مێژووی 8ی مارس وپێگه‌ی ئافره‌تانی كورد

مێژووی 8ی مارس وپێگه‌ی ئافره‌تانی كورد
ته‌رزه‌ حسێن
چاوخشانێكی خێرا به‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان له‌ئاستی جیهانی له‌زۆر بواردا بۆمان ڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامی خه‌بات‌ و تێكۆشانی ئافره‌تان له‌زۆربه‌ی بواره‌كاندا و سه‌ره‌ڕای گرفته‌كانی به‌رده‌میان، ئه‌نجامی باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌. خه‌باتی ژنان له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، وڵامی شیاوی خۆی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ و ژنان له‌ په‌رله‌مان، سیاسه‌ت، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، وه‌رزش ‌و زۆر بواری دیكه‌دا پێگه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان جێگیر كردووه‌. كه‌م بواری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی له‌ئاستی جیهاندا ده‌بیندرێ كه‌ ده‌ستی ژنانی تێدا نه‌بێت‌ و ئافره‌تان یه‌كێك له‌ده‌ورگێڕانی سه‌ره‌كی ئه‌م بوارانه‌ نه‌بن. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ ئافره‌تان توانیویانه‌ له‌ زۆربواردا به‌شێك له‌مافه‌كانیان به‌خه‌بات ‌و هه‌وڵی بێوچانیان وه‌ربگرن‌ و، ئێستاكه‌ به‌شانازییه‌وه‌ ئه‌نجامی چالاكی خانمان له‌بواری به‌رێوه‌به‌رێتییه‌وه‌ زیاتر له‌پیاوان به‌رچاوه‌ و، زۆربه‌ی ڕاپۆرته‌ جیهانییه‌كان له‌و بواره‌دا سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ ئافره‌تان توانی قورسترین كاره‌كانیان له‌ زۆربه‌ی كاره‌ به‌رێوه‌به‌رێتییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌بواری سیاسه‌تدا، هه‌یه‌. بێگومان ئه‌وه‌ ده‌كرێ وه‌ك خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بۆگ ۆڕانی گشت فیكره‌ و بۆچوونه‌ به‌تاڵ له‌ڕاستیه‌كان وه‌ربگرین ‌و هاوكاتیش بكرێته‌ بنه‌مایه‌كی زانستی بۆ باقی وڵاتانی دژه‌ ئافره‌ت كه‌ ئه‌و جێگه‌ و پێگه‌ بۆ ئافره‌تان به‌ ڕه‌وا نازانن.
لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین مێژووی دروستبوونی هه‌شتی مارس مێژوویه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌و نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ژنانی ئه‌مریكی تیایدا ده‌ژیان، ڕه‌نگه‌ درێژه‌دان به‌و مێژووه‌ش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاكانی تره‌وه‌ وه‌ڵامگۆیه‌كی گونجاو نه‌بێت، چونكه‌ دروستبوونی ماناكانی هه‌شتی مارس و فیمینیزمی ئه‌مریكی په‌یوه‌ندی به‌كۆی ئه‌و نادادپه‌روه‌رییانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئافره‌تانی ئه‌مریكی به‌هۆی سوكایه‌تی كردن به‌ شوناسی ژنبونیان هه‌ستیان پێ ده‌كرد.
بیرۆكه‌ی دیاری كردنی رۆژێك به‌ناوی رۆژی ئافره‌تان یه‌كه‌مین جار له‌ نێوان ژنانی تێكۆشه‌ر له‌ نیۆیۆرك بۆ به‌ ده‌ست هێنانی مافی ده‌نگدان هاته‌ ئاراوه‌. ساڵی 1909ژنان له‌ ئه‌مریكا به‌ وه‌رێكخستنی خۆپێشاندانێك خوازیاری مافی ده‌نگدان بوون‌و به‌شدار بووانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ پێشیناریان كرد كه‌ هه‌موو ساڵێك دواین یه‌كشه‌ممه‌ی مانگی فوریه‌ رێز له‌و رۆژه‌ واته‌ 8ی مارس بگرن. ساڵی دواتر واته‌ ساڵی 1910 “له‌ دووهه‌مین كونفرانسی ژنانی تێكۆشه‌ری سوسیالیستدا” “كلارازتكین” باسی رۆژێكی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئافره‌تان هێنایه‌ گوڕێ.
