بە‌رژە‌وە‌ندی میللە‌تی كورد لە‌و هە‌لومە‌رجەی ئێستادا‌

بە‌رژە‌وە‌ندی میللە‌تی كورد لە‌و هە‌لومە‌رجەی ئێستادا‌
بە ناوی خوای بە‌خشندە و میهرە‌بان
لە پاش هە‌ڵبژاردنی 7/3/2010 هە‌ندێك هێزی سیاسی وە‌ك (القائمە العراقیە) بە گڕوتینێكی بەهێزەوە هاتنە پێش و دە‌یانە‌وێ عێراق بە‌رە‌و عروبە و مە‌ركە‌زییە‌ت ڕاكێشن، وا پێدە‌چێ هێزە‌كانی تری سیاسی بە تە‌واوی پێشبینی هێزە‌كە‌یان نە‌كردبێ، ئێستاش بە بۆچوونی من بە تەواوی هە‌ستیان بە مە‌ترسییە‌كە نە‌كردبێ، چونكە گە‌ر هە‌ستیان بكردایە هە‌ر زوو دە‌وڵە‌تی یاسا و ئیئتلافی عیراقی و هاوپە‌یمانی كوردستانی یە‌كتریان دە‌گرت و لە بە‌رامبە‌ری ڕادە‌وە‌ستان،كە‌واتە لە‌و هە‌لومە‌رجە كورد چی بكات باشە‌.
بە بۆچوونی من: كورد پێویستی بە دوو هاوپە‌یمانی هە‌یە‌: یە‌كە‌م: هاوپە‌یمانی لە نێوان ئە‌ندامانی كوردی لە ئە‌نجوومە‌نی نیشتیمانی عیراق لە بە‌غدا، دووە‌م: هاوپە‌یمانی لە‌گە‌ڵ هە‌ندێ لە لیستە‌كانی عە‌رە‌بیدا.

1- بە نیسبە‌ت ئە‌ندامە‌كانی كورد لە ئە‌نجوومە‌نی نیشتیمانی، ڕاستە ئە‌گە‌ر كورد بە شێوە‌یە‌كی ڕێك و پێكتر بچووبایە ناو پڕۆسە‌ی هە‌ڵبژاردن لە‌وانە‌بوو یە‌ك دوو كورسی پتر دە‌ست دە‌كە‌وت لە كە‌ركوك و هە‌روەها سێ چوار كورسییان پتر ده‌ست دە‌كە‌وت لە موسڵ. بە‌ڵام دە‌بێ ئە‌وە‌ش بزانین، ئە‌گە‌ر ئە‌و كورسییانە‌شیان بە‌دە‌ست بهێنایە هە‌ر لیستی چوارە‌م دە‌بوون، كە‌واتە باشتر وایە بۆ ئێمە بە گوێرە‌ی ئیستیحقاقی نە‌تە‌وە‌یی داوای مافە‌كانمان بكە‌ین لە‌سە‌ر بناغە‌ی ئە‌وە‌ی كە نە‌تە‌وە‌ی دووە‌مین لە عیراقدا، نە‌ك لە‌سە‌ر بناغە‌ی ژمارە‌ی كورسی لە ئە‌نجوومە‌نی نیشتیمانیی عیراق.

2- ئە‌ندامانی كورد لە ئە‌نجوومە‌نی بە‌غدا هە‌ر یە‌كە بۆ خۆی بە واجبی سە‌رشانی خۆی دە‌زانێ داكۆكی لە مافە‌كانی میللە‌تی كورد بكات، خۆ ئە‌گە‌ر بە پە‌رتە‌وازە‌یی بچن بۆ بە‌غدا ماندوبوونیان پتر دە‌بێ و دە‌ستكە‌وتیشیان كە‌متر دە‌بێ، بە‌ڵام ئە‌گە‌ر لێرە لە‌سە‌ر هێڵە سوورە‌كان و ماف و دە‌ستكە‌وتە‌كان ڕێككە‌وتبن، ئە‌وە بە ماندوبوونێكی كە‌متر دە‌ستكە‌وتی پتر بە‌دە‌ست دێنن (ئینشائەالله‌) بۆیە بە بۆچوونی من ڕێككە‌وتنی پێشوە‌خت لە‌سە‌ر هە‌ڵوێستە‌كانیان لە بە‌غدا، دە‌بێتە هۆی توانا و سە‌نگی زۆرتر.

