چەند پێشنیارێك بۆ كابینەی نوێ

چەند پێشنیارێك بۆ كابینەی نوێ
رەنگە ئەوە بەڵگەنەویست بێت كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان و، سپاردنی سەرۆكایەتییەكەیشی بەبەرێز كاك نیچیرڤان بارزانی، قسەی زۆری لەسەر كراوەو ڕووبەری زۆرێك لە رۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕەكانیشی گرتۆتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخپێدانی خەڵكانی سیاسەتمەدارو دەستەبژێر بێت، ئەوەیە كەئەم ئاڵوگۆڕە لەحاڵەتی روودانیدا چەند ئاماژەیەكی پۆزەتیڤ و باش لەخۆ دەگرێت، وەك :
یەكەم: وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن بەرێز (نێچیرڤان بارزانیی)یەوە، رێزگرتنە لە رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی كەزۆرێك لەم وردەكارییانەی لەخۆگرتووەو، لێرەشەوە پشتیوانیی هەردوو حزبی سەرەكیی كوردستان بەدەست دەهێنێت.
دووەم: هەل و دەرفەتێكە بۆ بەرێزیان كە كارامەیی و شارەزایی خۆی بەرجەستە بكات لەبواری بەڕێوەبردنی كاری حكومەتدا، چونكە كابینەی پێنجەم زیاتر كابینەی یەكخستنەوەی دووئیدارەیی و رازییكردنی گشت حزبەكان بوو لە حكومەتێكی زۆر فراواندا كەژمارەی وەزیرەكانی زیاتر لە (40) وەزیر بوو، بۆیە ئەگەر ئەمجارە سەرۆكایەتی حكومەت بكات، دەتوانێت كابینەی كارو پڕۆژە پێكبێنێت نەك كابینەی یەكگرتنەوەی دووئیدارەو دوو حكومەت.
سێیەم: بەڕێزیان بڕوای بەكاركردنی تیم هەیەو، ئازادیی و لێپرسراوێتی لەیەك كاتدا دەداتە وەزیرەكانی، وەك زۆرێك لە هاوكارەكانی ئەم شایەدییەی بۆ دەدەن.
چوارەم: بارێكی دەروونیی ئیجابیی لەلای زۆرێك لە جەماوەر هەیە كەپێیان وایە بەڕێزیان كاری لەبەر دەڕوات و، دەتوانێت كار بەئەنجام بگەیەنێت، كەئەمەش پاڵپشتییەكی دەروونیی باشە بۆ بەڕێزیان.
پێنجەم: تۆڕێكی پێوەندیی باش و بەهێزی هەیە لەگەڵ زۆرێك لە سەركردەو سەرۆكەكان و كاربەدەستانی ناوچەكەو جیهان، كە كاریگەریی باشی دەبێت لە ئایندەی كارەكانیدا.
لەپاڵ ئەمانەشدا، چەند كێشەو گرفتێك لەپێشدا هەن لەوانە:
یەكەم: كورتی ماوەی كابینەكە كە دووساڵ دەبێت، زەحمەتە كاری زۆری تێدا بكرێت.
دووەم: حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن لەم دووساڵەی رابردوودا جەماوەری خۆیان لەسەر نەچوونە نێو حكومەت راهێناوەو، ئەگەر بێنە نێو حكومەتەوە ئەوسا بۆ رازیكردنی جەماوەرەكەیان مەرجی قورس و زۆریان دەبێت.
سێیەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەڕێیەو، كەئەمەش كاریگەریی هەیە لەسەر كات و ئەدای حكومەت.
چوارەم: كێشەی عێراقییەكان زیاتر بووە لەنێوخۆی عێراقدا، كەئەمەش بەشێك لەكاتی كورد دەبات و، سەرقاڵی دەكات بە كێشەكانی عێراق و، ئەو كێشانەش كە هەندێك لە عێراقییەكان بۆ حكومەتی هەرێمی دروست دەكەن.