له‌و كاته‌دا خانمانی ئوتریشی رۆژی یه‌كه‌می ئاداریان بۆ رۆژی جیهانی ژن پێشنیار كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێ رووداوی مێژووی ده‌یتوانی پاڵپشت بێت بۆ به‌رجه‌سته‌ بوون‌و كاریگه‌ر بوونی خه‌باتی ئافره‌تان ئه‌و رۆژه‌ له‌ كۆنفرانسدا په‌سه‌ند نه‌كرا. ئافره‌تانی ئه‌ڵمان رۆژی 19ی مارسیان پێشنیار كرد ئه‌ویش به‌و هۆیه‌ بوو كه‌ خه‌ڵكی ئه‌ڵمان له‌ ساڵی 1848دا له‌ دژی شای پروس له‌و رۆژه‌دا راپه‌رینیان كردبوو ‌و له‌هه‌مان ساڵدا شای پروس ناچار بوو كه‌ هه‌ندێك له‌ خواست‌و داواكارییه‌كانیان جێ به‌جی بكات كه‌ هه‌ندێ له‌ داواكارییه‌كانیان خواستی ژنان بوو. دووهه‌مین دانیشتنی كونفرانسی ئافره‌تان سوسیالیستدا رۆژی 19ی مارسی ساڵی 1911یان وه‌ك یه‌كه‌مین به‌رێوه‌بردنی بۆنه‌ی ژنیان دیاری كرد‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی خانمانیان هێشته‌وه‌ بۆ دانیشته‌نه‌كانی داهاتوویان.
19ی مارسی ساڵی 1911 شه‌قامه‌كانی “ئاڵمان، ئوتریش، سوئیس‌و دانمارك “گۆڕه‌پانی به‌رینی رێپێوانی به‌رینی ئافره‌تانی مافخواز بوون. له‌ ئوتریش زیاتر له‌ 30هه‌زار ژن هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و خوازیاری مافی یه‌كسان بوون. ساڵی 1914شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م ده‌ستی پێكرد كه‌ بووبه‌ ساڵی كوشتنی مرۆڤه‌كان‌و وێران كردنی جیهان. بێ گومان شه‌ڕ كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژنان هه‌بوو، ژنان هه‌ر زوو هه‌ستیان به‌م مه‌ترسیه‌كرد كه‌ شه‌ڕ ده‌بێته‌ هۆی لاواز كردنی خه‌باته‌كه‌یان‌و كێشه‌‌و گرفه‌كانیان ده‌خاته‌ په‌راوێزه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌به‌ر ئه‌م هه‌ست به‌ مه‌ترسی كردنه‌ ده‌بینین كه‌ئافره‌تان له‌ رۆژی 8ی مارسی 1915 و1916دا بنه‌مای دروشم وچالاكیه‌كانیان دژی شه‌ڕ ومه‌حكوم كردنی شه‌ڕ خوازان بوو. سیاسه‌ت‌و ئیستراتیژی ژنانی خه‌باتكار له‌و كاته‌هه‌ستیاره‌دا بووبه‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ خه‌ڵكانێك پشتیوانی له‌ شه‌ڕێك نه‌كه‌ن كه‌ ئه‌ویش جگه‌ له‌ ماڵ وێرانی هێچ ئاكامێكی تری نابێت.
بێ گۆمان بزووتنه‌وه‌ی ئافره‌تانی یه‌كسانی خوازیش كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناخی نه‌ك گه‌ل به‌ڵكوناخی گه‌لان بوو، له‌ كاتی شه‌ڕدا نه‌یتوانی یه‌كیه‌تی ریزه‌كانی خۆی بپارێزێت‌و بووبه‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ته‌شكیلات‌و رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان له‌یه‌ك داببڕێن.به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و لێك دابڕانه‌ هیچكات نه‌یتوانی له‌ مه‌زنی‌و گه‌وره‌یی رۆژی 8ی مارس كه‌م كاته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بینین هه‌ر ساڵه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رینتر‌و شكۆدارتر ئاهه‌نگه‌كانی رۆژی 8ی مارس له‌هه‌موو وڵاتان به‌رێوه‌ ده‌چێت. زۆرێك له‌ مێژوو نووسان راپه‌رینی خانمانی پێترۆگراد له‌ 8ی مارس له‌ دژی برسیه‌تی‌و شه‌ڕ‌و ماڵوێرانی به‌ یه‌كه‌مین هاواره‌كانی شۆڕشی سوور ده‌زانن، كه‌ كرێكاران به‌ رێكخستنی مانگرتنێك له‌ خواردن پشتیوانی خۆیان له‌ راپه‌ڕینی ژنان ده‌ربڕی‌و به‌م جۆره‌ 8ی مارس له‌ شورشی ئوكتۆبری 1917دا جێگه‌‌و پێگه‌یه‌كی بۆ خۆی كرده‌وه‌. دوابه‌دوای ئه‌م شۆڕشه‌ش ئافره‌تان له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاواو ئامریكادا هه‌ڵسووڕان‌و چالاكی خۆیان زیاتر له‌ جاران گه‌شه‌ پێدا‌و به‌رده‌وام هه‌وڵیان ده‌دا كه‌ رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌م رۆژه‌ واته‌ رۆژی 8ی مارس به‌ فه‌رمی بناسێنێت.بۆیه‌ ساڵی 1975رۆژی 8ی مارسی به‌ ره‌سمی وه‌ك رۆژێكی جیهانی بۆ ژنان ناسی. ئه‌م به‌ ره‌سمیه‌ت ناسینه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو بۆئافره‌تان
