پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی

پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی
پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی
لە (16)ی نیسانی هەموو ساڵێك، ژینگە دۆستانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی یادی بۆنەی ڕۆژی ژینگەی كوردستان بەرز ڕادەگرن.
ئەم ڕۆژە بۆنەیەكە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەداو، بۆ سەرنج ڕاكێشانی سیاسەتمەدارو بڕیار بەدەستانی كوردستان بەلای ژینگەداو، دروستكردنی بایەخ پێدانێكی زیاترو چاكتر بەژینگەو پێكهێنەرەكانی.
هەروەها ئاماژەیەكیشە بۆ برەودان بە ڕۆڵی كۆمەڵگە، لە گۆڕینی هەڵوێستەكان بە ئاراستەی پاراستنء چاككردنی ژینگەو، دروستكردنی هەستێكی جیهانیی لای دانیشتووان و هاوڵاتییان بەو بەیەكەوە بەستنەوەیەی كە چارەنووسی هەموویانی بەیەكەوە گرێداوە.
لە ڕۆژی ژینگەدا، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین كە دابین كردنی پێداویستییەكانی مرۆڤ لە ڕووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەكییەكانی خۆیەتی وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی.
دەستكەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوەو، بوونی سیستمێكی گونجاو بۆ ئاوەڕۆكانء، بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوەو پاشەڕۆكان و، زیادكردنی رووبەری سەوزاییء، دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان بەئاراستەی كەم كردنەوەی قەرەباڵغی و پاراستنی زیندە جۆرەكان و، هەڵگرتنەوەی مینی چینراوو.تاد لە مافە بنچینەییەكانی مرۆڤن.
بۆ هەموو ئەمانەش بوونی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسیی و، ئیدارەیەكی زانستیانەی ژینگەیی زۆرگرنگن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە ژینگەو، هاوكاریی نێودەوڵەتیی، كەمكردنەوەی هەژاریی و، كۆنتڕۆڵ كردنی جەنگەكان، پەیڕەوكردنی پەرەپێدانی هەمیشەیی بەردەوامیش، هەنگاوی زۆر گرنگن كە كاردەكەنە سەر گۆڕینی دروشمەكان لە وشەوە بۆ كردار، لە قسەوە بۆ پڕۆژە.
ڕۆژی ژینگە، هۆكارێكیشە كە بە هۆیەوە گەلان، تیایدا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی نیشتمانی، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا، لەپاڵ ئەو ڕۆژانەی دی كەبۆ ژینگە دیاركراون لەسەر ئاستی جیهانیی و دەوروبەر، بۆ نموونە:
- (5)ی حوزیرانی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە.
- (14)ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی وڵاتە عەرەبیەكانە.
- (15)ی نیسانی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی عێراقە.
- رۆژی (16)ی نیسانی هەموو ساڵێكیش رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی كوردستاندا كە پێویستە لەو رۆژەدا گرنگیی ژینگە زیاتر بۆ
هاوڵاتیان روون بكرێتەوەو، پرۆژەی جۆراوجۆری تیادا پیشكەش بكرێت بەمەبەستی بنیاتنانی هۆشیاریی ژینگەیی لە هەموو ئاستەكاندا.
لەم بۆنەیەشدا بەباشی دەزانم پرۆژەیەكی ژینگەیی تایبەت بەبواری پەروەردە بخەمە روو، كەبەهەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پەروەردەو دەستەی پاراستن وچاككردنی ژینگە دەتوانرێت دەوڵەمەندتر بكرێت و، جێبەجێ بكرێت، كەئەویش پڕۆژەی پەروەردەیی ژینگەییە:
ناوی پڕۆژە: پرۆژەی پەروەردەی ژینگەیی
پێناسە:
پرۆژەیەكی پەروەردەییە بەمەبەستی گەشەپێدانی هۆشیاریی لای مرۆڤ و، زیادكردنی بایەخدانیی بەژینگە، لەرێگەی پێدانی زانیاریی و راهێنانیی لەسەر چارەسەركردنی گرفتە ژینگەییەكانی ئێستاو رێگرتن لەسەرهەڵدانی گرفتی دیكە.
بنەماكانی پەروەردەی ژینگەیی:
1-پەروەردەی ژینگەیی پرۆسەیەكی بەردەوامە لەگەڵ ژیان وتەمەندا رێ دەكات.
2- پەروەردەی ژینگەیی شارەزابوونە لەگشت لقەكانی زانست، بۆ دارشتنی دیدێكی هاوسەنگ.
3- پەروەردەی ژینگەیی بایەخ دەدات بە هاوكاریی نێوخۆیی جیهانیی بۆ رێگرتن لەپیسبوونی ژینگە.
4- پەروەردەی ژینگەیی بۆ هەموو تەمەن وئاستێكە، بەڵام گرنگە لەسەرەتاوە مناڵانی لەسەر پەروەردە بكرێت.
5-یارمەتیدان بۆ دەستنیشانكردنی گرفتە ژینگەییەكان و هۆكارە راستەقینەكانی.
6-جەختكردنەوە لەسەر بیركردنەوەی قووڵ و،دۆزینەوەی میكانیزم بۆ چارەسەركردن.
