ڕۆژی جیهانیی ژینگە

ڕۆژی جیهانیی ژینگە
لە (5)ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، جیهان بە گشتی و ژینگە دۆستان بە تایبەتی یادی بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگە (E D W) بەرز ڕادەگرن، ئەو ڕۆژەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنگرەی (ستۆكهۆڵم)ی تایبەت بە ژینگەوە لە ساڵی (1972)دا هێنایە ئاراوەو، هەر لەو ڕۆژەشدا (بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە) (UNEP) دامەزرا .
ئەم ڕۆژە بۆنەیەكە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەداو، بۆ سەرنج ڕاكێشانی سیاسەتمەدارو بڕیار بە دەستانی جیهان بەلای ژینگەداو، دروستكردنی بایەخ پێدانێكی جیهانیی بە ژینگەو پێكهێنەرەكانی .
هەروەها ئاماژەیەكیشە بۆ برەودان بە ڕۆڵی كۆمەڵگە لە گۆڕینی هەڵوێستەكان بە ئاراستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەو، دروستكردنی هەستێكی جیهانی لای دانیشتووانی گۆی زەوی بەو بەیەكەوە بەستنەوەیەی كە چارەنووسی هەموویانی بەیەكەوە گرێداوە.
بەدەركەوتنی شوێنەوارە نیگەتیڤەكانی پێشكەوتنی مرۆڤ لەبواری پیشەسازیی و بیناسازیی و داهێنانی چەندین مەكینەو دروستكردنی زۆرێك لەكارگەو زیادبوونی لە رادەبەدەری هۆكارەكانی گواستنەوە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، بەكارهێنانی بێ سنوری پێكهاتەكانی ژینگە، گوێ نەدان بەچارەنووسی نەوەكانی ئایندە، زیادبوونی زۆری رووبەری خانووبەرە، كەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی، كشانی ئاسۆیی شارەكان، زیادبوونی دەنگ و ژاوەژاوی كارگەو هۆكارەكانی گواستنەوە، تێكئاڵانی دیمەنە ناهۆرمۆنییەكان و تێكدانی هەستی بینین، كەمی هۆشیاری ژینگەیی و بایەخ نەدان بەشوێنەوارەكانی پڕۆژە ئەنجامدراوەكان و...هتد، هەموو ئەمانە پاڵی بەزۆرێك لەتوێژەرو كاربەدەست و هاوڕێیانی ژینگەوە ناوە كەهەڵوێستەیەك بكەن لەئاست ئەم كێشە زۆرانەدا، بۆیە دەنگی ناڕەزایی و هاواری ترسناكیی و ئاگاداركردنەوە لەزۆر لاوە بڵندبۆتەوە، بۆ بەرجەستەكردنی ئەم خەمخواردنەش تادێت دەستەو كۆمەڵەو گروپ و لیژنەو وەزارەتی تایبەت بەژینگە لەوڵاتان دێنە ئاراوە، بەجۆرێك كەڕۆژ نی یە لەدەزگاكانی راگەیاندن یان گۆڤارو بڵاوكراوە تایبەتەكانەوە باس لە پیسبوونی ژینگەو مەترسییەكانی پیسبوون نەكرێت.
وڵاتی ئێمەو هەرێمی ئێمەش لەسایەی دەستكردن بەپەرەپێدانی فراوان واچاوەڕوان دەكرێت لەماوەی ساڵانی داهاتوودا بەشێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی تێدا دەربكەوێت، پاش گۆڕانی بەرەو ژینگەیەكی پیشەسازیی و پڕبوونی شارەكانی بە دانیشتووان و شەقامەكانیش بەهۆكارەكانی گواستنەوە، زیادەڕەویی لەبەكارهێنانی سامانی سروشتیی، بەكاربردنی بێ پلانی زانستیی و ئاستێكی بەرزی هۆشیاری ژینگەیی و ژینگەی رۆشنبیرییدا.
