بەرەو گەشەپێدانی كارگێڕیی وەك زانستێكی سەردەم

بەرەو گەشەپێدانی كارگێڕیی وەك زانستێكی سەردەم
ئەگەر بەڕێوەبردن ئەركێكی جێبەجێكردنانە بێت، ئەوا سەركاریی و سەركردەیی كردنی، ئەركێكی راوێژكارییە.
لێرەوە بەڕێوەبردن ئەركێكی رۆژانەیە، بازنەییە، رۆتینە، لەكاتێكدا سەركردایەتیكردنی ئەركێكی نەخشە بۆكێشانە، درێژەخایەنە، نوێكردنەوەیە.
رێك وەك خولانەوەی بەردەوامیی تایەی ئۆتۆمبێلێك كەچەند گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر چاككردنی رێگاكانەو دروستكردنیانە بۆئەوەی ئەو خولانەوە بازنەییە بگۆڕین بۆ جووڵەیەكی ئاسۆیی و، بگەین بەئامانجێك، چونكە جووڵەی بازنەیی پێویستە جووڵەیەكی ئاسۆیی یان ستوونی دروست بكات لەژیانی ئیداریی و كارگێڕییدا.
بۆیە پلاندانان وەك دانانی پلانە، لەهەمانكاتیشدا بیركردنەوەیەو، نوسینەوەی بیركردنەوەكانە كەتیایدا:
- ئامانجێك دیاری دەكەین و، وەڵامی (چی) دەدەینەوە، واتە دەزانین چیمان دەوێت.
- هۆكارەكان دیار دەكەین و، وەڵامی (چۆن) دەدەینەوە، واتە دەزانین چۆن بەو ئامانجە بگەین؟
- كات دیاری دەكەین و، وەڵامی (چەند) دەدەینەوە، واتە دەزانین چەند رۆژو مانگمان دەوێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە؟
- لەدواییدا ئامانجەگیریی دەكەین و، دەزانین بەراورد بكەین لەنێوان ئەوەی بەدەست هاتووە لەگەڵ تێچووداو، هەمیشە دەبێت كەبەدەستهاتوو زیاتر بێت لەتێچوو، ئەگەرنا هیچ قازانجێك بەدەست نایەت لەحاڵەتەكانی دیكەدا.
بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كەدانانی پلان چەند گرنگە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كەپلانی خەڵكی دی یان بێ پلانی خەڵكی دی نەبنە مایەی رێگرتن لەبەئەنجام گەیاندنی ئامانجی پلانەكانی خۆمان لێرەشدا گرنگە كەكتو پڕی و حاڵەتی لەناكاو، هەژموون دروست نەكات لەسەر پلانەكان و، پێویستیشە خاوەن پلان راڕاو دوودڵ نەبێت و، خێرا خێرا وردە ئامانجی دی لەڕێگەدا، ئامانجی سەرەكی پلانەكەی لەبیر نەبەنەوە!!
لەپلانداناندا پێویستە سوود لەكەسانی بەئەزموون وەربگرین، بەڵام دەبێت جیاوازی بكەین لەنێوان كەسانی خاوەن خزمەت و خاوەن خیبرەت، چونكە هەموو جارێك خزمەتی زۆر مانای خیبرەتی زۆر نییە، چونكە خیبرەت لەشتە تازەكاندا پێوەندیی بەخزمەت نییە لەشتە كۆنەكاندا.
سەبارەت بەمامەڵەكردنیش لەگەڵ فەرمانبەرو كارمەندانی نێو پڕۆژەكەشدا پێویستە مامەڵەیەكی ئیداریی و ئینسانیی بكەین.
پێویستە دەست خۆشی لێكردن بۆ كارێكی دیاریكراوبێت و نەك ببێتە تا هەتایی و، كارمەند پشت لەكار بكاتەوە.
پێویستە سەرزەنشت كردن كاتیی و لەسەر كارێكی دیاری كراوبێت نەك تا هەتا بێت و، كارمەند نائومێد بێت.
پێویستە دەست خۆشیی و سەرزەنشتكردن بۆ كاربێت نەك بكەر بۆئەوەی كاری باش زۆرتربێت و، كاری نەشیاو كەمتر بێت.
گرنگیشە كارمەند كارەكەی خۆی بەدڵ بێت كە هەڵی بژاردووە، چونكە زۆرجار مرۆڤ گرفتی بۆ دروست دەبێت لەنێوان كارێك كە هەیە، بەڵام ئارەزووی لێ نییە، یان كارێك كە نییە بەڵام ئارەزووی لێیەتی.
لەدواجاریشدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئامانج و پلان و كارمەندان پێویستە پشت بەپێوەرێك ببەستین.
گرفتی هەڵسەنگاندنی لای ئێمە ئەوەیە كە چ پێوەرێك بەكاردێنین؟
- پێوەرە رەهاكان كەتیایدا كەسی بڕیار بەدەست خۆی بڕیار دەدات؟
- یان پێوەرە ڕێژەییەكان، كە تۆ لەچاو كەسێكی دیكەدا باشی یان خراپی؟
- یان پێوەرەكانی بەدیهێنانی ئامانج، كەلەهەردوو ئەوانەی پێشەوە باشترەو، تیایدا لەوە دەڕوانین كەكەسێك گەیشتۆتە ئامانجی نەخشە بۆ كێشراو بەو هۆكارانەی دیاریی كراون و، لەكاتی دیاریكراودا.
- ئەمانەو زۆری دی تەنیا دەروازەیەكی بچوكن بۆ بابەتێك كە وڵاتان ڕۆژانە گەشە بەخۆیان و هاووڵاتیانیان دەدەن لەڕێگەی خولەكانی ڕاهێنان و مەشق پێكردندا لەچوارچێوەی پرۆسەیەكدا كە گەشەپێدانی ئیداریی و كارگێڕییە.
Top