3- بە‌دە‌ستهێنانی پۆستی سە‌ركۆماری عیراق بۆ كورد زۆر گرنگە‌، ڕاستە پۆستێكی تەشریفاتییە‌ و دە‌سە‌ڵاتی تە‌نفیزی نییە‌، بە‌ڵام دوو گرنگی هە‌یە‌: یە‌كە‌میان: سە‌ركۆمار بوونی هە‌یە لە هە‌موو بۆنە‌كان و‌ میوانداری و سە‌ردانی سە‌رۆكی وڵاتان و وە‌رگرتنی ئە‌وراقی سە‌فیران، ئە‌وە‌ش وادە‌كات كورد باشتر بە جیهان بناسرێ، ئە‌وە‌ش بۆ ئێمە زۆر پێویستە‌، كە‌واتە باشترین دە‌رگایە بۆ ناساندن و ئاشكرا كردنی ستە‌مە‌كانی بە‌سە‌ر كورد هاتوون‌. دووە‌م: بە‌دە‌ست نەهێنانی كورد بۆ ئە‌و پۆستە‌، لە لایان نە‌یاران و ڕكابە‌ران وا لێكدە‌درێتە‌وە كە كورد بێهێزتر بووە لە جاران و ئە‌وە‌ش كاریگە‌ری خراپی دە‌بێ لە‌سە‌ر جێبە‌جێ كردنی مافە‌كانی كورد لە ماددە‌ی 140ی دە‌ستوور و كێشە‌كانی تر.

4- ماددە‌ی (140)ی دە‌ستووری لە ڕووی بنە‌ماكانی یاسایی ماددە‌یەكە لە دە‌ستووری (اتحادی) و ماددە‌ی یاساییش لە هە‌ر یاسایە‌ك هە‌بێ هە‌ر دە‌مێنێ تا یاسایە‌كە دە‌گۆڕێ یا هە‌موار دە‌كرێ و ئە‌و ماددە‌یە‌ش لادەبرێ یا دە‌گۆڕێ. بە‌ڵام هە‌ر كە‌سێ دە‌رسی (مدخل القانون)ی خوێندبێ دە‌زانێ یاسا بە كارپێنە‌كردن نامرێ، بە‌ڵكو ئە‌و لایە‌نە‌ی بە‌رپرس بووە لە جێبە‌جێكردنی پێشێلی یاسای كردووە‌،دە‌بێ سزای یاسایی بە‌سە‌ردا بسە‌پێ بە گوێرە‌ی جۆری سزای ئە‌و یاسا پێشێل كراوە‌‌، بە‌ڵام یاسای دە‌ستووری لە ماددە‌كانی خۆی سزای بۆ دانە‌ندراوە‌، چونكە دە‌ستوور لە لایە‌ن حكومە‌تە‌وە پێشێل دە‌كرێ، دە‌سە‌ڵاتێكی تە‌نفیزی بەهێزتر نییە تا سزا بە‌سە‌ر حكومە‌ت بسە‌پێنی، بۆیە لە‌و كاتانە‌ی حكومە‌ت پێشێلی دە‌ستوور دە‌كات یا پشت گوێی دە‌خات، خە‌ڵك خۆپێشاندانی لە دژ دە‌كات و داوای گۆڕینی دە‌كات.
