەم ڕێچكەیە نەگرێت، نەك لەبەر ئەوەی بە بەراورد بە ڕابردوو كارێكی كەمتری لەدەست دێت لە ناوخۆدا، بەڵكو لەبەر ئەوەی قەیرانی ناوخۆیی- وڵاتەكە- زۆر سەختە. كێشەی سەرەكی ئەو بریتی بوو لە جەمسەرگیری حزبی لە چوارچێوەی ژیانی سیاسی ئەمەریكادا، كە ئێستا لە هەر كاتێكی دیكە توندترە لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆوە كە زیاتر لە 140 پێش ئێستا ڕوویدا. بێتوانایی هەردوو پارتەكە لە هاوكاریكردنی یەكتر تەنانەت لە كێشە بنەڕەتیەكاندا سەریكێشا بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی تەمموزی 2011، ئەو ڕۆژەی ئەمەریكا دواكەوت لە دانەوەی قەرزەكانی. ئەم قەیرانە چارەسەرنەكرا، بەڵكو تەنها دووبارە دواخرا- دەقا و دەق- دواخرایەوە- بۆ كانونی یەكەمی ساڵی2012. لە دوا ساتدا جارێكی دیكە قەیرانەكە دواخرا، بۆ ئازاری ئەم ساڵ. ئەگەر ئەم جارە دواخرا لەبری ئەوەی چارەسەر بكرێت، ئەوا ئەم قەیرانە هەر سێ مانگ جارێك ڕوودەداتەوە. ( بەشێكی كێشەكە یاسایەكی سەیرە پێی دەووترێت» سەقفی قەرز»، كە ئەم یاسایە دەڵێت تەنانەت دوای ڕەزامەندی و ڕێگەدانی كۆنگرێس بە خەرجكردن، حكومەت ناتوانێت ئیلیتیزاماتی پەیوەست بە خەرجیەكان ئەنجام بدات، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە كۆنگرێس مۆڵەتی یەكە بە یەكەیان دەدات.)
ئەم قەیرانە بەردەوام و ئیفلیجكەرە نزیكەی هەمو گوڕ و تینی ئیدارەكەی بەخۆیەوە سەرقاڵكردەوە، و بۆی هەیە بۆ ئەوە ماوەیەش بەردەوام بێت كە ئۆباما لە سەرۆكایەتیدا دەمێنێتەوە. بەلەرچاوگرتنی ئەو سیستمە سەرەتاییەی كە پارتەكان بەكاری دەهێنن بۆ هەڵبژاردنی پاڵێوراوەكانیان، ئەوا هیچ ئەگەرێكی شەراكەتێكی بچوككراوە لە ئارادا نییە. هەروەها دیموكراتەكانیش ناتوانن ئەم بە بنبەستگەیشتنە چارەسەر بكەن، ئەگەر هاتوو كۆنتڕۆڵی تەواوی كۆنگرێسیان كرد لە ساڵی 2014دا. سنووركێشانی موقاتەعەكان بۆ –مەبەستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2012دا لە بنەڕەتدا زەمانەتی كۆنتڕۆڵی بەردەوامی كۆماریەكان دەكات بۆ ئەم ئەنجومەنە بەلای كەمەوە تا ئەو كاتەی دووبارە سنووری ئەم موقاتەعانە دەكێشرێنەوە، كە ئەوەش تاوەكو ساڵی 2022 ئەنجام نادرێت.
ئەگەر كۆماریەكان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016 ببەنەوە، ئەوا ئەكرێت حكومەتێكی یەكگرتو لێ بەرهەم بێت، بەڵام هیچ ڕێگایەك نییە بۆ ئەوەی ئەمە بەم زووانە ڕووبدات.
وزەلێبڕان و وشكبوونی بیرۆكە لە بواری دەرەوەدا
تەنانەت ئەگەر ئۆباما هەل و بایەخپێدانی سیاسی هەبێت بۆ بواری سیاسەتی دەرەوە، ئەوا دەرفەتگەلێكی كەمی لەبەردەمدایە، و ئەوەی تایبەت بێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا هیچ دەرفەتێكی لە پێش نییە.
وەزیری نوێی دەرەوە گۆڕانكاریەك بەسەر ئەمەدا ناهێنێت. جۆن كێری پاڵەوانی جەنگی ڤێتنام بوو كە میدالیای پێبەخشرابوو، بەڵام دواتر بووە ووتەبێژی سەرەكی جەنگاوەرە دێرینەكانی شەڕی ڤێتنام كە بەرهەڵستی شەڕەكەیان دەكرد و دژی بوون. هەروەها بۆ ماوەی 28 ساڵ سیناتۆری ئەمەریكی بوو، ئەو دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی بوو بۆ ڕوخانی ڕژێمی چەپ لە نیكاراگوا لە ساڵانی هەشتاكاندا، دژی جەنگی یەكەمی كەنداو بوو، پشتیوانی لە جەنگی دووەمی كەنداو كرد( كە دواتر لێی پاشگەز بۆوە)، و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2004دا دۆڕا، بەشێكی دۆڕانەكەشی پەیوەندی بەوە هەبوو كە وا دەركەوت ئامادەییەكی كەمتری هەیە بۆ گرتنبەری هەڵوێستێكی توند لە «شەڕی دژ بە تیرۆر»دا. بە گشتی، ئەكرێت پێشبینی ئەوەی لێبكرێت كە ئەو تەفزیڵی ئەوە بكات ئەمەریكا سیاسەتێك بگرێتەبەر لە بواری دەرەوەدا كە كەمتر بە سەربازی كرابێت و پتر مامەڵە لەگەڵ ڕژێم و بەرهەڵستكارە نوێیەكانی جیهانی عەرەبدا بكات.
ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵبوونی تەواوی ئۆباماوە بە قەیرانی ناوخۆییەوە كێری ئازادیەكی زیاتری هەبێت لەوەی دیبلۆماتكارە ئەمریكیەكان هەیانە. بەڵام ڕەنگە ئەمە بە مانای ئەوەش بێت كە هیچ هێزێكی نییە. جۆن كیری ئەتوانێت هەر شتێك بڵێت كە بیەوێت، بەڵام هیچ دەستپێشخەریەك ناكات كە پێویستی بە بەكارهێنانی جیددی هێزی ئەمەریكا بێت یان مەترسی سیاسی و ئابووری لێبكەوێتەوە. ئۆباما پێی خۆش نییە بەو شێوەیە لە مێژوودا باسی بكرێت كە لە هیچ شتێكدا هاوشێوەی جۆرج دەبلیو بۆش هەنگاوی هەڵگرتبێت، بەڵام دەبێتە دووەم سەرۆكی ئەمەریكا- بە دوای یەكدا- كە هیچ هەوڵێكی جیددی نەخستبێتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی ئیسرائیل و فەلەستنیەكاندا. ئەو ناتوانێت ئەم كارە بكات. چونكە هەر لەو كاتەوە كە ئارێیل شارۆن لە ساڵی 2005ەوە لە غەززە كشایەوە و ئەم كشانەوەیەش سەریكێشا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارە لەلایەن حەمماس و كۆتایی نەهاتنی مووشەكبارانكردن- گرنگ نییە كە هەندێ لەو ڕۆكێتانە هیچ ناپێكن و زۆربەیان لەلایەن توندڕەوەكانەوە هەڵدەدرێن كە حەمماس هەوڵی سەركوتكردنی داون-ئەوا پشتیوانیكردنی ئیسرائیلیەكان بۆ گفتوگۆكردن یان ڕووبەڕبوونەوەی نیشتەجێبووە توندڕەوەكانی خۆیان داكشاوە. هەڵبژاردنی هەفتەی ڕابردوو بە ڕاددەیەك كەمی كۆنتڕۆڵكردنی كنێستی لەلایەن توندڕەوەكانەوە كەمكردەوە، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ كەمكردنەوەی كۆنتڕۆڵكردنی توندڕەوەكان بۆ سیاسەتی حكومەت لە ئاست فەلەستینیەكاندا.
ئەمەریكا ناتوانێت ئسرائیلیەكان ناچار بكات، بەڵام دەتوانێت هەڕەشەی بڕینی كۆمەكە داراییەكانی لێبكات، ئەویش لەبەر سێ هۆكار. هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكی خواستێكی سیاسی لەم شێوەیەی نییە. سەرۆكەكانیش بە هیچ شێوەیەك كۆنتڕۆڵی ئەم مەسەلەیە ناكەن، بەڵكو ئەمە لەدەست كۆنگرێسدایە. هەروەها ئابووری ئیسرائیل گەشەی كردووە كە هاوشان نەبووە بە گەورەبوونی ئەم كۆمەكە، بە چەشنێك ئەم كۆمەكە گرنگی نەماوە، و یەكسان نییە بە زیاتر لە1%ی تێكڕای داهاتی ئیسرائیل.