بۆیە ئەركی پاراستنی ژینگەو چاككردنی، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە، لەهەمانكاتیشدا ئەركێكی ناوخۆیی و جیهانییە، هەروەك ئەركی تاك و كۆمەڵگەش لەهەمانكاتدا.
پسپۆڕان و كاربەدەستانی بواری ژینگە ئەمڕۆ لەجاران زیاتر ئەركی هۆشیاركردنەوەو ئامادەكردنی باس و لێكۆڵینەوەو ئەنجامدانی ئەو میكانیزمەیان دەكەوێتە ئەستۆ، كەدەتوانرێت بەهۆیانەوە شوێنەوارەكانی ماددە پیسكارەكانی ژینگە نەهێڵن یان كەم بكرێنەوە.
پیسبوونی ژینگە ئەمڕۆ بۆتە یەكێك لەو هۆكارانەی كەئاسایشی گشت جیهانی خستۆتە بەر هەڕەشەو مەترسییەوە، چونكە پیسبوونی ژینگە سنورە سیاسی و ئیدارییە دەستكردەكان ناناسێت و پیسبوونی پێكهێنەرەكانی لەهەر شوێنێكی دنیادا، كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر شوێنەكانی تریش لەجیهاندا.
ئێمەش كەبەشێكین لەم دنیایەو لەسەر یەك خاك دەژین و یەك چارەنووس لەگەڵ تەواوی جیهاندا كۆمان دەكاتەوە، ئەركی سەرشانی هەر یەكەمانە بەپێی تواناو لەسنوری زانیارییەكانی خۆی و پێگەی بەرپرسیارێتی خۆیدا، هەنگاوێك بنێت لەڕێگەی دوور و درێژی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.
لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین كە دابین كردنی پێداویستی یەكانی مرۆڤ لە ڕووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەكی یەكانی خۆیەتی وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤە بە گشتی .
دەستكەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوەو، بوونی سیستمێكی گونجاو بۆ ئاوەڕۆكان و، بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوەو پاشەڕۆكان و، زیادكردنی رووبەری سەوزایی و، دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان بەئاراستەی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و پاراستنی زیندە جۆرەكان و، هەڵگرتنەوەی مینی چینراوو . هتد لە مافە بنچینەییەكانی مرۆڤن.
بۆ هەموو ئەمانەش بوونی ئیڕادەیەكی بەهێزی سیاسیی و، ئیدارەیەكی زانستیانەی ژینگەیی زۆرگرنگن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگەو، هاوكاریی نێودەوڵەتیی و، كەمكردنەوەی هەژاریی و، كۆنتڕۆڵكردنی جەنگەكان و، پەیڕەوكردنی پەرەپێدانی هەمیشەیی و بەردەوام (Sustainable Development) هەنگاوی زۆر گرنگن كە كاردەكەنە سەر گۆڕینی دروشمەكان لە وشەوە بۆ كردار، لە قسەوە بۆ پڕۆژە.
ڕۆژی جیهانیی ژینگە، هۆكارێكیشە كە بە هۆیەوە گەلان ڕۆژی تایبەتیان بۆ ژینگەی لۆكاڵی خۆیان دیاری كردوو، تیایدا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نیشتمانی، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا، بۆ نموونە:-
- (5)ی حوزیرانی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی ژینگە یە .
- (14)ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی وڵاتە عەرەبیەكانە .
- (15)ی نیسانی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی عێراقە، كە بە نوسراوی ڕەسمی ئاراستەی ئەنجومەنی حوكمی عێراقم كرد وەك پێشنیارو، ئەنجومەنیش بە ڕەسمی پێشنیارەكەی پەسەندكردوو، لە ساڵی (2004)ەوە هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا لە پارێزگاكانی عێراقدا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت .
- رۆژی (16)ی نیسانی هەموو ساڵێكیش رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی كوردستاندا كە پێویسستە لەو رۆژەدا گرنگیی ژینگە زیاتر بۆ هاوڵاتیان روون بكرێتەوە
* وەزیری ژینگەی پێشووی عێراق
Top