ئاییندەی كاری ئیسلامیی و پرسیاری نوێ لەوەڵامە كۆنەكان

ئاییندەی كاری ئیسلامیی و پرسیاری نوێ لەوەڵامە كۆنەكان
زۆرجار ئاماژەم بەو بەڵگە نەویستە كردووە كە لەڕووی سایكۆلۆژییەوە مرۆڤ لەكاتی هەستكردن بە بەهێزیی ناخدا گۆڕان ئەنجام دەدات و لە گۆڕانكاریی ناترسێت و دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكەی بەڕووی دەرەوەدا دەكاتەوە، ئەوەش ترسنۆكی و لاواز بوونی مرۆڤە كە تیایدا دەرگاو پەنجەرەكانی دادەخات و نایەوێت گۆڕانكاریی ئەنجام بدات.

لەلای ئەو ئیسلامییانەی كە هەست بە هێزی خودی ئیسلام دەكەن و لایان وایە ئیسلام هێزی خۆی وا لە هێزی دەقەكانیدا، نوێكردنەوە ئاسانترە هەتا لای ئەوانەی هەمیشە وا ئەزانن ئیسلام لە لاوازیدایە و لەبەردەم هەڕەشەدایە.

لێرەوە ئەزموونەكانی جیهان و رووداوەكانی رابردوو، داوای بەخۆداچوونەوەیەكی وردو رەخنەگرانەی بوێر لەئیسلامییەكانی جیهان دەكەن، بەخۆداچوونەوەیەك كەدووربێت لەحساباتی حزبیی و قازانجی ماددی و بەرژەوەندیی تەسكی تایبەتی.

بەخۆداچوونەوەیەكی لەم جۆرە بە ئاشكرا پێمان دەڵێت كە (بانگەوازی ئایینیی و پەروەردەی ئیمانیی) بەتاكی قازانج نەویست و مرۆڤی ناخ پاك و رەفتار چاك و كۆمەڵەی پەروەردەیی ناحزبی دەكرێت، دوور لەحساباتی بەرژەوەندیی و قازانج وزیان.

(حزبایەتی)یش بەكەسە سیاسییەكان و بەحزبێكی سیاسیی خاوەن بەرنامە دەكرێت، كە دەزگاو ئەندامی قازانج ویست و قسەزان و تاكتیك ناس و بەرژەوەندخوازی خۆی دەوێت، بۆیە تێكەڵكردنی هەردوو بوارەكە هەمیشە بۆتە مایەی تێكدانی هەردوو كارەكەو لەناخەوە مرۆڤی تووشی راڕایی و دوودڵییەكی توند كردووە، بەجۆرێك لەناخیدا دەزانێت ئەم تێكەڵكردنە هەڵەیە، بەڵام لەبەر بێ ئیرادەیی یان بەرژەوەندیی یان نەوێران، بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

بەڵام لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی گشتیی لەپێش بەرژەوەندیی تایبەتە، بۆیە هەردەبێت، ئەو رۆژە دابێت كە (كاری ئاینیی قازانج نەویست) لە(كاری حزبیی بەرژەوەندخواز) جودابكرێتەوە بەدەزگاو دەرگاوە، چونكە ئیسلام ئایینێكی كۆكەرەوەو گشتگیرە لە تیۆر و لەبنەڕەتدا، بەڵام لەپیادەكردندا دابەش دەبێت بەپێی بوارو پسپۆڕێتی كەس و كۆمەڵەكان.