بە نیسبە‌ت ئە‌و مێژووە‌ی لە‌و ماددە‌یە هاتووە‌، مە‌بە‌ست لێی هاندانە بۆ ئە‌وە‌ی بە زووترین كات جێبە‌جێ بكرێت، چونكە ئە‌و جۆرە مێژووانە مە‌فهومی موخالە‌فە‌یان نییە‌، نە لە (اصول الفقە)ی ئیسلامی نە لە (اصول القانون)، بۆیێ گە‌ر جێبەجێ كردنی هە‌ندێ دواكە‌وت ماددە یاساییە‌كە یا گرێبە‌ستە‌كە هە‌ڵناوە‌شێتە‌وە‌، بۆ نموونە ئە‌گە‌ر گرێبە‌ستێ‌كمان لە‌گە‌ڵ بە‌ڵێندە‌رێ كرد، كە خانوویەك لە 1/3/2010 تە‌واو بكات، كە‌چی بە‌ڵێندە‌رە‌كە پێی تە‌واو نە‌كرا، گرێبە‌ستە‌كە هە‌ڵناوە‌شێتە‌وە‌، بە‌ڵكو پێویستە لە‌سە‌ری كارە‌كە‌ی تە‌واو بكات و قە‌رە‌بووی دواكە‌وتنە‌كە‌شی بدات بە گوێرە‌ی یاسا یا گرێبە‌ست.
هە‌روەها فە‌قە‌رە‌ی (ثانیا) لە ماددە‌ی (140) بە‌و جۆرە‌یە‌، چونكە دە‌ڵێ (المسؤولیة الملقاة علی السلطة التنفیذیة.. تمتد و تستمر الی السلطە التنفیذیە المنتخبة بموجب هذا الدستور، علی ان تنجزه كاملە .. فی مدە اقصاها 31/12/2007. كه‌واته‌: گە‌ر زووتر كارە‌كە ئە‌نجام بدات باشترە‌، بە‌ڵام نابێ لە‌و مێژووە دوا بكە‌وێ لە‌و حاڵە‌تە‌، گە‌ر دواكە‌وت ئە‌وە مە‌رجی (علی ان تنجزه كاملا فی مدە اقصاها 31/12/2007) پێشێل كردووە‌، سزای پێشێل كردنی مە‌رجی جێبە‌جێ كردنی یاسا یا گرێبە‌ست لە كاتی دیاری كراوی خۆی پێویستە لە‌سە‌ر حكومە‌ت كارە‌كە‌ی تە‌واو بكات، قە‌رە‌بووی دوواكە‌وتنیش بدات بە‌و خە‌ڵكانە‌ی بە هۆی دوواكە‌وتنە‌كە تووشی زیان بوون، نە‌ك هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی ماددە‌ی (140)ی دە‌ستوور‌.
ڕاستە جۆرە مێژوویەكمان هە‌یە لە یاسا، یاسایە‌كە دە‌كاتە یاسای كاتی (القانون المؤقت او المادة المؤقتة)، بە‌ڵام ئە‌و جۆرە داڕشتنی جیایە‌،چونكە لە یاساكەدا دە‌نووسرێ (یعمل بهذا القانون الی 1/12/2007)، ئە‌و كاتە یاسایە‌كە لە دوای ئە‌و مێژووە كاری پێناكرێ. بە‌ڵام لێرە وا ناڵی، بە‌ڵكو‌ دە‌ڵێ: دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن بە‌رپرسە لە جێبە‌جێ كردنی لە ماوە‌یە‌ك كە لە 31/12/2007 دوا نە‌كە‌وێ. كە‌واتە مە‌بە‌ست پە‌لە‌كردنە لە جێبە‌جێ كردنی، مێژووە‌كە داندراوە بۆ جێبە‌جێ كردنی ناوە‌ڕۆكی ماددە‌كە، نە‌ك بۆ خودی ماددە‌كە‌. هە‌روەها ماددە‌ی (140) هە‌ڵناوە‌شێتە‌وە پاش جێبە‌جێ كردنیشی، تا كاتی هە‌موار كردنی دە‌ستوور هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی ئە‌و ماددە‌یە‌.