7-خۆدوورگرتن لەپابەندبوون بەتەنیا ئامۆژگاریی و، بەیەك جۆر پرۆگرام.
8-نزیككردنەوەی توێژینەوە زانستییەكان لە پرۆگرامەكانی خوێندن، بەكرداریی كردنیان.
ئامانجەكانی پەروەردەی ژینگەیی:
1-هۆشیاریی:بۆ هەستیاربوون بەگرفتەكان.
2- زانیاریی: بۆزانینی قەبارەو رووبەری كێشەكان.
3-ئاراستەكان: بۆ زانینی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەكێشەكەوە.
4-دەست رەنگینی: بۆ فێربوونی رووبەروو بوونەوەی سەرەتاكانی كێشەكە.
5-بەشدارییكردن: رەخساندنی هەل بۆ بەشداربوون لە دروستكرنی بڕیارو جێبەجێكردنیدا.
رەهەندەكانی پرۆژەی پەروەردەی ژینگەیی:
1-بابەتەكانی سیستمی ژینگەیی، هاوسەنگی ژینگەیی، زیندەجۆرەكان (بایۆدایڤێرستی)، شاری سەوز، پاوانە سروشتییەكان، بەرێوەبردنی ژینگەیی.
2-بابەتەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی پێدراوی وەك دەرامەتە سروشتییەكان، دەرامەتە نوێبووەوەكان، كێشەی دانیشتووان، كێشەكانی پەروەردەو، راگەیاندنی ژینگەیی.
3-كێشەكانی پەیوەست بە پیسبوونی ژینگەو، جۆرەكانی و، بەهەدەردانی دەرامەتە سروشتییەكان.
سوودمەندان لە پرۆژەی پەروەردەی ژینگەیی:
1-قوتابیانی قۆناغی بنەرەتی.
2-بەرێوەبەرومامۆستایان.
3-راگەیاندنكارو پەروەرشیارانی بایەخدەر بە چالاكییە ژینگەییەكان.
ئەنجامەكانی پرۆژەو هەڵسەنگاندنی:
یەكەم:
ئەنجامی قۆناغی یەكەم: كەتیایدا ئەم كارانە پێویستە تەواوكرابن:
1-ناساندنی پرۆژەكە لە ناوەندە زانستیی و میدیاییە نێوخۆییەكان.
2-چاككردنی بارودۆخی ژینگەیی لە 12 قوتابخانەدا، لەرێگەی چالاكیی و پرۆژەی دەرەوەی پۆلەوە.
3-چاپكردنی دوو نامیلكەی رابەری ژینگەیی:
یەكێكیان بۆ مامۆستایان بۆ رێنماییكردنی قوتابیانی تەمەن 6-12 ساڵ.
دووەمیان بۆ قوتابیانی تەمەن 13-15 ساڵ.
4-بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و، چاكتركردنی باری ژینگەیی لە هەر گەرەكێكی چوار دەورەی قوتابخانە دیاركراوەكان.
دووەم:
ئەنجامی قۆناغی دووەم: كەتیایدا ئەم كارانە پێویستە تەواوكرابن:
1-فراوانكردنی ئەزموونەكە بۆ ئەوەی گەرەكێكی دیكەش لێی سوودمەندبێت.
2-پێكهێنانی ژینگە كتێبخانەیەكی گەرۆك.
3-دامەزراندنی ژینگە شانۆیەكی گەڕۆك.
بەم جۆرەش لەم بوارەدا هەر یەك لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ژینگەو، ڕاگەیاندنی ژینگەو، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ئافرەتان و منداڵپارێزیی و ئەوانی دی، دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت شان بەشانی دەزگاكانی پەیوەندیدار بۆ خستنە ڕووی یاسای ژینگە پارێزیی، دواتر دەتوانین بڵێین ئەركی هاووڵاتی ئاسایی دێتە ئاراوە كە ئەوسا لەبەر ڕۆشنایی یاساو، پاشان هۆشیاریی یاساییدا دەتوانێت ئەرك و لێپرسراوێتیەكانی خۆی بزانێت و ئاگاداری پێكهێنەرەكانی ژینگە بێت لە ئاوو هەواو خاك و... تاد.
ئەركی هاوڵاتی و لێپرسراوێتی هاووڵاتی خاڵێكی سەرەكیە لەپاراستنی ژینگەدا لەگشت وڵاتانی جیهاندا، بەڵام بە مەرجێك پێشتر دەوڵەت و ڕێكخراوەكان ئەركی خۆیان بەجێبهێنن لە بارەی:
1- ئامادەكردن و كاركردن بەیاسای پاراستن وچاككردنی ژینگە.
2- ڕوونكردنەوەو شیكردنەوەی یاسای پاراستنی ژینگە.
3-زانینی ئەركەكان لەلایەن كەس ولایەنەكانەوە.
4- زانینی ئەو سزایانەی كە ڕووبەڕووی هەركەس و لایەك دەبێتەوە لە حاڵەتی سەرپێچی كردن لە یاساكە لە بڕگەیەك یان ماددەیەك لە مادەكانی.
5- بەردەوامیی پێوەندیی نێوان دەزگاكان و هاوڵاتیان لە ڕێگەی جیاجیاوە سەبارەت بەهۆشیاریی یاسایی.
Top