بۆیە جێگەی خۆیەتی بەكورتی چەند ئاماژەیەكی ئەزموونیی بەهەریەك لەبوارەكان بدەین:
یەك: بانگەوازی ئایینیی و پەروەردەی ئیمانیی، كە سەربەخۆیانە كار دەكات بۆ:
یەكەم: هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مەقامی حەكەم بوون لەنێوخەڵكیدا، نەك حاكم بوون بەسەرخەڵكەوە.
دووەم: گواستنەوە لە ئیسلامیی حزبییەوە بۆ ئیسلامی كۆمەڵایەتی و بایەخدان بەكێشە كۆمەڵایەتییەكان و كەرامەتی ئینسان و گوێگرتن لەگرفتەكانی.
سێیەم: گەڕانەوە بۆ بانگەواز و باسكردنی خێری ئایەتول كورسیی، نەك مەشغوڵ كردنی ئینسان و كاسكردنی بە شەڕی كورسی.
چوارەم: گواستنەوە لە خۆخەریك كردن بە رابوونەوە – كەقۆناغەكەی بەسەرچوو- بۆخۆخەریك كردن بە نوێكردنەوەوە، چونكە قۆناغی رابوون بەرگریی كردن بوو لە شوراو دیوی دەرەوەی ماڵی ئیسلام، بەڵام نوێكردنەوە قۆناغی بایەخدانە بە چاككردنی ناوەوەی ماڵی ئیسلام.
پێنجەم: باوەڕ بەخۆبوون و خۆماڵییكردنی تێگەیشتن لەئیسلام و هەوڵدان بۆ داهێنانی بیركردنەوەو تێگەیشتنی كوردانە لەئیسلام و گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ زانایانی مزگەوت و شێخانی تەریقەت و شاعیرانی مەحەببەتی ئیلاهیی و گوتاری تەسەووف و ئەهلی دڵ.
شەشەم: گەڕانەوە بۆ رۆحی كۆمەڵگەی كوردیی و خوێندنەوەی كۆمەڵگەو زانینی پێداویستییە رۆحییە راستەقینەكانی و گەڕانەوە لە بایەخدان بە نیشتمانی ئیسلامیی بۆ بایەخدان بەئیسلامی نیشتمانیی.

دوو: هەر حزبێكیش كە لەباكگراوندێكی ئیسلامییەوە دەڕوانێتە جیهان و رووداو و دیاردەكان، واچاكە كاربكات بۆ:
یەكەم: گواستنەوە لەخۆ خەریك كردن بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە – كەهەیەو پێویستی بەچاكسازیی هەیە نەك دامەزراندن - بۆ خۆخەریك كردن بە ئیسلامی دەوڵەتەوە، كەئەمە ناوەڕۆكی كاری ئیسلامییە.
دووەم: بەرچاوڕوونیی و زانینی ئەوەی چیت دەوێت، نەك زانینی ئەوەی چیت ناوێت.
سێیەم: خۆ دوورگرتن لە پەیڕەوكردنی ستراتیژییەتی دوودڵیی و راڕایی و سیاسەتی رۆژ بەڕێكردن.
چوارەم: وازهێنان لەبەهەدەردانی رەنج و ماندووبوونی ئەندامان و گرفت بۆدروستكردن بۆیان بەناوی ئەدەبیاتی میحنەت و ئیبتیلاوە.
پێنجەم: بایەخدان بەئازادیی رادەربڕینی نێوخۆیی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لەنێوخۆدا و گەیشتن بەو یەقینەی كە ئازادیی ئایینیی بەرهەمیی ئایینی ئازادییە.

شەشەم: بەردەوام پرسیاركردن لەویژدان و ناخ :
+ ئایا كاری حزب بۆ بە (ئیسلام)كردنی حوكمە با حاكم هەر كەسێك بێت، یان بۆ (ئیستیلام)كردنی حوكمە بەو مەرجەی حزبەكەی خۆی حاكم بێت؟
+ وێنەی ئەو دەوڵەتەی كاری بۆدەكەی كامەیە؟ دەوڵەت بە چی؟ چۆن؟ كەی؟ بەكێ؟ دەبێتە ئیسلامیی؟
حەوتەم: وازهێنان لە بەكارهێنانی پاشگری (ئیسلامیی) لەناوی حزبی سیاسییدا، بۆئەوەی كەموكورتییەكانی حزب و مرۆڤەكان نەدرێنە پاڵ ئیسلام و ئیسلام بخرێتە سەرووی حزبەوە نەك ژێر حزبەوەو، ئیسلام بكرێتە پێشەنگ، نەك پاشكۆی حزب.
هەشتەم: ئاییندەی كاری ئیسلامیی بە بەردەوامیی پێویستیی بە پرسیاری نوێیە لەوەڵامە كۆنەكانی، نەك سووربوون لەسەر وەڵامی كۆنەكانی بۆ پرسیارە نوێیەكانی سەردەم.
Top