سه‌یركردنی به‌په‌له‌ له‌سه‌ر مێژووی زیاتر له‌سه‌دساڵی ڕابردوو له‌كوردستان، ده‌رخه‌ری واقعییه‌تێكه‌ كه‌ گه‌لی كورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ‌و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌خه‌باتدا بووه‌ بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی ‌و ڕه‌نگبێ ئه‌مه‌‌ و، بوونی كولتوورێكی دواكه‌وتوویشی له‌گه‌ڵ بێت، ڕێگر بووبێت له‌وه‌ی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی واته‌ ئافره‌تان بتوانن دیاربن‌ و تواناییه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ گشت هه‌وراز و نشێوه‌كاندا ناوی خانمی كورد بوونی هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌زۆر شوێندا به‌پێی به‌ڵگه‌ مێژوویه‌كان ژنان ده‌وری به‌ڕێوه‌به‌ری چه‌ندین ناوچه‌ی گرنگیان گیڕاوه‌؛ بۆنموونه‌ حه‌پسه‌ خانی نه‌قیب له‌ناوچه‌ی خۆیاندا توانیویه‌تی به‌ ژیریی و كارامه‌یی خۆی، ده‌وری گرنگ بگێڕێت‌ و له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی له‌زۆر بواردا كارامه‌تر و گونجاوتر ئه‌ركه‌كانی ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌. سه‌لمێنه‌ری ڕاستیێكن كه‌ ژنان له‌ كوردستان له‌گه‌ڵ گشت كه‌م‌وكوڕییه‌كانی به‌رده‌مییان‌ و له‌گه‌ڵ گشت له‌مپه‌ره‌كاندا توانیویانه‌ ناوێك بن له‌ناو ناواندا. بێگومان ئه‌وه‌ش به‌ بێ بوێری ‌و هه‌وڵی خۆیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ده‌هاته‌ دی‌ و بگره‌ ژنان و ده‌ركه‌وتنیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڤه‌ و عه‌یبه‌ به‌ئه‌ژمار ده‌هات،له‌ مێژووی پڕ سه‌روه‌ری ژنانی گه‌لی كورددا به‌ ده‌یان شێره‌ ژنی وه‌ك له‌یلا قاسم، مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان،
عادیله‌ خانم، له‌یلا به‌درخان و هتد... بوون و هه‌ن، ئافره‌تانی كورد ئه‌گه‌ر له‌ كلارا لێهاتووتر و شۆڕشگێڕتر نه‌بووبن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچیان له‌و كه‌متر نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی دابه‌ش بوونی كوردستان و نه‌بوونی هیچ پشت و په‌نایه‌ك جگه‌ له‌ گه‌لی كورد بۆخۆی هیچ گه‌ل و وڵاتێكی دیكه‌ شاره‌زاییه‌كی ئۆتۆیان له‌ سه‌ر ئافره‌تانی كورد نه‌بووه‌، ده‌نا بێ ده‌نگ و ناو نه‌ده‌مانه‌وه‌ و زۆرێش له‌وه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ باسیان لێوه‌ ده‌كرێت،ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای خۆشحاڵییه‌ و شایانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بكه‌م، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌ هۆی هه‌لومه‌رجی ناله‌بار و ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌وه‌ ئافره‌تانی كورد توانیان بیسه‌لمێنن كه‌ ده‌توانن شان به‌ شانی پیاوان په‌ل بهاوێن و له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا كه‌م تا زۆر سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنن، توانیان له‌ قۆناخه‌ هه‌ستیاره‌كانی خه‌باتدا به‌شدار بن و به‌سه‌ر هه‌موو كه‌ند و كۆسپه‌كانی ژیاندا زاڵ بن،ئافره‌تانی كورد توانیان خۆیان به‌ جیهان بناسێنن و له‌ هه‌موو كاناڵ و راگه‌یاندنه‌كانی دونیادا ده‌ر بكه‌ون و زیره‌كی و لێهاتنه‌كانیان ببێته‌ باسی رۆژانه‌ی سه‌ر زاری كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ جیهاندا.له‌ كۆتایی بابه‌ته‌كه‌مدا ده‌ڵێم شایسته‌ترین ئافره‌تانی ئه‌م جیهانه‌خانمه‌ قاره‌مانی كورده‌ كه‌ پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه‌یان لێ ده‌كه‌م.
Top