پێنجەم: ئەمساڵ لە ئەمریكا ساڵی هەڵبژاردن دەبێت، ئەمریكاش كە دۆستی سەرەكی ئێمەیە، لەماوەی ساڵی هەڵبژاردندا كەمتر جورئەت بەخەرجی دەدات و، كەمتر بڕیاری یەكلاكەرەوەی دەبێت لەبەرژەوەندی دۆستێكی لەسەر حیسابی دۆستێكی دیكەی و، زۆربەی ئەم كاتانە دارەكە لەناوەڕاستەوە دەگرێت، بۆیە دەبێت زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا بكەین.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشداو، لەكاتی پێكهێنانی كابینەدا، پێویستە ئاگامان لە خاڵانەی لای خوارەوە بێت:
یەكەم: كابینەو بەرنامەو وەزیرەكان:
گرنگە ئاماژە بەچەند خاڵێك بكەین كە یارمەتیدەر بن بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی سەركەوتوو، لەوانە:
یەك: ئەو خاڵانەی كە پەیوەستن بە خودی كابینەوە:
1- زۆر گرنگە بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك كە تەواوی ئازادی هەبێت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، بەجۆرێك دەستی كراوە بێت لە هەڵبژاردنی ستافەكەی و هەڵبژاردنی ئەو كەسانەی كە لە ڕووی تواناومامەڵەو كاركردنەوە، دەتوانێت كاریان لەگەڵدا بكات لە كاری ڕۆژانەی تەمەنی كابینەكەیدا.
2- پێویستی چاو خشاندنەوە بە بە پەیكەری كارگێڕی و ئیدارەی حكومەتدا.
3- بەشداركردنی ئەو كەس ولایەنانەی كە سەد دەر سەد متمانەیان بە كارو بەرنامەی حكومەت هەیە، نەك بەشداریكردنی لایەنە دوو دڵەكان كە زەحمەتە بتوانن ئەرك و بەرپرسیایەتی تەواو لە ئەستۆ بگرن.
دوو : ئەوەی پەیوەستە بە كەسایەتی وەزیرەكانەوە، وا باشە وەزیرەكان ئەم سیفەتانەیان تێدا بێت:
1- تەكنۆ سیاسی بن، نەك تەنیا سیاسی بن یان تەنیا تەكنۆكرات بن.
2- لەو كەسانەبن كە لە ڕابردوودا چیرۆكی سەركەوتنیان هەبێت، بۆ ئەوەی لە خەمی پاراستنی ڕابردووی گەشیاندا بن.
3- لەپاڵ كاری مەكتەبیدا، زۆرگرنگە وەزیرەكان مەیدانی بن و، دابەزنە نێو فەرمانبەرو كۆمەڵگە لەكاتی پێویستدا، بۆ ئاگادار بوون لەو نهێنی و وردەكارییانەی زۆرجار لێیان دەشاردرێتەوە.
سێ: بەرنامەی حكومەت كە زۆر گرنگە ئەم سیفەتانە لە خۆ بگرێت:
1- بەرنامەیەكی كورت و دیاریكراو بێت، دوور لە داڕشتنی ئەدەبی .
2- بەڵێنی وا لە خۆ بگرێت كە بتوانرێت بپێورێت و ببینرێت لە واقیعدا.
3- ئەو خاڵانە لە خۆ بگرێت كە خەمی ژمارە (یەك)ی خەڵكن.
4- لەبەرچاو گرتنی ئەوەی كە بەڵێن و بەرنامەكە بۆ ماوەی دوو ساڵەو، دەبێت لەو ماوەیەدا بێتە دی نەك بەڵێنی كراوە بن بۆ هەتا هەتایە.
5- میكانیزم لە بەرنامەكەدا دیاربێت، چونكە بەرنامەی حكومەت وەڵامی پرسیاری (چیم بۆ دەكەی؟)یە، بەڵام خەڵك وەڵامی ئەم پرسیارەشی دەوێت: كەی بۆمی ئەنجام دەدەی؟!
Top