هەروەها ئۆباما ناتوانێت كارێكی زۆریش لەبارەی سوریاوە بكات. زۆربەی ئەمەریكیەكان-ئەوانەی بایەخ و گرنگی بە سوریا دەدەن- و زۆربەی ئەندامانی كۆنگرێس پتر نیگەرانن لەبارەی ئیسلامیە توندڕەوەكانەوە وەك لەوەی نیگەران بن لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن ئەسەدەوە. كەسانی دیكەی ئەمەریكا كە بایەخ بە دۆخی مرۆیی دەدەن خوازیاری هاوكاریكردنی یاخیبوانن، بەڵام ژمارەیان كەمە. لە ڕاستیدا –و بە شێوەیەكی گشتی- ئەو كەسانەی گرنگی بە دۆخە مرۆییەكە دەدەن نوێنەرایەتیەكی زیاتریان هەیە لە كۆشكی سپیدا -هیلاری كلینتۆن هاوسۆزە، ڕەنگە جۆن كیریش هاوسۆز بێت- بەڵام ئۆباما یەكێك نییە لەوان و سەركێشی ناكات بۆ ڕازیكردنیان. هەوڵەكانی ئەم دواییەی ئەمەریكا بۆ هاوكاریكردنی یاخیبوە عەلمانی و «مۆدێرن»ەكان بۆ ئەوەی خۆیان ڕێكبخەن بە مەبەستی دورخستنەوەی ئیسلامیەكان، ئامانج لێی كردنەوەی ڕێگایەك بوو بۆ-بەلای كەمەوە- هاوكاریكردنێكی زیاتری ئەمەریكا، ئەوروپا و توركیا، بەڵام لە واشنتۆندا كۆدەنگیەك هەیە كە ئەمە شكستی هێناوە. لەبەر ئەوەی ڕەوتی ڕوداوەكان لە سوریادا بەردەوامن، ئەوا ناتوانین پێشبینی ئەوە بكەین هەنگاوی داهاتووی ئەمەریكا چی دەبێت، بەڵام لە ئێستا هیچ كارێك ناكات.
لە هیچ قۆناغێكدا ئەم ئیدارەیە بیرۆكەی ئەوەی نەبووە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا بكات، یاخود لەگەڵ « شەڕی دژ بە تیرۆر»دا، جگە لە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفرۆكەوان لەبری هێزی سەربازی تەقلیدی و هەواڵگری و تێوەگلانێكی سیاسی جیددی. هەروەها لەبەر ئەوەی هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان شەرعیەتی ئەمەریكا كەم دەكاتەوە، ئەوا ئەگەر ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا جیددی بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕژێمە نوێیەكان، یاخود بەرهەڵستكارەكان كە هێشتا لە هەوڵی چاكسازیكردن یان گۆڕینی ڕژێمە كۆنەكاندان، ئەوا دەستڕۆیشتوییەكی كەمی دەبێت بە بەراورد بە ساڵێك پێش ئێستا، یاخود تەنانەت بەراورد بە ئێستاش.
لەبارەی ئێرانەوە هەمان سیاسەتی ئێستا دەگرنەبەر، كە سیاسەتێكە دژبەیەكە، لەبەر ئەوەی باجە سیاسیەكەی هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی نەرم یان زبردا باجێكی گران ڕادەوەستێت.
شەكەت بوون
ڕای گشتی ئەمەریكا، بە چەشنی ئۆباما، و بایدنی جێگری سەرۆك، جۆن كیری وەزیری دەرەوە و كەسە سەرەكیەكانی دیكەی ئیدارەكە، لە عێراق و ئەفغانستان بیزار بوونە. ئەگەرچی ڕژێمەكەی كارزای متمانەی جارانی نەماوە كە دەتوانێت بێ پشتیوانی ئەمەریكا بەردەوام بێت، ئەوا لەبری ئەوەی بە ئەمەریكا بڵێت چیتر بێزاری مەكەن بە باسكردنی چاكسازی، دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمەریكا هێزە شەڕكەرەكانی نەكشێنێتەوە لە دوای ساڵی 2014. بەڵام ئەوان ئەمە بەدەست ناهێنن. بۆی هەیە بارودۆخەكە بەرەو خراپبوون بچێت و لە ناوخۆشدا ئۆباڵ بخرێتە ئەستۆی ئەمەریكا، بەڵام هێزی زیاتری ناهێنن- یاخود هێزی زیاتر ناهێڵنەوە (یاخود دارایی زیاتر دابین ناكەن)، نەك تەنها ئەوە دەكەن كە نایانەوێت، ئەوا ڕەنگە پشتیوانی سیاسی پارتەكەی خۆشیان بەدەست نەهێنن.
عێراق، دوایین گرنگی پێدانیان دەبێت، لەبەر ئەوەی تەنانەت بوونی نییە لە لیستی بایەخپێدانەكاندا. بە هیچ شێوەیەك لە سیاسەتی ئێستای ئەمەریكادا بوونی نییە. و هیچ كەسێك، جگە لە چەند شارەزایەكی كەمی ئیقلیمی، خوازیاری دووبارە گرنگی پێدانەوەیان نییە. ئەگەر لە ئێستادا ناوی عێراق بهێنێت لەبەردەم دەنگدەرێكی ئەمەریكیدا- یان كۆنگرێسمان یان سیناتۆرێكدا- یەكەم بیركردنەوەیان بریتی دەبێت لەوەی «ئەمە ئەفغانستانم بیردەخاتەوە، و منیش نامەوێت بیری لێبكەمەوە.» لە ئێستادا بایەخ نەدان بە عێراق بە ئەندازەیەكە كە زەحمەتە بزانین دەكرێت چی لە عێراقدا ڕووبدات، تەنها ئەوكاتە نەبێت كە ئێران هەوڵبدات ئەم وڵاتە بخاتە سەر سنووری خۆی، ئەمە واشنتۆن وا لێدەكات گرنگی و بایەخی پێبدات.
Top