كە‌واتە:‌ ئە‌وە حاڵی ماددە‌ی (140)ە لە بارە‌ی یاسایی. بە‌ڵام لە بارە‌ی سیاسی، دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێ كردن (السلطة التنفیذیة) دە‌توانێ بەخراپی جێبە‌جێی بكات و هە‌ر دوای بخات تا شتە‌كە مردار دە‌كاتەوە و خە‌ڵكە‌كە تووشی زە‌رە‌ر و زیان دە‌كات، لێرە هە‌رێمی كوردستان بە گشتی حكومە‌ت و حیزبە‌كان و ڕێكخراوە‌كان پێویستە دە‌وری كاریگە‌ر ببینن لە پە‌لەپێكردن بۆ جێبە‌جێ كردنی.
لێرە حە‌ز دە‌كە‌م ئە‌وە ڕوون بكە‌مە‌وە‌، گە‌ورە‌ترین هە‌ڵە ئە‌وە‌یە كورد پێش جێبەجێ كردنی ماددە‌ی (140) لە‌گە‌ڵ لیستی (العراقیة) هاوپە‌یمانی بكات چونكە لە‌و شە‌وانە‌ی ڕابردوو لە تە‌لە‌فزیۆن، وتە‌بێژی لیستە‌كە (حیدر الملا) دە‌یوت‌: كورد لە‌گە‌ڵ ئێمە هاوپە‌یمانی بكە‌ن باشە بۆیان، چونكە كێشە‌ی ماددە‌ی (140) لە‌گە‌ڵ ئێمە‌یە‌، دە‌بێ بە یە‌كە‌وە تە‌فاهوم بكە‌ین. بە گوێرە‌ی ئە‌و قسە‌یە‌، داوا دە‌كات كورد واز لە مافە دە‌ستوورییە‌كە‌ی خۆیان بهێنن، سە‌ر لە نوێ دانوستاندن لە‌گە‌ڵ لیستی (العراقیة) بكە‌ن، كە‌واتە لیستی (العراقیة) برا گە‌ورە‌یە‌، چونكە ژمارە‌یان‌ پترە و داوا دە‌كە‌ن كورد لە‌گە‌ڵ ئە‌وان بن وە‌كو برا گچكە‌، جا ئە‌وان خێریان پێ بكە‌ن و بە كە‌ڕە‌می عە‌رە‌بی مافە‌كە‌یان بۆ بگێڕنە‌وە‌، وە‌ك كە‌ڕە‌مە‌كانی (صدام). هە‌روەها گە‌ر كورد بە هاوپە‌یمانی ڕازی بن، واتە‌: لیستی (العراقیة) دە‌كە‌ن بە حە‌كە‌م لە‌و مە‌سە‌لە‌یە‌، كە‌چی لە ڕاستیدا، ئە‌وان (خصم)ن، ئە‌وە‌ش پێچە‌وانە‌ی عە‌دالە‌تە‌، چۆن دە‌بن بە (خصم و حكم).

5- لە بارە‌ی چە‌سپاندنی فیدرالی لە عیراق، بە چاكی دە‌زانم ماددە‌ی (116)،(119) دە‌ستووری ئیتحادی هە‌مواربكرێ:-
یە‌كە‌م: ماددە‌ی (116) دە‌ڵێ: (یتكون النظام الاتحادی فی جمهوریة العراق من عاصمة، أقالیم، ومحافظات لا مركزیة، وادارات محلیة) واتە‌: كۆماری عێراقی ئیتحادی پێكدێت لە پایتە‌خت، وهە‌رێمە‌كان وپارێزگا لا مەركەزییە‌كان وئیدارە محە‌لییە‌كان) بە‌و جۆرە هە‌رێم وپارێزگا تێكە‌ڵاو دە‌كات وكێشە دروست دە‌كات لە نێوان خە‌ڵكە‌كە‌، بە‌راوردی نێوان پارێزگا وهە‌رێم بكە‌ن كامیان سوود بە‌خشترە‌، ئە‌و هە‌ویرە‌ش ئاوی زۆری دە‌وێ، بۆیە باشترین چارە‌سە‌ر ئە‌وە‌یە‌، ئە‌و ماددە‌یە هە‌موار بكرێ بە‌و جۆرە (یتكون النظام فی جمهوریة العراق من اقلیم العاصمە، واقلیم كوردستان والاقالیم التی تنشأ فی المستقبل) بە‌و جۆرە دە‌چە‌سپێ كە عیراق لە هە‌رێمی كوردستان، \هە‌رێمی پایتە‌خت پێكهاتووە، كە هە‌موو عیراق دە‌گرێتە‌وە جگە لە هە‌رێمی كوردستان، هە‌ر هە‌رێمێك لە داهاتوو دروست بێ، ئە‌و هە‌رێمانە گە‌ر دروست بن، لە سنووری هە‌رێمی پایتە‌خت دروست دە‌بن، چونكە سنوورە‌كە‌ی فراوانە‌، بە‌و جۆرە هە‌م فیدرالییە‌كە دروست دە‌بێ و دە‌چە‌سپێ، هە‌م ماوە‌ش دە‌درێ بە خە‌ڵكی ئە‌و هە‌رێمە كە بیر بكە‌نە‌وە لە یە‌ك هە‌رێم بمێننە‌وە‌، یا خۆیان دابە‌ش بكە‌ن بۆ چە‌ند هە‌رێم؟، كامیان سوود بە‌خشتربوو بۆیان هە‌ڵیدە‌بژێرن. هە‌روەها زۆری ژمارە‌ی دانشتووانی هە‌رێمی پایتە‌خت، لە بە‌رامبە‌ر هە‌رێمی كوردستان، كێشە‌یە‌كی یاسایی دروست ناكات چونكە ژمارە‌ی دانشتواونی هە‌ندێ ویلایات لە ئە‌مە‌ریكا بە‌قە‌دە‌ر سێ ئە‌وە‌ندە‌ی هە‌ندێ ولایاتی ترە‌.

دووە‌م: ماددە‌ی (119) دە‌ڵێ: (یحق لكل محافظة او اكثر تكوین اقلیم بناء علی طلب بالاستفتاء علیه‌، یقدم...) واتە‌: (هە‌ر پارێزگایە‌ك یا پتر مافی ئە‌وە‌ی هە‌یە ببێت بە هە‌رێم...) پێكهاتنی هە‌رێم لە یە‌ك پارێزگا، كارێكی نە‌گونجاوە‌، چونكە هە‌رێم پە‌رلە‌مان و حكومە‌تی هە‌یە‌، دستووری هە‌یە ونوێنە‌ری لە باڵیوزخانە‌كانی عیراق لە دە‌رە‌وە بە‌گوێرە‌ی پێویست هە‌یە‌، ئە‌وە‌ش خە‌رجی و بوودجە‌ی دە‌وێ وتوانا‌ی ئیدارە و زانستی دە‌وێ، ئە‌وە‌ش بە پارێزگایە‌ك ناكرێ، بە‌تایبە‌تی پارێزگا بچووكە‌كان. بۆیێ بە پێویستی دە‌زانم هە‌موار بكرێ، بە‌و جۆرە‌ی خوارە‌وە (یحق لكل ثلاث محافظات أو أكثر تكوین اقلیم...) چونكە سێ پارێزگا دە‌توانێ ئە‌ركی هە‌رێمایە‌تی لە بارە‌ی ئیداری و زانستی وئابوری جێبەجێ بكات و بە‌لامە‌وە زۆر جوان سوود بە‌خش دە‌بێ، كۆماری فیدرالی عیراق پێك بێت لە چە‌ند هە‌رێم، هە‌رێمە‌كانیش لە سێ پارێزگا كە‌متر نە‌بی، لە پێنج پتر نە‌بێ.
لە كۆتایی لە خوا دە‌پاڕێمە‌وە سە‌ركردە‌كان ڕێنمایی بكات بۆ خێر و چاكە‌ی گشتی بۆ هە‌موو عیراق و عیراقییە‌كان.
Top